داگیرکردن (ئاوێنەی حەوتەم)
Friday, 22/11/2024, 16:12
ئایا داگیرکردن، لەشکری دەوڵەت نەتەوەیەکی ترە کە دێت و خاکێک داگیر دەکات؟!
کۆمەڵێک خەڵکن؟! زمانێکی ترن؟! کلتوورێکی ترن؟! خواردن و پۆشاکێکی ترن؟!
داگیرکردن:
بەپلەی یەکەم سڕینەوەیە و سەپاندنێکی نوێیە بەهەموو ئامڕازەکانی سەپاندن. بۆ داگیرکردن، سپا، دارایی و بەرلە هەموویان خواستی داگیرکردن، کە هزرە، پێویستە، چوونکە داگیرکردن کووشتن و وێرانکردنی ئاوەدانیی خەڵکانێکی ترە، ئاسان نییە کەسێک بگاتە پلەی کووشتنی مرۆڤێکی تر ئەگەر بیرکردنەوەی نەگەیشتبێتە، یا نەگەیاندرابێتە ئەو پلەیە کە حەق بەخۆی بدات ژیانێکی تر وێران بکات.
هێرشی سەربازیی پێشەنگی دیار و لەبەرچاوی داگیرکردنە و سیمای یەکەمی گۆڕانکارییەکەیە لە خاکە داگیرکراوەکەدا، لەو ساتەوە کە سپای داگیرکەربە ناوخاکی داگیرکراودا بڵاودەبنەوە، بزووتن و ژیانی خەڵکە داگیرکراوەکە دەگۆڕێت بۆ باری نائاسایی، بزووتنیان سنووردار و ژیانیان سەخت دەکرێت، لەیەکەم ڕۆژی گەیشتنی سپای داگیرکەروە بۆ ناو خاکی داگیرکراو لە نێوان شار و شارەکان، شار و دێیەکان خاڵی پشکنین دادەنرێت و لێپرسینەوە لەهەموو گەورە و بچووکێک دەکرێت، ئەمە نیشانەکانی بینراوی داگیرکارییەکەیە کە زەق و لەبەر چاون، ئەو لەشکرە سیما و چاوی ناوەندن لە خاکە داگیرکراوەکەدا، لە هەموو کوچەو کۆڵانێکدا، لەسەر هەموو بەرزاییەکان هەن، لە ناکا و تاکی خەڵکە داگیرکراوەکە لەسەر شەقام و ناو بازاڕەکاندا ڕادەگرن و لێپرسینەوەیان لێ دەکەن. هەموو دەسەڵاتێکیان پێدراوە کە بۆ جێگیرکردنی بناغەکانی داگیرکردنەکە ئەوەی کە پێویستە بیکەن و هەر جۆرە هێز و چەکێک کە پێویستە بەکاری بهێنن، سپای داگیرکەر زەمینە خۆشکەری چەسپاندنی داگیرکردنەکەیە. ئەم سیمای دیاریی داگیرکردنە، کە ئامڕازە ئاشکراکان بەکار دێنێت لە بڵاوکردنەوەی ترس، هەڕەشەکردن، تۆقاندن و فڕاندن و تیرۆری کەسانی بەرهەڵستکاریی داگیرکردنەکە.
بەڵام داگیرکردن، لە بناغەدا ڕیشەیەکی هزریی و (ئاینی) هەیە، واتە بەر لەوەی داگیرکردنی خاکێک بێت، بیرکردنەوە بووە لە داگیرکردنی (هۆشیکۆمەڵیی) خەڵکانێکی تر، تا هۆشی کەسێک داگیر نەکەیت ناتوانیت ڕەفتارەکانی(کاردانەوەکانی) داگیربکەیت، کەواتە داگیرکردنی هۆش مەترسیدارترە لە داگیرکردنی خاک، داگیرکردنی هۆش دەبێتە هۆی ئاسانکردنی داگیرکردنی خاک، بەڵام داگیرکردنی خاک ناتوانێت ببێتە هۆی داگیرکردنی هۆش، بۆیە ئێمە دەبینین لە خاکی داگیرکراودا هەمیشە بەرەنگاربوونەوە و بەرهەڵستی هەیە.
داگیرکەر نە برایە، نە خوشکە، هەرگیزیش نابێتە خوشک و برا، نە میوانە نە جێی بەزەیی و یارمەتیدانە، هەموو هاوبەشییەکی داگیرکەر خیانەتە لە نەتەوەکە، هیچ سیما و نیشانەیەکی هاوبەش ناتوانێت ببێت لە نێوانی داگیرکەر و داگیرکراودا، ئەو سیما و نیشانانەی کە خودی مرۆڤ هەڵیاندەبژێرێت و دەتوانێت بە جۆرێکی دی مامەڵەکانی لەگەڵ داگیرکەردا ئەنجام بدا.
خەڵکی داگیرکراو هەڵبژاردە و توانای خۆنواندنی لێ زەوت دەکرێت و سنووری بزووتنی تەسکدەکرێتەوە و بەو جۆرەی کە دەشی و دەبێت ناتوانێت خۆی دەرببڕێت، کە بەرانبەرە بە
لەدەستدانی ناسنامەی خۆی، بۆیە بەرهەڵستی داگیرکەر ئەرکێکی نەتەوەیی و شەرافەتمەندانیە.
" بەرهەڵستی داگیرکەر شەرەفە، ئەوەشی بۆ زیاد دەکەم کە سەندنەوەی خاکی داگیرکراو شەرەفێکی زیاتر" (١).
زەمان و تێپەڕینی کات و درێژبوونەوەی داگیرکردن نابێت ببنە مایەی سووککردن (بێبایەخکردنی داگیرکارییەکە)، ئاشانابوون لەگەڵ داگیرکەر، قبووڵکردن و چاوپۆشین لە داگیرکەر کارێکی دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی داگیرکراوە و دەچێتە قاڵبی درێژکردنەوە و قایمکردنی پایەکانی داگیرکاریەکە و لە خیانەتە نەتەوەییەکان دێنە ئەژمار.
نەتەوەی داگیرکراو لە هەموو ڕووەکانی ڕێکخستن، بزووتن، دۆزینەوەی ڕێگاکانی دەربازبوون لە بەتەڵەی داگیرکەرەوە بوون، ئامادەیی بۆ دەمەکانی شەڕ و ئاشتی، دەبێت لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بێێت. شێوازەکانی زیانگەیاندن بە داگیرکەر لە هەموو بوارەکانی سەربازی، سیاسی، کلتووری، ئابووری و دبلۆماسیدا دەبێت پرووڤەکراو و لەبەردەستدا بن.
خاکی نیشتمانی ئێمە سەرەتا بەهۆی لەشکری ئاینی موسڵمانە عارەبەکانەوە کرایە (کۆلۆنییەکی ئاینی). ئاین بۆ درێژەدان و هێشتنەوەی زیاتر و زیاتری داگیرکەر ئامڕازێکی لەبار و بەکارهاتوو بوو/ هەیە/ دەبێت کە زیانی زۆر مەزنی لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری غەیرەعەرەب دا و خوێنی مرۆڤی زۆری ڕژان.
سوود وەرگرتن لە باری مەعنەوەیی و بڕوای ئاینی نەتەوەکەی ئێمە بۆ ئاشناکردن و ڕەنگکردنی داگیرکارییەکە و قایمکردنی پایەکانی مانەوەی داگیرکەر لە کوردستاندا زیانی مەزنی لە بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی ئێمە داوە، لە حاڵێکدا کە ئاین و بڕوای ئاینی بوونە هۆی دروستبوونی دەوڵەت بۆ ئەو نەتەوانەی کە کوردستان و نیشتمانی کوردیان داگیرکردووە، هەر موسڵمانێکی "کورد" کە ڕێز لە باوەڕی خۆی دەگرێت و لەم هاوکێشەیە تێنەگات، یا بەهۆی بانگخواز و زۆرینەی مەلا و پیاوە ئاینییەکانەوە چاوپۆشی بکات لە داگیرکەر، باوەڕەکەی ناتەواو و کویلەیی قبوڵە و هەموو شەرمەزارییەکان قبوڵ دەکات بە خەیاڵی ئەوەی کە باوەڕە موسڵمانییەتەکەی پاراستووە، باوەڕ دەبێت مرۆڤ دروست بکات مرۆڤێکی جوامێر کە نیشتمان و خەڵکی خۆیی و مرۆڤایەتی خۆشدەوێت و لە پێناوی ئاوەدانیاندا تێدەکۆشێت، ئەگەر تێنەگەیشت یا هەوڵی تێگەیشتنی نەدا، دەبێت بەسەر زۆر لە خاڵی بیرکردنەوە و ڕەفتاریدا بچێتەوە بۆ چاککردنەوەیان.
لێرەدا سەرنجتان بۆ مەسەلەیەکی گرنگ ڕادەکێشم، ڕەفتارێکی سەیر لەناو نەتەوەکەی ئێمەدا بووە، نازانم لە کوێوە هاتووە و هۆکەی چییە: ئەوانەی کە بە جۆریک پەیوەندیان بە بزووتنەوە کوردییەکانەوە بووە لە بەردەم دوو حاڵەتدا چاوپۆشیان کردووە لەو ڕاستییەی کە: هەم ئەو دەوڵەت نەتەوە مۆنتاجکراوەی ئێران و هەم ئەو دەوڵەت نەتەوە مۆتاجکراوەی تورکیا، بناغەیەکی ئاینییان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمە کورد لەعاست موسڵمانبوونی ئەواندا زۆر جاران بە ئاین و موسڵمان بوون فریوو دراوە و ڕەنگە هاوکاری سپای داگیرکەریشیان بووبێت لە شەڕە زۆرەکانیاندا. لەلایەکی تریشەوە چەپی کوردیی( زۆرینە) کاتێک بڕوای بە ئاینی چەپگەرایی کردووە(چەپگەرایش لە کۆتایدا بووە ئاین)، ئیتر ئەو خاڵەکوردە، نەتەوەکەی خۆیی و ئامانجەکەی کە ڕزگاریی خاک بووە، لەبیر دەکات و ڕاستەو ڕاست گوێی خۆی لە نەعرەتەی فاشستگەرای چەپی فارس، تورک و عارەب
(عەجەم و ڕۆم و تازی) کەڕ دەکات و خۆی دەکاتە کەڕەی شەربەت، دیارە ئەم جۆرە بیرکردنەوانەش لە بەدی بەختی کوردە کە ڕۆڵەکانی بەو جۆرە دنیایان بینیوە!!!.
هەم ئاینگەراکان و هەم چەپگەراکانی کورد( کوردیانە کاریان بۆکورد کردبا) بە بەکارهێنانی ئاین و چەپگەرایی، خزمەتێکی مەزنیان بە نەتەوەکەی خۆیان دەکرد، هەروەک ئاینگەرا و چەپگەرای
(ڕۆم و عەجەم و تازی) کردیان!!!. دوای ئەو ڕەفتارەی ئاینگەرا و چەپگەرای ( ڕۆم و عەجەم و تازی) یش، نە "کەعبە" کەچ بوو نە "مارکس"یش زوویر، بەڵکو دەوڵەتنەتەوەیان بۆ خۆیان دروستکرد!!!. خاڵە کوردەی ئاینگەرا و چەپگەرا، ڕەتنەکردنەوەی داگیرکاریی نەتەوەی سەردەست لە کوردستاندا، لە ژیر هەر پەردە، ئاین، بیروڕا و مەبەستێکدا بێت، کەلێنی گەورە دەخاتە ناو کەسایەتی و مرۆڤ بوونتەوە کە ڕەنگە لە داهاتووی بەردەوامتدا ببێتە نەخۆشییەک کە منداڵەکانت ناچار بن ئەم میراتە ڕزییوە بە کۆڵیاندا بدەن و دەبێت خەباتێکی مەزن لەتەک خۆیاندا بکەن بۆ سەرکەووتن بەسەر ئەم نەخۆشییەدا.
چوونکە وابزانم خاڵەکوردەی ئاینگەرا و چەپگەرا پێیان وابوو ئەگەر بەرانبەر برای موسوڵمانی ڕۆمی
دەستی هاوکاری درێژنەکات و بەرانبەر چەپگەرای عەجەمیش سەری ڕێز و نەوازش نەوی نەکات، ئەوا کەچ بوونی کەعبە دەبووە کوفرێکی کوردیی و خودا هەرگیز لێی خۆشنەئەبوو، هەروەها مارکسیش لە کتێبی سەرمایەدا ئەو تاوانەکوردییەی دەنووسیەوە و ئابڕوومان دەچوو!!!.
ئەو جۆرە ڕوانینە بۆ ئاین و چەپگەرایی لەلایەن ئاینگەرا و چەپگەرای کوردەوە، ئەو داگیرکردنە (هۆشیکۆمەڵی) یەیە کە لە پەرەگرافەکانی سەرووتردا باسم لێوە کرد، کە سەرئەنجام دەبێتە هۆی داگیرکردنی خاک و لێکەوتە نەبڕاوەکانی....!!!.
داگیرکەر بە چەندین چەکی دی لە پڕۆسەی داگیرکردندا بەردەوام دەبێت، یەکێک لەو چەکانە: چەکی کلتوورە، مێژووی درۆزنانەش یەکێکی تریان و سێیەمیان ئابوورییە. لە مەڕ ئەم چەکانەوە دەدوێم.
من باسی نەتەوەی خۆم دەکەم، کە باسەکان جاروبار تیشک دەهاوێتە سەر نەتەوە داگیرکراوەکانی تریش، بەڵام تیشکە بەربڵاو و فراوانەکەی لەسەر "برینەکانی داگیرکاریی" خاکی کوردستانی خۆمە.
کورد وەک لەو بەر باسم کردووە، لەسەر خاکی مێدیا لەدایک بووە، گەشەی کردووە و کلتووری تایبەت بەخۆی چێ کردووە، کەواتە هەموو کردار و ڕەفتارەکانی کورد، هی خۆیەتی، بەرووبوومی خاکی خۆیەتی لە سەر زەوی خۆی، بۆیە بۆنی خۆی دەدات: خاکی کوردستان بۆنی شارستانەتێکی کوردی دەدات و وتەکانی منیش بۆنی خاکی کوردستان.
کلتووری نەتەوەی سەردەست و داگیرکەر: لە پاش داگیرکردنی خاک و بۆ درێژەدان بە داگیرکردنەکە، داگیرکردنی مێشکی داگیرکراو هەنگاوی هەرەگرنگە بۆ بەردەوامی داگیرکردنەکە، ئامڕازی کاریگەری داگیرکردنی مێشک کلتووری نەتەوەی سەردەستە، کە زمان ڕۆڵی هەرە سەرەکی دەبینێت بۆ چەسپاندن و مانۆڕکردن بە کلتووری نەتەوەی سەردەست و داگیرکەر. یاری کردن لە کایەکلتوورییەکاندا دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت لەسەر: بیرکردنەوە، ئاڕاستەکردنی بۆچوونەکان و لە قاڵبدانی ڕوانییەکان هەم بۆ داگیرکارییەکە هەم بۆ لاوازکردنی کاریگەریی بەرهەڵستکارییەکانی نەتەوەی داگیرکراو.
کایە کلتوورییەکان چەندین ئامانجیان هەیە:
1- دروستکردن و خەمڵاندنی هەستی خۆ بە کەمترزانین لە چاو کلتووری نەتەوەی
داگیرکەردا، کە مەسەلەکە دەباتە ئاستێک تاکی نەتەوەی داگیرکراو هەست بە شانازیی
بکات کە دەتوانێ بە ڕەوانی بە زمانی نەتەوەی داگیرکەر بخوێنێتەوە، بنووسێ و
بئاخافێ.
2- خاڵی یەکەم سەرەتای دەسپێکردنی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی نەتەوە
داگیرکراوەکەیە.
3- کاتێک تاکی نەتەوەی داگیرکراو ئەو شانازییەی لەلا دروست بوو، ئەوسا حەز و خواستی خوێندنەوەی کلتووری نەتەوەی داگیرکەری تێدا دروست دەبێت و ئێدی گوێقوڵاغی هەواڵی هوونەری، نووسراوە ئەدەبییەکان و دەنگ و باسی هوونەرمەندە پووچەکانی نەتەوەی سەردەست دەبێت و بە تامەزرۆییەوە گوێ بۆ دەنگ و مۆزیکی نەتەوەی داگیرکەر دەگرێت.
4- خاڵی سێیەم، هێدی هێدی تاکی نەتەوەی داگیرکراو بەرەو ئەوە دەبات کە هەست بە نامۆیی بکات بەرانبەر بە کلتووری نەتەوەیی خۆیی و بەدوای دروستکردنی ناسنامەیەکی نوێدا بگەڕێت کە بێگومان دەبێت لە ناسنامەی داگیرکەر بچێت تا چێژی، بە بڕوای خۆی، پلەیەک بەرزبوونەوەی پێ ببەخشێت بۆ ئەمە نموونە زۆر کە چۆن تاکی داگیکراو خۆی بە تاکی داگیرکەر بچووێنێ، وەک: هەوڵدەدات ناوێک لە خۆی یا لە منداڵی بنێت کە ناوێکی عەرەبی ئاینی، فارسی، توورکییە، پارەکانی دەدات بە کتێب و بڵاوکراوە فارسییەکان، پۆستەر و ئەو تی-شیرتانە دەکڕێت کە وێنەی هونەرمەندە پووچە فارس و تورکو عەرەبەکانی لەسەر چاپکراون، دەچێتە سەیری فیلمی فارسی و تورکی کە بە زۆری بۆ گاڵتە و جەفەنگ کردن بە کورد و مێژوو و کلتووری کوردی بەرهەمهێنراون، هەوڵدەدات منداڵەکانی بنێرێتە قوتابخانە تورکی و فارسییەکان، لە گەڵ منداڵەکانی بە فارسی یا تورکی دەدوێ، پارەکانی دەبات لە شارە فارس و توورکەکان دەیخاتە ئیشەوە یا بۆ گەشت لەگەڵ خێزانەکەیدا دەچێتە ئەسفەهان و ئەستەنبووڵ، تابلۆی هونەرمەندانی فارس و توورک دەکڕێت و بە دیواری ماڵەکەیدا هەڵیدەواسێ، بلێتی کۆنسێرتی سترانبێژەکانیان دەسێنێ و بە ئاسوودەیی و سەر سووڕمانەوە گوێیان بۆ دەگرێت. هەموومان یا زۆرینەمان ڕەنگە لە ماوەی تەمەنماندا بەو قۆناغەدا تێپەڕمان کردبێت، یا تێیدا ماوینەوە و بۆ نەوەکانیشمان گواستبێتەوە یا پێیدا تێپەریووین و کە وردتر بووینەتەوە گۆڕانکاریی بنجی لە بیرکردنەوەماندا ڕوویداوە و وشیاربووینەتەوە بەدەرد و برینەکانی خەڵکی خۆمان. من چیرۆکی خۆمتان بۆ باس دەکەم لەگەڵ کتێبی فارسیدا لە تافی لاویمدا: ساڵی ١٩٨٢ من لە سوێدەوە گەڕامەوە بۆ باشووری کوردستان بۆ ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان و ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی (ینک)دا بوون، لەسەر ڕێگای گەڕانەوەمدا لە تاران کۆڵەپشتێکی لەباڵای خۆم درێژترم کڕی و پڕمکرد لە کتێبی فارسی، لە شەوێکی ئەنگوستە چاوی شاری سەردەشتدا، لەگەڵ کاک عەباسی ڤیدیۆ، کاروانچییەکمان دۆزییەوە کە بمانگەێنیتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، کاروان چییەکە کۆڵەپشتەکەی من و کەلوپەلەکانی کاک عەباسی لە وڵاخەکەی بەست و ئێمەی تا چایخانەیەک لە بێوران برد، لەوێوە من کۆڵەپشتە پڕ لە کتێبەکەم دا بە کۆڵمدا، ئاسمان سایەقە بوو، مانگ بە ئاسمانەوە، بەفرباریبوو، لە ساردی هەوادا بەفرەکە ببووە سەهۆڵ، لە کونە مشکێ کە تەنیا یەک ماڵی تێدا مابوو، قووتیلکەکەیان کز دەسووتا بۆ پشوودان لەوێ لامان دا تەنیا پیرەژنێک و پیرەپیاوێکی تێدا دەژیان، دووچای گەرمیان پێداین و پیاوەکە قووتیلکەکەی لە وێنەکی هەڵواسراو نزیککردەوە کە ڕوانیمان وێنەی(مان جەلال) بوو لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگەدا، دیار بوو ئەو پیرەمێردە مام جەلالی خۆشدەویست. گەشتەکەی ئێمە لە گوندی (قزلەر) تەواو بوو، من لەو گوندە بوومە مامۆستا و ژوورێکم دروستکرد و کتێبخانەیەکم پێکەوە نا، لە سلێمانییەوە، پەیتا پەیتا کتێبم بۆ دەهاتن(٢) و دایکم کە سەردانی دەکردم کتێبی بۆ دەهێنام و کاک ئیبراهیمی شۆفێری لاندرۆڤەرەکەی کە هاموشۆی شاری دەکرد، جارێک پێی وتم: برا ئەم کتێبانەی دایکت ڕۆژێک سەرمان دەخوات. کتێبخانەیەکم پێکەوە ناو سیستەمی بەئەمانەت وەرگرتنی کتێبم لەناو قووتابییەکانمدا و خەڵک و پێشمەرگەدا بەڕێخست، بۆ خۆشم کەوتمە خوێندنەوەی کتێبەکان، بەتایبەت فارسییەکان، ماوەیەکی پێچوو لە بەراوردکردن و بیرکردنەوەکانی خۆمدا گەیشتمە ئەو بڕوایە کە بێهوودە و پەنامەکی خەریکی ڕەواجدانم بە زمانی داگیرکەری دەڤەرێکی گرنگی نیشتمانەکەم، زۆر لەگەڵ خۆمدا دەدوام کە چی بکەم تا ئەم کتێبە فارسییانە لەکۆڵ خۆم بکەمەوە و بیرکردنەوەم ئاسوودە بکەم بۆ زمان و کلتووری نەتەوەکەی خۆم. لەو ناوچانەی ینکی تێدا بوو، هەموو جۆرە چەکدارێکت دەبینی، چەکدارەکانی چریک(جۆراوجۆر)، رەنجبەران، پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆمان و....زۆری تر، بیرم لە فرۆشتنیان کردوە، سەرەتا بڵام کردوە کە کتێبەفارسییەکانم دەفرۆشم، چریکەکان پێشەکی هەندێکیان دیاری کرد کە ئەوان دەیانەوێ لێم بکڕن، ڕەنجبەران هەروەها، پێشمەرگەیەکی عەرەبی ئەهوازی هەبوو بە( شەریف) بانگیان دەکرد، چەند کتێبی دەستنیشان کرد کە دەیەوێ بیانکڕێت، لەگەڵ ئەم کاک شەریفەدا ڕۆژێک پیا هەڵشاخام، لە چەند موسڵمانی بەتەمەنی گوندەکەم بیستەوە کە ئەم شەریفە، لە گفتوگۆدا لە باتی ئینشائەڵڵا کە ئەوان بەکاریان هێناوە، گووتبوی (ئینشائە شەعب) مانای ئەگەر گەل بخوازێ، ئەو موسڵمانانە لەمە زوویر ببوون و بە سووکایەتیان زانیبوو، منیش لەبەر ئەوەی هەم مامۆستا بووم و هەم بەرپرسی ئەنجومەنی دێ، پێمگووت ئەوە دروست نییە کە گاڵتەو جەفەنگ بە بیروبڕوای خەڵکی کورد بکەیت و دەربڕینی ئەم بۆچوونانە بەو جۆرە، شایستەی خەڵکی کورد نییە، گفتوگۆکەمان کێشایە سەر ئەوەی کە پێم گووت: ئێوە کە خۆتان بە ئۆپۆزیسێۆنی چەپی ئێرانی دژ بەڕژێم دەزانن، حەق وا نەبوو کە هەر گرووپێکتان لە ناوچەی خۆتانەوە، پەلاماری هێزەکانی ڕژێمتان بدایە تا هێرشەکانی ڕژێم هەمووی ڕووی لە کوردستان نەبایە؟! ئێوە بە سەرکردەیەتی و بنکردەیەتیتانەوە لە وڵاتی کوردەواری بڵاوەتان کردووە و دەستی ڕژێمتان ئاواڵەکردووە بۆ کوشتنی ڕەنجدەرانی کورد و خاپوورکردنی وڵاتی کوردستان؟! قسەکەم لەگەڵ (کاک شەریفی ئەهوازی)، لق و پۆپی لێببووە و گەیاندبوویانە یاخسەمەر و نووسینەکەی مام جەلال. من لە بیرکردنەوەمدا بزووتن ڕوویدا بوو دنیام لە چاویلکەی کوردەوە دەبینی و ئازارێکی کوردی دەیبزواندم و بڵاوتر شتەکانم دەبینی و قووڵتر بۆ کێشەکانم دەڕوانی و زۆر جار ئەم باسانەم لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و دیمۆکراتیش گفتوگۆ دەکرد و دەمووت: کۆکرنەوەی ئەم هەموو هێزە کە لەنەتەوەی داگیرکەرن تا پلەی خیانەتی نەتەوەیی ڕۆیشتووە، هەڵبەتە تاکوتەرا نەبێت، قسەکەمیان بەدڵ نەبوو، ئاخر ئەو سەردەمە، پاشایەکی نوێی فارس دەرسی دادەدان کە قسەی ئەو قسەی خودا بوو لەلایان، مەنسووری حیکمەت!!!. ڕۆژێک لە بەیانییەوە تا بانگی ئێوارە، خۆم و قووتابییەکانم هەرچی کتێبی فارسیم هەبوون لەسەر بەڕەیەک لەبەردەم مزگەوتی قزلەردا(٣) هەڕاجفرۆشمانکردن و شەریف کتێبەکانی خۆی کە نیشانی کردبوون کڕی و کە دوورکەوتەوە ئاوڕێکی بە مانای دایەوە، دڵنیام تێگەیبوو کە من دەمەوێ چی بکەم و چۆن بیر لە داهاتووی نەتەوەکەم دەکەمەوە. ئەوەی ڕاست بێت بەر لە فرۆشتن چەندجارێک دوودڵیم سەبارەت بە دیوانەکانی ژنەشاعیر(فوروغ فەروخزاد) بۆ دروست بوو، لە پاشاندا کە ڕوانیم، ئەمیش باسی ژنی کوردی وەک: ژنی کورد، کوردیژن، ژنی ڕەنجدەری کورد و ژنی سوونی کورد، نەکردووە(٤)، بۆیە ئەوانیشم خستە لیستەی فرۆشتنەوە. ئایا ماقووڵیی و پێشکەوتخوازیی و ئازادیخوازیی هونەرمەندی فارس
(نووسەریش هونەرمەندە) لە کوێدا ببینەمەوە، کە نەمتوانی لەو ١١٠ کتێبەهەڵبژاردەیەی باشترین نووسەرانی فارسدا کە هەمبوون لە گوندی قزلەر و هەموویان بانگەشەی ئازادی، مافی مرۆڤ و یەکسانیان دەکرد، ڕستەیەک پەیدا بکەم لەسەر گرنگترین باسی کۆمەڵگای ئێران کە کێشەی داگیرکردنی بەشێک لە خاکی کوردستانە لە لایەن نەتەوەی فارسەوە؟!!!. من چیدی خۆم بۆ ناخەڵەتێ و تەفەرەی خۆم نادەم چ بگات بە تاکێکی کورد......... .
ئاوێنەی حەوتەم بەردەوام دەبێت و وێنەکان دەداتە ئاوێنەی هەشتەم، بۆ تەواکردنی ئەم بەشە و بەشەکانی تری سەبارەت بە کلتووری داگیرکەر، سیاسەتی داگیرکەر، ئابووری نەتەوەی داگیرکراو و زۆر باسی تری ئەم زامە قووڵەی نەتەوەکەم و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن سێ دەوڵەت نەتەوەوە.......
سەرنجەکان/
١-وتەیەکی بەنرخی(کە ئێمەی پێئەرکدارکردووە) بیرمەندی کوردەواریی و مرۆڤایەتی مامۆستا مەسعوود محەمەدە.
٢-هونەرمەندی خۆشناو و بەتوانای کورد " سەروەت ئەنوەر سەوز" لەو کەسانە بوون کە کتێبی کوردی زۆری بەدەستی دایکم و بە دەستی ئەو پێشمەرگانەی بۆ مەفرەزە شەوان دەچوونەوە بۆ ناوشاری سلێمانی، بۆ ناردووم.
٣-قزلەر: گوندێکی بەرانبەرە بە چیای سەرکەشی پیرەمەگروون و ژوورەکەی من لەداوێنی ئەو گوندەوە بەرانبەر هەموو جوانییە کوردستانییەکانی ئەو کێوە بوو. بیستوومە کە ئەم گوندە ناوی ڕاستەقینەی خۆی گوندی "کچان" بووە، فاشستە توورکە عوسمانییەکان، ناوەجوانەکەیان گۆڕیوە بۆ قزلەر، ئەمەش بەشێکە لە سڕینەوەی ناسنامەی جوگرافییایی خاکی داگیرکراوی کوردستان. لە یادمە چیرۆک نووسی بەناوبانگی کرماشانی کاک " مەنسوور" ی هێژا دەستی کردبوو بە گێڕانەوەی ناوی ئەو سەرچاوە و شوێن و هەڵکەوتانەی کە کرابوونە فارسی، وەک "ڕێژاو" کە مانا کوردییەکەی جێگای ڕژانی ئاوە، فارسەکان کردبوویان بە ریجاب، پەنجەکانی نەڕزێ.
٤-ژنی کورد وەک ژنانی نەتەوەیەکی نائێرانی و نافارس، کوردیژن ژنێک، ژنێک لەناو کۆمەڵگای کوردا، ژنی ڕەنجدەری کورد، ژنی کوردی سوونە، لە ئێرانێکدا کە نەتەوەی فارس سەردەستە و خۆی ڕادەنێ، کورد وەک نەتەوە، وەک ژن، وەک ڕێبازی ئاینیش چەوسانەوەی گەلێک گەلێک زیاتر و تاقەتپڕوکێنترە وەک لە ژنی فارسی بەنەتەوە سەردەست.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست