کوردستان بە یاسای جەنگەڵ بەڕێوە دەبرێت
Monday, 18/11/2024, 18:03
یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی کوشتنی خەڵکی لەلایەن کۆماندۆ و دەست ڕۆیشتووەکانی ناو دەسەڵات ئەمەیە:
لە نەبوونی سەروەری و پەیڕەو نەکردنی یاسا لە کوردستانی کاولدا بە شێوازێکی سروشتی یاسای جەنگەڵ دەچەسپێت!
مەڕەکان دەبنە خۆراکی گورگەکان و گورگەکانیش لەبەر پڵنگەکان هەڵدێن!
لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە یاسا سەروەر نەبوو ئەوە خۆڕسکانە هێز حوکم دەکات و بەمەش یاسای دارستان دێتە کایە کە پلەبەندی مشەخۆر بەسەر نێچیرەوە لە بەهێزەوە بۆ لاواز درووست دەبێت.
بەڵام لێرەدا ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە مرۆڤێکی خاوەن عقل و ئازاد ڕۆڵی مەڕێك بگێڕێ لەکاتێکدا مەڕ لە ئەزەلەوە وەک مەڕ درووست کراوەو ناتوانێت یاسای جەنگەڵ بگۆڕێت و هەتا ماوە هەر نێچیرە!،بەڵام تۆ مرۆڤیت و خاوەن عقلیت مەڕ نیت!
بۆچی دەبێت تۆی مرۆڤ ببیتە نێچیری مرۆڤێکیتر کە هیچی لەتۆ زیاتر نییە و لە ئەزەلەوە یەکسانن؟!
بۆچی دەبێت ئێمە هەتا ماوین هەر نێچیربین؟
پێویستە تۆش بەرەنگاری ستەم بیتەوە وەک مرۆڤێکی ئازاد یاسای دارستان ڕەت بکەیتەوە چوونکە تۆ مرۆڤیت نابێت بە یاسایەک حوکم بکرێیت کە هی ئاژەڵەکانە!
دڵنیابە لەوەی مرۆڤ کە ڕازی دەبێت بە ژیان لە ژێر یاسای جەنگەڵ ئەوپەڕی سوکایەتی بەو عقلە دەکات کە جیای دەکاتەوە لە ئاژەڵێك،چوونکە ئامادەیە وەک ئاژەڵ سەیر بکرێت،
بەو پێیەی ئامادەیە وەک ئاژەڵ حوکم بکرێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست