ئایا کۆمەڵگەی کوردی ئەتوانێت بڕیاڕی گۆڕانکاری بدات ؟!
Monday, 18/11/2024, 10:05
بەرخۆدانی نەتەوەیەک بۆ گۆڕانکاری گشتی و ڕزگاربوون لە چەقبەستوویی پشت ئەبەستێت بە چەند ڕەهەندێک لەپاڵ هۆکارە تایبەتیەکانی وەک مێژوویی و کەلتوری و هتد .
بەداخەوە ، ئەو هۆکارانەی کە لە خوارەوە هاتووە زۆر بە شێوەیەکی نەرێنی و زەق و چارەسەرنەکراو و کەڵەکەبوو لە ناوکۆمەڵگەی کوردیدا هەیە . بۆیە زۆر گەشبین نیم بەڵکو ڕاستیەکی تاڵە بەوەی کۆمەڵگەی کوردی وەک هەموو کۆمەڵگە و نەتەوەکانی تری جیهان بتوانێت بەشێوەیەکی مۆدێرنە و سەردەمیانە تێکەڵ بە دونیای گڵۆباڵ بێت وبڕیاڕ لە باشکردنی ژیانی خۆی بدات . دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە، ئیتر خۆتان بڕیاڕبدەن و بزانن ئایە ئەو خاڵانە بە زیادەوە ئامادەگی نیە لەناوماندا ؟!
چەقبەستوویی سیاسی
ئەوەی کە ڕژێمە پاوانخواز و نادیموکراسیەکان ئەیکەن بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و خنکاندنی هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێک، ئایە ڕێگریکردن نیە لە بەدیهاتنی چاکسازی و گۆڕانکاری ؟! ئایە تا چەند نەوەی تر ناوی ئەو کەسە یەکەمە شکستخواردووانەی حیزبی کوردی بدەین بە گوێی نەوەکانماندا ؟! ئەمە چەقبەستوویی و گێژاوی مەرگ نیە ؟!
نایەکسانی ئابووری
دروست بوونی جیاوازیەکی زۆری چینایەتی و
نایەکسانییەکی زۆری سەروەت و سامان لەنێو تاکەکان دا هۆکارێکی سەرەکی نائارامی کۆمەڵایەتی یە . ڕەنگە نوخبەی دەوڵەمەند سوودمەند بێت لە دۆخی گەندەڵی ئێستا، لە کاتێکدا هەژاران و پەراوێزخراوەکان خەبات دەکەن بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کەچی پێشیان ڕەوا نابینرێت ! بەڵکو زیاتر توشی چەوسانەوە ، نانبڕین ، کوشتن ، سیناریۆی شەرەف شکاندن و زیندانی کردن و دەربەدەرکردن دەبنەوە !
ئایە ئەم نایەکسانی و نادادیە ڕێگر نیە لە دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی پتەو ؟!
فاکتەرە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان
نەریت و بیروباوەڕی ئایینی و نۆرمە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان دەتوانن بەرەنگاری بکەن لە دروستبوونی گۆڕانکاری. بەتایبەت ئەوکاتانەی چاکسازیەکان تەحەدای پێکهاتەکانی دەسەڵات و شوناسە کەلتوریەکان دەکەن . ئەوا ڕاستەوخۆ دەسەڵات ڕەنگی خۆی ئەگۆڕێ وەک حەربا لە حیزبێکی چەوسێنەری ، خاکفرۆشی ، خۆسەپێنی عەلمانی و دژە دینەوە ، ئەبێتە داکۆکیکارێکی سەرسەختی دین و کەلتوری وڵات تەنها لە پێناو خۆڵکردنە چاوی خەڵک . دەسەڵاتی کوردی لەم خاڵەدا زۆر شارەزان لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ناوی نیشتیمان و ئاڵا و دین و بۆنە نەتەوەییەکان بۆ جوڵاندنی سۆزی خەڵک .
ئایە ئەمە شێرپەنچەی بەرەوپێشچوون و کرانەوەی کۆمەڵگە نیە ؟!
ترس لە چارەنوسێکی نادیار
دەسەڵات لەڕێگەی بەکرێگیراو و کەسانی تایبەت و تێر و ڕاهێنراوی خۆیانەوە ، پڕوپاگەندە و ترس لە گۆڕانکاری بڵاوئەکەنەوە . بەرەی بەرامبەر وەک شەیتان ئەناسێنن. ئەکەونە بانگەشەی ئەوەی گوایە ئەوانەی دوای ئەمانیش لەوەی ئێستا باشترنابن ، بۆیە با هەر ئەمان بیخۆن باشترە چونکە ئەوەی دوای ئەمان تا تێرئەبن زۆریان ئەوێت ! واو لەو فۆبیا و بێغیرەتی و تەسک بینیە ؟!
دەسەڵات ، هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری بەسەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و شێوازی ژیانی دانیشتوان لەقەڵەم ئەدات .
تا ئێستا دەسەڵاتی عەنتەری کوردی لەم خاڵەشدا سەد دەر سەد پێکاویانە و خەڵکیان پێ چاوبەست کردووە .
ئەمە بەڵا و فۆبیای گۆڕانکاری نەبێت؟! ئەی چیە ؟!
نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری
بوونی پەروەردەیەکی نادروست ، زانیاریەکی سنوورداری تاکەکەسی و کۆمەڵگەیەکی دابڕاو لە مومارەسەکردنی ڕێگەکانی پێشکەوتن ، دیوارێکی پۆڵاینە لەبەردەم تێگەیشتنی خەڵک لە سوودەکانی چاکسازی و توانای بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئایە کۆمەڵگەی وا ترسنۆک و دژە گۆڕانکاری نیعەمەت نیە بۆ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێن؟! ئیتر چۆن ئەهێڵێت هۆشیاربیتەوە و لەقە لە ڕزقی خۆی ئەدات ؟!
فشارە دەرەکییەکان
دەسەڵاتی کوردی لە شاخ و شاریش هێندەی گوێڕایەڵی هێزە دەرەکیەکان بوون ، نیو هێندە خەڵکی خۆیان لەلا گرنگ نەبووە . بەڵکو هاوڵاتییان بە بەڵا و نەگبەتی زانیوە تەنها لەکاتی پاراستنی بەرژەوەندیە ناوخۆیی و ململانێکانیان نەبێت کە وەک قەڵغانێکی مرۆیی بەکاریان هێناون .
هەمیشە بە فیت و چاوساغی خۆیان وایان کردووە کە زلهێزە دەرەکییەکان دەستوەردانی سیاسی و سەربازی و ئابووری بکەن بەمەش نەتەوەیەکەیان توشی ناسەقامگیری کردووە .
ئایە لە هەل و مەرجێکی وا قورس دا گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەکرێت؟!
تا چەندی تر لەگەڵ ئەم هۆکارە دروستکراوانەدا چاوەڕوانی گۆڕانکاری بین ، تا وەک گەلانی تری پێشکەوتوو هەست بە مرۆڤبوونی خۆمان و هەڵمژینی هەوای ئازادی بکەین ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست