خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان
Monday, 18/11/2024, 20:53
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بەرەو تێگەیشتنێکی قوڵ و ڕامانمان دەبات و مەحکومان دەکات بە بیرکردنەوە لەو هەموو ڕووداوە.
ئەم ڕۆمانە بەرهەمی نووسەر و شاعیر" ناسر حەفید"ە ڕۆمانێکە کە ساڵی ٢٠٢١ لە سلێمانی چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە کە دەکرێ بە ڕۆمانی بیۆگرافی شارێک یان نیشتمانێک ناوی بەرین، باسی سەردەمی دوای ئاشبەتاڵ و هەشتاکانی سەدەی پێشوو دەکات، کە سەختترین قۆناغی مێژووی نوێی گەلەکەمانە لە باشوری نیشتماندا.
لەو بەشەداگیرکراوەدا کورد بە ئاگری سێ شەڕ دەسوتا، هەموو ڕۆژێک هەواڵێک شارو کۆمەڵگایان قاندەدا. لەڕاستیدا شار زیندانێکی داخراو و ترسناک بووە. لەو کاتەدا لەسەربازگایەک، یان ئۆردوگایەکی داخراو دەچوو.
شەڕی عێراق و ئێران و بزووتنەوەی چەکداریی کورد، لەگەڵ گرتن و کوشتن و لەداردان و زیندان ناسنامەی ئەو سەردەمە بوو.
شەڕی نێوان هێز و لایەنە چەکدارەکانی شاخ و سایکۆلۆژییەتی گەلێکی ڕوخاو لەناخەوە، کە ئاشبەتاڵ بریسکی لێ بڕی بوو. لەناو ئەم ڕۆمانەدا بە وردەکاری جوان و ئەدەبییەوە خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رۆژگارانە.
کارەکتەری سەرەکی یان دەکرێ وەک حیکایەتوانێک سەیی بکەیت.
(پیران)، کە قوتابییەکی زانکۆی سلێمانییە، لەکۆلیژی کشتوکاڵ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری شارەکەیە و خۆشی لەناو کایەی ڕۆشبیری و شعردا سەرگەرمەو جارێک لەڤیستیڤاڵی دەرچوانی زانکۆ لە سینەما دڵشاد شعرێکی یاخیبوون دەخوێنێتەوە، لەوێوە دەیەوێت شکۆ بگەڕێنێتەوە و ترس بڕەوێنێتەوە. پیران خۆشی زۆری ئەوانە دەناسێت کە بەشێکن لە نەیارانی رێژیمی بەعس و زۆربەی هاوڕێکانی سیاسین و کاردەکەن لەڕێخراوەکانی دژی بەعس. هەر بۆیە پیران ئاگاداری کار و چالاکیی نهێنیی ئەوانە و بۆ خۆشی لە کاتێک لەبەر مەترسیی گرتن و لەسێدارەدان روو لە شاخ دەکات، بەرلەوە چەندین جار لەگەڵ سەرانی شۆڕش گفتوگۆ دەکات و کە بڕوای وایە شەڕی چەکداری دیسان بە هەڵدێرماندا دەبات و ئەنجامێکی خراپی دەبێت.
بۆ گرتنی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی قسەی جدی هەیە.
بیرمە جارێک لەگەڵ" ئاوات عەبدول غەفور "دا گفتوگۆمان کرد لێم پرسی بۆچی لەپێنجوێن هەوڵتان نەدا ڕاکەن ؟
...! لەوەلامدا ووتی: ئاخر خاڵە شەهاب قاچی لەجێ چووبوو.
نوسەر باسی وردی ئەوسای زانکۆمان بۆ دەکات کە تەنانەت قوتابییەکان مانگی ٢٠ دینار قەرز وەر دەگرن و ئەزمونیان هەیە، کە حوکمەت دوایی ئازادیان دەکات لە دانەوەی قەرزەکە، پێشمان دەڵێت کە لە هندستانەوە مامۆستایان هێناوە بۆ وانە ووتنەوە.
لەناو ڕۆمانەکەدا هەمان چیرۆک دەخوێنیتەوە. لە چوونی پیران بۆ شاخ لەوێ بەسەر شەڕ و کوشتاری نێوان پێشمەرگەی حیزب و لایەنە چەکدارەکاندا دەکەوێت. دەبینێت هەندێک لە قوربانیانی دوێنێ، کە لە ستەمی بەعس دەرباز بوون، لە شاخ بوونەتە جەلاد، دیلکوژ و قارەمانی شەڕی نێوخۆ. پیران لەسەر کۆی ڕووداوەکان وەک ڕووناکبیرێکی سەربەخۆ ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و پێشانمان دەدات و لەگەڵ باڵادەست و کادێرەکاندا گفتوگۆ دەکات، کە ئایدۆلۆژیا کوێری کردوون. پێمان دەڵێت : کە بزووتنەوەی چەکداری و شەڕی نێوخۆ، تا چ ئەندازەیەک توانیویانە هێزی شەڕخوازی و وێرانکاریی ناو کۆمەڵگای کوردستاندا بێدار و چالاک بکەنەوە و بەوئەنجامەی بگەیەنن، کە ئەمڕۆکە لەمەیدانەکەدا دەیبینین.
لەناو ئەم ڕۆمانە بیۆگرافییەکەدا ڕۆژ ژمێری ڕووداوەکان دەبینین، هەر لە شەهیدەکانەوە تا لەداردان وڕۆحکێشانیان، تا دەگاتە حوکم گرتنەدەستی سەدام و سەربازی هەڵهاتوو، باسی خائین، سیخوڕ، لێبوردندنی گشتیمان بۆ دەکات، هەربەڕاستی کتێبێکە زیاتر لە ڕۆژمێرێکی وردی ڕووداوەکان دەچێت.
من بیرمە لە چاپخانەی کاکەی فەلاح، کە ڕۆژمێری پیرەمێردی چاپ دەکرد هەمووساڵێک. منیش فریا دەکەوتم تا چەند ساڵێک دەمکڕی و هەموو شتێکم تێدا تۆمار دەکرد، ئەو ڕۆژمێرانەی کڕیم و ڕووداوەکانم بەزمانێکی هەرزە و سادە تیا تۆمار دەکرد دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ئەو خەمەم نەما لە فەوتانی ئەو رۆژگارانە، دیارە دەبێ ڕاستگۆبم من هێندە کامڵ نەبووم ڕووداوەکان ئاوا تۆماربکەم، بەڵام بیرمە، کە زیندانەکان بەربوون دیارە لەهاتنی سەدام بوو بۆ سەر کار. یان بوونی بە سەرۆک کۆمار و ئەو لێبوردنە گشتیەی دەرکرد، چەند گەنجێک لە گەڕەکی ئێمەش بەر بوون، خەڵک تا چەند ڕۆژێک هەڵدەپەڕین و ئاهەنگیان دەگێڕا، دوایش زیندانەکان تژی بوونەوە لە مرۆڤی کورد.
ئەم ڕۆمانە بریتییە لە ٧٢ بەشە کە لە توێی ٥٣٣ پەڕەدا ئەو هەموو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، هەر بەشەی لەچیرۆکێکی سەربەخۆ دەچێت و ناوێکی هەیە، نەک ژمارە، هەر بەشە پڕە لە کەسایەتی سمبوڵیی و بەڵام مام مەجید و دایکە گریانە کە دەردەکەون ئیتر خوێنەر بەناو گەشتی مێژووی ڕووداوەکاندا بەکێش دەکەن. مام مەجید لە دوکانێک جگەرەی زەل دەفرۆشێت لەبەردەرکی سەرا، لەیەکێک لەکۆڵانەکانی، نزیک بەدیوارەکەوە تاقێک و پەردەیەک هەیە کەوێک لەقەفەزدایە و زستانان هەرزن و بەهارانیش تاڵیشکی دەداتێ، کە سەردەمی ڕاویش دێت دەچێتە سیتەک بۆلای شیخ لەتیف و لەوێ کەوە دەم سورەکەی کەوەکانی هاو رەگەزی خۆی بانگ دەکات تا بەکوشتیان بدات.
مام مەجید عەشقی دەنگی کەوەکەیەتی وجێگەی شانازییەتی ئەو بەدیلکردنی کەوێک لەدوکانەکەیدا پێمان دەڵێت : کورد چەنێک داماوە...!؟
ئەمە قسەیەکی فەیلەسوفی ڕۆحی چین کۆنفیشیۆسی بیرهێنامەوە، کە دەڵێت:" گەر حەزتان بەدەنگی باڵندەکانە دار بڕوێنن، تا لەسەری بنیشنەوە، نەک باڵندەکان لەقەفەزدا زیندانی بکەن".
کاک ناسر عەفیدی نوسەر بیرمان دەخاتەوە، کە کورد و کەو چەند لەیەک دەچن. مام مەجید پێشمەرگەی سەردەمی شیخ مەحمود بووە و لە نزیکەوە ئەو ڕۆژەی بیرە، کە ئاڵای ئینگلیزەکان دادەگرن لە سەرادا و ئاڵای کۆماری کوردستان هەڵدەکەن لەسلێمانی، مەلیکی کوردیش دەڵێت : ئاڵاکەیان بۆ قەوبکەن و بیدەنەوە دەستیان با لە وولاتی خۆیان هەڵیبکەن، ئەو ناڵێت ئاگر لە ئاڵاکەیان بەربدەن، چونکە ئەوە پیشەی مرۆڤگەلی هیچ لەبارنەبووە.
ڕۆژێک کە هەواڵی ڕۆح کێشانی کوڕەکەی مام مەجید دەگات، پیاوانی گەڕەک و مەلای مزگەوتەکە دەچن تا بە مام مەجید بڵێن هاو خەمتین با تەشریف بەرینەوە بۆ ماڵەوە. مام مەجید ئامادە نەبوو کە سەردانی کوڕەکەی بکات لە زیندان، ئەو بڕوای بە کڕوزانەوە و داماوی نەبوو بەو تەمەنە هەڵکشاوەیەوە بۆ تۆڵەکردنەوە لەستەم خەونی بە تفەنگێکەوە دەبینی، ئیتر خوێنەر دەبێت چاوەڕوانی چیرۆکی باوکێکی جەرگ سوتاوبێت.
ژنان لە پرسەیەکدا هەریەکەیان بۆ ئازیزێکی خۆی دەگری، کچێکی گەنج لەناو ئاپورەی پرسەکەدا بە شیعرێکی شەهید مەلاعەلی گریانەکە دەکاتە ئاگرێکی جۆشدارو لەدوای تەرمی خاڵە شەهابەوە ئیتر لە داردراوەکان لاشەکانیان نەدرایەوە بەخێزانەکانیان دوای لەدار دانیان یەکە یەکە لاشەکان چەند دەیە زیندانی دەکرا. گریانی دایک کارەکتەرێکە تا کۆتایی ڕۆمانەکە بەشەقام و پرسە و بازاڕ و دواجار گوندەکەی زێدی لەسەر گۆڕی کوڕەکانی سەرسنگی توند دەبێت، کێلی سەپانی کوڕێ و حەسەنی کوڕی تۆزێک دوورتر بوو، لالۆی مێردی شەهید بوو بیری کردەوە بەحەسەنی کوڕی ووت داخی هۆمەری کوڕی، کە گۆڕ غەریب بووە، چونکە ئەو لە موسڵ لەدار دراوە و لاشەکەی وەرنەگیراوەتەوە و لە گەرمەسێر ئەسپەردەکراوە.
خێزانێک سندوقە بۆراقەکەی یادگاری ژیانیان بوو ئێستا هەموو شت کۆتایی هات و لیرەکانێش ماڵە سپەیەکە بۆڕۆژی ڕەش نەمان.
ڕۆمانی" خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان" دیوە تاریکە بێوەفاییەکەی بزوتنەوەی چەکداریمان بۆ دەردەخات و دواجار بینیمان، کە کۆمەڵێک مرۆڤی بوردەڵە و فایلدار هاتونەتە سەر حازری و بەری ئەو هەموو قوربانی و شەڕە لەخوێن هەڵکێشراوە دەخۆن. شەرم لە باوکە مام مەجید و دایکە گریانە ناکەن. دایە گریانە کاتێک گوندەکەیان دەکەوێتە بەر دەمی شۆفلەکان بۆرە سەگەکەیان بەرگری دەکات دوای بە زامداری دێتەوە حەوشەکەیان، باوکی گریانە دەڵێ دوریخەنەوە با لە دور بتۆپێت و بەگڵەسور بسمیلی جێگەکەی بکەن، بۆ بەیانی سەگ دیار نامێنێت گریانە کە بەدوایدا دەگەڕێت لەدەرەوەی ئاوای گیانی سپاردووە گریانە دەڵێت تێگەیشتم سەگەکە هەموو قسەیەک تێدەگەیشت، خەم لەوە دەخوات کە سەری کاسی سەگەکەی نەکردۆتە سەر ڕانی و زامەکانی بۆ ساڕێژ نەکردووە، مرۆڤ چەنێک گڵاوە نەک سەگ ؟
تا ئێستا چەندین باس و نووسین لەبارەی ئەو سەردەمە و بزووتنەوەی چەکداریی باشوری نیشتمان بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی من بینیومن و خوێندومەتەوە، دەگمەنیان تێدابووە کە بێلایەنانە نووسرابن. ئەوەی کە نوسەری ئەو رۆمانانە خۆیان لێبۆتە پاڵەوانی ڕووداوەکان ودەیانەوێت بلیمەتی و ئازایەتیی خۆیانمان بۆ بگێڕێنەوە، ئەو نووسەر و رۆماننوسانە لەبچوکی خۆیاندا گەورەیی ڕووداوەکان پیشان دەدات، تا پێمان بڵێن من پاڵەوانی سەرەکی بووم، بەڵام لە ڕۆمانی "خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان" کاکە نالە وەک کەسێکی سەربەخۆ خاوەن مەعریفەیەکی ئازاد لە ڕوانگەیەکی فراوان و بێلایەنانە دیمەنەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. زووتر لەهەموومان دیوی ناوەوەی ڕووداوەکان دەبینێ و بە وردی سەرنجیان بۆ ئەو لایە دەبات کە چاومان لەسەریان نەبووە، ناسر حەفید وەک میراتێکی مێژوویی هەمووی بۆ تۆمارکردووین، هەربەڕاستی لایەنێکی گرینگی مێژووی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە. بۆیە خوێنەری هوشیار دەتوانێت متمانە بە گێڕانەوەکەی هەموو رووداوەکانی ناو ئەو رۆمانە بکات و وەک سەرچاوەیەکی بیۆگرافی بەنرخ لێی بڕوانێت
ئەمە شانسێکی گەورەیە بۆ ئەو مرۆڤە کوردانەی کە منداڵ بوون یان لەو سەردەمەدا هێشتا گەشتی ژیانیان دەستی پێنەکردبوو، کە ئەم رۆمانە بخوێننەوە تا بزانن لە پێش خویاندا چی رووی داوە.
ئەگەر دەڵێن بۆئەوەی جوان لە مێژووی ڕووداوەکان تێبگەیت دەبێت ڕوولەخوێندنەوەی ئەدەبی بکەیت بەتایبەتی ڕۆمان
وەک نمونە ئەگەر شەڕ و ئاشتی تۆڵستۆی نەبوایە کێ دەیتوانی لەشکرکێشی ناپلیۆن ئاوا بە وردەکاریەوە بزانێت ؟
ئەم ڕۆمانەی ناسر حەفیدیش باسی مێژوو دەکات باسی شەڕمان بۆدەکات چیرۆکی ئەوسەردەمەمان بۆ دەگێڕێتەوە.
کورد ئەو میللەتە دەردەدارەیە، کە لەناو پڕۆسەی سڕینەوەی خۆیدا بە شدارێکی کارایە، هەرگیز لە جەستەی زامداری خۆی ناڕوانێت و بە دوای شوناسی خۆیدا ناگەڕێت، ئەمە ناوەڕۆکی ئەم ڕۆامانەیە، کە پێمان دەڵێت : مێژوو حیکایەت نییە، بەڵکو بە ئاگابوونەوەیە لە ڕابردوو وانە وەرگرتنە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست