کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە کێ دەڵێن پاڵەوان؟! (ئاوێنەی شەشەم)

Wednesday, 13/11/2024, 19:36


ئێمە وەک نەتەوەی کورد، بەو بارستاییە ڕەقە کە لەدەشت و دەری نیشتمانەکەماندا بڵاو بۆتەوە دەڵێن "بەرد"، هەر بەو جۆرە لەسەر ناوی شتەکانی تریش ڕێک کەوتووین و بەناوهێنانیان لە زەینماندا شێوە و ڕەنگ و حاڵەتە تایبەتییەکانییان دێنە بەر چاومان، ئەم پرۆسەی دروستبوونی وشانە کە لە کۆتایدا "زمانێکی تایبەت" بەرهەمدێنن ساڵان و نەوە دوای نەوەی زۆری خایاندووە، بەڵام کەس نازانێت کەی و چۆن و بۆچی بەو جۆرە زمانەکان هاتوونەتە بەرهەم؟! دەتوانرێت لە بەراورد و بەرانبەر بەیەک ڕاگرتن و گەڕانەوە بۆ ڕیشەکانیان، هەندێ زانیاریمان دەستبکەوێت، بەڵام هەتا ئێستا کۆدە ئاڵۆز و نەزانراوەکانی زمانەکان هەڵنەهێنراون. کەواتە زمان ڕێکەوتنی کۆمەڵێک خەڵکی دیاری کراوە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لەسەر ئەو ئامڕاز، ئامێر و هەستانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دێنن، بۆڕایی کردنی ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندی کردنی ناوخۆیان و خەڵکانی دەرەوەی خۆیان.  
زۆر فاکتەری جیاواز لە شێوەگرتنی زمانەکاندا ڕۆڵیان هەیە، سروشتنی ئەو ناوچەیە، کار و پیشەی خەڵکەکەی، پەیوەندییەکانی ئەوان بە خۆیان بە خەڵکی ترەوە....و هتد.
لەم ئاوێنەیەدا دەمەوێت، لە وێنە، مەبەست و بەکارهێنانی وشەی" پاڵەوان" بدوێم، وشەگەلێک هەیە کە پاش ماوەیەک دەبنە قسەی سەرزاری خەڵک و پەندی پێشینان و قسەی ناو کۆڕ و کۆبوونەوە و نووسینیی ناو مێدیاکان، وەک نموونە دەهێنرێنەوە بۆ گەیاندنی مەبەستێکی دیاریکراو، کە هەندێکیان زیانی گەورە لە مەسەلە بنجییەکانی نەتەوەیەک دەدەن و تێگەیشتنەکان تێکەڵدەکەن و چەواشەکاریی بڵاودەکەنەوە.
وشەی " پاڵەوان" لە سەر زاری کوردان، بۆ کەسێک بەکارهاتووە کە هێزێکی سەر و ئاسایی هەبووبێت و توانیبێتی کەسێکی دی کە بەرانبەر بەم خۆنواندنی کردووە، بدات بە زەویدا و پشتی بدات لە خاک. 
ڕای من وایە کە زۆرینەی ئەو وشانە لە تێگەیشتن یا لێکدانەوە ئاینییەکەوە پەڕیوەتەوە بۆ ناو پرۆسە سیاسییەکان و بوونەتە لێتێگەیشتنێکی سیاسی بۆ وشەکە، بۆ نموونە: وەلی ئەمر، کە دەسەڵاتێکی سەروو ئاسایی دەدات بە یەک کەس(ئیمامێک، پێشەوایەکی ئاینی یا سەرۆکێک) کە لە هەموو ورد و درشتی ژیانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا بڕیار بدات و چۆنێتی ژیانیان بۆ دیاری بکات، هەر لەم پێودانگەوە بوو کە کاکا ئەحمەدی موفتی زادە، کەوتە سەر بیرکردنەوە لە لێکدانەوەیەکی لۆجیکی، کوردانە و نوێ بۆ زۆر لە تێگەیشتنە ئاینییەکان، بە بڕوای ئەو لە هیچ  بارودۆخێکدا ( تاکە یەک کەس) ناتوانێت بەرپرسی ژیانی خەڵک بێت، هەموو بڕیارەکان دەبێت، بە ڕاوتەگبیری کۆمەڵ بێت، کە ئەوەش پێویستی بە بوونی ئازادی تاک هەیە لە هەڵبژاردنەکانیدا، هەر لەم بۆچوونەیەوە بوو کە دوو وشەی ( کفر و ئیمان) ی بەو جۆرە لێکدایەوە کە ئەمە پەیوەندی نییە بە باوەڕبوون یان نەبوون بە خوداوە، بەڵکو پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکی وتراوە لە هەر بوارێکی ژیانی ئادەمیزاددا بێت، چ لە ناو خێزانێکدا بێت یا لە ناو کۆمەڵگەیەکدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ترسێکی مەزن بخاتە ناو دڵی ئەو سیستەمەوە کە مەلا پاشڤەڕۆکان دەیانەوێ بیپارێزن و ئەوە هەزاران ساڵە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بە هەزاران هەزار خەڵقی خودایان لەسەر ئەم دوو وشەیە کوشت و زیندەبەچاڵکرد و خێزانییان هەڵوەشاندەوە، بۆیە ئەم بیرەی ئەم جوامێرە کوردەیان پێ قەبووڵ نەکرا و بە دڕندانەترین شێوە لە زیندانی تاکە کەسیدا ئەشکەنجەیاندا کە بووە هۆی گیانبەختکردنی ئەو مرۆڤە نازدارەی کورد. کاک ئەحمەد پرۆسەی شیکردنەوەیەکی نوێی بۆ ( وشە و زاراوەکان، ئەوانەی پەیوەندیان بە ئاینەوە هەیە) دەست پێکردبوو، چوونکە دەیزانی ئاین بەو جۆرەی تا ئێستا لێکدراوەتەوە، ماڵوێرانی و گومڕایی زۆری لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا دروستکردووە.
ئێوە بۆ وشەی " سەرۆک، سکرتێر، یا ڕابەر"ی وڵاتێک و حیزبێک و بزووتنەوەیەک بڕوانن لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و تەماشای ئەو خەرمانە لە پیرۆزیی بکەن بە دەوری ناو و ناوبانگیاندا، ئەو هەموو درۆ هەڵبەستراوانە بخوێننەوە کە لەسەر مێژوو، کردار و هەڵوێستیان هۆنراوەتەوە، کە تەنانەت لای هەندێ کەس چیرۆکی خورافی و فانتازییایی بۆ هەڵبەستراوە، بۆیە هەر ئەوەندەی کەسێکیان بوونە سەرۆک یا سکرتێری حیزبێک، ئێدی تا ئەبەد دەبنە خاوەنی ئەو وڵاتە و ئەو حیزبە و ئەو بزووتنەوەیە و وڵات، حیزب و بزووتنەوەکە دەبێتە کارخانەیەکی ڕەواجدار و ئەوانیش بەڕێوەبەری گشتی ئەو کارخانەیە. هیچ جیاوازی نییە بزووتنەوەکە ئاینی بێت یا چەپێک و ڕاستێک و عیلمانیەک بێت.       
چەمکی " پاڵەوان"، لە ناو کۆمەڵگاکانی جیهاندا و لە نێوان شارستانەتە ڕەنگاوڕەنگەکاندا، جوودایە.
لای موسڵمانەکان خالیدی کوڕی وەلید(١)، ئەبو عوبەیدەی جەڕاح و یەحیا سنوار پاڵەوانن.
لای هەندێ کورد "حەسەن خەیری"(٢) و "مەلا مستەفا"(٣) پاڵەوانن.
شارستانەتی ڕۆژئاوا لە دوای ڕێنیسانسەوە، بەتایبەت لە پاش دوو جەنگە جیهانییەکە ئەم چەمکەی لە بنجەوە گۆڕی و وێنەیەکی فراوانتر و مرۆیانەتری دا بەم " چەمکە".
پێناسەی پاڵەوان بریتیە لە: کەسێک کە ژیان و ویست و خواستەکانی خۆی دەکاتە قوربانیی بۆ "ڕزگارکردن" و "پاراستن"ی، ژیانی کەسانێکی تر، تەنانەت گیانلەبەرێک. 
کەواتە: پاڵەوان بەخشندەی ژیانی خۆیەتی، ڕەفتارەکەشی "ڕزگارکردن" و "پاراستن"ی ژیانە. بەپێی ئەم پێناسەیە، سەربازێک کە لە جەنگی بەرگری لە هاونیشتمانییەکانیدا گیانی بەخت دەکات پاڵەوانە، ئاگرکوژێنەوەیەک کە بۆ ڕزگارکردنی خێزانێک کە لە قاتی بیستەمی باڵەخانەیەکدا ئاگر دەوری داوون گیانی بەخت دەکات پاڵەوانە. ئەو زانایەی کە ڤاکسنی دژی ئیفلیجی منداڵان داهێنا، پاڵەوانە، ئەو دکتۆرەی کە هەموو ژیانی بریتی بوو لە ڕزگارکردنی دڵی نەخۆشەکانی، پاڵەوانە.
کەواتە بەپێی ئەم پێناسەیە هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی ئەنجامدانی کارێکەوە کە ژیانی خەڵکانێکی تر دەپارێزن و ڕزگاردەکەن، پاڵەوانن. مانای پاڵەوانێتی بریتییە لە:
"پاراستن" و "ڕزگارکردن"ی ژیان. 
نەک "کوشتن" و "وێرانکردن"ی ژیان.
لە ناو کلتووری شارستانەتی بۆ نموونە موسڵمانەتیی سیاسیدا، ئەم چەمکە پێچەوانەیە: چەند خەڵک بکوژیت لە پێناوی(بە بانگەشەی ئەوان) بڵاوکردنەوەی ئاینی خودا و خۆشەویستیی خودا و پەیامبەرەکەیدا، پلەی پاڵەوانیت زیاتر و بەرزتر دەبێت، کەواتە لێرەدا وێرانکردن و کوشتنی ژیان دەتکاتە پاڵەوان، نەک ڕزگارکردن و ئاوەدانکردنەوەی ژیان!!!.
بەهەموو ئەو کەسە داعیشچیانەی کە هاوبەشی سەربڕین و تەقاندنەوەی ئۆتۆمۆبیل، چایخانە، بازاڕ، نەخۆشخانە، پرسەی مردووان، قوتابخانە، پەرستگاکان و شوێنی کار و خوێندنگاکان بوون، دەڵێن پاڵەوانی شەهید، لە حاڵێکدا تەنیا و تەنیا بکوژانی ژیانی خەڵقی خودا بوون. تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، تاوانبار بوون نەک پاڵەوان!!!.
لە ناو ئێمەدا، هەموو ئەو کەسە شەرافەتمەندانەی گیانی خۆیان بەخشی بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کوردێکی دی، خێزانێکی کورد، تاک و دەستەیەک لە کورد، کۆمەڵ و ستەمدیدەیەکی تری کورد، پاڵەوانی ئێمە و نەتەوەکەن و ئەوان وان لە پلەی شایستەی پاڵەوانێتیدا، هەموو ئەو کەسانەی لە شەڕی بەرگری لە خاکی نیشتمان و ڕزگارکردنی خاکی داگیرکراوی نیشتماندا گیانیان بەخشی/ دەبەخشن پاڵەوانەکانی مێژووی ئێمەن.
ئێمە دەبێت تێگەیشتن و مانای ( وشە و گوزارەکان) جارێکی دی بنووسینەوە و لێکدانەوی نوێیان بۆ بکەین، ئەو لێکدەوانەی لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە دەگونجێت کە " کە پاراستن" و " ڕزگارکردن" ی خەڵکی خۆتە، نموونە زۆرە لە ناو کوردەواریدا کە سەرەوژێر و بە قەڵبی بڵاوبۆتەوە و باسی دەکرێت، بۆ نموونە: ئایا ئاشبەتاڵ پاڵەوانێتی بوو؟! ئەوانەی ئاشبەتاڵیان کرد و نەتەوەکەیان بە ڕژێمی بەعس سپارد و خۆیان ڕزگارکرد و سەروەتی بزووتنەوەکەیان دزی، پاڵەوان بوون؟! کوژراوەکانی شەڕی کورد بە کورد پاڵەوان بوون؟! بکوژانی ڕۆڵەکانی کورد، کە بڕیاریاندا و هانی هەندێ کەسیان دا و پاساویان بۆ کردەوە پیسەکان هێنایەوە و خوێنڕشتنی کوردێکیان بەدەستی کوردێکی تر حەڵاڵ کرد پاڵەوانن؟! ئەوانەی دەستی دوژمنی دێرینەی کوردیان گرت/ دەگرن بۆسەر دڵی کورد پاڵەوانن؟! بکەرانی کارەساتەکانی هەکاری، ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، سیویەکی ئابەکان پاڵەوانن؟!! سپاردنی ئێزیدییەکان بە بکوژانی داعیش پاڵەوانن؟! دەبێت وشەکان لە جێگای خۆیان دابنێین و بەو جۆرە پێناسەیان بکەین کە هەبوون/ هەن و دەبن.... .
پاڵەوان بەرانبەرە بە " ڕزگارکەر"ی ژیانی کەسێکی دی و "پارێزەر"ی ژیانی کەسێکی دی، لە هەر بوار و بۆنە و هەڵوێست و کاردانەوە و بزووتنێکدا بێت. خانی، حاجی قادری کۆیی، بیرمەندی مە مامۆستا مەسعوود محەمەد، قەدەم خێر، مەستوورەی ئەردەلان، قانع، بێکەس، پیرەمێرد، پێشەوا، سلێمانی موعینی، ئاپۆ، مامۆستا عولەما، ڕەفیق حیلمی، ئاسیا لە کۆبانێ، ژینا و زارا لە ڕۆژهەڵات، بێریتان لە قەندیل، دکتۆر جەمال ڕەشید، دکتۆر ڕەسول حەسەن، جەنگاوەرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان لە یەکینەکانی یەژەستار و یەپەژە، مەزلووم کۆبانێ، ئاپێ موسا عەنتەر، زەینەب جەلالیان، شیرین عەلەم کوهی، فوئاد مستەفا سوڵتانی، ئارام و.........مامە ڕیشە، پاڵەوانەکانی مێژووی کۆن و نوێی ئێمەن.
هەموو ئەو جەنگاوەرە هونەرکارانەی بە قەڵەمەکانیان بەرگری و هەڵوێست دەنوێنن پاڵەوانەکانی ئێمەن، هەر کوردێکی پارەی حەجەکەی لە هەژارێکی کوردا سەرف بکات، پاڵەوانە، هەر کوردێک بە هەر فێڵ و تەڵەکەیەک ملی کوردێکی تر لە پەتی سێدارەی دوژمن بترازێنێ پاڵەوانە، هەر کوردێکی لە کۆڕوکۆبوونەوەیەکدا لەسەر مافی نەتەوەکەی خۆی هاتە دەنگ پاڵەوانە، هەر کوردێکی منداڵێکی کوردی فێری خوێندن کردن پاڵەوانە، هەرکوردێکی "ژیان" ی کوردێکی تر و "پاراستن"ی بوونی کوردێکی تری بۆ مەسەلە و گرنگ بوو و هەوڵی بۆدا....پاڵەوانە.....پاڵەوانە....پاڵەوان. 
----------
سەرنجەکان/
1- خالیدی کوڕی وەلید، لەسەر زاری پەیامبەری موسڵمانەکانەوە بە: شمشێری هەڵکێشراوی خودا پێناسە کراوە، ئەم شمشێرەی خودا، جارێک دەچێتە سەرهاوەڵێکی تری پەیامبەربە ناوی مالک بن نویرە، کە پاش مردنی پەیامبەر، سەرپێچی دەکات لە دانی زەکات و بە خەڵکەکەی خۆشی ڕادەسپێرێت کە ئێدی زەکات نەدەن، خالید زۆری بۆ دێنێ مالک دەڵێت: دەتەوێ بم کوژیت لە کاتێکدا من موسڵمانم و دەڵێم لا الە الا اللە و نوێژ دەکەم؟! خالید دەڵێت: ئەگەر نوێژ دەکەیت بۆ زەکات نادەیت؟! لەم مشتومڕەدا ژنەکەی نویرە، لەیلای کچی سەنان دێتە ناو گفتوگۆکەیانەوە، بەڵام لەیلا چ لەیلایەک: بە زوڵف و پەرچەم سەنمی چین و بە ڕوخسار ماهی تابان، ئێدی خالید کە دەیبینێ، خودا و پەیامبەر و ئاین و مرۆڤایەتی لە لا نامێنێ، نویرە ڕوو لە لەیلاکەی دەکات و دەڵێت: لەبەر جوانی ئەم دەمکوژیت؟! خالید کە ئاگری ژێرسکی دایگیرساندبوو سەری لە لەشی جودا دەکاتە و لەشەکەی دخاتە چاڵێکەوە، کەلەسەری دەبرژێنێ و لێی دەخوات، پاشان دەچێتە کن لەیلای تازییەباری شوو کوژراو بەناهەق بەدەستی تاوانبارێکی وەک خالید و لاقەی دەکات.  ئەمانە هاوەڵانی پەیامبەری دوا ئاینی خودا بوون، هەریەکەیان باری تەنێک لە تاوانیان بەرانبەر بە مرۆڤایەتی بەکۆڵیاندا داوە، ئەمانە پاڵەوانەکانی مێژووی ساختەی موسڵمانەتین کە کوشتنی ژیانی کەسانی تر، پیشە و خەو و خۆراکیان بووە و هەتا ئێستاش ئەم بازاڕەیان گەرمە و بەخوێن دەگەڕێ.
2- کاک " حەسەن خەیری" ئەو کوردە بوو کە بە جلی کوردییەوە لەسەر داخوازی مستەفا کەمالی سەرۆکی تورکان، چووە پەرلەمان و وتی کورد نایەوێت لە وڵاتی تورکیا جودا ببێتەوە و پاش ئەم سینارێۆیەی کە بۆی دروستکرا دەوڵەتانی ئەوروپا پەیماننامەی لۆزانیان واژۆکرد کە مافی کوردی پاماڵکرد. خوێنەری هێژام: وشەی کاکم بۆ "حەسەن خەیری" بەکاربردووە، لەبەر ئەو دانپیانانەیەتی کە بەر لەسێدارەدانی بەرانبەر بە نەتەوەکەی کردی و داوای کرد کە گۆڕەکەی لەسەر ڕێگای کوردان بێت، بۆوەی هەر کوردێک لەو ڕێگایەوە تێپەڕبوو تفێکی لێ بکات، ئەمەم زەق کردەوە، بۆوەی پێتان بڵێم ئەم پیاوەی کورد، شەرەفی ئەوەی هەبوو داوای لێبووردن لە نەتەوەکەی بکات، ئێوەش بەراوردی بکەن بە سەرکردە سیاسییەکانی دوای " ئەو" کە دەیانجار کوردیان لەتکرد، فرۆشت، جێهێشت، سووکایەتیان پێکرد، برسیانکرد و سامانەکەیان دزی، بەڵام تا ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/ ٠٩ نە باشوورییەکانیان و نە سەرکردەیەتی ڕۆژهەڵاتیان، لوتبەرزییەکەیان ڕێگەی پێنەداون بەرانبەر بەو تاوانە زۆرانەی بەرانبەر بە نەتەوەکە کردوویانە، داوای لێبووردن بکەن، بەڵکە کراونەتە پاڵەوانی شەڕە دۆڕاوەکانیش کە بە ڕۆڵەکانی کوردیان کرد، بۆیە وشەی کاک بۆ حەسەن خەیری لەبەر ئەو هەڵوێستەیەتی.
3- مەلا مستەفا، سەرکردەی شۆڕشی دۆڕاوی ئەیلولە، کەم کەسایەتی کورد هەیە هێندەی ئەم، چیرۆک و شانامەی سەبارەت هۆنرابێتەوە. قەڵەمەکانی دەربار، بە هەزاران لاپەڕەی خورافی پڕاوپڕ لە هەڵبەسترایان بۆ ئەم کەسایەتییە هێناوەتە بەرهەم، کە ناڕاست و بێ بنەما و بانگەشەی درۆن و بۆ مەبەستی دنیایی ڕیزکراون و لە قەبارەی خۆیی و کارەکانیی و هەڵوێستەکانی زۆر زیاترن و کەسایەتییەکی ئەفسانەییان بۆ داتاشییوە، کە فرە دوورە لە ژیان و هەڵوێستی ڕاستەقینەوەی کە بوویەتی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە