کامێڵا هاریس بۆچی دۆڕا؟
Wednesday, 13/11/2024, 19:30
هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ ی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ کە لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠ چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو وە کامێڵا هاریس، کە کەسی دووهەمی ئیدارەکەی بایدن بوو لە ٢٠٢٠ هەتا ٢٠٢٤.
فاکتەرە هەرە سەرەکیەکانی بردنەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەو ویلایەتانەیە کە بە (Swing States)واتە (الویلایات المتأرجحة) ناسراون کە نە سوورن(کۆماری) و نە شینن(دیموکرات) چونکە ویلایەتەکانی تر بە زۆرینە یان سوورن یان شینن.
ویلایەتەکان و ژمارەی ئەلیکتۆرەڵ کۆلێجەکانی( Electoral Colleges) ئەو ویلایەتانە ئەمانەن:
میشیگەن ١٥، ویسکۆنسن ١٠، پەنسلڤانیا ١٩، کارۆڵاینای باکوور ١٦، جۆرجیا ١٦، نیڤادا ٦، ئەریزۆنا ١١.
ترەمپ هەر هەموو ئەو ویلایەتانەی بردەوە.
دەنگی جەماوەری، پتر لە ٧٥ ملیۆن و نیو دەنگ بۆ ترەمپ بەرامبەر بە ٧١ ملیۆن نزیکەی نۆسەد هەزار دەنگ بۆ کامێڵا هاریس، وە ئەلیکتۆرەڵ کۆلێجی ، ترەمپ ٣١٢ بەرامبەر بە ٢٢٦ بۆ کامێڵا هاریس بوو. بەڵام تەنها ئەلیکتۆرەڵ کۆلێجەکان براوەی هەڵبژاردنەکە دیاری دەکەن نەک دەنگی جەماوەری(Popular Votes).
دیموکراتەکان مافی زۆرینەیان لە ئەنجومەنی پیران (سێنەت) دۆڕاند، ٥٣ کورسی بۆ کۆماریەکان و٤٧ کورسی بۆ دیموکراتەکان، و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش (کۆنگرێس) چەند کورسیەکی تریان لە دەستدا، ٢١٤ کورسی بۆ کۆماریەکان و ٢٠٥ کورسی بۆ دیموکراتەکان، هەروەها لە ئاستی حاکمی ویلایەتەکانیشدا کۆماریەکان ٢٧ ویلایەت و دیموکراتەکان ٢٣ ویلایەتیان هەیە.
هۆکارەکانی دۆڕانی کامێڵا هاریس
چی لە هەگبەکەی کامێڵا هاریسدا هەبوو؟
هاریس کەسی دووهەمی ئیدارەکەی بایدن بوو وە لە ماوەی ٤ ساڵدا هیچ شتێکی وای نەکردبوو کە سوودی بۆ ئەمریکیەکان هەبێت و بە توانایی ئەو دەربخات وە لە کامپەینەکەیشیدا بەرنامەیەکی ڕوونی نەخستە بەردەم ئەمریکیەکان.
کامێڵا هاریس کە چەپ و لیبراڵێکی ڕادیکاڵە، هەموو ئەو بەڵێنانەی کە بە ئەمریکیەکانی ئەدا لە کامپەینەکەیدا، هەڵگەڕانەوەیەکی تەواو بوو لە ئایدیۆلۆجیاکەی کە چەندین ساڵە بە کردار جێبەجێیکردون و لە ووتارەکانیدا درۆزنی، دووڕوویی و زانیاری ناڕاست بەردەوام ئامادەگی هەبووە لەبەرئەوە ئەمریکیەکان بە گومان بوون لە قسەکانی.
بۆ نمونە، هاریس کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە هاتووە و باپیرانی خاوەنی کۆیلەبوون، تاکو چەند مانگێک پێش بە کاندیدبوونی خۆی بە هندستانی دەناساند. بەڵام کە کرا بە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی، خۆی بە ڕەش پێست دەناساند وە لە کۆڕوکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕەش پێستەکاندا باسوخواسی بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕەش پێستانەی کە باپیرانیان کۆیلە بووە ئەدا بە گوێیاندا.
ئەو بەڵێنە کاردانەوەی نەرێنی بە دوای خۆیدا هێنا چونکە ئەوانەی کە باپیرانیان خاوەن کۆیلە بوون دەیانووت، ئێمە بۆچی بە کار و کرداری باپیرانمان سزابدرێین؟
بۆچی پارەی باجی ئێمە کە خاوەن کۆیلە نەبووین بدرێت بەو کەسانەی کە ئێستا نەک هەر کۆیلە نین بەڵکو هەموو مافێکی هاووڵاتیبوونیان هەیە و زۆریان پلە و پۆستی باشیان هەیە و خاوەن سامانیشن؟
هەموو ئەوانەی کە سپی پێست، ڕەش پێست، لاتینۆکان وە ئەو ئەمریکیانەی کە پێشتر کۆچبەری یاسایی بوون و باپیرانیان لە ئەمریکاش نەبووە کە خاوەنی کۆیلە بووبێت، ئەو پرسیارە دەکەن کە بۆچی ئەمانیش کە بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابینکردووە، پارەی باجی ئەوان بدرێت بەو کەسانەی کە ئێستا کۆیلە نین و کێشەی ژیان و بژێویان نیە؟
کامێڵا هاریس وەکو کەسێکی هیپوکریت دەردەکەوت چونکە ئەو هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی جۆو بایدنەوە دەیزانی کە بایدن نیشانەکانی (دیمێنشا) لەبیرچوونەوەی تێدا هەبوو، بەڵام ئەو ئەمەی لە ئەمریکیەکان شاردەوە و درۆی لەگەڵدا کردن و بەردەوام لە میدیاکاندا ئەیوت کە تەندروستی بایدن باشە و کێشەی بیرچونەوەی نیە. بەڵام کە دیموکراتەکان فشاریان خستە سەر بایدن کە واز لە خۆهەڵبژاردن بهێنێت و بەبێ هەڵبژاردنی نێوان دیموکراتەکان، کامێڵایان کرد بە کاندید، کامێڵا کەوتە باسکردنی تەندروستی بایدن.
کامێڵا هاریس و ژنان
لە کامپەینەکەیدا، هاریس ژنبوونی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی سۆزی ژنان و بۆ وەدەستهێنانی دەنگی ژنان.
بۆ ئەو مەبەستەیش بابەتی مافی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵی کرد بە سەرەکیترین بابەتی کامپەینەکەی و ژنانی بەوە ئەترسان کە ئەگەر ترەمپ ببێت بە سەرۆک، مافی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵ لە سەرتاسەری ئەمریکادا قەدەغە دەکات.
هاریس لە کامپەینەکەیدا بەردەوام باسی بێڕێزی ترەمپی دەکرد بەرامبەر بە ژنان و لەمەیشدا دیموکراتەکان و ئەو کەناڵ و ڕۆژنامە چەپ و لیبراڵانەی لە بەشێکی ئەم ووتارەدا ناوم هێناون، بەردەوام دژ بە ترەمپ بوون و پشتگیری هاریسیان ئەکرد.
سەیر لەوەدایە کە سەرۆکی کامپەینەکەی ترەمپ ژن بوو کە گرنگترین وهەستیارترین پۆستە لە هەڵبژاردندا.
داتاکانی دوای هەڵبژاردنەکە ئەوە دەردەخەن کە ڕێژەی دەنگی ژنان بۆ ترەمپ لە ٥٪ لەسەدا پێنج زیاتر بووە لە ڕێژەی دەنگی ژنان بۆ هاریس.
لێشاوی کۆچی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو ئەمریکا
کاریگەری نەرێنی ڕێگەدان بە لێشاوی کۆچبەری نایاسایی زۆر گەورە بوو لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکیەکان وە کاریگەری چوار ساڵی حوکمڕانی بایدن-هاریس بۆ ئەمریکیەکان نەرێنی بوو چونکە:
١-واڵاکردنی سنوورەکانی ئەمریکا لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بەخۆیەوە بینی کە پتر لە ١٢ ملیۆن کۆچبەر بوون.
بەڵێ، لە ناو ئەو کۆچبەرانەدا کەسانێک هەبوون لە ووڵاتەکانی خۆیان هەڵهاتن بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر، بەڵام ئەوەی کە ئێف بی ئای و هێزەکانی پاراستنی سنوورەکان پێیانزانیوە ئەوەیە کە سەدان سیخوڕی چینی، ڕوسی، کۆریای باکوور، ئێران و چەندین ووڵاتی تر هاتوونەتە ناو ئەمریکاوە. ئەوانەی کە بە دزیەوە داخڵ بوون و لەلایەن هێزی ئاسایشی ئەمریکا نەزانراوە زۆر لەوە زیاترە کە مایەی دوودڵی و ترسی خەڵکی ئەمریکایە چونکە هۆکاری تێکدانی ئاساییشی نیشتمانی و سەقامگیری ناو ئەمریکایە.
لەسەر ڕۆشنایی ئەم زانیاریانە، بە بۆچوونی من ئەگەر ئیدارەی ترەمپ چالاکانە بەدوای ئەو تێکدەر وسیخوڕانەدا نەگەڕێت و دەریان نەکات، بە دووری نازانم کە پشێوی و ئاشوب و تەنانەت تەقینەوە لە ناو ئەمریکادا ڕووبدات.
٢-هەر لە ناو ئەو کۆچبەرە نایاساییانەدا، هەزاران ئەندامی گانگستەر و مافیا ئاسا داخڵی ئەمریکا بوون کە بەهۆیانەوە ژمارەی تاوانەکان، لاقەکردنی سێکسی، دزی و تاوانەکانی تر بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە بە تایبەتی لە ویلایەتە شینەکاندا کە زۆرینەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە پێشوازیان لێکراوە.
٣-ئەو قاچاخچیانەی کە بە لێشاو ئەم کۆچبەرە نایاساییانەیان دەهێنایە ناو ئەمریکاوە، جگە لەوەی کە خۆیان لاقەی سێکسی مناڵ وهەرزەکارانیان دەکرد، ئیستیغلالی بەشێکی بەرچاوی ئەو کۆچبەرانەیان کردووە، بە تایبەتی کوڕ و کچە گەنجەکان، و بازرگانیان پێوەکردوون و بۆ لەشفرۆشی بەکاریانهێناون.
٤-هەر بەهۆی واڵاکردنی ئەو سنوورانەوە، هێنانی فێنتنێتەڵ و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێسنوور زیادیکرد بەو هۆیەوە ژمارەی ئالوودەبووان زۆر زیادیکرد کە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستیان بوو وە ژمارەی خۆکوشتن تیایاندا بەرزبۆوە کە ئەمەیش یەکێک بوو لەو قەیرانانەی کە ئەمریکیەکانی هەراسان و بێزار و تووڕەکردبوو .
ئاخر تاکو دوا ساتی حوکمڕانی ئیدارەکەی ترەمپ-پێنس، سنوورەکان تۆکمە و پارێزرابوون وە ژمارەی کۆچی کۆچبەران تەواو سنووردار کرابوو. بەڵام واڵاکردنی سنورەکان بە بڕیاری ئیدارەکەی بایدن -هاریس لە هەمان ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە کرا کە ئەمانە هەمووی بە بەرچاوی ئەمریکیەکانەوە ڕوویاندا چونکە بڕیاری واڵاکردنەکە بە بەرچاوی هەموو میدیاکانی ئەمریکاوە لەلایەن بایدن و بە ئامادەگی هاریسن ئیمزاکرا.
٥- سەرچاوەی یارمەتی مادی، تەندروستی و خۆراکی و تەنانەت شوێنی ژیانی کۆچبەرە نایاساییەکان کە لە حوکمەتی ئەمریکا وەریدەگرن، باجدەرە ئەمریکیەکانن، کە ئەو پارەیەی لەواندا سەرفکراوە وتا ئێستایش سەرفدەکرێت دەبوایە بۆ خزمەتگوزاریەکان بۆ ویلایەتەکان و باشترکردنی باری ژیانی خەڵک بەکاربهێنرایە.
٦-هەرچەندە هەموو یارمەتیەکانیان لە حوکمەت وەرئەگرت، کۆچبەرە نایاساییەکان ئیشی ڕەش دەکەن و باج نادەن کە ئەمە لەلایەکەوە زیان بە ئابووری ئەمریکا ئەگەیەنێت و لەلایەکی تریشەوە هەلی کار بۆ کۆچبەرە یاساییەکان و بۆ هاووڵاتیە ئەمریکیەکانیش سنووردار ئەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پتر لە ٦٠٠٠٠٠ شەش سەد هەزارهاووڵاتی ئەمریکی بێلانەن(Homeless)ن وە ژمارەی ئەو هاووڵاتە ئەمریکیانەی کە لە خوار هێڵی هەژاریەوەن پتر لە سی و هەشت ملیۆن و نیو هاووڵاتین، واتە ڕێژەی ١١.٥٪ ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکا لە خوار هێڵی هەژاریەوەن.
کامێڵا هاریس و ئیلیت و ئەستێرەکانی هۆلیوود
کامێڵا هاریس بە پشتی تەیڵەر سویفت، بیۆنسێ، ئۆپرا وینفری، ئێم ئەند ئێم، ڕۆبێرت دی نیرۆ، کوین لەتیفە و..هتد کامپەینی ئەکرد، کە هەموویان ئەستێرەکانی هۆلیوودن وە ئیلیتن و خاوەنی سەدەها ملیۆن دۆلارن وە لە جیهانی خۆیاندا ئەژین و بێئاگان لە موعاناتی ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکیەکان.
بە یارمەتی ئیلیت و کۆرپۆرەیشن و ئەستێرەکانی هۆلیوودەوە یەک ملیار دۆلار بۆ کامپەینەکەی کامێڵا هاریس کۆکرایەوە کە تا ئێستا لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هیچ کاندیدێک نەو بڕە پارە خەیاڵیەی بۆ کۆنەکراوەتەوە.
یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکادا، کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆرە بۆ کامپەینەکە کە بەو ملیار دۆلارەوە وە بەو پشتگیری تەواوەی میدیا سەرەکیەکانی ئەمریکا کە: سی ئێن ئێ، ئێن بی سی، ئەی بی سی، ئیم ئێس ئێن بی سی، سی بی ئێس، زە نیویۆرک تایمس، واشینگتن پۆست، یو ئێس ئەی تودەی...هتد، بوون، دەبوایە بیبردایەتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی کە خاوەنی کاریزما و بەرنامە نەبوو وە لەبەرئەوەی کە لیبراڵ و چەپێکی ڕادیکاڵ بوو، شکستیهێنا.
هیتلەر، نازیەکان و زبڵ و خاشاک
کامێڵا هاریس خاوەنی بەرنامەیەک نەبوو کە قەناعەت بەو ئەمریکیانە بکات کە شایستەی دەنگەکانی ئەوانە جگە لە خۆنمایشکردن لەگەڵ ئیلیتەکاندا و وێناکردنی ترەمپ بە هیتلەر و هەوادارەکانی بە نازیەکان، وە کە جۆو بایدن لایەنگرانی ترەمپی بە زبڵ وخاشاک وەسفکرد، کامێڵا هاریس بە ووشەیەکیش ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو سووکایەتیەی بایدن دەرنەبڕی کە ئەمریکیەکان بەوەیان لێکدایەوە کە ئەوە تەنها بۆچوونی بایدن نیە بەڵکو هی هاریس و دیموکراتەکانیشە.
کێ مەترسیە بۆ دیموکراسیەت؟
- ترەمپ بەهۆی ووتارە توندوتیژەکانی بایدن، کامێڵا هاریس و دیموکراتەکان دوو جار هەوڵی کوشتنی بۆ درا وە هەوڵێکی تریش بۆ کوشتنی لەلایەن ئێرانیەکانەوە پلان بۆ دانرا بووکە لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دا جێبەجێبکرێت، بەڵام ئێف بی ئای زووتر پێیانزانی و ئەو کەسانەیان دەستگیرکرد و پلانەکە پووچەڵکرایەوە.
- بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی دیموکراتەکان ئەبوایە بایدن خۆی هەڵبژاردایەتەوە بۆ خولی دووهەم.
لە حاڵەتی نەخۆشی سەرۆکدا، دیموکراتەکان جارێکیتر هەڵبژاردن لە نێوان خۆیاندا دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی ئەلتەرناتیڤ.
بەڵام دیموکراتەکان بە زۆر بایدنیان وەلا نا وە بێ هیچ هەڵبژاردنێک، کامێڵا هاریسیان کرد بە کاندیدی ئەڵتەرناتیڤ.
سەیر و سەمەرە لەوەدایە کە دیموکراتەکان ترەمپیان بە مەترسی بۆ دیموکراسیەت وەسفدەکرد.
لەگەڵم نەبیت، دوژمنی منیت
تەلسی گابارد جگە لەوەی کە لە ٢٠١٣ هەتا ٢٠٢١ خانمە کۆنگرێس بوو لەسەر لیستی دیموکراتەکان، بۆ ماوەی ١٧ ساڵیش ئەفسەر بووە لە پاسەوانی نیشتمانی ویلایەتی هاوای کە سوپای تایبەتە بە ویلایەتەکان.
دوای ئەوەی کە تەڵسی گابارد پشتیوانی بەرنامەکەی ترەمپی کرد، لەلایەن ئیدارەکەی بایدن و هاریسەوە خرایە ناو لیستی چاودێری تیرۆریستانەوە.
تەلسی گابارد یەکێکش بوو لە بەربژێری هەڵبژاردنە بەراییەکانی دیموکراتەکان بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠.
هەر ئەوەی کە دیموکراتەکان حوکمەتیان بەکارهێنا کە هاووڵاتیەکی ئەمریکی کە ئەو هەموو پلە و پۆستە هەستیارانەی هەبووە بخرێتە ناو لیستی چاودێری تیرۆریستانەوە، دەیسەلمێنێت کە دیموکراتەکان تەنها ئەو کەسانە قبوڵدەکەن و ڕێز لێدەگرن کە وەکو خۆیان بیربکاتەوە و لە کاتی دەستڕۆیشتنیشیاندا سزای ئەوانە ئەدەن کە وەکو خۆیان بیرناکەنەوە و هاوڕایان نین.
سەیر لەوەیشدایە کە هاریس و دیموکراتەکان بەردەوام دەنگدەرانیان بەوە دەترساند کە ئەگەر ترەمپ ببێت بە سەرۆک، حوکمەت بەکاردەهێنێت بۆ سزادانی نەیارەکانی.
نموونەیەکیتر، ئاڕ ئێف کەی جونیەر کە دیموکرات بوو، پێیوابوو کە بەهۆی بارودۆخی تەندروستیەوە، بایدن بەکەڵکی سەرۆکایەتی نایەت و داوای لە دیموکراتەکان کرد کە لە جیاتی بایدن دژ بە ترەمپ خۆی کاندید بکات. بەڵام دیموکراتەکان بەوە ڕازینەبوون و بەبێ هەڵبژاردنی نێو دیموکراتەکان خۆیان، کامێڵا هاریسیان کرد بە کاندید لەبەرئەوە ئاڕ ئێف کەی جونیەر وەکو بێلایەن خۆی کاندید کرد کە بەهۆیەوە دیموکراتەکان دژایەتیەکی زۆر و تەنانەت سوکایەتیشیان پێکرد.
کامێڵا هاریس و بەها کۆمەڵایەتیەکان
دیموکراتەکان بە گشتی و کامێڵا هاریس بەتایبەتی باسی مافی ئافرەتیان ئەکرد بەڵام هیچ ڕێزێکیان بۆ ئەو دایکانە نەبوو کە بە فەرمانی دیموکراتەکان لە هەندێک لە ویلایەتە شینەکان لە قوتابخانەوە مناڵەکانیان دەبران بۆ نەخۆشخانە بۆ گۆڕینی ڕەگەزەکەیان لە نێرەوە بۆ مێ یان بەپێچەوانەوە و دەرمانی گۆڕینی هۆرمۆناتیان پێدەدان بەبێ ئەوەی پرس بەو دایک و باوکانە بکەن.
کامێڵا هاریس، پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەی دەکرد و پشتگیریکردنی گۆڕینی ڕەگەزی ئەوانەیشی کردوە کە تاوانبار بوون و حوکمدراون و لە زینداندا بوون.
هەڵبەتە گۆڕینی ڕەگەز پڕۆسەیەکە کە لە ئەمریکادا پارەیەکی زۆری تێدەچێت کە لەو بودجەیەوە سەرفدەکرێت کە پارەکەی لە باجدەرە ئەمریکیەکان وەردەگیرێت کە بەردەوام نرخی بیمەی تەندروستی لە بەرزبوونەوەدایە بۆ ئەوان. بەڵام ئەو پڕۆسەیە بە خۆڕایی بۆ ئەو زیندانیانە دەکرا کە بەرژەوەندیان لەوەدابوو کە لە زیندانی ژناندا بن نەک هی پیاوان.
ئەم بابەتی جێندەرە لە تیمی وەرزشکارانیشدا مایەی بێزاری و تووڕەیی ئەمریکیەکان بوو چونکە لە هەندێک حاڵەتدا نێرێک لە هەر یاریەکی وەرزشیدا لە نێو نێرەکاندا توانای بردنەوەی کێبڕکێی نەبوایە، ڕەگەزەکەی خۆی دەگۆڕی و ئیدی ڕێگەی پێدەدرا لە کێبڕکێی مێیەکاندا بەشداربێت کە دیسانەوە ئەوە زوڵم و غەدرێکی گەورەیە لە ژنان کرا چونکە ئەوەی کە جێندەرەکەی لە نێرەوە بۆ مێ گۆڕیوە، هەیکەل و توانا و ماسولکە نێرینەکەی لە دەستنەداوە. ئەمە وەکو ئەوە وایە کە پیاوێک بەرامبەر بە ژنێک کێبڕکێ بکات.
لە کاتێکدا کە ئافرەت هیچی لە پیاو کەمتر نیە وەکو مرۆڤ، بەڵام لە بوارە وەرزشی و ئەو بوارانەی کە پێویستی بە ماسولکە و هێز هەیە، پیاو باڵادەستە. هەروەکو چۆن لە بواری تردا ژن باڵادەستترە لە پیاو بەهۆی پێکهاتەی بایۆلۆجی و فسیۆلۆجیانەوە.
لە ویلایەتە شینەکان بابەتی هاوڕەگەزخوازی کراوە بە مەنهەج بۆ مناڵانی قوتابخانە سەرەتاییەکان کە باوکان و دایکان دژی ئەو مەنهەجەن چونکە ئەوان پێیانوایە ئەو تەمەنە هی ئەوەنیە کە ئەو بابەتانەیان بۆ باسبکرێت.
"جیهانگیری" کامێڵا هاریس و "ئەمریکا یەکەم"ی دۆناڵد ترەمپ
ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بۆ بە جیهانگیریکردنی جیهان کە جیهانێک بەرهەمدەهێنێت لە هەستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دووربکەوێتەوە و دڵسۆزی(ولاء) تەنها بۆ بژێوی و بژێوی دروستکەر بێت کە لە ئەمریکادا ملیاردێرەکانی وەکو جۆرج سۆرۆس و بیڵ گەیت و مارک کوبا و ....هتد نوێنەری دەکەن کە دیموکراتەکان و کاندیدەکەیان، کامێڵا هاریس لەو بەرەیەدان و پشتگیریان ئەکەن و لە بازنەکەی ئەواندا دەخولێتەوە.
کاتێک ترەمپ ئەڵێت "یەکەم ئەمریکا" و "جارێکیتر ئەمریکا بەهێزدەکەینەوە"، هاوڕانەبوونیەتی بە جیهانگیری و سڕینەوەی ئەمریکا چونکە لە جیهانگیریدا ئەمریکا زیانی پێدەگات لەبەرئەوەی ئەگەر جیهانگیری بەو شێوەیەی ئەم ملیاردێر و کۆرپۆرەیشنانە دەخوازن جیهان بگرێتەوە، تەنها تا ئەو شوێنە بڕدەکات کە خزمەت بە ئەجێنداکانی چین و ڕووسیا ئەکات. بەڵام ئاڕاستەی جیهانگیری بوونی هەیە و واڵاکردنی سنووری ئەمریکا بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان، خزمەتێکی زۆر بە ئەجێندای ئەو ملیاردێرانە ئەگەیەنێت کە بە کۆیلەکردنی مۆدێرن یەکێکە لەو ئەجێندایانە.
ئەمریکیەکان دەنگدان بە کامێڵا هاریس یان دۆناڵد ترەمپ بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن بۆ گۆڕینی هەر سیستەمێک یان سیاسەتێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی کە لە خزمەتیاندا بێت وە ئەو خەڵکەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا کە وەکو ئەستێرەکانی هۆلیود و چەپە ئیلیتەکان بیردەکەنەوە دەنگدەری ئەمریکی بە گەمژە وەسفدەکەن ئازادن بەڵام وەکو پەندە کوردیەکە ئەڵێت: ئەوەی دەستی لە ئاگردایە وەکو ئەو کەسە نیە کە دەستی لە ئاودایە.
ئەگەر پتر لە ٧٥ ملیۆن کەس گەمژە و گێل بوونایە، ئەمریکا هەرگیز لە هەموو جیهان پێشکەوتووتر نەدەبوو.
سەرئەنجام
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا دەربارەی کەسایەتی و قسەزانی نەبوو بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرنامەی هەڵبژاردنەوە هەبوو.
دۆناڵد ترەمپ ئەیزانی خەڵك لە چی بێزار و تووڕەن وە بەرنامەکەی ترس و دڵەڕاوکێ و داواکاری وپێویستیەکانی ئەمریکیەکانی تێدا بەهەند وەرگیرا بوو کە تەواو پێچەوانەی کامێڵا هاریس بوو کە خاوەنی بەرنامەیەکی ڕوون نەبوو بەڵکو تەنها کاری لەسەر ترساندن و تۆقاندنی ئەمریکیەکان ئەکرد کە ئەگەر دەنگ بەو نەدەن ترەمپ، کە هاریس بەردەوام بە نازی و دژ بە دیموکراسیەت وەسفیدەکرد، بیباتەوە هەموو ئازادیەکانیان لێ زەوتدەکات کە ئەوە ئارگیومێنتێکی لاواز بوو چونکە لە ٤ ساڵی حوکمڕانی پێشوویدا، ترەمپ ئازادی ئەمریکیەکانی زەوتنەکرد.
لە ڕاستیدا ئەمریکا ووڵاتێک نیە کە نەک ترەمپ بەڵکو هیچ سەرکردەیەک بتوانێت لە دەستووری ئەمریکا لابدات کە ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە بەندەکانی دەستوورەکەی.
چینی مام ناوەندی بە دەست گرانبوونی سووتەمەنی و خواردەمەنی و تێکچوونی باری ئابووریەوە کە بەهۆی سیاسەتی دیموکراتەکانەوە و هەڵەکانیانەوە و بەخشینی ملیارەها دۆلاری باجدەرە ئەمریکیەکان بە کۆچبەرە نایاسییەکان تەواو لە دیموکراتەکان بێزار و تووڕە بوون.
هەر لەبەرئەوە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کە بردنەوەی ڕەهای دۆناڵد ترەمپی لێکەوتەوە، تەنها دۆڕانی هاریس نەبوو بەڵکو هی دیموکراتەکانیش بوو وە دەنگدەرانی ئەمریکا وەکو پەیامێک دایان بە گوێی دیموکراتەکاندا کە دابڕان لە کۆمەڵگا، پشتگوێخستنی خەڵک و داواکانیان ئەمە ئەنجامەکەی ئەبێت.
تێبینی: وێنەی ئەم بابەتە لە ئیکۆنۆمیک تایمس وەرگیراوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست