کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسەتباز یان ڕۆبۆرتی زیرەکی دەستکرد بۆ بەڕێوەبرنی ھەرێم؟

Wednesday, 13/11/2024, 19:27


- تۆ بڵێی ئەگەر سیاسەتبازەکانی کوردستان بگۆڕین بە ڕۆبۆرتی زیرەکی دەستکرد چی ڕوودەدات؟
- تۆبڵێی ئەوکاتە کوردستان وەک ووڵاتێکی ئەوروپای ڕۆژائاوای لێ بێت؟
- ئاخۆ سودەکانی ئەو گۆڕینە دەبێت چی بێت؟
- ئەی ئەو موچەی سیاسەتبازانەی دەستەڵات بۆ کێ و بۆ کوێ و بۆ چ بوارێک سەرف بکرێت باشە؟
- ئەی ئەگەر ھەموو ئەندامانی پەرلەمان بگۆڕین بە ڕۆبۆرتی زیرەکی دەستکرد، چەند بوجە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی؟
- ئاخۆ زیانەکانی ئەو گۆڕینە چی بێت؟
گۆڕینی سیاسەتبازان (سیاسەتمەداران) لە کوردستاندا (یان لەڕاستیدا لە هەر بوارێکی تردا) بەزیرەی دەستکرد ( AI )کۆمەڵێک سوودی گرنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام لەوانەیە ھەندێک مەترسیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت!
لێرەدا چەند سوودێکی پۆزەتیڤی دەخەمەڕوو :
١ - لێھاتوویی و بێلایەنی زیرەکی دەستکرد : ڕۆبۆرتی زیرەک دەتوانێت بڕیار بدات بەبێ بەرژەوەندی کەسی و حیزبی سیاسی!  ئەمەش لە ڕووی تیۆریەوە ڕێگە دەدات بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ڕونتر و بێلایەن تر پەیڕەو بکات و وە سەیری گرفتەکان بە بابەتیانە تر دەکات! ئەمەش لەجیاتی ململانێ و بەرژەوەندی حزبایەتی، کەواتە زیرەکی دەستکرد سیاسەت لەسەر بنەمای داتا و بەڵگەی ئەزموونی و تاقیکردنەوە دەکات نەک بە ھەڕەمەکی و لەسەر بەرژەوەندی!
- لێرەدا پرسیارەکە خۆی قوت دەکاتەوە( تۆبڵێی ھەتا ئێستا لەکوردستان کەسانی سیاسی بێ لایەن و بێ بەرژەوەندی ھەبێت یان ھەبوبێت؟ یان زۆربەی سیاسەتبازان ھەستی نەتەوەیەتی نیشتمانیان بووە بە ھەڵم؟)
٢ - خێرایی بڕیار دان : سیستەمی AI دەتوانێت زۆر خێراتر لە مرۆڤ بڕیار بدات، بەتایبەتی لە بارودۆخی نائاساییدا یان لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆسەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا.  ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری خێراتر و یەک دەنگی زیاتر لە سیاسەتدا  لە گەشەی ئابوری ئاوەدانی و بەختیاری کۆمەڵگەدا!
- لێرەدا پرسیارێکی تر خۆی قوت دەکاتەوە( تۆبڵێی ھەتا ئێستا لە کوردستان خێرایی بڕیاری بەڕێوەبردن یان کارکردنی گشتی بە شێوەیەکی ئاسایی و سروشتی بووبێت یان ھەبێت ؟ یان خێرایی بڕیاردان تەنھا بۆ پرۆژەکانی کەسی و حیزبی و خاڵەسنوریەکانی سیاسەتبازەکان بووە؟)
٣ - کەمکردنەوەی بوجە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتدا : کەمکردنەوەی ژمارەی سیاسەتبازان دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ڕۆتین و دەستی دەستی پێکردن لە بەڕێوەبردنی فەرمانگەکاندا، واتە کەمکردنەوەی بیرۆکراتی و خراپ بەکارھێنانی دەستەڵات! کەواتە ئەو کەمکردنەوەیە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی بوجەی حکومەت !  ئەم بودجەیەش دەتوانرێت سەرف بکرێت بۆ ئەو سەکتەرانەی کە کۆمەڵگە زیاتر و زووتر پێویستی پێیەتی وەک پەروەردە و چاودێری تەندروستی یان ژێرخانی ئابوری و ڕێگاوبان ژینگە و گەشتگوزار و کەلتور!
- لێرەشدا پرسیارێکی تر خۆی قوت دەکاتەوە( تۆبڵێی ھەتا ئێستا چەند سەروەت و سامانی گشتی لەگیرفانی سیاسەتبازەکاندا بێت و بۆ سیاسەتبازان سەرف کرابێت؟ وە ئایا مەسرەفی شەخسی و حیمایە و حیزبەکانیان چەند بوو بێت؟ ئاخۆ ئەو سەروەت و سامانەی ئەوان بردویانە و ھەیانە بە ڕێگایەکی نادەستوری،  ئەگەر بۆ کۆمەڵگە سەرف بکردایە،چەند دەیتوانرا کوردستانی پێ ئاوەدان بکرێتەوە و کۆمەڵگەش بەختیار بکات،  وەک یەکێک لە ووڵاتە ئەوروپیە پێشکەوتووەکان؟)
٤ - ئەی ئەگەر ھەموو ئەندامانی پەرلەمان بگۆڕین بە ڕۆبۆرتی زیرەکی دەستکرد، ئەوا ئەو بوجەیەی پەرلەمانیش دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
- پەرلەمانتاران بەگشتی مووچەیەکی زۆر وەردەگرن، کە دەرماڵەی هاتووچۆ و دەرماڵەی خەرجییەکانی ڕۆژانە و ئیمتیازاتی تریش.
- پەرلەمانتاران زۆرجار گەشتی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات دەکەن. ئەمەش خەرجییەکانی ئوتێل و گواستنەوە کەم دەکاتەوە! بەڵام  سیستەمی AI دەتوانێت ئۆنلاین کار بکات و پێویستی بە ھاتووچۆی فیزیکی نییە!
٥ - شەفافیەت و لێپرسینەوە : زیرەکی دەستکردی AI دەتوانرێت ھەموو کارەکانی بە شێوەی شفاف بکات، وە بە تەواوی بەڵگەنامە و ھۆکاریش (بنچینەش) بۆ سەرف کردن و بڕیارەکان بۆ ھەموان ڕوون دەکاتەوە! بۆ نمونە:  بۆچی ؟ وە بەچی؟ وە کەی؟ ئەو پارانەی سەرف کردووە؟  ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان بە تەواوی بزانن بۆچی  ڕۆبۆرتە زیرەکەکان هەندێک بڕیاریان داوە؟  وە بۆچی ئەو پارەیان بۆ ئەو بوارە یان پرۆژەیەک سەرف کردووە؟ بەمەش دەتوانرێت گەندەڵی و بێ متمانەیی کەم بکاتەوە لەناو کۆمەڵگەدا !
- لێرەشدا پرسیارێکی تر خۆی قوت دەکاتەوە ( تۆبڵێی ھەتا ئێستا چەند شەفافیەت لە سەرف کردنی بوجە و داھاتی گشتی کوردستاندا ھەبووە؟ وە چەند لەو بوجەیە لەلایەن حوکومەتی کوردستانەوە بۆ کۆمەڵگە سەرف کراوە ؟ وە چەندی بۆ بوژاندنەوە و گەشەی ئابوری و ئاوەدانی کوردستان بووە؟ وە ڕێژەی چەندی ئەو بوجەیەش دیارنەماوە و چۆتە گیرفانی سیاسەتبازەکان و حیزبەکانیانەوە؟)
٥ -  باشترکردنی دەست ڕاگەیشتن بە زانیاری : ڕۆبۆرتی زیرەک AI دەتوانێت گۆشە جیاوازەکانی تێڕوانینی کۆمەڵگە شی بکاتەوە! وەک بوارەکانی کولتووری و ئابووری و نێودەوڵەتی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەش بە ھەموو جیاوازیەکانەوە لەبەرچاو بگرێت! ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرەوپێش بردنی سیاسەتێکی گشتگرتر لەسەر بنچینەی داتا و کۆمەڵێک هۆکاری بەرفراوان!
- لێرەشدا پرسیارێکی تر خۆی قوت دەکاتەوە ( تۆبڵێی ھەتا ئێستا چەند حساب بۆ گروپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە کرابێت لەسەر بنچیھەی داتاکانی ناو کۆمەڵگە؟ بۆ نمونە چەند حساب بۆ گروپەکانی پێداویستی تایبەت و پیران و دایەنگەی منداڵان و باخچەی منداڵان و نەخۆش و پەککەوتەکان کراوە لەلایەن حوکومەت و ھەموو سیاسەتباز و حیزبەکانیشەوە؟)
- با بزانین لە ووڵاتە گەندەڵ و دکتاتۆرەکاندا، زیان و مەترسییە ئەگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد چییە؟ : ئەگەری دەستکاریکردنی و خراپ بەکارهێنان:
١ -  هەرچەندە AI لە ڕووی تیۆریەوە بابەتییە (مەوزوعیە) ھەڵە ناکات،  بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ڕۆبۆرتەکان لەلایەن مرۆڤەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.  ئەمەش بەو مانایە دێت کە لە ووڵاتە گەندەڵ و دکتاتۆرەکاندا و لایەنە سیاسییەکان یان گروپە بەرژەوەندیخوازەکان دەتوانن دەستکاری  و ساختە بکەن لەبەرنامەو لە مۆدێلەکانی AI دا! وەک ئەو ساختەکاریانەی کە لە کاتی ھەڵبژاردنشدا ڕووی داوە و ڕوو دەدات ! ئەمەش بۆ ئەوەیە کە گەندەڵکارانی دەستەڵات بەرژەوەندییەکانی خۆیان بتوانن بپارێزن!
٢ -  گونجاندن و نەرمی سنوورداری: زۆرجار سیاسەت پەیوەندی بە خۆگونجاندن و سازدانەوە هەیە! (ھەرچەندە ئەمە لە کوردستان زۆر کەمە چونکە عەقڵی سیاسی زۆر کەمە! ) ئەم سازدانەش شتێکە کە مرۆڤ سیاسەتمەدارانی بە گشتی باشترن لە زیرەکی دەستکرد!  لەوانەیە AI بەزەحمەت وەڵامی خێرا بداتەوە بۆ گۆڕانی بارودۆخی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لەناکاوی وەک ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی ھەمیشە کوڵاوی کوردستان !
- ئاخ و ھەزار ئاخ ،  کە عەقڵی سیاسی و لۆژیکی کوردستان بەکەڵکی بەڕێوەبردنی نەیەت! ئەوا ناتوانێ پلانیش دابنێت ، کە پلانیشی نەبوو ! ئەوا خەڵکی وەکو من،  خەیاڵ لە ڕۆبۆرتی دەستکرد دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی عەقڵێکی سیاسی بۆ کورد و بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان بەشێوەیەکی کارا و شەفاف!
- ھەندێک جاریش بیر لەوە دەکەمەوە،  ئەگەر بتوانرێت ھەرچی ڕق و کینەی کوردستان و لایەنە کوردیەکان ھەیە کۆی بکەیتەوە و بیکەیت بە ووزەی کارەبا! ئاخۆ ئەو کاتە ئەو ووزەی کارەبایە چەند کوردستانی ڕوناک دەکاتەوە و دەیکات بە چراخانێکی ھێمن و ئاسودە بۆ ھەموان!
- وێنەکە کاکە مەشھوور کێشاویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە