کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارێزەرانی شەرەف هەتا كەی دەست ئاوەڵا دەكرێن؟

Wednesday, 13/11/2024, 10:22


كۆمەڵگای باشوری كوردستان وەك هەركۆمەڵگایەكی تری جیهان هێواش هێواش لەگەشەكردندا بوو هەتا دەهات بەرەو كرانەوە و وەرگرتنی بیرباوەڕی پێشكەوتنخوازی دەڕۆیشت
  كۆمەڵگا تا ئاستێكی باش كراوەبوو بۆ ژنان و پیاوان و پەیوەندی نێوانیان ساڵ دوای ساڵ بەرەو تێكەڵ بوونی ئاسایی دەرۆیشت پەیوەندیەكۆمەڵایەتیەكان لە سەر بنەمای خێل و عەشیرەت و ناوچەگەرایەتی تەواو كاڵ ببوەوە و دەسەڵاتی سەرۆكی خێل و عەشیرەت و گەورەی بنەماڵە بە سەر خێزان و تاكدا تەواو لاوازببو و گۆرابوو بۆ شێوازێكی شارستانی و مەدەنیانە، بەڵام بەداخەوە لە گەڵ بە دەسەڵات گەشتنی حیزبە كوردیەكان و دەستپێكردنی ململانیەی حیزبی وایكرد هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا جارێكی تر دەستیانكرد بە زیندووكردنەوەی خێل و عەشیرەت.
 بەرپرسانی حیزب و دارو دەستەكانیان پشتگیری و هاندانیان كرد بۆ زیندووكردنەوەی هەرچی دیاردەی دواكەتووی ناو كۆمەڵگایە، یەكێك لەو دیاردە ناشرین و دواكەوتووانەی كە زیندوكرایەوە كوشتنی ژنان و پیاوان بوو بە مەبەستی شەرەف پارێزی .
 بەداخەوە  هەزاران خوێنڕژاوە و كۆچەو كۆڵان و ماڵەكان سووركراوە لە پێناو سپیكردنی شەرەفی خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتدا.
 بەرپرسانی حیزب و حكومەت و دارودەسەكانیان پشكی شێریان بەر دەكەوێت لە كوشتنی هەزاران كەس لە ژێر ناوی سپیكردنەوەی شەرەفدا، پیاوە چەك بەدەستەكانی حیزب و پاسەوان و دارودەستەكانیان هەر بەوە نەوەستاون كچان وكوڕان بكوژن لە پێناوی سپیكردنەوەی شەرەفی لكەداربوویان بەڵكو تەنانەت جاری وا هەیە ئەگەر دەستیان بەو كچ و كوڕەكانەش نەگات كە پەیوەندی خۆشەویستیان هەیە ئەوە پەنادەبەنە بەر كوشتنی برا یان باوكی ئەو كەسانە.
 بۆ نموونە (ئاكام حەكیم عومەر) كەگەنجێكی خەڵكی شاری سلێمانیە بە بیانووی ئەوەی كە پەیوەندی خۆشەویستی هەیە لە گەڵ هاوسەری (ئاوات ئەحمەد)ی پاسەوانی (عومەر فەتاح)ی بەرپرسی گەورەی یەكێتی، هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكرێت و تەنانەت  هەڵدەكوتنە سەرماڵەكەی بەڵام خۆشبەختانە لە ماڵ نابێت بۆیە بە ناچاری لە عێراق هەڵدێت و روودەكاتە هەندەران، بەڵام بە داخەوە دوای چەندین ساڵ لەم رووداوە  لەرێكەوتی(05/08/2024) تەرمی  (حەكیم عومەر)ی باوكی ئاكام دەدۆزرێتەوە بە كوژراوی لە دەرەوەی شاری سلێمانی كە شوێنەواری چەندین فیشەكی پێوە دەبێت.
 بەداخەوە دیاردەی كوشتن لە سەر شەرەف بووە بە دیاردەیەكی  رۆژانە لە باشووری كوردستان هەموومان  دەبیستین چۆن كچان و كوڕان دەبن بە قوربانی پاراستنی شەرەفی خێزان و بنەماڵە، بۆیە زۆر گرنگە فشارێكی كۆمەڵایەتی گەورە دروست بكرێت بۆ بەرگرتن لە سووركردنی لاشەی كچان و كوڕانی كوردستان بە بیانووی سپیكردنەوەی شەرەفی بنەماڵەو خێڵ و عەشیرەت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە