(ئاپۆ) هەڵە دەکات!
Saturday, 09/11/2024, 22:20
دەنگۆی ئەوە بڵاوە کە برازای ئاپۆ(عومەر ئۆچ ئالان)سەردانی ئیمرالی کردوە و چاوی بە مامی کەوتوە و لەوێوە و لەزاری برازاکەیەوە پەیامی ئاپۆ بڵاو ئەکاتەوە و ئەڵێ؛ ئەتوانم کۆتایی بە پێکدادان و توندوو تیژی بهێنیم.
گەر ئەو پەیامە بەو شێوەیە هاتبێ و لەزاری ئاپۆ خۆیەوە بوبێ،،ئەوا بەڵگە و سەلمێنەری دوو ئەگەرە:
ئەگەری یەکەم . گەر ئەو پەیامە دەقاو دەق وەربگرین ئەوا هەڵەیەکی گەلێ گەورەیە کە ئاپۆ ددانی پێدا ناوە،،واتە، ئەو پێك دادان و گرژیی و تووندوو تیژییەی نێوان کورد و سوپای تورکیا لەساڵی 1984 وە سەره هەڵداوە، سەرچاوەکەی کورد و پەکەکە و خودی ئاپۆ خۆی بوە، هەر بۆیە هەر ئەمیش ئەتوانێ کۆتاییان پێ بهێنێ. کەواتە لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێ تورکیا و حکومەتەکانی ئەردۆگان و پێش ئەویش،تەنها بەرگریان لەو پێك دادان و تووندوو تیژیە،کردوە. واتە ڕاست ئەکەن لەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بوەو دەوڵەت مافی هەبوە لە بەرپەرچدانەوەیان و جەنگ هەڵگیرساندن،دژیان.
من ئەم ئەگەرە بە کارەسات ئەزانم و پێوستە عومەر ئۆچ ئالان و ڕێکخراوی پەکەکە ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەن و بزانن بۆچی میدیاکان بەم شێوەیە ئەو پەیامەی ئاپۆیان ، بڵاو کردۆتەوە..دەنا گەر وانەکەن، ئاپۆ نەك هەر هەڵەی کردوە، بەڵکە گۆڕی بۆ خۆی و دۆزی کورد،هەڵکەندوە.
ئەگەری دووەم. من زیاتر لەگەڵ ئەمەیاندام لەبەرئەوەی گەر شتێك بەو جۆرە ووترابێ، ئەوا مەبەست لێی ئامادە بوونی ئاپۆ و کورد و ڕێکخراوی پەکەکەیە بۆ کردنەوەی دەرگای ووتوو وێژ و ئاشتی. ئەمەیان زیاتر ڕاسترە و لەوەو پێشیش چەندین جار ئەو جۆرە سیاسەتەمان لە پەکەکەو خودی ئاپۆ، بینیوە.
-------------------------------------------
عومەر ئۆجەلان لەگەڵ مامی کۆبووەوە. پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند، عەبدوڵلا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، دەتوانێت کۆتایی بە پێکدادان و تووندوتیژی بهێنێت.. ئەوەش بە گرنگترین پێشهاتی تورکیا و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دادەنرێت.
دوای نزیکەی 10 ساڵ لە کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، زەمینەیەک بۆ پڕۆسەکە لە تورکیا دروستبووەتەوە، ئەوەش دوای چەندین ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو کە دیارترینیان سڵاو و تەوقەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەژاد پەرستی تورکیا بوو لە سەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، بە دوای ئەوەشدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە دروستبوونی زەمینەی ئاشتییانەی بۆ پرسی کورد لە تورکیا کرد.
عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها رۆژی پێنجشەممە لە ئێکسی یەکەمیدا رایگەیاندبوو، رۆژی چوارشەممە چوونەتە ئیمڕاڵی و رووبەڕوو دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە.
عومەر ئۆجەلان وردەکاریی دیدارەکەی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا کردووە و نوسیویەتی: "لە دیدارەکەدا ئۆجەلان بە گشتی تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکانی کرد و داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە رای گشتی کە گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە رابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی".
عومەر ئۆجەلان هەروەها رایگەیاندووە، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەندروستە و سڵاوی بۆ هەمووان هەیە.
عەبدولقادر سەلڤی کە ڕۆژنامەوانێکی دیاری تورکیایە و نزیکە لە دەسەڵاتی ئاکپارتی، رۆژی پێنجشەممە لە وتارێکدا نووسیویەتی: "بەهۆی بارودۆخی دوورگەکەوە، رۆژی چوارشەممە داوا لە عومەر ئۆجەلان کرا لە دەرچەی سەربازی لە شارۆچکەی مودانایا سەر بە پارێزگای بورسا ئامادە بێت. عومەر ئۆجەلان بەرەبەیانیی دوێنێ بە کەشتییەک کە لە دەرچەی مودانیا وەستابوو گواسترایەوە بۆ ئیمراڵی. دیداری نێوان عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاتژمێر 11:00 دەستیپێکرد و تاوەکو پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو".
ئەو ڕۆژنامەوانە دەڵێت، "دەوترێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عومەر ئۆجەلان، ئەو پەیامەی داوە کە ئەگەر مەرجی گۆشەگیری نەهێڵرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە دانانی چەک."
بە وتەی سەلڤی، "ئۆجەلان وتوویەتی، من ئامادەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم، داوا لە رێکخراوەکە دەکەم چەکەکانی دابنێت".
ئێستا پرسی گەرمی تورکیا چەک دانانی پەکەکەیە، تورکیا دەیەوێت ئەو کارە لەسەر دەستی ئۆجەلان بکرێت، دەوڵەت باخچەلی یەکەم کەس بوو ڕێگەی چەک دانانی پەکەکەی ڕاگەیاند و وتی "با ئەو گۆشەگیریەی سەر ئۆجەلان هەڵگیری و بێتە ناو پەرلەمان و لەبەردەم هەموو نوێنەرانی پەرلەمان بڵی من کۆتایم بەو رێکخستنە هێناو چەکەکانتان دابنێن".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 15ی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت بەهاوکاریی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا.
دوای دادگاییکردنی، رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو.
رۆژی چوارشەممە 23-10-2024، لە ناوچەی کاهرامانکازان لە نزیک ئەنقەرە هێرشکرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. دوای ئەوەی تەقینەوەیەک روویدا، شەڕە تەقە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێرشکارەکاندا روویدا. دوای ڕووداوەکە وەزیری بەرگری تورکیا کارەکەی خستە ئەستۆی پەکەکە. شارەزایانیش دەڵێن ئەو ڕووداوە لەم کاتەدا گوماناوییە و ئامانج لێی تێکدانی زەمینەی پڕۆسەی ئاشتییە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە دەکات و دەڵێت، رێگە بەهیچ کەسێک نادەن بیەوێت دەنگی ئاشتیخوازان کپ بکات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی سێشەممە 22-10-2024 سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی لە گرتووخانە کرد.
ئۆزەل دوای سەردانەکەی وتی "لەکاتێکدا کەسانێک بانگەوازی لەم جۆرە دەکەن کە چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەوە شتێک نییە ئێمە رەتی بکەینەوە. ئەو پرسەی ئێمە بە بنەما دەیبینین ئەوەیە کە هەموومان بەیەکەوە هەنگاوی دروست لە بەرژەوەندیی تورکیا بنێین. پارتی گەلی کۆماری لەم بابەتەدا ئاستەنگ دروست ناکات. لە پێگەیەکدا نابین کە بە بە درێژایی مێژوو پێی نیگەران بین".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست