کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی

Saturday, 09/11/2024, 21:59


6.2 ئیبن ڕوشد (ئاڤێروێس)
گێرت هێندریش
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە


ئەو کاریگەرییە کە فەیلەسوفى عەرەبى ئیبن ڕوشدى کۆردۆبەیى لەسەر چەرخی نێڤینی ئەوروپی نواندی، زۆرتر بوو لەو بایەخە کە لە سەدەى هەڤدەیەم و هەژدەیەمى ئەوروپیدا بە ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیل درا. دانتە لە "کۆمیدیاى خودایى"دا بەم شێوەیە ناوی ئیبن ڕوشدى بردووە: "ئاڤێروێس کە شەرحى مەزنى نووسیوە" (Inf IV، 144). ئەوە دیاردەیەکى تایبەتیى مێژووى هزرە کە فەلسەفەى ئیبن ڕوشد گەورەترین کاریگەریى لە هزرى ئەوروپى-کریستیانیدا نواند نەک لە هزرى عەرەبى-ئیسلامیدا. لێرە وەرگرتن (ڕێسەپسیۆن) و دانوستاندنى فراوانى ئەو سەرەتا بەهۆى سەرئەنجامەکانى مۆدێرنەوە، وەلێ بەتایبەتى لە سیى ساڵى ڕابوردوودا، دەستیپێکرد، ئەمەش سووڕهێنەرە: ئاخر ئایا فەیلەسوفێکى چەرخى نێڤین چیى پێیە بە جیهانێکى مۆدێرنەى ڕابگەیەنێت کە پارادیگماى هۆشەکی و کێشەى جڤاکیانەی تەواو جیاوازى هەیە؟ ئەمڕۆ ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبیدا زۆر زیاتر لە هەر فەیلەسوفێکى دیکەى عەرەبى-ئیسلامى بە هزرڤانی ترادیسیۆنێکى ڕۆشنایی دادەنرێت کە تایبەتە بە خودى کولتوورى ئیسلامی و ئوتۆنۆم و سەربەخۆیە لە ئەوروپا. هەروا لە لایەک ئەو کاریگەرییە کەمە کە ئیبن ڕوشد لەنێو ئەم کولتوورەدا لە دەوروبەری ژیانی خۆیدا نواندی، لە لایەکى دی واتاى ئەو بۆ دیسکورزى سەردەم، ڕووندەکرێتەوە: کاتێک هزرى ئەو لە سەردەمى خۆیدا بەر نێوەندێکى کەمێک ئامادەى جڤاکی و هۆشەکى کەوت، ئەوا سەرنجڕاکێشیی فەلسەفەکەى لەم سەردەمەدا بۆ ئەو شرۆڤە ڕەخنەییە دەگەڕێنرێتەوە کە لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان ئەنجامى دا، کەواتە لەبارەی مژارێک کە واتایەکى سەنترالیى بۆ دیسکورزى ئەمڕۆى ئیسلام هەیە.
ئەبولوەلید موحەمەد ئیبن ئەحمەد ئیبن ڕوشد کە لە فەلسەفەى ئەوروپیدا بە ئاڤێروێس ناسراوە، ساڵى 1126 لە کۆردۆبا هاتە جیهانەوە، وەک کوڕى خانەوادەیەک کە تێیدا پشتاوپشت دادوەرانی خاوەن کاریگەریى سیاسی هەڵکەوتبوون. ئیبن ڕوشد ڕێگەى خوێندنێکى گشتگیرى گرتە بەر کە تەنیا فەلسەفە و ماتماتیک و زانستى سروشتیى لە خۆ نەگرتبوو، بەڵکو هەروەها پزیشکى و دادوەری، لەم پەیوەندییەشدا هاوکات لە تیۆلۆگیى ئیسلامیدا پێگەیەنرا. ساڵى 1169 ئەبو یەئقوب یوسف کە حوکمدارى ئەلمووەحیدون بوو لە مەڕاکیش (ماڕۆکۆ)، بۆ شارحێک دەگەڕا کە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیسى بۆ ڕوونبکاتەوە، ئیبن توفەیلیش کە ئەو دەمە پزیشکى کۆشک بوو، پێشنیارى ئیبن ڕوشدى لاوى کرد ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت. ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئیبن توفەیل لەو کاتە بەدوواوە مامۆستا و پشتیوانى ئیبن ڕوشد بووە. ئەو لە ساڵى 1171 بەدواوە دادوەرى باڵاى کۆردۆبا بوو و پاشان ساڵى 1182 وەک پزیشکى کۆشک جێى ئیبن توفەیلى گرتەوە. ئەو چەند ساڵێکى درێژخایەن، تا ئەو کاتە کە حوکمدار پشتی تێکرد، لە فەرمانگەى جیاوازدا کارى بۆ ئەلمووەحیدون کرد. کتێبەکانى لە نێوەندی گشتیدا سووتێنران، خۆیشى ناچار بوو کۆچ بکات بۆ تاراوگە. پێدەچێت فشاری زانایانى کۆنزەرڤاتیڤى ئایین لەسەر میر بەرپرسیار بووبێت لەو ڕووداوە. وەلێ ئیبن ڕوشد لە کۆتاییدا بە چەند تێزێکى سەرنجڕاکێش لەسەر پەیوەندیى نێوان ئیمان و ئاوەز دەرکەوتەوە. دەبێت کاریگەریى بەهێزى ئەو لەسەر میرى ئەلمووەحیدون و هەروەها ناوبانگی لە نێوەندی گشتیدا هۆی ئەوە بووبن کە ئاوارەکردنەکەی تەنیا ماوەیەکى کورتى خایاند. ئیبن ڕوشد دواى گەڕانەوەى سەرلەنوێ تا مردنى کاری فەرمیى لە کۆشکى حوکمداردا ئەنجامدایەوە.

مێتافیزیک

ئەوە ئاشکرایە کە "تەرقیە"ى ئیبن ڕوشد وەک فەیلەسوف بە شەرحێک (کۆمێنتارێک) ی ئەڕیستۆتێلیس دەستی پێکرد. ئاخر ئەو تەواو ئەڕیستۆتێلى بوو، چەرخى نێڤینى ئەوروپیش ئەوى سووک و ئاسان ناو نا "ئەلشارح"ى ئەڕیستۆتێلیس. هەندێک جار ئەم پابەندبوونەى هێندە زۆرە کە ئیدی لەدژى مەئریفە نوێکانى توێژەرانى ئەرەبى-ئیسلامى بەرگرى دەکات لە بیرۆکەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەمەڕ فەلسەفەى سروشت و فزیک، جا گەرچى ئەو توێژەرانە بەئاشکرا باشتر لە مامۆستاکەى ئەنتیکە وەڵامى پرسیارەکانیان دابۆوە. ئیبن ڕوشد بەهۆى ئەم خۆبەڕاستزانییەوە تانوتى ئەوەى لێدرا کە تەنیا لاساییکەرەوەیەکى گریکەکەیە. وەلێ ڕاستییەکەی فەلسەفەى ئەو زۆر لە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس تێدەپەڕێت: ئەو، لەپاڵ شەرحەکانی ئەڕیستۆتێلیسدا، هەروەها هزرى فەیلەسوفانى دیکەى ئەنتیکەى ڕاڤە کرد، وەک بۆ نموونە "کۆمار" (Politeia)ى پلاتۆن (ئەم کارەی تەنیا بە وەرگێڕانێکى حیبرى بەدەستگەیشتووە)، ئەوجا "ئیساگۆگە" (Isagoge)ى پۆرفیریۆس یان "ئالماگێست" (Almagest)ى پتۆلێمیۆس. ئیبن ڕوشد هاوکات هەڵوێستێکى دووفاقی بەرانبەر ئیبن سینا وەردەگرێت: لە کارە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانى "تەهافوت ئەلتەهافوت" بەرگرى لە ئیبن سینا دەکات لەدژى هێرشەکانى غەزالى، وەلێ هاوکات زۆر ڕەخنەییانە خۆى بە هزرى ئەوەوە خەریک دەکات و بەرپەرچی هەندێک لە تێزە کرۆکییەکانى دەداتەوە. ئەمە بەتایبەتى زانینومای ئیدێکانى پلاتۆن دەگرێتەوە کە لە چەرخى نێڤیندا ناو دەنرا ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکان. شتەکان کە بەرجەستانە شیاوى دەرککردنن و بۆ ئەزموون کراوەن، لە ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکاندا بە ڕیالێتى دانانرێن، بەڵکو لە پشتیانەوە گەوهەرى سەربەخۆ لە شێوەى "ئیدێ" یان "یونیڤێرساڵ"دا (گشتێتیدا – و) خۆیان دەبیننەوە. ئیبن ڕوشد بە پێچەوانەوە وای دەبینێت کە یونیڤێرساڵەکان کاریگەریى زەینى چالاکن لەسەر دەروونەکانى مرۆڤ و هەبوونى خۆییان لە دەرەوەى دەروون پێنادات. زەین خۆى تێگە یونیڤێرساڵەکان (گشتییەکان) چێدەکات، ئەویش کاتێک فۆرمەکان لە تاکە شتەکانى ئەزموون دادەبڕێت. فۆرمەکان کە توخمى جیهانى هۆشەکین، لەنێو شتە کەرەسەییەکاندان. بەم پێیە ئیبن ڕوشد هەڵوێستێکى ناوگەرایى (nominalistisch) ی میانەیی وەردەگرێت، واتا: یونیڤێرساڵەکان لە ڕاستیدا تێگەى دروستکراوى زەینن، وەلێ لەبەر ئەوەى فۆرمەکان گشتێتین یان "دیارداوی ئیدێیی"ن لەنێو تاکە شتەکاندا، ئەوا زەین نەک تەنیا پێویستی بە نەزەری تاکە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەى بە "ئیدێ"ى فۆرمەکان بگات، بەڵکو هەروەها خودى جیهانى هۆشەکییانەى فۆرمە پەتییەکان پێویستیى بە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەی خودى خۆى بهێنێتەدی. مرۆڤ دەتوانێت لەمە هزرێکى ماتەریالیستى تێبگات، وەک چۆن ئێرنست بلۆخ لێی تێدەگەیشت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەمەیە مژاری ئیبن ڕوشد: مەئریفەى هۆشەکى هەمیشە تێگەیشتنە لە گشتێتیى ڕیال، کەواتە دەشێت بوونى شتەکان لەنێو خودى شتەکانى ئەزموونکردنی بەرجەستەدا ئاشکرا بکرێت بەبێ ئەوەى پێویست بێت لەتەک پلاتۆندا گریمانەی دووبەشاندنی شتەکان بەسەر دیاردە و کرۆکدا بکرێت. ئەم بیرۆکانە سەرلەنوێ لە فەلسەفەى ئەوروپیى چەرخى نێڤیندا لە ناوگەرایى میانەییدا سەرهەڵدەدەنەوە و لێرەشدا هەڵوێستى ئەڕیستۆتێلیزم بەهێز دەکەن.
ئەو کارانە کە تێیاندا هزرى خۆیى ئیبن ڕوشد بە ڕوونترین شێوە خویا دەبێت و ئەمڕۆ زۆرترین گرنگیان پێدەدرێت، بەزۆریى خەریکبوونە ڕەخنەییەکانى بوون بە هێرشى تیۆلۆگەکانەوە بۆ سەر فەلسەفە، بۆ نموونە بە "تەهافوت ئەلفەلاسیفە"کەى غەزالییەوە. ئیبن ڕوشد لەبارەی ئەم نووسینە شەرحێکى مەزن دەنووسێت و تێیدا ئەرگومێنتەکانى غەزالى وەک خۆیان دەخاتە ڕوو، پاشان بە شێوەیەکى سیستەماتیکى بەرپەرچیان دەداتەوە. "تەهافوت ئەلتەهافوت (Destructio destructionis / Die Inkohärenz der Inkohärenz) بە کارە سەرەکییەکەى ئیبن ڕوشد دادەنرێت. ئەو لەم نووسینەدا هەروەها ڕەخنەییانە بە تێگەى هۆئەنجامیى (کاوساڵێتیى) غەزالییەوە خەریک دەبێت، لێرەشدا ڕوودەکاتە نموونەکەى غەزالى لەمەڕ پارچەیەک لۆکە کە دەکەوێتە نێو ئاگرەوە. غەزالى سەبارەت بەم نموونەیەى خۆی دەبێژێت: مرۆڤ دەتوانێت تەنیا گریمانەى پەیوەندییەکى دوای-یەکییانە (post hoc)ی نێوان ئاگر و سووتان بکات، وەلێ هەرگیز ناتوانێت گریمانەى پەیوەندییەکی بەهۆوەیی (propter hoc)ی نێوانیان بکات. ئاگر بۆ غەزالى تەنیا هۆیەکى "خوازەیی"ى سووتانە. ئێستاش ئیبن ڕوشد بەپوختى پرسیار دەکاتەوە: ئایا مرۆڤێک کە بەڕێکەوت دەکەوێتە نێو ئاگرێکەوە، تەنیا بە شێوەیەکى خوازەیی دەسووتێت؟ بۆ ئەو ڕوون و ئاشکرایە کە سەرجەم شتەکان هەروەها خاوەنى ئەدگارانن. هۆی ئەوە کە شتەکان چی بن، هەر ئەوەش بن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەدگارەکان. ئەمە لە ڕەوشی ئاگردا بۆ نموونە سووتانى ئەو شتەیە کە بەر ئاگرەکە دەکەوێت، بەگوێرەی ئەمەش دەبێت ئاگرەکە بە هۆ دابنرێت، چونکە گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا ناتوانین هیچ گۆتەیەک نە لەبارەى شتەکان و نە لەبارەى دەستووری جیهان دەرببڕین، کە ئیدی هەروەها ئەو شیمانەیە نامێنێت بۆ ئەوەى لە خودا یەکەم هۆ تێبگەین و بەمەش هەبوونى بسەلمێنین.
ئیبن ڕوشد لەپاڵ "تەهافوت ئەلتەهافوت"دا چەند توێژینەوەیەکى بچووکى لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان نووسى کە بریتین لە: "فەسڵ ئەلمەقال" (لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە) و "ئەلکەشف عەن مەناهیچ ئەلئەدیللە" (لێتوێژینەوەی بەڵگەکان لە ڕووی پێشبینییەکانی ئیمانەوە). ئەم نووسینانە ساڵى 1875 وەرگێڕران بۆ ئەڵمانى و لەژێر ناونیشانى "فەلسەفە و تیۆلۆگیى ئاڤێروێس"دا دانران.

ئیمان و ئاوەز

چۆن لە "تەهافوت ئەلتەهافوت"دا، هەر ئەوها تەواو لە "فەسڵ ئەلمەقال"دا، ئیبن ڕوشد هەوڵ دەدات ئەو تۆمەتى دەرچوونە لە ئیمان لەکاربخات کە غەزالى دابوویە پاڵ فەیلەسوفەکان بەگشتى و فارابى و ئیبن سینا بەتایبەتى، لێرەشدا لەسەر ئەو پرنسیپە دەڕوات کە هەروەها فەیلەسوفانى پێش خۆى پەیڕەوییان کردبوو، واتا: ڕاستییەکانى ئایین و فەلسەفە دژبێژیى یەکدى ناکەن. ئیبن ڕوشد دەبێژێت:
"لەبەر ئەوەى ئەم یاسا ئایینییانە (ئەم شەریعەتە) ڕاستین و داواى نەزەری گەیەنەر بە ڕاستى دەکەن، ئەوا ئێمەى موسڵمان بەتەواوى دەزانین، نەزەری بورهانى (دێمۆنستراتیڤ) گەیەنەر نییە بە شتێک کە پێچەوانەى یاساى سروشییە (شەرعە). ئاخر ڕاستى دژبێژیى ڕاستى ناکات، بەڵکو پێی دەگونجێت و گەواهیی بۆ دەدات.(...)
وەلێ گەر سەرچاوەى ئایین خۆى لێى بدوێت، ئەوا گوزارشتی دەرەکی دەگونجێت یان ناگونجێت بەو شتە کە بورهان گەیەنەرە پێی. گەر پێی بگونجێت، ئەوسا پێویست ناکات زیاتر بگۆترێت، وەلێ گەر پێی نەگونجێت، ئەوسا تەئویلکردنى پێویست دەبێت. (...)
واتاى تەئویل ئەوەیە کە لە مەغزای ڕاستینە مەغزاى پەیڤ دەربهێنرێت و بکرێت بە مەغزایەکى خوازەیی، بەبێ ئەوەى بەو ڕێیەوە زیان بە زمانی باوی عەرەبەکان بگەیەنرێت" (1).
کەواتە تەنیا بەرواڵەت دژبێژییەک هەیە لە نێوان ڕاستییەکى فەلسەفەیى سەلمێنراو و مەغزاى وشەیى تێکستێکى ئایینیدا، ئەم دژبێژییەش هەڵدەوەشێتەوە گەر مرۆڤ خوازەییانە (مێتافۆریانە) لە تێکستى ئایینی تێبگات. وەلێ ئەمە هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەیلەسوفەکان خۆیان لەسەر هەمان ئاستى هزرمەندانەى (ئینتەلێکتوێلیى) "یاسادانەرانى ئایینى" و فەلسەفەش خۆى لەسەر هەمان ئاستى ئایینى سروشی دەبینێتەوە، هەر وەک چۆن ئیبن ڕوشد لە شەرحى "کۆمار"ى پلاتۆندا پێشانى دەدات: مەبەستى پەیامی بۆ هاتوو (پرۆفێتیی) "لەخۆدا هەمان جۆر و مەبەستى فەلسەفەیە" (ئیبن ڕوشد، 1996 و 93). بێگومان چەند ئاشکرایە کە "ناشێت ڕاستى دژبێژیى ڕاستى بکات"، ئەوەندەش توانستى مرۆڤان بۆ ناسینى ڕاستى بەگشتی نائاشکرایە، ئەویش چونکە "هەموو مرۆڤان بەهۆى سروشتیانەوە توانایان بۆ بورهان (دێمۆنستراسیۆن) نییە، تەنانەت بۆ گۆتە (الأقاويل) دیالێکتیکییەکانیش، جا نەخوازە بۆ گۆتە بورهانییەکان"، ئەوجا لەبەر ئەوەى بە پێچەوانەوە "مەبەستى شەرع تەنیا فێرکردنى هەمووانە، ئەوا پێویستە شەرع هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی ڕاستاندن و هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی تێڕوانین (التَصَوُّر) لە خۆ بگرێت" (2)، لێرەشدا زۆرترین بەشیان لە فۆرمى سیمبۆلى و ڕەوانبێژیدا (الخطابية) ئاڕاستەى جەماوەرى ئیمانداران دەکرێت و تەنیا بەشێکى کەمیان لەسەر سوورەتى 59، ئایەتى 2ى قورئان دەڕوات: "ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن!" (3). کەواتە ڕاستییەکانى فەلسەفەى تیۆریانە (سپێکولاتیڤ) تەنیا تایبەتن بە هەندێک زانا. ئەم جەختکردنە لە بەربژێریی فەلسەفە ڕاڤەکارانى ئەوروپیی سەردەمی بەو تێڕوانینە گەیاند کە گۆیا داواکارییەکەى ئیبن ڕوشد بۆ ئازادیى هۆش تەنیا هەڵوێستێکى دەستەبژێرانەیە و لێرەشدا زانین و تێڕوانینى فەلسەفەیى دەستوێژ نین بۆ ڕزگارکردنى مرۆڤ. ئەم نرخاندنە پێشانی دەدات، لێرەدا چەند کەم توانستی هەستکردن بە دۆخى هزرمەندێکی نێو کولتوورێکى چەرخى نێڤین هەیە کە تێیدا ئایینداریى ئەقیدەگەرا و دەسەڵاتداریى دێسپۆتی سەروەر بوون.
خودى ئیبن ڕوشد بە پەیڤی تەواو ڕۆشن ڕەوشە سیاسییەکانى سەردەمەکەى دەردەبڕێت. ئەو لە شەرحی "پۆلیتێیا" (کۆمار – و) ى پلاتۆندا پەیوەندییەک لە نێوان دەسەڵاتى سیاسى و پاساوبۆهێنەرەوانی ئایینیدا چێدەکات: لە دەوڵەتى "تیرانى"دا "دەسەڵاتداران پەیوەست بە جەماوەرەوە تەنیا مەبەستی خۆییان هەیە، بۆیە هاوشێوەیی نێوان دەوڵەتى پیاوانی ئایین (priesterlich) و تیرانی زۆر جار ئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە بەشەکانی پیاوانى ئایین لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دەبن بە بەشە تیرانییەکان و ئابڕووی ئەو کەسە دەبەن کە مەبەستى ئایینیی هەیە، وەک چۆن ئەمە لای ئەو پیاوانەى ئایین دەبینرێت کە خۆیان لەنێو دەوڵەتەکانى ئەم سەردەمەماندا دەبیننەوە". پاشان ئیبن ڕوشد ئەم ڕەخنەیە کە بەئاشکرا لە عولەماى ئایینى ئیسلامی دەگرێت، بەبەرجەستەیى دیاری دەکات: "نموونەیەک بۆ ئەمە بریتییە لەو دەسەڵاتدارییە کە لە کۆردۆباى وڵاتماندا هەیە" (ئیبن ڕوشد، 1996، 119 بەدوواوە). ئیبن ڕوشد لە شەرحەکەى پلاتۆندا ئەم تێزە بەرەنگارى پەیوەندییە هەبووەکان دەکاتەوە: دەبێت یاسا ئایینییەکان هەمیشە بەگوێرەى گونجانیان بەو یاسایانە بنرخێنرێن کە مرۆڤان دایانناون. مۆرکەکانی ئەو پێگونجانەک بریتین لەو ڕێسایانە کە پێناسەى ئەوە دەکەن، داخۆ چە ڕێکخراوێک (ى سیاسى) بە کرۆکى مرۆڤ بگونجێت، ئەمە بێگومان لەو شێوەیەدا کە چۆن فەلسەفە وەک زانستى ئاوەز ڕێساکان دادەنێت. کەواتە سەروەریی فەلسەفە هەڵوێستێکى دەستەبژێرانە نییە، بەڵکو سوورە لەسەر پێشتریدان بە بناغەڕشتنى ئاوەزیانەى یاساکان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تەواو بە پێچەوانەى ئەو داواکارییەوە کە دەبێژێت پێویستە یاساکانى مرۆڤ هەمیشە پابەند بن بە یاسا ئایینییەکانەوە.

ئەوە سەروەریی هزرە بەسەر ئیماندا کە ئیبن ڕوشد پشتگیریی لێدەکات، ئەو هەروەها بە "ئەرکی فەلسەفە"ی دادەنێت "کە ئایین لە بەردەم زەینی کەسانی پێشکەوتوودا بپشکنێت و بەمەش دەرفەت بدرێت بۆ ئەوەی بەڵگە لەبریی ئیلهام بدوێت"، هەروەک چۆن ئێرنست بلۆخ دروست ڕاڤەی کردووە (Bloch 1972, 484). کەواتە "لە ئاییندا هیچ پاشماوەیەکی سروشییانەی سەر-ئاوەزی" نامێنێتەوە "کە زەین لە بەردەمیدا ئاگنۆستییانە شکست بهێنێت" (هەمان سەرچاوە). هەر بەتەواوەتی ئیبن ڕوشد ئەم کاریگەرییەی لەسەر فەلسەفەی چەرخی نێڤینی دەمەو کۆتایی ئەوروپا نواند و ئەمڕۆش سەرلەنوێ لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامیی سەردەمدا ڕەچاو دەکرێت. جگە لەوە ئیبن ڕوشد لەبریی ئەو ڕەشبینییە کە غەزالی بەرانبەر ئاوەز هەیبوو، گەشبینییەکی تەواو ئاشکرای مەئریفە دادەنێت.

زەینى نەمر
ئەم گەشبینییەى مەئریفە هەروەها لە تیۆریی زەینى ئیبن ڕوشددا کارا دەبێت. تیۆریى زەین هۆیەکى سەرەکى بوو بۆ ئەو پۆلێمیکە کە لە فەلسەفەى ئیسلامى و کریستیانیدا ئاڕاستەى ئەو کرا. ئەڕیستۆتێلیس مرۆڤى وەک زیندەوەرێک پێناسە کردبوو کە بەهۆی زەینی خۆیەوە لە سەرجەم زیندەوەرانى دیکە جیادەبێتەوە و هەروەها بەتوانایە بۆ ئەوەی لە فۆرمە گشتى و نافانییەکان تێبگات. وەلێ لەم تێڕوانینەوە کێشەیەک دەکەوێتەوە: پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن زەینى مرۆڤێک لە لایەک لە فۆرمە گشتى و نافانی و سەرکەسییەکان تێدەگات، وەلێ لە لایەکى دى تەنیا زەینی کۆنکرێتی تاکە مرۆڤێکە. ئەڕیستۆتێلیس لەم کێشەیەدا جیاوازیى لە نێوان دوو زەیندا کرد: زەینى ناچالاک (پاسیڤ) کە فانی و بمرە، بەمەش بریتییە لە هێزى پێشبینیى هەر تاکەکەسێک، هەروەها زەینى چالاک (ئەکتیڤ) کە لە وێنەکانى هێزى پێشبینییەوە فۆرمە هۆشەکییە ئەزەلییەکان دەرئەنجامێنێت (abstrahiert). زەینى چالاک دابڕاوە لە لەشى بەرجەستە و نافانییە، وەلێ بۆ ئەوەى بتوانێت پێشبینییەکانى زەینى ناچالاک بکات بە کردەکى (ئەکتوالیزە بکات)، پێویستیى بە نێوەندیاریى زەینێکى شیمانەییە (intellectus possibilis). ئەم زەینە شیمانەییە تەنیا توانستى مەئریفەى مرۆڤە و لە ڕووى نێوەرۆکەوە هیچ دەبێت گەر هاتوو زەینى چالاک کاریگەری نەنوێنێت. وەلێ بەمە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرا کە داخۆ چۆن جیهانى پێشبینیى بمر و سنووردارى تاکە مرۆڤان پەیوەندی بە جیهانى هۆشەکییانەى زەینى چالاکەوە بکات، بەڵکو کێشەکە تەنیا گوێزرایەوە بۆ جێیەکی دی. وەلێ بە تێگەیشتنی ئیبن ڕوشد زەینى شیمانەیش نافانییە. ئەو ناوی دەنێت "زەینى ماتەریەل"، ئەوجا ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: ئەم زەینە ماتەریەلە بەشدارە لە چێکردنی فۆرمە هۆشەکییەکاندا، ئەویش کاتێک فۆرمە هۆشەکییەکان بە زەینى ناچالاک دەگەیەنێت، وەلێ ئەو خۆى هاوکات زەینى کۆنکرێتى مرۆڤێکى پێویستە، کەواتە پێویستی بە زەینى ناچالاکە پێکەوە لەتەک پێشبینیى و وێنە خۆییەکانیدا لەبارەی جیهان. لەمەوە ستاتۆ تایبەتییەکەى زەینى ماتەریەل ڕوون دەبێتەوە. زەینى چالاک لە دەرەوەى مرۆڤە و فۆرمە هۆشەکییەکان لە خۆ دەگرێت. زەینى ناچالاک بەشێکە لە گرێدراویی لەش و دەروون و هاوشێوەى هەردووکیان فانییە. وەلێ گەر مرۆڤێک بمرێت، ئەوسا هیچ گومانى تێدا نییە کە یەکێتیى لەش و دەروون و لەتەک ئەویشدا زەینى ناچالاک لەناودەچێت، وەلێ زەینى ماتەریەل لەناوناچێت. ئەم زۆرێتی نییە و سەر بە تاکە مرۆڤان بێت، بەڵکو وەک یەکانە سەر بە ڕەگەزى مرۆڤە. کەواتە گەر زەینى مرۆڤ بەڕێى زەینى ماتەریەلەوە بە مەئریفەى فۆرمە هۆشەکییەکان بگات، واتا بە مەئریفەى ڕاستییە ئەزەلییەکان بگات، ئیدی بەم ڕێیەوە کارەکتەرێکى گەردوونى وەردەگرێت.
وەلێ بڕوابوون بە نەمریى تاکە دەروون سەر بە دۆگمە بنەڕەتییەکانى ئیسلام و کریستیانەتییە. کاتێک ئیبن ڕوشد تاکە دەروونە کەسییەکان بە بمر و تەنیا زەینى ماتەریەل کە شێوەیەکى "دەروونى ڕەگەزى"یە، بە نەمر دادەنێت، ئیدی فەلسەفەکەى دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەتەک دۆگمە ئایینییەکاندا، هەر بەگوێرەی ئەمەش پەرچەکرداری ئەقیدەگەریی ئایینى لە هەردوو ئایینەکەدا دوژمنانە بوو. بۆ نموونە مەترانی پاریس ساڵى 1270 نەفرەتی لە سیازدە تێزى فەلسەفەیى کرد، لێرەشدا زانینومای ئیبن-ڕوشدییانەى دەروون یەکێک بوو لەو تێزانە. تۆماسى ئەکوینى کێشەنامەیەکی بە ناونیشانى "لەبارەى یەکانەى زەین لەدژى ئاڤێرۆیستەکان" (De unitate intellectus contra Averroistas) نووسی، کە ڕاستییەکەی کەمتر ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئیبن ڕوشدەوە هەیە، بەڵکو ڕوودەکاتە فەیلەسوف سیگەر فۆن برابانت کە بەئاشکرا لایەنگریی خۆی بۆ زانینوماى زەینى ئیبن ڕوشد ڕاگەیاندبوو. دەنگدانەوەى زانینومای ئاڤێرۆیستى هەروەها لە "دى مۆناڕشییا" (De Monarchia، 1313)ى دانتەدا دەبینرێت: تێڕوانینى ئیبن ڕوشد بۆ زەینى ڕەگەزییانەی نەمر ئەوەیە کە ئەم زەینە بەردەوام بە گەشەسەندنی زانین و توانستى پەرچاندن پێشڤەدەچێت؛ دانتە ئالیگیرى لەم تێڕوانینەی ئەوەوە زەروورەى ڕێکخراوێکى سیاسیى دەرئەنجاماند کە دەرفەت بۆ پرۆسەیەکى هاوشێوەى گەشەسەندن دەڕەخسێنێت و خۆیشى تەنانەت سوود لە پرۆسەکە دەبینێت. وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە ڕێکخراوى ئاکاریانەی جڤاکی مرۆڤ چیدی ئەنجامی دەستورێکى ڕاگەیەنراوى خودا نییە، بەڵکو بەرهەمى ئاوەزى مرۆڤە و تەنیا بەڕێى ئەم ئاوەزەوە ڕەوایەتیى پێدەدرێت. تێزەکەى ئیبن ڕوشد لە هەڤرایەڵێکی هاوشێوەدا هەروەها لە ڕەوتی ڕۆشناییەکانی ئەوروپاشدا دێتەوە نێوان. هێردەر لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى "چەند ئیدێیەک لەبارەی فەلسەفەى مێژووى مرۆڤایەتى" (91/1784) هێرش دەکاتە سەر ئەو تێزە: "فەلسەفەى مێژووى ئێمە ناچێتە سەر ئەم ڕێگەیەى فەلسەفەى ئاڤێرۆیستى کە وایدادەنێت سەرجەم ڕەگەزى مرۆڤ تەنیا یەک، بەڵێ یەک دەروونى زۆر نزمى هەیە و خۆی تەنیا تا ئەندازەیەک بە تاکە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت" (Herder 1989, 338). ئەم چزووە کە بە ڕووکەش ڕووەو نووسینەکەى لێسینگ بە ناونیشانى "پەروەردەى ڕەگەزى مرۆڤ" ئاڕاستەدراوە، بەبێ هیچ گومانێک ڕاستەوخۆ ئاڕاستەى کانت کراوە. ئاخر کانت لە "ئیدێى مێژوویەکى گشتى لە ڕوانگەى هاوڵاتێتیى جیهانییەوە" (1784) نووسیبووى: "لای مرۆڤ (وەک تاکە مەخلوقێکى ئاوەزمەند لەسەر زەمین) ئەو توانستە سروشتیانە کە ئامانجیان بەکارهێنانى ئاوەزى ئەوە، تەنیا لەنێو ڕەگەزدا نەک لەنێو تاکەکەسدا بەتەواوی گەشەدەسێنن" (Kant 1968, VIII 18). ئەوە گریمانەیەکی سەرنجڕاکێش دەبێت کە داخۆ کانت لێرەدا بەڕاستى "ئاڤێرۆیستییانە" ئەرگومێنت بهێنێتەوە یان داخۆ بە پێچەوانەوە بتوانین دەربئەنجامێنین، کە مەبەستى ئیبن ڕوشدیش لێهزرینێکى هاوشێوە بووە. بێگومان دوائەنجامی مژاری کانت بریتی نییە لە فیگورێکى کلاسیکی ئەڕیستۆتێلیانەی زانینومای دەروون، بەمەش پرسیار نییە لەبارەی نەمریى دەروونى کەسەکی، بەڵکو مژاری ئەو کارەکتەرى مێژووە وەک پێشڤەچوونى ماف: کاتێک مرۆڤان وەک بوونەوەرى ئاوەزمەند خۆیان دەست دەدەنە چاکسازیى پەیوەندییەکانیان، ئیدی ئەوان وەک بوونەوەرى ڕەگەزى بەشداری لەوەدا دەکەن کە لەنێو پرۆسەى مێژووییدا مەرجەکان بۆ شیمانەى گەشەی ئاوەز و ئاکار لەنێو تاکە مرۆڤدا چاکبکرێن و لە کۆتاییشدا بەتەواوى گەشەبسێنن.

ئیبن ڕوشد پێناسەی ئاوەز دەکات وەک یەکانەی زەین لەنێو ڕەگەزی مرۆڤدا، ئەمەش کەمتر واتایەکی تیۆرییانە، بەڵکو پتر واتایەکی پراکتیکی-مۆرالیانەی هەیە. ئاخر چیدی ئێستا ئایینی بۆماوەیی بناغەی یاساکانی ئاکار نییە، بەڵکو ئاوەزی گشتیی ڕەگەزی بریتییە لەو بناغەیە. ئەمە پەیوەستە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشدەوە سەبارەت بە باڵادەستیی فەلسەفە وەک زانستی ئاوەز بەسەر دۆگمەکانی ئیماندا.

بێگومان نابێت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە ئیبن ڕوشد لێرەدا بۆ مرۆڤى ئاوەزمەند ڕایدەگەیەنێت، بەسەهوو لێمان بگۆڕرێت بە بیرۆکەی ئوتۆنۆمی لای کانت: ئیبن ڕوشد دەستبەرداری بڕوا بناغەییەکەى پارادیگماى ئۆنتۆلۆگى نابێت کە ڕاستی وەک مەئریفەى بوونەوەرى ڕاستینە دادەنێت، وەلێ ئۆتۆنۆمیى سەبژێکت لاى کانت وایدادەنێت کە مرۆڤ ناتوانێت ڕاستییەکى بەو چەشنە بناسێت، هەر لەمەشدایە بناغەى ئۆتۆنۆمییەکەی مرۆڤ و تەنانەت ئۆتۆنۆمیى ئاکاریش. بەمەش ئاوەز بۆ کانت ئۆتۆرێتییەکی بێسنووری دادوەرییە و هەر خۆیشی دەتوانێت سنوورەکانى خۆى دیارى بکات. ئاوەز بۆ ئیبن ڕوشد میدیەمى بەشداریکردنە لە دەستوورێکى بووندا کە خۆی لە دەرەوەى ئاوەزى سنووردارى مرۆڤدا دەبینێتەوە. کەواتە تانوتى ئاڤێرۆیزم کە هێردەر دەیگرێتە کانت، بەهەڵەتێگەیشتنە، وەلێ تانوتەکە هەروەها پێشانى دەدات کە تا چە ڕادەیەک ئەم فەیلەسوفەى چەرخى نێڤین دێتە نێو هزرى مۆدێرنەوە و بەشداری دەکات لە ڕشتنی بناغەکاندا بۆ وەرچەرخانە پارادیگماییەکە ڕووەو فەلسەفەى نوێسەردەم. ئەمە بێگومان تەنیا لە فەلسەفەى ئەوروپیدا ڕووى دا. فەلسەفەى ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبى-ئیسلامیدا دەرک کرا، وەلێ ئەوە بە ڕادەیەکى زۆر کەمتر وەک لە ئەوروپا و بەزۆریش لە شێوەى ڕەتکردنەوەدا.

سەرچاوە
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

پەراوێز
1) بۆ وەرگێڕانی سیتاتەکەی ئیبن ڕوشد هەروەها گەڕاوینەتەوە بۆ سەرچاوە عەرەبییەکە. بڕوانە:
ابو الوليد بن روشد: فصل المقال فيما بين الحكمة والشريعة من الأنصال. دراسة وتحقيق: د. محمد عمارة. المؤسسة العربية للدراسات والنشر. بيروت 1981. ص 31-32
2) هەمان سەرچاوە، لا 55-56.
3) "فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ". لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: "سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان".


فەرهەنگۆک
ئاگنۆستیک: جۆرە تێڕوانینێکی فەلسەفەییە کە دەبێژێت هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت مەئریفەی دوایەمین بوونەوەرێکی هەبێت. ئاگنۆستیک دەشێت وەک سینۆنیومی ئاتێئیزم (ئیلحاد) دابنرێت.
پۆلێمیک: هێرشی زانستی، فەلسەفەیی یان سیاسی.
تیرانی: دەسەڵاتداریی ستەمکار.
دێسپۆتی: دەسەڵاتداریی تاکەکەسێکی ستەمکار.
دێمۆکراتی: دەسەڵاتداریی جەماوەری.
ناوگەرایی: (نۆمینالیزم) ڕێبازێکی دژبەری ڕیالیزمە (بڕوانە خوارەوە) و وایدادەنێت کە یونیڤێرساڵەکان (گشتێتییەکان، تێگە گشتییەکان) هیچ ڕیالێتییەکیان لە دەرەوەی هۆشی مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەنێویدان و تەنیا بە دەرئەنجاماندن یان داماڵین لە پێشبینییە وێنەییەکان چێدەکرێن - وەک "ناو"ی شتەکان.
ڕیالیزمی یونیڤێرساڵەکان: لێرە واتای ڕیالیزم جیاوازە لە واتای مۆدێرنی تێگەکە. لەم ڕێبازە هزرییەدا کە لە پلاتۆنەوە دەردەچێت، بوونی ڕاستینە دەدرێت بە تێگەکان، گشتێتییەکان (یونیڤێرساڵەکان) و پابەند بەوانەوە شتە تاکەکان دەئافرێنرێن. یونیڤێرساڵ / گشتێتی نیشانەیە بۆ هاوبەشییەک کە دەشێت بوونەوەرانی جیاواز هەیانبن، بۆ نموونە زیندەوەر، سوور-ێتی، خولگەێتی و هتد. ئەم گشتێتییانە چواندنیان بۆ سەرجەم یونیڤێرسوم / گەردوون و بەمەش بۆ مرۆڤان هەیە.
زەین: توانستى تێگەیشتن.
فۆرم: ئایدۆس، ئیدێ، گشتێتی.
کردەکێتی و شیمانەیی: بە گریکی "ئێنێرجێیا"، بە لاتینی "ئەکتوالیتاس"، تێگەی گشتگیری ئەوەیە کە بەڕاستی لەگۆڕێیە، هەروەها تێگەکە ڕوودەکاتە کرۆکی لەگۆڕێبووەکە، وەلێ شیمانەیی (پۆسیبیلیتێ) ئاماژە بۆ توانستێک دەدات کە جارێ نەبووە بە کردەکی.
کۆنزەرڤاتیڤ: پارێزەری بەها کۆنە کاراکانی نێو سەردەمێک کە وەک هەقیقەتی نەشیاوی گۆڕان دایان دەنێت.
ئەڕیستۆکراتی: دەسەڵاتداریی دەوڵەمەندە بەگزادەییەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە