کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دڵپیسی و ناپاکی هاوسەرگیریی لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Tuesday, 05/11/2024, 18:47


ململانەی دڵپیسیی

مرۆڤەکان لە مێژووی پەرەسەندنیاندا بۆ پارێزگاری کردن لە هاوسەرەکانیان و بەردەوامبوون لە نەوەنانەوە، لە چەندان سەرچاوەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە. یەکەمیان لە بوونی شەڕ و هەڵکوتانە سەر و دزینی هاوسەرەکانیان، بە مەبەستی دەستدرێژی و سێکسکردنێکی کورتخایەن، یاخۆ کردنیان بە هاوسەر بۆ پێوەندییەکی درێژخایەن (Schmitt & Buss, 2001). دزین و دەست بەسەرداگرتنی هاوسەری کۆمەڵەکانی دیکە، دیاردەیەکی زۆر باوە لە زۆرینەی فەرهەنگ و شارستانییەتەکاندا بوونی هەبووە. هەڕەشەی دووەمیش بەندە بە ناپاکی کردنی هاوسەرەکانیان بۆ گەیشتن بە سێکسکردنێکی کورتخایەن، یانیش بۆ پێوەندییەکی شاراوەی درێژخایەن. لەبەرئەوەی هەردوو هەڕەشەکان کێشە و گرفتی خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووی بەردەوام پێک دەهێنن، بۆیە زۆر ڕێی تێ دەچێت هەڵبژاردنی سروشتی چەند جۆرە بەرگریکردنێکی پەرە پێدابێ بۆ ڕێگرتن لە دزرانی هاوسەرەکانیان و بەرپەرچدانەوەی ناپاکی سێکسییان، لەپێناو پاراستن و مانەوەی هاوسەرەکانیان لەلایاندا بۆ ماوەیەکی درێژ.
زاناکانی بواری دەروونناسی پەرەسەندنەکی وای بۆ دەچن، گرێی دڵپیسی و هەست و نەست و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تایبەتی پەرەیان سەندووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەی خۆگونجاندن، ئەوانەش لە هەند‌ێ ڕووەوە لە ژنان و پیاواندا جیاوازییان هەیە. ئەگەری هەڵخەڵەتان و بێئاگەیی پیاو لە ناپاکی ژنەکەی کێشەیەکی یەکجار گەورەیە بۆ پیاوان، ئەوشی ئەم بابەتە پتر ئاڵۆز و سەخت دەکات لە مرۆڤدا ئەوەیە کە پیاوان زۆربەیان وەبەرهێنانێکی مەزن ئەنجام دەدەن بۆ منداڵەکانیان، بەمەش ئەگەر پیاوێک دووچاری ناپاکی ببێتەوە لە ژنەکەی، ئەوا تووشی مەترسی ئەوە دەبێتەوە کە گشت داهات و سامانی لە پێناو منداڵی پیاوێکی دیکەدا خەرج بکات. پیاوانی پێشینەکان ئەوانەی نەیان توانیووە کێشەکانی خۆگونجاندنی پەرەسەندوو چارەسەر بکەن، زیانەکەیان تەنیا لە ڕووی داراییەوە نییە، بەڵکوو لێیان دەبێتە گرفتی دابەزینی پلە و پایە کۆمەڵایەتییەکانیشیان و گەڕانیان بەدوای هاوسەرێکی دی.
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو پیاوانەی چاوپۆشی دەکەن، یاخۆ گوێ بە ناپاکی ژنەکانیان نادەن، لە دابونەریتێکی وەک گریکییەکان، دەبینین ناپاکی ژن شوورەیی و نەنگییەکی لەڕادەبەدەر زۆر دەهێنێت بۆ هاوسەرەکەی و ناو دەبرێت بە ( Keratas - گەواد بە زاراوەی میللی)، ئەمەش جنێوێکی گەلەک ناشیرینە بۆ پیاوێکی گریکی کە واتای ترسنۆکی و بێتوانایی دەگەینێت. تا ڕادەیەک شتێکی ئاسایییە ژنان نەرمی بنوێنن بەرانبەر بە ناپاکی پیاوەکانیان، بەڵام هەرگیز ناشێ پیاو بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بێت لە ناپاکی ژنەکەی، لەبەرئەوەی دەبێتە جێی گاڵتەجاڕی و نێرایەتی و پیاوەتییەکەی لەکەدار دەبێت (1969 Safilios-Rothschild,).
دڵپیسی میکانیزمێکی پتەوی پەرەسەندووە بۆ دژایەتی کردنی ناپاکی سێکسی و دوورکەوتنەوە لە زیانەکانی ئەو دیاردەیە، لە پیاواندا چارسەرکردنەکەی ئەم گیروگرفتەی خۆگونجاندنە پەرەسەندووە بە چەندان شێوازی جیاجیا ئەنجام دەدرێت؛
یەکەم: جۆرە هەستیارییەک لە پیاواندا دروست دەبێت لەو هەلومەرجانەی ئەگەری ناپاکی ژنەکان پتر دەکات، ئەمەش وایان لێ دەکات زیاتر ئاگەدار و چاوکراوە بن.
دووەم: هەندێ ڕەفتار و هەڵسوکەوت وا لەلایاندا پەیدا دەبێت، ببنە ڕێگر لە پێوەندی و بەریەک کەوتنی هاوسەرەکانیان لەگەڵ پیاوانی دیکە.
سێیەم: هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێکردنی زۆربەی داواکاری و بەدیهێنانی ئارەزووی ژنەکانیان، تا هیچ بیانووەکیان لەدەستدا نەمێنێت بۆ ناپاکی کردن.
چووارەم: دڵپیسی پیاوان جاری وا هەیە دەبێتە هۆی هەڕەشەکردن و دوورخستنەوەی هەموو ئەو پیاوانەی سەرسامن و بایەخ دەدەن بە هاوسەرەکەی.
واتە پیاوان دەبێ بەردەوام پێداگری بکەن و بەچاکی ورد ببنەوە لە گشت ئەو پێوەندییانەی ژنەکانیان هەیانە لەگەڵ پیاوانی بێگانە.
بەهەمان شێوە ژنانیش ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوو دەبنەوە لە ناپاکی کردنی پیاوەکانیان، بەڵام لێرەدا بە گومانکردن لە دایکایەتییان بۆ منداڵەکانیان دەرناکەوێت، لەبەرئەوەی بێگومان بوون لەدایکایەتی هەموو کاتێک ڕێژەکەی سەد لە سەدە، چونکە کرداری پیتێن و زگپڕی هەمیشە لە لەشی ژندا دەبێت. کەچی لەگەڵ ئەوەش ناپاکی هاوسەری ژنێک دەبێتە بەرپابوونی گرفتێکی قووڵی خۆگونجاندن، بەوەی پیاوەکان کات و داهات و سامانەکەیان تەرخان دەکرێ بۆ ئەو ژنانەی سێکسیان لەگەڵ دەکەن لەبری ژنەکەی خۆیان و منداڵەکانیان. هەر ئەمەشە زاناکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی بەرەو ئەوە بردوون پێشبینی بکەن، لەوەی ژنان تێکڕای هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ هێشتنەوە و پارێزگاریکردن لە درێژەدان بە دەربەستی پیاوان لە بەخێوکردن و دابینکردنی پێویستی و خواستی خێزانەکەی و دوور کەوتنەوە لە تێوەگلان و بەستنی پێوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ ژنێکی دیکە (Buss, Larsen, Westen, & Semmelroth, 1992).

دڵپیسی و جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان 

پێش ئەوەی زاناکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی هەڵ بستن بە تۆژینەوەکانیان، دەیان لێکۆڵینەوە سایکۆلۆژییەکان لەبارەی دڵپیسییەوە، پێمان دەڵێن ڕێژەی بوونی دڵپیسی لە هەردوو ڕەگەزدا تا ڕادەیەکی زۆر لێک نێزیکن، بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە جیاوازن. لێرەدا شیکردنەوەکانی پشت بەستوو بە پەرەسەندن ئاماژە دەدەن بە بوونی جیاوازی لە تێڕوانین و کاریگەری ئەو نیشانانەی دڵپیسی دروستیان دەکات لەلای ڕەگەزەکان. زاناکان پێشبینی دەکەن لەلای پیاواندا ناپاکی سێکسی لە گرینگیدا پلەی یەکەمی پێ دەدرێت، کەچی لە ژناندا بەستنی پێوەندی سۆزداری و خۆشەویستی درێژخایەنی پیاوەکەیان لەگەڵ ژنێکی دیکە گەورەترین کێشەیە، لەبەرئەوەی وا لە پیاوەکەی دەکات داهات و سامانی لە پێناو ژنێکی دی خەرج بکات. 
لە ڕاپرسییەکدا داوا لە 511 خوێندکاری زانکۆ دەکرێت لە هەردوو ڕەگەز تا ڕای خۆیان بدەین، بۆ بەراوردکردن لە نێوان دوو ڕووداوی ناخۆش و بە ئازار؛
1- سێکسکردنی هاوسەرەکەیان لەگەڵ کەسێکی دی.
2- بوونی پێوەندی سۆزداری هاوسەرەکەیان لەگەڵ کەسێکی دی.
لە 83%ی ژنان ناپاکی هاوسەرەکەیان لە بەستنی پێوەندی سۆزداری لەلایانەوە ناخۆشترین و بە ئازارترین شتە، کەچی تەنیا 40%ی پیاوان ئەو بابەتەیان لا ناخۆش بوو. 60%ی پیاوان ناپاکی و سێکسکردنی ژنەکانیان بە گەورەترین کێشە دادەنا، بەڵام لە 17%ی ژنان سێکسکردنی پیاوەکانیان لەگەڵ ژنانی دیکە بە گرفتی پلە یەک دەبینی. کەواتە جیاوازی لە کاردانەوەی دوو ڕەگەزەکە خۆی لە 40% دەدات، ئەمەش ڕێژەیەکی یەکجار مەزنە لەو بابەتەدا. بەمەش ڕوون دەبێتەوە گریمانەکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی سوودێکی گرینگیان هەیە بۆ تۆژەران لە دۆزینەوەی جیاوازییەکی زۆر لەلای ڕەگەزەکان کە پێشتر لێی بێئاگە بوون.
بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پتر و سەلماندنی دەرەنجامەکان لەڕێی چەندان بواری جۆراوجۆری زانستی، 30 پیاو و 30 ژن بانگهێشت دەکرێنە ئەزموونگەیەکی دەروونی فسیۆلۆژی (Buss و ئەوانەی دیکە، 1992). بۆ هەڵسەنگاندنی ناڵین و ئازارچەشتن بەهۆی بیرکردنەوە لە چەشنەکانی ناپاکی (دوو چەشنەکەی پێشوو)، بەم مەبەستە تۆژەرەکان هەندێک ئێلکترۆدیان (جەوسەری کارەبایی) لەسەر ماسوولکەی نێوچاوانیان دانا، بەوەی کاتێک کەسەکان هەست بە ناخۆشییەک بکەن گرژ دەبێتەوە، هەروەها لەسەر پەنجەی یەکەم و سێیەمی دەستی ڕاست دانران بۆ پێوانەکردنی کاردانەوە کارەبایییە پێستەکییەکان، یان ئارەقەکردن، هاوکات لەسەر پەنجەگەورەش بۆ زانینی ڕێژەی دڵ لێدان. داوا کرا لە بەشداربووان بیر لە دوو جۆرە ناپاکی بکەنەوە، یەکیان ناپاکی سێکسی {بهێنە بەرچاوت هاوسەرەکەت سێکسی کردووە لەگەڵ کەسێکی دیکە ... ئاگەداری ئەو هەستە بە کە لەلاتدا دروست دەبێت، لە مێشکتدا بەچاکی وێنای بکە}، دووەمیشیان بیر لە ناپاکییەکی سۆزداری و خۆشەویستی بکەوە {بهێنە بەرچاوت هاوسەرەکەت کەسێکی دیکەی خۆش دەوێت ... ئاگەداری ئەو هەستە بە کە لەلاتدا دروست دەبێت، لە مێشکتدا بەچاکی وێنای بکە}. ئەوانەی تاقی دەکرانەوە دوگمەیەکیان دادەگرت هەر دەمێک هەست و نەست و دیمەنەکان لە مێشکیاندا بەڕوونی دروست دەبوو، ئەمانەش دەبوونە هۆکاری بەگڕخستنی ئامێرەکانی تۆمارکەری فیسیۆلۆژی بۆ ماوەی بیست چرکە.
ناڵە و ئازاری فسیۆلۆژی پیاوان گەلەک گەورەتر و تووندتر دەبێت بەرانبەر بە ناپاکی سێکسی، ترپە و لێدانی دڵیان بە ڕێژەی پێنج لێدان لە خوولەکێکدا خێراتر دەبوو، ئەمەش دەکاتە کاریگەری خواردنەوەی سێ کوپ قاوەی خەست بەدوای یەکەوە. کارەبای پێستەیان 1.5 یەکە زیاتری نیشان دەدا ئەو دەمەی بیریان بۆ ناپاکی سێکسی دەچوو، کەچی بۆ بابەتی ناپاکی سۆزداری لەم لایەنەوە هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ ڕووی نەدەدا. هاوکات گرژی ماسوولکەکانی نێوچاوان زێدە دەبوو بە ڕێژەی 7.75 یەکەی میکرۆڤۆڵت بۆ ناپاکی سێکسی، بەراورد بە 1.16 بۆ ناپاکی سۆزداری.
بەڵام ڕێژەی تێکڕای ئەم کاردانەوانە لە ژناندا پێچەوانە دەبیندرا، زیاترین هەستکردن بە نائارامی و پێوەناڵینە فسیۆلۆژییەکانیان بەرانبەر بە بیرۆکەی ناپاکی سۆزدارییەوە بوو. بۆ نموونە، نێوچەوان گرژی ژنان دەگەیشتە 8.12 یەکەی میکرۆڤۆڵت بەهۆی بیرکردنەوە لە ناپاکی سۆزداری، لە کاتێکدا 3.03 یەکە لە گرژی نێوچەوان بەدەرکەوت بۆ ناپاکی سێکسی.
ئەم کاردانەوە و ئازار و ناخۆشی نائارامییانەی دووچاری مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزکەوە دەبێتەوە، دەبنە بەڵگەی زۆر بەهێز بۆ ئەو بیروڕایانەی دەبێژن، لە مرۆڤدا جۆرە میکانیزمێکی تایبەتی پەرەی سەندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتەکانی خۆگونجاندنە پەرەسەندنەکییەکانی بەندن بە سێکس بەدرێژایی مێژووی پەرەسەندنەکەیدا.
هەمان ئەم جیاوازییانە بەدەست هاتوون لە وەڵاتانی وەک ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کۆریا و ژاپۆن، بەم تۆژینەوە جۆراوجۆرە دەتوانین پێداگری بکەین لەسەرئەوەی دڵپیسی پیاوان پتر و هەستیارتر دەبێت بۆ نیشانەکانی ناپاکی سێکسی، بەڵام دڵپیسی ژنان زیاتر لەترسی ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتانەیە دەبنە ئاماژەیەک بۆ ناپاکی سۆزداری و خۆشەویستی، ئەم دەرەنجامانەش زاناکان پێی گەیشتوون لەڕێی گشت ئەزموونە دەروونی و فسیۆلۆژییەکان و سەرلەبەری کۆمەڵگە و فەرهەنگەکاندا هاوشێوەن.
لەپێناو ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی چاکتری ئەو ڕاڤەیە لەبەر ڕۆشنایی دەروونناسی پەرەسەندنەکی بۆ بوونی جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان دوو زانای دەروونناسی (DeSteno & Salovey, 1996) پێشنیار دەکەن کە گەلەک جار دوو چەشنە ناپاکییەکە بەندن بەیەکەوە. زۆر کەس ئارەزووی بەستنی پێوەندی خۆشەویستین لەگەڵ ئەوانەی سێکسیان لەگەڵدا دەکەن، بەرانبەر بەوەش ئارەزووی سێکسکردن دەکەن لەگەڵ ئەوانەی خۆشیان دەوێن، بەڵام لێرەدا بۆچوونی ژنان و پیاوان لەبارەی بەندبوونی دوو چەشنە ناپاکییەکە جیایە. پێ ناخۆشبوون و ناڵینی ژنان لە پێوەندی سۆزداری هاوسەرەکەیان لەوەدایە پێیان وایە پێوەندییەکە کرداری سێکسیش لەخۆی دەگرێت، هەرچەندە ژنان وای بۆ دەچن پێچەوانەی ئەوەش لەوانەیە ڕوو بدات کە دەشێ پیاوان سێکس لەگەڵ ژنێک بکەن بەبێ ئەوەی پێوەندی سۆزدارییان لەگەڵدا هەبێت، بۆیە بەڕای ئەوان سێکسکردنی هاوسەرەکەیان لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری گرفتێکی یەکجار گەورە نییە. پیاوان بە شێوەیەکی دیکە ئەم بابەتە لێک دەدەنەوە و پتر هەست بە ناخۆشی دەکەن لە سێکسکردنی ژنەکانیان، لەبەرئەوەی پێیان وایە ژنەکانیان بەئاسانی دەتوانن پێوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێکدا ببەستن بەبێ ئەوەی سێکسیان لەگەڵدا بکەن.
چوار تۆژینەوەی ئەزمووندار کرا لە سێ کۆمەڵگەی جیاجیا بۆ لێکۆڵێنەوە لە پێشبینییەکانی ئەم گریمانە کێبڕکێکەرانە (Buss et al., 1999).
تۆژینەوەی یەکەمیان لەسەر 1.122 خوێندکاری زانکۆ لە باشووری خۆرهەڵاتی وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوە چوو، سیناریۆ بنەڕەتییەکانی پێشووی ناپاکی تێیدا گۆڕا و بە شێوەیەک دوو چەشنە ناپاکییەکە نەرێی و نەبووکردنی یەکدی بن (یەکیان ئەوەی دیکەیان نەهێڵێت). بەشداربووان پێناخۆشبوونی خۆیان دەربڕی بۆ ناپاکی سێکسی بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی پێوەندی سۆزداری، هەروەها بۆ ناپاکی سۆزداری بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی پێوەندی سێکسی. کەچی دیسانەوە جیاوازییەکی ئاشکرای ڕەگەزایەتی بەدەرکەوت، تەواو کۆک بوو لەگەڵ پێشبینییەکانی دەرووننناسی پەرەسەندنەکی، بەمەش ئەگەر گریمانەی بیروڕا و بۆچوونەکان ڕاست بێت، دەبووایە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕەگەزەکان بوونی نەبێت، ئەوەش بوو کە ڕووی نەدا.
لە سێ تۆژینەوەکانی دیکەدا چەندە هەلومەرج و ڕێکار و داڕشتنی شێوازی پرسیارەکانیان دەستکاری دەکران لەبارەی دوو چەشنە ناپاکییەکە، تا ڕادەی گۆڕینی بەشداربووانی دەرەوەی وەڵاتانی خۆرئاوا بە نموونە کۆریا و ژاپۆنییەکان، بەڵام هەمیشە ئەو جیاوازییانەی نێوان ڕەگەزەکان بەزەقی دەبیندران.
دوای ئەو هەموو تۆژینەوە و ڕاپرسییانە و دەستنیشان کردنی جیاوازییەکی بەرچاوی نێوان ڕەگەزەکان لە نیشانەکان و بیروڕاکانیان بۆ جۆرەکانی ناپاکی، بەڵام هەتا ئێستەش چەندان زانا هەن هاوڕای ئەو گریمانە و بیردۆزانە نین (e.g., DeSteno, Barlett, Braverman, & Salovey, 2002; Harris, 2000, 2005). هەندێکیان مشتومڕی دەکەن لەسەر ئەوەی هیچ جیاوازییەکی ڕ استەقینە لەنێوان ڕەگەزەکاندا نییە، میکانیزمەکانی بوارە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان (ئەوانەی بەتەواوی چییەتییەکەیان دیار نەکراون) لەلای ژنان و پیاوان وەک یەکەن، ڕاڤەیەکی زۆر باشترمان پێشکێش دەکات بۆ دڵپیسی سێکسی و سۆزداری لەو گریمانە پەرەسەندنەکییانە. زانای دیکەش دەبێژن جیاوازی ڕەگەزەکان بنەڕەتی نین و شێواز و ڕێکاری تۆژینەوەکان دروستیان دەکەن، جیوازییەکان بەیەکجاری ون دەبن ئەو دەمەی بەشداریکەران دەخرێنە ژێر هەستکردن بە فشارێکی تایبەتی تووندی مەعریفی، وەک ئەوەی لە کاتی ڕاپرسیدا داوایان لێ بکرێ لە ژمارە حەفتەوە بەرەو دواوە بژمێرن لە ساتی وەڵام دانەوە و کاردانەوەیان بۆ کاریگەری چەشنەکانی ناپاکی و هەستکردن بە ئازار و ناخۆشی.
پێویستی بە ئاماژە کردنە گشت ئەو هەوڵانە بۆ بەهەڵەخستنەوەی بوونی جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان لە ڕوانینیان بۆ ناپاکییەکان شکستیان هێنا. لەبەرئەوەی هیچ یەک لەو گریمانانە ناڵێن دڵپیسی بەردەوام چالاکە بەبێ گوێدان بە هەلومەرجە ئەزموونگەیییە جیاجیاکان. بۆ نموونە، ژنێک برسی بێت و بەدوای خۆراک بگەڕێت، لەو ڕێیەدا هەست بە خشپەی مارێک بکات. لەوێدا ئەگەر بشڵێین ژنەکە چیدیکە هەست بە برسییەتی ناکات کاتێک تووشی مارەکە دەبێت، دیسانەوە نابێتە بەڵگە کە مرۆڤ خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوویان نییە بۆ برسیبوون.
پاش ئەوانە دەکارین زۆر بەدڵنیایی جەخت بکەینەوە لەسەر جیاوازی ڕەگەزەکان کە بە چەندان شێواز و ڕێبازی زانستی جۆراوجۆر سەلمێندراون لە زۆرینەی وەڵاتان و فەرهەنگە جیاجیاکانی وەک بەرازیل، ئینگلتەرا، ڕۆمانیا، کۆریا، ژاپۆن، هۆڵەندا و سوید، ئەمەش واتای بە جیهانبوونی بابەتەکەیە، هاوکات لە ڕاپرسییەکاندا جیاوازی ڕەگەزەکان لەنێوان گەنجەکان و بەتەمەنەکانیش بەدەر دەکەون. بە شێوەیەک جیاوازییەکانی نێوان ڕەگەزەکان یەکجار زەقتر دەبێتەوە، لەلایەن ئەوانەی بەڕاستی و بەکردارەکی دووچاری ناپاکی بوونەتەوە لە ژیانیاندا، هەروەها ئەو بەشداربووانەی داوایان لێ دەکر‌ێت بیر لە ئەزموونی ناپاکی بکەنەوە بە پلەیەکی بەرز لە تووندی و زیندوویی دیمەنەکان. بەڵگەی دیکەش هەن کە پیاوان کەمتر لێبووردەیی دەنوێنن بەراورد بە ژنان لە ناپاکی سێکسی بەرانبەر بە ناپاکی سۆزداری، ئامادەییشیان بۆ کۆتایی هێنان بە پێوەندی هاوسەرگیریی بەهۆی ڕوودانی ناپاکی سێکسی زێدەترە لەوەی ناپاکی سۆزداری. سەرباری ئەمانە پیاوان بیرهاتنەوەیان زیاترە بۆ یادەوەرییەکانی ناپاکی سێکسی، باشتر دەگەڕێن بەدوای نیشانەکانی ناپاکی سێکسی، بەبێ ویستی خۆیان سەرنجەکانیان چڕتر دەکەنەوە لەسەر ناپاکی سێکسی، خێراتر بڕیار دەدەن لەسەر دەرەنجامەکانی ناپاکی سێکسی، هەموو ئەمانە لەچاو ناپاکی سۆزداری.
لەم دواییانەدا بۆ دڵنیایی زێدەتر، تۆژینەوەیەک تێیدا چالاکییەکانی مێشکی بەکار هێنا لەڕێی ڕووپێوکردن بە ئامێری زرنگەی موگانتیسی (MRI)، لە کاتی بیرکردنەوە لە ناپاکی سێکسی و سۆزداری، زۆر بەچاکی جیاوازییە گەورەکانی نێوان ڕەگەزەکان سەلمێندرا (Takahashi et al., 2006). دەرکەوت کە پیاوان پتر لە ژنان مێشکیان چالاکی دەنوێنیت لە ئاستی ئەو بەشانەی مێشک پەیوەستن بە سێکس و شەڕانگێزی ( Amygdala- Hypothalamus). لە ژنانیشدا چالاکییەکی زۆر ڕوو دەدات لە بەشی سەرووی دواوەی مێشک (STS)، بەشەکانی بەندن بە کرداری خوێندنەوەی بیرۆکەکانی هاوشێوەی هەڵهێنجانی خواست و مەبەستی داهاتووی هاوسەرەکانیان. ئەمەشە ئەو زانیارییانەی بەتەواوی پێشبینی دەکرێن، ئەو دەمەی خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی دڵپیسی لە ژنان و پیاواندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆگونجاندنە جۆراوجۆرەکان سەری هەڵدا بێت. لەمانەوە زانا و پسپۆڕەکان بڕیار دەدەن کە دەرەنجامەکانی (MRI) بەرەو ئەوەیانی بردووە، بزانن پیاو و ژن هەریەکەیان خاوەنی یەکە دەمارەکی و دەروونی جیاواز و تایبەتین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناپاکی سێکسی و سۆزداری. 
بەکورتی دەکارین ببێژین، جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان بوونی هەیە لە گشت فەرهەنگ و کۆمەڵگەکان، لەڕێی ژمارەیەکی زۆر لە تۆژینەوە و شێوازی جیاجیا وەک، کێشە و ئاڵۆزییە دەروونییەکان، ئەزموون و تۆمارکەرە فسیۆلۆژییەکان و ئامێرەکانی ڕووپێوکردنەکان (MRI).
.....................................

سەرچاوەکان؛

Evolutionary Psychology
The New Science of the Mind ... David M. Buss

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە