نازم حیکمەت شیعر و نامە
Tuesday, 05/11/2024, 18:23
چەند ڕۆژێکە لە خوێندنەوەی هەرسێ کتێبەکەی نازم حیکمەت بوومەتەوە ."شەوێک بەفر تائەژنۆ باریبوو" چەند چامە شیعرێک کە زیاتر پڕە لەپەیامی نازم حیکمەتی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست و ئەو باکگراوندەی ئەوی لێهاتووە ، کە لەخوێندنەوەی ئەم دیوانە بوومەوە زیاتر نازمم وەک شۆڕشگێڕی ڕۆمانسی و سۆسیالیست یان کۆمەنیستێکی ڕۆمانسی بینی کە پڕ پڕە لەخەیالی جوان.
زەمانێ کوڕەکەم دەگاتە تەمەنی من
من لەدونیادا نەماوم
بەڵام دونیا لانکێک دەبێت جوان
کەتێیدا هەموو منداڵان
ڕەش ، سپی ، زەرد
لەسەر بالیفێک لەئاوریشمی شین
دیلانێ دەکەن
لەم بەر بۆ ئەوبەری جیهان.
نازم ماوەیەکی زۆر کە ماوەی ١٧ساڵ ڕەنگە زیاتر لەزیندا دەمێنێتەوە و لەدەیان زیندان دا دەبێت و لەدادگایەکی قەرەقوشیدا حوکم دەدەرێت ، حاکمانی تورک دەیانەوێت ئەم بەڵایە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە ، توشی نەخۆشی دەبێت و لەمەرگ نزیک دەبێتەوە پاشان ئازادی دەکەن و ناسنامەی تورکیای لێدەسەنەوە .
ئیتر نازم تەنها بەشعر دەتوانێت بۆ تورکیاو ئەستەمبوڵ وڕابردوو بگەڕێتەوەو دواجار لە ئەپرتمانێک لەمۆسکۆ گیانی دەردەچێت و لەگۆڕستانی "نۆفردە" کە زۆربەی بەلشەویکێکان لەوێ ئەسپەردە کراوە ئەویش ئەسپەردە دەکرێت ، لەم ساڵانەی دوایدا ناسنامەی تورکی دەدەنەوە بەڵام نازم نەماوە ، وەک ئەحمەد کایەکەی کورد
شعرەکانی نازم فلیمێکە کە باسی مێژووت بۆدەکات و ئاشنات دەکات بەو سەردەمەی کە دنیا ببوە دوو بەش و مارکسیزم وەک ئاین لەهەموو جێگەیەک ستایش دەکرا ، چەند جوانە کەدەڵێت : لە شعری شەرحی حاڵ
لێنین م نەبینیوە ، بەڵام لەبیست و چوار ساڵیدا
چوومە ژێر تابووتەکەی
نازم هێندە بەڕۆمانسێتەوە لە ئایدۆلۆژیا حاڵی بووە کە هەڵەکانی نەبینیوە بەڵکو لای جوان بووە
هاوڕێکانم
خەیاڵی مردنم نییە
بەڵام ئەگەر شەهید بووم
دەزانم کە
هەروا لەیادی ئێوەدا دەژیم
دەژیم
لەهەر دێڕێکی ڕوناکی ئەراکۆندا
لەکۆترە سپێکەی بیکاسۆدا
لەڕۆژانی جوانی ئایندەدا
دەژیم لەگۆرانییە میللێکانی "ڕوبسون"دا
کتێبی دووهەم " بەعەزرەتەوە چاوەکانت ماچ دەکەم " ئەم کتێبە کۆمەڵی نامەیە کە سەردەمێک بۆ منداڵێک نوسراوە کە تەمەنی تەنها ١٢ساڵ بووە. دوای لەگەڵ نامەکاندا تەمەنی دەگاتە ١٧ساڵ نامەکان هاندانی منداڵێکە بۆ دنیای کتێب و خوێنەوە. کە نازم بۆی نوسیوە" ژیان و کتێب لەیەکتر جیامەکەرەوە" خۆت لەکەسان و ئەو کتێبانە بەدوور بگرە کە نائومێدت دەکەن
گەر چی چیرۆکێک هەیە کە دەڵێن نازم دەیزانی مەمەد کوڕی ئەو نییە ، بەڵام هەر بەکوڕی خۆی زانیوەو ئەو چیرۆکەی زیاتر لەدروستکردنی دەسەڵاتدارانی ئەوسای تورکیا دەوەشێتەوە . وەک ئێستای ئێمە کەدەسەلات و سیستەمی مزگەوت کێیان لێیاخی بێت تۆمەتی ڕەوشتی دەخەنەپاڵ و لەوڕێگەیەوە بەخەڵک دەڵێن کە ئەو یاخیە مرۆڤ گەلی بەدڕەوشتە.
. لەنامەکانی مەمەدا دوو گفتوگۆی جدی دەبینی کە شایەنی هەڵوێست لەسەر کردنە
یەکەم : نازم کتێبێکی وەرگێڕاوە ، مەمەد پرسیار دەکات چۆنە ئەو کتێبەبەلاتەوە . نازم دەڵێت من ناوەڕۆکی کتێبەکەم بەدڵ نییە بەڵام وەک ئەو کرێکارەی کە کارەکەی بەدڵ نییە بەڵام زەرورێتی ژیان ناچاری دەکات کە بەردەوام بێت ، منیش ئەو کارەم تەنها بۆ بەدەست هێنانی پارە کردووە . لای نازم کتێبی نائومێد کەر زۆرن دەڵێت : ڕۆمانەکانی دۆیستۆیفسکی ، چیرۆکەکانی ئەدگار ئالانپۆ ... لەم نامانەدا دەیان کتێب و نوسەرمان پێ دەناسێنێت تژیمان دەکات لەزانیاری و تەنانەت ڕۆژێک گلەی لەزیندان ناکات و وەک یاریەکی چێژ بەخش سەیری ژیانی دەکات.
من زیاتر فلیمی "ژیان جوانە"م بیر کەوتەوە کە باوک و کوڕێکی جولەکە لە ئیتاڵیا زیندانی دەکرێن ، باوک هەموو شتێک دەکات کەمنداڵەکەی زیندان بەیاری کردن بزانێت .
دووهەمین : گەل و تورکیا لەوێدا نازم زۆر بە جوانی لەڕەگو ڕیشەی دروستبوونی گەل دەکۆڵێتەوە و باسی کوردو ئەرمەنێکانیش دەکات و دەڵێت : سی سەد جوار سەد ساڵ لەمەوبەر شتێک بەناوی گەل بوونی نەبووە.
نەمیسریە کۆنەکان و نەڕۆمەکان و نەئیمپراتۆرێتی عوسمانی گەل نەبوون و لەجێگەیەکدا بوونی گەل نەبووە. لەجێگەیەکدا کەسیستەمی فیوداڵی فەرمان ڕەوایەتی دەکرد گەل بوونی نەبووە .
لێرەدایە ئێمە دەکەوینە ناو ئەوخەرەندەوە کە بۆچی سەرەسیاسیە بەتاڵەکانی کورد هێندە لایەنگریان بۆ عەشرەت و گوند و ناوچەکەیان هەیە بۆ گەلیان نییە ، ئا یە ئێمە ئێستا سیستەمی فیوداڵیمان تێنەپەڕاندووە؟
نازم نەی شاردۆتەوە کە لەچواردەوری سنوری تورکیادا هەم ئەرمەنی و هەم یۆنانی و کوردەکان دەژین و کورد و ئەرمەن نەتەو گەلی ئازادن و تورک نین.
بەر لەماوەیەک نامەیەکی نازم حیکمەتیم بینی کە بۆ کامەران بەدرخانی ناردبوو باسی کورد دەکات
نازم دەڵێت:
"بزووتنەوەی میللیی ڕزگارکردنی ئەنادۆڵ تەنیا بۆ تورکەکان نا، بۆ کوردەکانیش بە یەکێک لە لاپەڕە هەرە بەشکۆکانی مێژوویان دادەنرێت. یەکێک لە گۆرانییە هەرە لە بیر نەکراوەکانی ئەو سەردەمە کە لە ساڵانی دوای شەڕدا لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە قەدەغە کرا، بەم دێڕە دەستی پێ دەکرد: "لێدەن کوڕانی کورد، ڕۆژی نامووسە!" لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، دەسەڵاتداران و ناوەندە باڵادەستەکانی تورک نکۆڵیان لەو مافە نەتەوەیی و مرۆییانە کرد کە لە سەروبەندی پەسەندکردنی بزووتنەوەی کورددا بەڵێنی بەدیهێنانیان دابوو، تەنانەت کاریان گەیاندە سنووری نکۆڵیکردن لە هەبوونی نەتەوەی کورد. ئەو سەردەمە قۆناغی سازشی نێوان دەسەڵاتداران و چینە باڵادەستەکانی تورک و ئیمپریالیزم بوو.
لەکتێبی سێهەمدا " ئاسمان دەڵی دەستەکانی تۆیە"
لێرەدا نازم وێنەیەکی سەیرو پڕ ڕووداوی ئەوسەردەمەمان بۆ باس دەکات لەڕێگەی نامەکانێوە ،سەردەمێک کە پرێتی لەڕوودای سەیرو دادگای قەرەقوش و بڵاو کردنەوەی تۆمەت و بەبینینی ڕەش و سپی هەموو شتەکان ، نامەکان باس لە دادگایەک دەکات کە کتێبێکی کارل مارکس کە بەر لەدەساڵ وەرگێڕاوە وبەرلە ٧٠ساڵ نوسراوە ، بەنازم دەڵێن ئەم کتێبە نەفرەتیە هی تۆیە و دەبێت باجی ئەم هەموو قسانە بدەیت . نازم دەڵێت : "مرۆڤەکان چ بوونەوەرێکی سەیرن ،لەناخیاندا شتگەلی ئەوەندە باش وسەیر هەیە ،من تەنها توانیم لە تەمەنی ٣٣ساڵیدا پەی بەوەبەرم ، ئالێرەدایە نازم دەبینی چۆن بەڕۆمانسێتەوە چۆتە ناو دنیایی سیاسەتکردنەوە.
دایکە
ئەگەر لێبوردن بدرێ
دەتوانم سێ ڕۆژی تر
دەست بەپرچتا بهێنم
فەرزەندم!
ناتوانم بنووم
باڵندەی نادیار داویانەتە چریکە
لەسەر پەلکی سورباوی درەختەکان
لەبەرچاوانمدا
پرچت بڵێسە دەدا
نازم نایشارێتەوە لەنامەیەکدا کە بەژنەکەی دەڵێت :ژیان داوای زۆری لەژنێکی گەنج هەیە ؟ هەرکەسێک دەتەوێت عاشقی بە من ئیتر بەداوە بووم نازانم کەی و چۆن ڕزگارم دەبێت ، نامەیەکی بۆ دێت لە پیرایەوە و نازم نامەکە دەکاتە چامەیەکی شعری، ئیتر خوێنەر دەباتە بەردەم سەرماو بەفرو زیندان و هەڵلەزین و برسێتی.
ئەگەر لەسێدارەت بدەن
ئەگەر تۆلەدەست بدەم
چیدی ناتوانم بژیم!
نازم دەڵێ : پەیمانی ئەوەیان داومەتێ کە تۆ زێ پارەم بۆ بنێرن لەگەڵتا بەشی دەکەم ، نامەم بۆ بنێرە چونکە نامەکانت وایە کە لەگەڵتا دەدوێم ، چیرۆکی نامەکان تژیە لەعەشق و خۆشەویستیەکی ڕۆمانسی سەیر...!
بۆیە کە نامەدوای نامە دەخوێنیتەوە داواسادەکانی نازم بۆ گۆرەوی پانتۆڵ کتێب و ڕۆژنامە تێناپەڕێت و هیوای بەوەیە کە لەزیندان دێتە دەرەوەو ئیتر دوور لە خەڵک ژیانی بۆ ژن و منداڵەکەی دادەنێت.
تەنها تاڵی ناتەواوی عیشقێ
لەگەڵ خۆمدا بۆ گۆڕ دەبەم
تۆ بویتە ٢٧ساڵ و من ٣٣ساڵ تۆ هێشتا زۆر گەنجی و منیش پەیژەم بەدیواری پیرێوە هەڵپەساردووە . ئەم نامانە تژیە لە ئەدەب و جوانی و زمانێکی شعری نازدار . خۆرهەڵاتیەکی هاکەزایی غەرق لەوەهمدا ،ئیرەیت پێدەبەم.
نازم لەچوارچێوەی دیواری زیندانەوە لەناو سەرماو بەفرو کڕێوەدا . زۆرناڕەحەتی دولبەرم ناڕەحەت مەبە ، هەرکاتێ دڵتەنگ و ناڕەعەت بووی ئەوە لەپەنجەرەوە تەماشای سروشت ، ئاسمان و درەخت ودەریا بکە . تکایە جوتێ گۆرەویم بۆ بنێرە .. پشتئێشەکە سەری هەڵداوە ڕەنگە لەبەر سەرماکە بێت ؟
ئای خۆزگە ڕۆژەکان وەک باڵندە تێدەپەڕین و دەگەیشتمە لای تۆ ، ٢٠ ڕۆژە نامەی تۆم بەدەست نەگەشتوە لەنیگەرانیدا خەریکە دەمرم.
لەزیندان سەرگەرمی فێربوونی زمانی ئنگلیزیە ، خەریکی وەرگێڕانە ، بەر لەزیندانی سیناروێی بۆ ١٢ فلیم نوسیوە و چاوەڕوانە پەرەکەی هێواش هێواش وەرگرێت .
نازم حوکم دەدرێت و دەیانەوێت بیگوێزنەوە ئیتر نایشارێتەوە گەر بگوێزرێتەوە بۆ زیندانی دیاربەکر ، هیوادارم بۆ جێگەیەکی وەک سینۆپ یان دیاربەکر نەنێنرێم . جێگەیەکە کەکاری تێدا نییە وەک زیندانی دیاربەکر ئەمە بەمانای ئەوەی کە هاوکات بەبرسێتی مەحکومم دەکەن.
کۆمەڵێ یاسا بەپێ ژمارە دادگایی دەکرێن و حوکم دەدرێن ، ئەوەی جێگەی سەرنجە بەر لە ٩٠ساڵ زیندانی دیاربەکر زیندانێک بووە تۆقێنەر و مرۆڤ بوونیان لە مرۆڤەکان سەندۆتەوە . ئێمەش سەرگەرمی درامای تورکین و مێژوو لامان حیکایەتە.
کاتێک نازم حوکم دەدرێت ئیتر ڕۆژ و کات و چرکەکان بەهایان نامێنێت و کاتژمێرەکەی دەستیشی لەکار دەکەوێت و کارناکات ماشێنی ناو کاتژمێرەکەی دەردەهێنێ و وێنەیەکی بچکۆلانەی ژنەکەی تێدەکات : هەوکە تەماشای کاتژمێر ناکەم ، چونکە کاتژمێر چیدی وردەوردە واتای خۆی لەلام لەدەست داوە ، تەماشای کاتژمێر ناکەم بەڵکو لەمەچەکی دەستمدا لەڕوخسارە بچکۆلەکەی تۆ دەڕوانم.
لای نازم بەدبەختێکان گەیشونەتە کۆتایی تەنها مەرگ دەتوانێ ڕایچڵەکێنێ ، ئێستا دایکیشی لە بەدبەختی کوڕەکەیدا زیاتر خۆشی دەوێت لەوکاتەی کە لەدایک بووە.
لەکۆتایی ئەم کتێبەدا نامەیەکی پیرایە کە لەساڵی ١٩٣٨دا نوسیوێتی بۆنازم تژیمان دەکات لەبیرکردنەوە ،نامەیەکە سادە بەڵام پڕێتی لە پرسیار و جوانی عاشقێک کە دوورلەویستی خۆی دەسوتێت و لەکەنارەکانی گۆڕەوە نزیک دەبێتەوە و دەپرسێ
ئەرێ نازم لەبەر من چرچ و لۆچی نەکەوتۆتە ڕوخسارت ؟
من لەهەر بەلەنگازیەک بێباکم : ڕۆژێک دێت دەستبەرداری سزادانت دەبن ، من و تۆ یەک کەسین هەینێ تۆ دەگریت منیش حەز دەکەم بگریم . کەپێ دەکەنی حەز دەکەم منیش پێبکەنم نازمەکەم.
لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا نەمامێکی زەیتوون بڕوێنی
ئەویش نەک لەپێناو جێهێشتنی میراتێ بۆ منداڵەکانت
بەڵکو تەنها لەپێناو ئەوەدا
کەسەڕای ترس لەمردن
باوەڕ بەمردن ناکەی
تای تەرازووی ژیان قورستر دەبینی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست