ئاوێنەی پێنجەم پەیوەندییەک لەگەڵ خودا
Tuesday, 05/11/2024, 18:17
سەرەتا سپاست دەکەم کە منت ناسییەوە، من هەر ئەو پیاوەم، کە ئەو جارە هاتمە ناو بازنەی تیشکەکانەوە، پسووڵەیەکم بەدەستەوە بوو، بە ئەوینی ژنێکی نازداری قەدپاڵی چیای ئاویەر ڕازابوەوە، هێژات دڵتخۆش بوو، زەردەخەنەیەکی زۆر شیرین هاتە سەر لێوەکانت، کاتێک لێم پرسیت: دەتوانم بزانم بۆ ئەو زەردەخەنەیە هاتنە سەر لێوەکانت؟!! وتت: دڵشادم کە پسوڵەکەی دەستت باسی ئەوین و دڵسپاردن و عیشق و سووتانە بۆ خۆشەویستی، چوونکە من ئێوەم بۆ یەک مەبەست دروستکردووە ئەویش خۆشویستنە!!!.
هێژای میهرەبان: بەر لەوەی لە یادم بچێت، ماوەیەک لەمەو بەر هاوڕێیەکم، کە ناوی
(شێرکۆ بێکەس) ە، نامەیەکی بۆ هێژاتان نووسیبوو، بەڵام وەڵامێکی زۆر دڵتەزێنی بۆ هاتبۆوە لەلایەن سکرتێری سێیەمی تۆوە، کە هەموو نەتەوەکەی تۆی نیگەران کرد، لەو وەڵامەدا نووسرابوو: گەوجە، بە عەرەبی بینووسە، خوا هەرعەرەبی دەزانێ!!!
ئایا ئەمە ڕاستە؟!!.
- دەزانم نامەیەکی وا هاتبوو، بە کوردییەکی غەمگینی زۆر جوان نووسرابوو، تۆ خۆت دەبینی کە من قسە لەگەڵ خەڵقی خۆمدا ناکەم، من پەیوەندی دەکەم، من بە زمانی پەیوەندی خۆشویستن دەدوێم، هەر ئەو زمانەی کە دایک لەگەڵ منداڵەکەیدا لە سەرەتای تەمەنەوە منداڵەکەی پێدەدوێنێ و لە ڕێگای هەڵکشانی تەمەندا، بە زۆر هۆ، منداڵ ونی دەکات و قەرەباڵغییەکانی دنیا، کە مرۆڤەکان لەدەوری خۆیان کۆیان دەکەنەوە، ناهێڵێت بۆی بگەڕێنەوە، تەنیا ئەو مرۆڤانە نەبێ کە دڵبەرێک دەدۆزنەوە و لە پرۆسەی سووتاندا بۆ ئەوینی ئەو دڵبەرە، جارێکی تر فێری دەبنەوە و دێتەوە یادیان. ئەوە زمانی قسەکردنی منە.
- بۆیە ئەو وەڵامە هی من نییە، ئەوە سکرتێری سییەمی ئەهریمەن، بەناوی منەوە بەفەرمانی ئەهریمەن خۆی، بەو جۆرە بۆ شێرکۆی نووسیبوو، وەک سووکایەتی کردن بە من و ڕاسپاردەکانی من و بڵاوکردنەوەی ڕق، دوودڵی، ئاژاوە و نەفرەت لە ناو خەڵقی مندا. تۆ دەبینی من سکرتێر و مکرتێر و ئەو شتانەم نییە، من خودام، خۆشەویستی و میهرەبانی و ئەڤینی بێکۆتاییم، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵقی خۆمدا پەیوەندی دەکەم و ئەوانیش ڕاستەوخۆ پەیوەندیم پێوە دەکەن، لەسەر ڕێگای هاتنتدا بۆلای من تۆ کەست بینی بڵێ من سکرتێری خودام؟! ڕێگەت لێ بگرێت و داوای ناسنامەت لێ بکات؟! لەسەرەتای سەرەتاوە تا ئێستا و تا بێپایان هەروا بووە هەرواش دەبێت، من و ئەوان یەکین و هەموویان لەمندا و من لە هەموو ئەواندا وزەی ژیانین، ژیان لە شێوە و فۆڕمی جوودادا، چوونکە من هەر یەک شێوەم دروستکردوە ئەویش ژیانە، مردن یارییەکی ناشرین و پیسی ئەهریمەن و هێزە بەد و ناخوداییەکانە لەسەر زەمین، ئەوان حەزیان لە تەماشاکردنی هەڵپژانی خوێن و دەرهاتنی چاو و بڕینەوەی دەست و پاکانە بە پێچەوانەی یەکەوە و پەڕاندنی سەرە و ئەشکەنجەدانی جەستە و ڕۆحی خەڵقی منە، ئێمە دوو لایەنین من خودای هەموو باشییەکان، جوانییەکان، ئازادییەکان، بیر و وتە و کردارە چاکەکانم، من خودای عیشق و دڵدان و سەرسپاردن بە مەعشووق و تووانەوەم لە ڕەوانیی ڕووباری خۆشویستندا، من خودای ئەو ساتە هەرە هەرە باڵایانەم کە مرۆڤ دەیگاتێ، کاتێک ئێدی لەخۆی تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناغی: بوون " ئەو" و ژیان " ئەو" و ڕەوان " ئەو" و مان " ئەو" و سووتان " ئەو" و دەرد " ئەو" و دەوا " ئەو".... .
- خودای هێژا، ئێستا لەسەر زەمینی ئێمە، تاقم و دەستەی فرە پەیدا بوون بەناوی تۆوە ژن، منداڵ، درەخت، باڵندە و ژیان دەکوژن، دەڵێن ئێمە نوێنەری خوداین لەسەر زەوی، هەرچی ئێمە دەیڵێن قسەی خودایە، بۆیە دەبێت ئێوە شوێن ئێمە بکەون و ئەگەر سەرپێچی ئێمە بکەن، ئەوا سەرپێچییە لە خودا و ئەو فەرمانی پێکردووین کە بتان کوژین، بتان سووتێنین، سەرتان ببڕین، ژنەکانتان بدزین، منداڵەکانتان لەبازاڕی کۆیلاندا بفرۆشینەوە، دەڵێن ئەمە ئاینی خودایە، خەڵقی تۆیان زۆر کوشت، لەهەموو نەتەوە و ڕەنگ و زمانە جوداکان. زۆرینەی ئەوان
(نازانم چییان ناو بنێم!!)، شتێکی زۆر ناشرین و بڵح ولە ڕووخساریاندا ڕق، دژایەتی، درۆ، بێوەفایی، ناجێگیربوونی دەروونی، کینە، بەدفەڕیی، ناجوامێریی، حەزە ئەهریمەنییەکان، دەبینین، وابزانم ئەوان ڕقیان لە خۆشیانە، هەر شتێ ژیانی تێدا بێت، ئەوان دەیکوژن، ئایا ئەم بازاڕە کێ دەیگێڕێ؟!! من ئەوە دووجارە هێژایەتی تۆ دەبینم، ژیانم بە خۆشویستن قوڵپ ئەدا، هیچ کاریگەرییەک لە ئارەزووی کوشتن و فڕاندنی ژنان و بەکۆیلەکردنی منداڵان لەم بازنانەی ڕووناکیەدا نابینم، ئەوان ئەوەیان لە کوێ هێناوە، بۆ بەناوی هێژایەتی تۆوە، خەڵقی تۆ دەکوژن؟!.
- ئەوانەی کاڵایەکی بەنرخیان نییە، کاڵای کەسانی تر دەفرۆشنەوە، لە پرۆسەی فرۆشتندا، درۆی تێکەڵ دەکەن، دەسکاری کاڵاکە دەکەن، ڕەسەن و ناڕەسەنی بۆ دادەتاشن، کاڵا ئەسڵییەکە دەشارنەوە و کۆپییەکەی بە خەڵک دەفرۆشنەوە، هێندە درۆی بۆ دەکەن، تا ژمارەیەک باوەڕیان پێدێنێ، هەندێ جار بۆ گەیشتن بە مەبەستیان، ڕق، چەواشەکاری، درۆی هەڵبەسترا و بەرتیل و تۆقاندنیش تا ڕادەی تیرۆرکردن بەکار دەهێنن، خەڵق ناچاردەکەن کە شوێن چەواشەکارییەکانیان بکەوێت بە ناوی منەوە.
- ئێمە وەک نەتەوەی کورد لەو سەرەتای زووترەوە، کەس گەلێکمان هەبوون کە تۆیان دەناسی و خۆشدەویست، ئەوان باسی تۆیان بۆ کردین، خۆیان بوونە نموونەی گفتارەکانیان بەرهەمی هوونەری زۆر بەرزیان بۆ جێهێشتین، بوونە ڕێبازێکی ژیان بۆ نەتەوەکەمان، کەم بوون بەڵام دڵی زۆرینەیان برد، بوونە چرا و مەشخەڵێک، بوونە رووناکی و کانگای خۆشویستن، ئەوان تۆیان دەناسی و باسی تۆیان بۆ کردین، کاتێک ئەوان هاتنەوە بۆلای تۆ، یا کاتێک شێوەی دووەمی ژیانیان دەستیپێکرد، جێگاکانیان بە خاڵی مایەوە، بەڵام لەو زەمانی لەبەرچاو دیارنەمانەی ئەوانەوە، ئێدی ئەم (گیانلەبەرە سەیرانە) پەیدا بوون لە ڕووکەشدا لاسایی ئەو ژنچاک و پیاوچاکانەی ئێمەیان کردووە، لە شێوەی کەوشە پیرۆزەکانی وەک مەحوی، نالی و مەولەوی و خانی و سوورەوەردی، کەوشییان لە پێکرد و کەوایان پۆشی و گۆچانیان بەدەستەوە گرت، بەڵام بەتاڵی بەتاڵ، لای ئەم ڕیشدارە، زمان پیسە، ناجوامێرانە، تەنیا
(ژێرسکی خۆیان و ژێرسکی ژنەکانیان) پیرۆزە، ئەمانە لە پێناوی پەیداکردنی زۆرترین ژندا، هەزاران هەزار پیاویان کوشت، میللەتانیان قڕکرد، ژینگەی نەتەوەکانیان وێرانکرد، ئێستا هەیانە بە قات و بۆینباخەوە، خەتی ڕاست و چەپ بەسەر ژیانی هەزار مرۆڤی هێژادا دێنێت، یاسای دەستدرێژی بۆ سەر کچانی منداڵی نۆ ساڵی دەسەلمێنێ، ئەمانە بەرد دەهاوێژن، تف دەکەن، سەری خەڵک دەبڕن، ژنان دەدزن، چوار و پێنج و لە لاشەوە هی زۆرتر لە خۆیان مارە دەکەن، هەر ڕەفتارێکی نامرۆیی کە ئەنجامی دەدەن لە کۆتاییەکەیدا هاوار بۆ دەکەن و دەڵین: تۆ گەورەترینی(١)، ئەم ڕەفتارانە پەیوەندی بە گەورەیی تۆوە هەیە؟! ئایا تۆ سەردەمێک بچووکیت و بە ڕەفتارێکی تایبەتی گەورە دەبیت؟!.
- ئەوانەی بچووکن و بچووکیان بۆتە گرێیەکی دەروونی لایان، هەوڵ دەدەن خۆیان بە بوونێکی گەورەترەوە هەڵواسن، یا وای پیشان بدەن کە لە گەورەیەکەوە فەرمانییان پێدراوە و ڕەفتارەکەیان بەخشراوە، چوونکە هی ئەو بوونە گەورەیەیە. بەڵام یەک بوون هەیە، هەموو بوونێکی بە ڕووکەش بچووک بەشێکە لەو بوونە،
هیچ بوونێک گەورە نییە و هیچ بوونێک بچووک نییە، لە سیستەمی ئەم بوونە ئەزەلی و هەتاهەتاییەدا، قەبارە نییە، شێوەی جوودای بوون هەیە، کە لە خولانەوەیەکی بەردەوامدایە بۆ بەرهەمهێنانەوەی بوونەکە و بەپێی پێویستی شێوەکەی دەگۆڕێت و ئەمەش، کارێکی خۆکردە و هەموو بەشەکانی ئەو(بوونی یەکەمینە) بە قۆناغی شێوە جووداکاندا تێدەپەڕن، چوونکە بێ ئەم پرۆسەیە، کەمایەسی دەکەوێتە ناو خولانەوەکەوە، بۆیە لە هەر شوێنێکدا بینیت لاسەنگییەک هەیە، ئەوە مانای وایە کە شێوەکان لەو شوێنەدا بە هۆی مرۆڤەوە بە پلەی یەکەم و پاشان هۆ سروشتییەکان بە پلەی دووەم، لە شێوە پێویستەکەدا نەگیرساون و ئەو کەمایەسییە دێتە بەرهەمهێنان. لە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە پەیوەندی مرۆڤە بە مرۆڤەوە و پەیوەندی مرۆڤە بە ژینگەکەیەوە، دەڕوات تا وێرانکردنی میللەتان و سەرزەوی یەکتر، ئەوە ئەنجامی بیرکردنەوە، خووخدە، سەرچڵیی مرۆڤ و دوورکەوتنەوەیانە لە خۆشویستن، چوونکە پایەی یەکەمینی مرۆڤ بوون خۆشویستنە، چەندە لەم بناغەیە دوور بکەویەوە، هێندە لە مرۆڤ بوون دوور دەکەوییەوە. خۆشویستن خۆراکی بنەڕەتیی ژیانی مرۆڤەکانە پێکەوە.
ئێستا من زۆر شتی ناقۆڵا، بەدفەڕ، ناهێژا دەبینم کە لایەق بە بوونەوەرێکی دەستچنی سەروەری وەک مرۆڤ نییە، بەڵام دەیکات و لە ڕەفتارەکەی خۆشی ڕازییە، یا بە دوای هۆکانی ڕازیبووندا دەگەڕێت. یەکێک لە هۆ گرنگەکان تێکەڵکردنی منە بەو ڕەفتارانە، ئەوە ئیتر لای مرۆڤ بۆتە دین، دەیان و سەدان، کتێبی بۆ نووسیووە، لە حاڵێکدا من کتێبم نییە، من پەیوەندییەکی بەردەوامی خۆشویستنم، لە وشەدا ناوترێم، لە ڕەفتاردا دەردەکەوم، چوونکە خودی مرۆڤی منئاسا هەر بەو جۆرەیە، پەیوەندییەکی بەردەوامی خۆشویستنە. دینەکان و ئایدۆلۆجیا و بەربەرەکانییە نەبڕاوەکانی مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت، داهێنراوی مرۆڤ خۆیەتی، هەم کردووەیە بە ئامانج، هەمیش بازاڕ، لەو بازاڕەدا کاڵایەک سەودا دەکات کە ئامانجەکەی زۆرترین دەسکەوتی مادییە، بۆیە هەموو بەهاکانی بوونەکەی خۆی وەک مرۆڤ، لە پێناویدا پووچدەکاتەوە، ناوی ناوە سیاسەت، پەیوەندییەک ئەگەر ڕەوا، دروست و بۆ تەواوکردنی یەکتر بێت، چ پێویستی بەوەیە کە کەسی یەکەم، بڕێک لە پەیوەندییەکە بشارێتەوە و بڕێکی لە پشت دەرگای داخراوەوە شڕۆڤە بکات؟! کەسی دووەمیش خەریک بێت دەیان
(ڕەنگە و پلان) بۆ ئەم پەیوەندییە بڕێژێت؟! مرۆڤ ئەوەندەی بە مرۆڤەکەی تروە خەریکاوە، ئەوەندە بە خۆیەوە خەریک نابێت، بۆیە هەموو پەیوەندییەکانی زیاتر و زیاتر بەرەو (ڕۆچوون)ە نەک (هەڵچوون)، جا ئەوانەی تۆ باستکردن کە هەموو پیرۆزییەکانیان ژێرسکی خۆیان و ژێرسکی ژنانە، بۆ دەسکەوتنی زۆرترینی ئەم ژێرسکانەش، منیان لە ڕێبازێکی (دینی)دا کە ناویان ناوە (مەزەب) قەتیس کردووە، بۆ هەر کارێک و ڕەفاتارێکی بەد، من دەکەنە بەڵگە، من وەک دێوێکی تینوو بە خوێن و هەوسبازێک کە بەڵین و گفتی ژنانی مەمک گەورە و سمت زلم بەوان داوە ئەگەر لە پێناوی مندا زۆرترین پیاو و خەڵک بکوژن، وێنە دەکەن، جارێکیش لە خۆیان نەپرسی: ئەگەر ئەوان بە فەرمانی من و لە پێناوی مندا و بۆ ڕازیکردنی من خەڵکەکەم دەکوژن، بۆ لە شەڕێکیاندا و لە شوێنێکدا بە دەنگیانەوە ناچم و سەریان ناخەم بەسەر دوژمنانی خومدا؟! پرسیارێکی یەزدانییە کە هەموو مرۆڤێک دەبێت لە خۆی بپرسێت.
بەر لەوەی تۆ بێیتە ناو بازنەی تیشکەکانەوە، من دوو وێنە و هەڵوێستی جوودام بینی: یەکێکیان لە ناوچەیەک بوو کە بە بانگەشەی ئەوانەی کە خۆیان بە منەوە خەریکاندووە، ئەو ناوچەیە بە ماڵی کفر و زینا و بێخودایی باس دەکەن. ئەوی تریان لە ناوچەیەکدا بوو، کە پڕ پڕە لەو ڕیشدار و کەوا شۆڕ و درۆزنانەی کە بیست و چوار سەعات خودا خودایانە.
لە هەڵوێستی یەکەمدا: دایکێکی ڕەشپێستم بینی کە منداڵە نەخۆشەکەی بردبوو بۆ نەخۆشخانە و منداڵەکەی دەترسا و بەهەنسکەوە دەگریا، دایکەکە هەوڵی دەدا ژیری بکاتە و سوودی نەبوو، کاتێک سەرەی ئەوان هات، دکتۆرەکە چووە شوێنی چاوەڕوانی و بەخێرهاتنی دایکەکەی کرد و لەوێ دانیشت و دەستی کرد بە گەمە لەگەڵ منداڵەکەدا، هێندە گەمەی منداڵانەی بۆ کرد کە منداڵەکە کاتێک خۆی بە سنگی دایکییەوە نووساندبوو، هێور و هێورتر بووەوە، جا دکتۆرەکە فووی کرد بەو دەسکێشەدا کە بۆ کاری پزیشکی بەکاری دێنیت و وەک دەستێکی مرۆڤی لێهات و کاتێک لە هەودا دەیجوڵاند منداڵەکە لە قاقایی دەدا، پزیشکەکە پەیوەندییەکی خۆشویستنی لە نێوان منداڵەکە و خۆیدا بنیات نا، واتە ڕێگای گفتوگۆ و زمانی منداڵەکەی دۆزییەوە، لەوە زیاتر لەسەر هەر چوارپەلی لەسەر زەوییەکە وەستا و بە دایکی منداڵەکەی وت کە منداڵەکەی بخاتە سەر پشتی، بەمجۆرە ئەو منداڵە ئەسمەرەی لەسەر پشتی خۆی برد بۆ ژووری پشکنین....(٢)
لە شوێنی دووەم، کە مزگەوت هاوسێی مزگەوتێکی ترە و خەڵکەکەی یەکتر بە حاجی فڵان و حاجی فیسار بانگ دەکەن و ئینشەڵا و ماشەڵایانە، پزیشکێک خۆی کرد بە شوێنی کارەکەیدا، خەڵکیکی زۆر لەو شوێنە کۆ ببوونەوە، چاوەڕێی دکتۆریان دەکرد، چوونکە پزیشکی بەڕێز درەنگ هاتبوو، شوێنەکە بچووک و نەخۆشەکان زۆر، کوڕێکی گەنجی قەڵەمی لەسەر کورسییەک نزیک دەرگای ژووری پزیشکەکە، قاچی لەسەر قاچ دانابوو بۆ خەڵکەکەی دەڕوانی، کاکی پزیشک هەر کە هاتە ناو خەڵکەکەوە و بەرەو ژوورەکەی خۆی چوو، ئەم لاوە ڕۆحسووک و زراڤەی بینی و بە ڕوویدا هەڵشاخا و وتی: مەگەر ئێرە تەویلەیە قاچت خستۆتە سەر قاچ؟! لاوەکە ڕەنگێکی هێنا و ڕەنگێکی برد، نەیزانی بۆچی لێی تووڕە بوو، خۆ ئەو ڕەفتارێکی خراپی ئەنجام نەداوە، لە باوکی پرسی: بۆ ڵیم توڕەبوو مەگەر شتێکی خراپم کردووە؟! باوکی وەڵامی دایەوە: قەیناکە کوڕم جەنابی دکتۆر ماندووە و کاری زۆرە و دەبێت فریای ئەم هەموو نەخۆشانە بکەوێت!!!....(٣)
ئەوە هەڵبژاردە و پەروەردە و بەوەفایی و ڕێزگرتنی مرۆڤە لە خۆیی و زانستەکەی و پیشەکەی، لە هەموو ڕەفتارێکیدا هەم دەتوانێت گەشە بە مرۆڤبوونی خۆی بدات، هەم دەتوانێت گەشە بە ئاوەدانبوونی مرۆڤێکی تر. ئەوەش ئەو پرۆسەی خۆشویستنە بەردەوامەیە، کە لە نموونەی یەکەمیاندا شێوەی گیرساوی خۆی دەگۆڕێت بۆ پڕکردنەوەی کەمایەسییەکان و بەردەوامی خۆشویستن و لە نموونەی دووەمیاندا شێوەکە کەمایەسییەکان فراوانتر و زۆرتر دەکات و نەفرەت و دڵساردیی و هیوابڕان بەرهەم دێنێ و ڕەنگە ئاوەدانییەکیش وێران بکات.
- هێژای میهرەبان: ئایا ئەو شەڕانەی کە ئێستا بەناوی تۆوە ئەنجامدەدرێن و دەیان هەزار منداڵ و ژن و مرۆڤی پەککەوتەی تێدا دەچێت، مۆڵەتی تۆی لەسەرە و تۆ دڵخۆشی بە وێرانکردنی
(بوون) ی خەڵکی خۆت، ئەمە کەی لەگەڵ خۆشویستنی بێپایانی تۆ بۆ خەڵکەکەت، دێتەوە؟!..
- من تەنیا بە یەک شت دڵخۆشم، کە مرۆڤ ببینم دڵخۆش و شادە و ڕەفتارەکانی دڵخۆشی دەکەن و نرخی مرۆڤبوونی خۆی دەگرێت و هەڵوێستەکانی لەگەڵ پلەی بەرزی هۆشیدا هاوتان، ئەو مرۆڤە کوردەی جارێک بە ئێوەی وت: خودا تەنیا یەک شتی لە ئێوە دەوێت: "مرۆڤ" بن، تەنیا ئەوە(٤).
- ئەوە داواکاری منە لە ئێوە کە بەسەر زمانی ئەو پیاوچاکەتاندا هات و هەموو ڕێباز و خواست و داواکاریی و ڕامانەکانی منی، بەو زمانە کە ئێوە لێی تێبگەن، بە ئێوەی ڕاگەیاند. لوتکەی ڕاسپاردەکانی منە بۆ ئێوە. من یاسایەکی تایبەتیم بۆ ئێوە نەناردوە، بەکەسم نە وتووە کە ئێوە دەبێت چی و چۆن بکەن، چوونکە " هۆش" تان هەیە، من دەزانم هۆشی ئێوە لە باریدایە کە نەزانراوەکان بزانن و یاساکان هەڵبێنن و گرێ نەکراوەکان بکەنەوە و ئەو یاسایانە ڕێکبخەن کە شایان بە "مرۆڤبوون" تانە و پەیوەندییەکانتان ڕێکدەخات، من ئەگەر یاسای لە پێشینە بۆ ئێوە بنێرم و ڕاسپاردەتان بۆ ڕابگەێنم، لە گەورەیی و شکۆی " هۆش" و " ئازادی" ی ئیوە کەل دەکەم، کە ئەوەش لەگەڵ ئامانجی بە " مرۆڤ" بوونی ئێوەدا نایەتەوە و پێچەوانەی بنەمای پەیوەندی ئێوە و منە. ئەگەر بڕوانی دەبینی لەیەک سەرچاوە و یەک بیرکردنەوەوە دەیان و بگرە سەدان لێکدانەوە کەوتۆتەوە، باشە من بەکام یەک لەم ڕیبازانە خەڵکی خۆم دادگایی بکەم، ئەگەر هەموویان بڵێن: من ڕاستم و هەموو ڕاستییەکان لای منە؟!.. ئەی خەڵقی من لەم تەونە جاڵجاڵۆکەییەی لێکدانەوەکان کامیان هەڵبژێرن و کامایان ڕاستیەکانە؟!!.. ئایا ئەمە سووکایەتی نییە بە "مرۆڤبوون" و یاساکانی، بە منیش کە پەیوەندی خۆشویستنم لەگەڵ مرۆڤێکدا بێت کە هەڵوەدا و گومڕا کراوە؟!... ئەمە لەگەڵ ئەو پەیوەندییە ئەبەدییە بێپایانەی من لەگەڵ مرۆڤدا، پێچەوانەی یەکن. " هۆش" و "دڵ" لە مرۆڤدا سەرچاوەی ڕامان و هزر و هەڵوێستی مرۆیانەی مرۆڤە، هەر کەمایەسییەک لەم دووانەیەدا، پەکی کاری ئەوی تریان دەخەیەت و ڕەفتاری مرۆڤەکە لاسەنگ دەکات، کە زۆر جاران مرۆڤەکە دەخاتە باری تالووکەیی مەترسیدارەوە، زۆر ژیان لەم قۆناغەدا بۆ هەمەیشە، بەر لەوەی ئەرکی مرۆڤبوون بەجێبێنن، دەبنە دژە ژیان و مەرگی ئەهریمەنیانە.
----------
سەرنجەکان:
١ – چەکدارە موسڵمانەکانی سەر بە گرووپە موسڵمانە جیهادییەکان کاتێک مرۆڤێکی بێتاوان دەکوژن، ئاگر لە بوونی کەسێک بەردەدەن، ژنێک دەدزن و سەودا بە منداڵیکی کویلەکراویانەوە دەکەن، یا بەردێک دەهاوێژن هاواردەکەن: اللەاکبر
٢ - ئەوە چیرۆک نییە، من دەیان جار کە وەرگێڕیم دەکرد، لە نەخۆشخانەکانی سوێد ڕەفتاری ئاوام لە پزیشک و سیستەرەکان بینیووە.
٣ - هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە لە سەفەرێکیدا بۆ نیشتمان کوڕەکەشی کە لە لە سوێد گەورە بووە لەگەڵ خۆی دەبات، لەوێ کوڕەکەی نەخۆش دەکەوێت و دەیبات بۆلای ئەو پزیشکە بەڕیزە هەر بەو جۆرە کە بۆ ئێوەم نووسیەوەتەوە ئەو پزیشکە کوردە لەگەڵ کوڕەکەیدا ڕەفتاری کردووە.
٤- ئەو وتە گەوهەرینە، ڕاسپاردەی کاک ئەحمەدی موفتی زادەیە بۆ قوتابییەکانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست