بۆچی نەیارانی پارتی نەگەیشتنە پەرلەمان ؟
Tuesday, 05/11/2024, 18:13
سی و دوو ساڵی ڕەبەقە دژایەتی زوڵمو ستەمی دەسەڵاتم کردووە ، ئەرشیفی رۆژنامەنووسی و وتارەکانم شاهیدی ئەو ڕاستیەن . لەدوای ٣١ ئابیشەوە هەمیشە قەڵەمەکەم خستۆتە گەڕ لەهەردوو میدیای کوردی وعەەبیدا بۆ رسواکردنی خیانەتەکانی پارتی و هیچ دەستم نەپاراستووە لەڕەخنەی تووندوتیژ دژ بە کابینەکانی پارتی نادیموکرتی ناکوردستانی دیکتاتۆرو رەفتارفاشی . هەمیشە لەبەرەی گەلە ستەمدیدەکەم بوومەو لەسەر قسەی هەقو راستیدا قەت سازشم نەکردووە .
زیدەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم لەماوەی ساڵانی رابردوودا سەرانی پارتی تەکلیفی سێ سەرۆکیان کرد کەوا هەوڵم لەگەڵ بدەن بۆ ئەوەی نەختێ خاتریان بگرم لەڕەخنەکان ، بەڵام من تەنازولم نەکرد چونکە بە پەروەردەی خێزانمەوە ڕاهاتووم لەسەر قسەی هەق قسووری نەکەم ، هەردوو شۆڕشی گەلەکەشمان فێریان کردم تا دوا هەناسەم دیفاع لەمیللەتەکەم بکەم. سێ جاریش باجی گەورەم داوە لەسەر هەڵوێستەکانم .
جاری یەکەم لەساڵی ٢٠١٠ لەسەر بابەتێکی رەخنەییم لەداخستنی فەرمانگەیەکی حکومەت لەلایەن پارێزگاری هەولێری پارتییەوە درامە دادگاو بە یەک مانگ زیندانیکردن سزا درام .
جاری دووەم لەساڵی ٢٠١٤ دیسان لەسەر بابەتێکم بەزمانی عەرەبی لەسایتی ( ئیلاف ) سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانی نانبڕاوی کردم ، بە هەڕەشەو پارەبەخشین بە کەسێکی ناو رۆژنامەی ( الشرق الأوسط ) دەرکرام کە ١٤ ساڵ بوو کارم لەگەڵیان دەکردو بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێرو بەغدایان بووم .
جاری سێیەم ساڵی ٢٠١٨ فۆرمی کاندیدبوونم بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکرد ، بەڵام سەرکردایەتییە پڕۆپارتییەکانی ئەودەمی ناو یەکێتی رەفزیان دامێ ، بە بیانووی ئەوەی من زۆر دژی پارتیم !.
ئەمجارەشیان دوای دەرکردنی پڕۆپارتییەکانی ناو یەکێتی کاندیکرام بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان . بەڵام دیسان نەیانهێشت سەرکەوم .هەڵبەت دەڵێم نەیانهێشت چونکە زۆرباش دەزانم کەوا لەم هەڵبژاردنەدا تەزویرێکی یەکجار گەورە کراوە . هەموو خەڵکی کوردستان بە منداڵی ناو بێشکەوە دەزانن تورکیا تەزویرێکی گەورەی بۆ پارتی کردووە . بێگومان تەزویرەکە ئەو کاندیدانەشی گرتۆتەوە کە نەیاری پارتین یاخود دژی داگییرکاری تورکیان و ناوەکانیان دراوەتە دەزگای میت بۆ شکستپێهانیان . هەڵبەت دەزگای میت وپاراستن زۆرباش ئێمەومانان ئەناسن کە لەسەر شاشەکان بەتایبەتیش لە کەناڵەکانی نزیک لەپەکەکەوە دەرئەکەون و دیفاع لەخاکی کوردستان وئیدانەی داگییرکارییەکەی تورکیا ئەکەن .
من خۆم لەم تەمەنەدا زۆر منەتم بەوە نەبوو ببمە پەرلەمانتار ، تەنها ویستم ببم بە دەنگی هەق و لەناو پەرلەمان و داکۆکی لەمافی میللەتەکەم بکەم و ئەو شەڕەی لەسەر لاپەڕەکان لەدژی دەسەڵاتی ستمەکار دەمکرد بیبەمە ناو جەرگەی دەسەڵات ولەوێ رسوایان بکەم . بەڵام بەداخەوە پارەی دەسەڵات و خیانەت و خاکفرۆشتنیان رێگەیان نەدا ئەو ئومێدەم بێتە دی .
ئێستاش بەهەمان رووحیەتی کوردانەوە دەگەڕێمەوە سەر نووسینەکانم لەدژی دەسەڵاتی ستەمکارو دیکتاتۆرو فاشیزم تا دوا هەناسەشم لەبەرەی میللەتەکەی خۆمدا دەمێنمەوە . باقی وەلسەلام .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست