کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا دیموكراسی حوكمی كوردستان دەكات یان دەسەڵاتی بنەماڵە و گروپ و دەستە ؟

Tuesday, 05/11/2024, 18:11


لە مێژووی  (100)ساڵی رابردووی كوردا هیچ دەرفەتێك بە قەد راپەرینەكەی  ئازاری (1991)و ئازاد بوونی ناوچەیەكی بەرفراوانی باشووری كوردستان دەرفەتێكی زێرین نەبووە بۆ كوردی باشور بۆئەوەی بتوانن بە ئازادی بگەن و بونیادی كۆمەڵگایەكی بەهێز بنێن لە هەموو روویەكەوە بەتایبەتی لە لایەنی پەروەردەوە، دەسەلاتداری و ئابوری و سەربازیەوە. دەرفەتێكی گەورەبوو بۆ ئەوەی تاك و كۆمەڵگا ئاشنا بكرێت  بە بنەماكانی دیموكراسی و پێەوەژیان و قەبووڵكردنی یەكتر.
 بەڵام بەپێچەوانەوە لەبەر ئەوەی ئەو هێزە سیاسیانەی كە دەسەڵاتی سیاسیان گرتە دەست هەڵگری هیچ بیروباوەڕو ئایدوڵۆژیایەك نەبوون و  نەیانتوانی دەسەڵات و كۆمەڵگایەكی مودێرن و دیموكراسی دروست بكەن، بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژ كومەڵگایان بردە دواوەو هەرچی بیروباوەڕ و بیركردنەوەی كۆن و شێوازی دەسەڵاتداری خراپ هەیە پەرەیان پێدا.
 دەسەڵاتی ئەم (33) ساڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك دیموكراسی ئاشنا نەكرد بە خەڵك و حوكمی دیموكراسی نەهێنایەكایەوە بەڵكو دوو بنەماڵە بە تەواوەتی خۆیان سەپاندووەتە سەر هەموو جومگەكانی حكومەت و كۆمەڵگادا،  رۆژ دوای رۆژ هەرچی ئازادی هەیە پاشەكشێ دەكات رۆژانە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ روودەدات ،  هەر ناوچەیەكی كوردستان بەرپرسێك و گروپێك حوكمی دەكات، كۆی گشتی ئەم خراپ دەسەڵاتداریەی  باشوری كوردستان بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی خەلك دەنگ هەڵبڕێت و بڕژێنە سەر شەقامەكان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بەڵام بەداخەوە لایەنی دەسەڵاتدار نەك ئامادەنین گوێبگرن  لە خەڵك بەڵكو لە زۆربەی خۆپیشاندانەكانی شارەكاندا بە توندترین شێوە رووبەڕووی خەڵكی خۆپیشاندەر دەبنەوە و خەلك بریندار دەكەن و تەنانەت خەڵك دەكوژن وبرینداردەكرێن و  سەدان كەس دەستگیر دەكرێن، تەنها لە خۆپیشاندنەكانی (17)ی شوبات نزیك (20) لاو كوژرا و سەدان كەس برینداركرا، خەڵكێكی زۆر زیندانیكرا دەیان كەس لە ترسی گرتن هەڵهاتن بو وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا. تەنها لە ناو شاری سلیمانی (520) كەس گیران و دوای ماوەیەكی زۆر ئازادكران زۆربەیان بەناچاری رایانكرد بۆ دەرەوەی وڵات. دەیان رۆژنامەنووس تەنها لەبەر نووسین تیرۆركراوە نموونەی (زەردەشت عوسمان و ویداد حوسەین و سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی)،  چەندین رۆژنامەنووس حوكم دراون نموونەی (شێروان شێروەندی) و هاورێكان.
 لە خۆپیشاندانەكانی(2020)كە خەلك ئەنجامیدا بە پاڵپشتی هەڵسوراوانی (نەوەی نۆێ) بە توندرین شیوە خۆپیشاندانەكان سەركوتكرا لە لایەن  هیزەكانی حیزب و حكومەت و تەنانەت هیزی بەرپرسەكانەوە. لە ناو شاری كەلار (163) كەس گیران لە لایەن هێزەكانی (محمود سەنگاوی)ەیەوە كە ئەندام سەركردایەتی نیشتمانی كوردستانە ،  هاولاتیەك بەناوی(دارا حەمە عەلی) كە خەڵكی كەلارە بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریكای گیراوە كە چۆن لە ماڵەكەی خۆیدا رفینراوە لەلایەن هێزێكی دەمامدارەوە لە كەلار پاش تێهەڵدانێكی زۆر دواتر بەرەڵایانكردووە،  ئەم هاوڵاتیە بە ناچاری روودەكاتە دەرەوەی كوردستان و ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا نشتەجێیە.
 هاوڵاتیەكی تر بەناوی (هونەر حوسەین عەلی) كە چالاكەوانێكی (نەوەی نۆێ) یە لە شاری رانیە، یەكێك دەبێت لەو كەسانەی كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی (2020) دەكات لە رانیەو دەورووبەری بەڵام خۆپیشاندانەكەیان بە توندرین شێوە رووبەرووی لێدان و توندووتیژی دەبێتەوە، (رەحمان عەلی قادر) یەكێكە لەو كەسانەی كە بەشداری ئەو خۆپیشاندانەی كردبوو كە(هونەر حوسەین عەلی) و چەندین هاوڕێی  رێكیانخستبوو  دەگێرێتەوە و دەڵێت: زۆربەمان گیراین لە لایەن هێزەكانی (موستەفا عەوڵا شاوری)یەوە  كە بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە رانیە، دوای ئازاردانێكی زۆر هەموومانی رووبەرووی دادگاكردەوە بەڵام باش بوو بەربووین.
 دوای ئەوەی (هونەر حوسەین عەلی) بۆ جارێكی تر سەرپەرشتی خۆپیشاندانێكی تری كرد لە مانگی(9) ساڵی (2021) لەو خۆپیشاندانەكەدا وێنەی (موستەفا عەوڵا شاوری)ی دەدڕێنرێت لە لایەن (هونەر حوسەین عەلی) هێزەكانی (موستەفا عەوڵا شاوری) هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی بەمەبەستی دەسگیركردنی بەڵام لەبەر ئەوەی لەوكاتەدا  ماڵ نەبوو نەگیرا،  هەر بۆی بە ناچاری هەڵدێت و روو دەكاتە وڵاتانی ئەوروپا.
 لە كۆتایدا ئەوەی ماوە بیڵێن بەداخەوە رۆژ لە دوای رۆژ حوكمی دوو بنەماڵەو  بەرپرسەكانی چواردەوریان بە هیزتر دەبێت و دیموكراسی و ئازادیش بەرتەسكتر دەكرێَتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە