کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خانەنشینیەکەی بارزانی و تالەبانی تا ئەم چرکەساتەش ڕاستەوخۆ لە بەغدا وەردەگیرێت

Tuesday, 05/11/2024, 18:07


تەوتین یان هەژماری من...

پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمیش لە حزبەکەی خۆیەتی ماوەی زیاتر لە ۳۰ ساڵە داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان تاڵان دەکەن، زۆر جار ناکۆکی لەسەر ئەو داهاتە لە نێوانیان دروستبووە و تا شەڕی ناوخۆش چووە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەغدا لەڕێگەی دەستوور و یاسا و دادگای فیدرالی لە هەوڵی سنووردارکردنی دەسەڵات و گەندەڵیەکانی پارتی و یەکێتییە، بابەتی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە لایەن بەغداوە، بەشێکە لە داواکاری خەڵکی هەرێم کە بەغدا هەنگاوی بۆناوە.
جێگەی باسە کە پ د ک دژی ئەو بڕیارەیە و هەوڵدەدات (هەژماری من)  بکاتە ئالتەرناتیفی تەوتینەکەی بەغدا، یەکێتیش هەڵوێستی شەرمنانەی هەیە و ڕەنگە بە بەشەکەی خۆی ڕازی نەبووبێت کە پارتی بۆی دیاریکردووە، لەوانەشە دواجار ئەویش بە هەژماری من رازبێت.
 پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا پارتی بۆ دژی بڕیاری تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانە لە لایەن بەغداوە بێت؟، چونکە:
-  پارتی  ساڵانێکە لەڕێگەی مووچەوە تەواوی فەرمانبەرانی سنووری زۆنەکەی خۆی خستۆتە ژێر کۆنترۆل و وەک هەڕەشە و چەکێکی کاریگەر  بەرامبەر بە فەرمانبەران بەکاریدەهێنێت.
- پارتی و تا رادەیەک یەکێتیش ژمارەیەکی زۆری ئەندام و لایەنگرانی خۆیان وەک بندیوار خستۆتە لیستی مووچەخۆران کە مووچەکانیان لەگەڵ بەشدەکەن.
- (تەوتین) هەموو ئەو ساختەکاریانە ئاشکرادەکات و سنووری بۆ دادەنێت، بۆیە لە بەرامبەردا هەوڵدەدەن لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە بەردەوامی بە دزی و گەندەڵی بدەن و کۆنترۆلی مووچەخۆرانیان لەدەست دەرنەچێت.
سەرانی دەسەڵاتی هەرێم  لە مەسعود بارزانیەوە کە ئێستاش مووچەی ئەندامبوونی خۆی لە مەجلیسی حوکمی سەردەمی پۆل برێمەر، ڕاستەوخۆ لە بەغدا وەردەگرێت، تەنانەت خانەنشینیەکەی تالەبانیش لە لایەن کوڕەکانیەوە وەک وارس ڕاستەوخۆ لە بەغدای وەردەگرن،  بە هەزاران وەزیر و پەرلەمانتار و ڕاوێژکار و.. هتد کە لە دوای ۲۰۰۳ وە لە بەغدا پۆستیان وەرگرتووە ئێستاش ڕاستەوخۆ مووچە لە بەغداوە وەردەگرن، کەچی دژی ئەوەن مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە وەرگرن کە چەندین ساڵە  سەرانی دەسەڵاتی هەرێم لەژێر ناوی پاشەکەوت و لێبڕین و ..هتد، مووچەی خەڵک دەدزن.
لە هەموشی  کارەساتبارتر ئەوەیە، بە تایبەتی پارتی، بابەتی تەوتینی بە مەسەلەی کوردایەتی و کەرامەتەوە دەبەستێتەوە، وەک ئەوەی هێنانی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێم و تەداخولی ئێران ئاسایی و  کوردایەتی بێت، داواکاری خەڵکیش بۆ مافی خۆیان بێ کەرامەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە