کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیزب ومیللەت و هەڵبژاردن

Tuesday, 29/10/2024, 9:44


هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات و ئەنجامەکانیشی دەرکەوتن وهیچ گۆڕانکاریەکیش رووینەدا ، ئەمەش هەروەک ئەوە وایە خودی هەڵبژاردنەکە لەزیادە بووەو هیچ پێویستی نەدەکرد ئەم هەموو پارەیەی تێدا سەرفبکرێ و میللەتیش دوو ساڵ پێوەی سەرقاڵ بکرێ ، چونکە دیسان هەمان حزب و هەمان دەموچاو هەمان رێزبەندیش ئەنجامەکەی بوو . ئەوەی کە روویدا عەلۆ بووە جەلۆ ، بەکر شوێنی خدری گرت . هەمان تاس وهەمان حەمام . پارتی یەکەم ، یەکێتی دووەم ، نەوەی نوێ شوێنی گۆڕان گرتەوە ، حاجی عەلی هاتە شوێنی مەلا عەلی . ئەم هەموو جاشایەتیەی پارتی بۆ تورکیاو چاوساغییەکانی بۆ لەشکرەکەی و تەسلیمکردنی داهاتی وڵاتەکمان بە خێزانی ئەردۆغان ، پاداشتەکەی وەرگرتەوە بە ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە . دونیاش هەر وابووە ( ئەخز و عەتایە) . سندان لەئیرادەی میللەتیش بات. هەر ئەسڵەن ئەم میللەتەی ئێمە کەی ئیرادەی هەبووە ؟.
کاتێک چوومە بنکەی دەنگدانم دەیان پیرەژنو پیرەمێردم بینی لەگەڵ کوڕو نەوەکانیان بە کارتی دەنگدانەوە ئەهاتنە ژوورەوە ، ئەم پیرەژنو پیرەمێردانە چی ئەزانن لەبارەی گۆڕانکاری لەسیستەمی حوکمڕانیدا ؟. چی لەمافی دیموکراسی تێئەگەن ؟. ئەو کوڕو نەوانەی لەگەڵیان بوون هەر خۆیان لەجیاتی ئەوان مۆرەکەیان پێوەنا !. ئەوانە دەنگدەرانی کوردستانن !. تەلەفۆن بۆ کەسێک کراوە بەناوی ناوچەوە خۆتو خێزانەکەت وەرنە بنکەی دەنگدان و هەمووتان دەنگمان پێبدەن ئەگینا زەرەر ئەکەن !. کابرا ئەگەر حیزبیش نەبێ چی داوە لەم سەر ئێشەو تەشقەڵەی رێکخراوو ناوچە ؟ بۆ خۆی تووشی نەهامەتی بکات ؟ هەڵبەت دەچێ و دەنگ بە پارتی ئەدات ، ئەمەش دەنگدەری کوردستانە !. فەرمانبەر وا تێگەیەندراوە ئەگەر دەنگ بە پارتی نەدات مووچەکەی ئەبڕدرێ ، پێێ وتراوە پارتی هەموو شتێک ئەزانێ بۆیە دەنگ بە پارتی نەدەی چاوەڕێی معاش مەکە . کابرا دەڵێ دەنگی من هیچ گۆڕانکاری دروستناکات ، بۆچی قووتی منداڵەکانم بخەمە خەتەرەوە!. ئەوەش دەنگدەری کوردستانە . سەرۆک عەشییرەت خاوەنی هەزاران کەسە و مانگانە دیوەخانانە وەرئەگرێ ، کوڕو نەوەکانی بەرپرسن لەناو پارتیدا ، بۆچی لەخۆی و عەشییرەتەکەی تێکئەدات و لەپێناوچی گۆڕانکاری بکات و رزقی خۆی ببڕێ ومناڵەکانی لەپۆستەکانیان دەربکرێن . ئەمانەش دەنگدەری کوردستانن !.هەزاران جاشو کۆنە بەعسی پارتی داڵدەی داون و مووچەی باشیان بۆ بڕاوەتەوەو هەندێکیان پلەی عەسکەری گەورەشیان هەیە ، بۆچی ماڵی خۆیان وێران بکەن و چارەنووسی خۆیان بخەنە  دەست حزبێک کە هەڕەشە بێت بەسەریانەوە . ئەوانەش دەنگدەری کوردستانن !.هەزاران خاوەن کۆمپانیا کە لەژێر سێبەری پارتیدا ملیۆنان دۆلاریان دستکەوتووە ، بۆچی لەخۆیان تێکدەن و دەنگ بە حزبێکیتر بدەن کە هیچیان پێناکرێ . ئەمانە خۆیان وکرێکارەکانیشیان دەنگدەری کوردستانن !.
حزبێک ئەم هەموو دەنگدەرە بێئیرادەو موستەفیدو خۆفرۆشانەی هەبێت ، هەڵبەت لەگەڵ چیینیشدا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە هەمیشە براوەیە . جا تۆی کورد چاوەڕێی چی گۆڕانکارییەک ئەکەی ئەمانە  دەنگدەری هەڵبژاردن بن ؟!

(جیهازی ئەلکتڕۆنی)

ستالین دەڵێ " گرنگ نیە چی ئەچێتە ناو سندووقی دەنگدانەوە ، گرنگ ئەوەیە چی لێدەرئەچێ وکێ ئەیانژمێرێ ". ساختەکاری کراوە لەم هەڵبژاردنە ؟ بەڵێ کراوە .
هەر ئامێرێکی تەکنۆلۆژی بە داتا کار ئەکات . چی داتایەکی بخەیتە ناو زاکییرەکەیەوە هەر ئەوت بۆ خەزن ئەکا . هەر فەرمانێکی بدەێتی ئەوت بۆ جێبەجێ ئەکات . ئامێرەکانی دەنگدانیش بە فەرمان ئێش ئەکەن . کە تۆ فەرمانت پێکرد فڵانم بۆ دەرچووێنە ، ئەویش ئەم فەرمانەت جێبیەجێ ئەکات .
گەورەترین دەزگای موخابەراتی لەگەورەترین وڵاتانی دونیادا دووچاری هێرشی ئەلکترۆنی ئەبن . هاکئەکرێن ، داتاکانیان دەستکاری ئەکرێن ، فایرۆسیان تیا ئەکرێ . ئامێرێکی هەڵبژاردن بۆچی ناتوانرێ هێرشی بکرێتە سەری و داتاکانی بگۆڕدرێن ؟.وڵاتێکی گەورەی وەکو تورکیاو ئێران لەتوانایاندایە دەستکاری هەموو ئامێرێکی دەزگا موخابەراتییەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان بکەن ، بۆ پێمان سەیر بێت ئەگەر تورکیا لەبەرژەوەندی پارتی دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کردبێ .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ، یەکێتی وەکو رکابەری تا سەرئێسقانی پارتی لەم موعادەلەیەدا لەکوێی ئەم ساختەکارییانە بووە ؟. ئایا دڵنیایە لەساختەکاری ؟. ئەگەر دڵنیایە بۆچی هیچ کاردانەوەی نەبووە ؟. بۆچی ئەویش بەش بەحاڵی خۆی هانای بۆ ئێران نەبرد فریای بکەوێ و هاوکێشەکە راستبکاتەوە یاخود هەر هیچ نەبێ هاوسەنگییەک لەژمارەی دەنگەکانی بکات ؟.
بێگومان یەکێتی درکی بەو ساختەکارییە کردووە . ئینجا یا ئەوەتا ئەویش بە سەفقەیەک بەشێکی لەو ساختەکارییە بەرکەوتووە ، یانیش لەترسی تورکیا نەیوێراوە هەڵوێست وەربگرێ بەمەش حزب و کاندیدو دەنگدەرەکانیشی بەقوربانی ئەو بێدەنگییەی کردووە !.ئەوەی یەکێتی بەدەستی هێناوە هیچ سەرکەوتنێکی تێدا نەبووە ، دوو کورسی زیادە هیچ لەپێگەکەی نەگۆڕیوە ، ئەوەی چاوەڕواندەکرا لەسەرووی سی کورسییەوە بێت لەبەرامبەریشدا پارتی دابەزێت بۆ خوار سی کورسی .بەڵام مەسەلەکە هەروەکو پێشتر دیزاینی بۆ کرابوو دیسان پارتی بە پانزە کورسی پێش یەکێتی کەوت . لەبەیاننامەیەکی شەرمنانەدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی رازیبوونی خۆی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن راگەیاند . دەنگدەرو لایەنگرانی خۆی بێئومێد کرد لەو گۆرأنکارییەی بانگەشەی بۆ ئەکرد . لەولاشەوە چوار حزبی بەشدار لەهەڵبژاردن ئەنجامەکانیان رەتکردەوە ، ئەگەر یەکێتیش بچووبایەتە پاڵیانەوە بێگومان پرۆسەکە بەتەواوی شکستی ئەهێناو سەرلەنوێ هەڵبژاردنێکی پاکتر بەڕێوە ئەچوو . بەڵام یەکێتی وەکو هەموو  جارێک وتوومە خۆی رازییە ببێتە حزبی دووەم قەت چاوی لەحزبی یەکەم نەبووە !. ئایا ئەمە ترسە ، یاخود هاوکێشەیەکی دیزاینکراوە ، الله أعلم .
چوار حزبی دەرەوەی دەسەڵات بە هەموویانەوە سەت هەزار دەنگیان هێناوە ، مادام ئەنجامەکە بە ساختە ئەزانن ، بۆچی ئەم سەت هەزار دەنگدەرەی خۆیان نانێرنە سەرشەقام وەکو هەر میللەتێکی زیندوو خۆپیشاندان بکەن و هەڵبژاردنەکە رەتبکەنەوە و داوای دووبارەکردنەوەی بکەنەوە ؟؟!!. خۆ لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا ئەمە روویداوە . بۆچی ئێمە ناتوانین بە هەڵوێستێکی مەدەنیانە ماف بۆ میللەتو دەنگدەرەکانمان بگەڕێنینەوە ؟؟!!. ڕەنگە ئەو چوار حزبانەش چاویان لەبەشێک بێت لەکێکی دەسەڵات .. الله أعلم .

(ئەنجامەکان)

ئەنجامەکان راگەیەندران . تانەلێدان و ناڕەزایی کاندیدان هیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێ .
کۆمسیۆنی بەغدا ڕۆڵی چی بووە لەگۆڕینی ئەنجامەکان . هەر لەسەرەتاوە ئەمزانی کۆمسیۆن رۆڵێکی ئەبێ لەدەستکاریکردنی ئەنجامەکان . چونکە ئەویش دەزگایەکی سەربەخۆ نیە وەکو ناونیشانەکەی ئەڵێ . ئەویش مەحکوومە بە کاریگەری حیزبەکانی دەسەڵات لەعیراق و کوردستان کە هەزاران بەرژەوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەیە . لەم وڵاتە وێرانەی ئێمە کە ناوی عیراقە دامودەزگای دەوڵەت رۆڵێکی ئەوتۆیان نیە ، ئەوەی حوکم دەکات کۆمپانیاو مافیاو گەندڵکاری و وەلائی دەوڵەتە ئیلقیمییەکانە ، ئەوانیش بەرژەوەندییەکانیان حوکم دەکات . بۆیە ئەگەر هەندێ لایەنی عیراقی بە تایبەتیش شیعە دەسەڵاتدارەکان چاوپۆشی لەساختەکاری پارتی بپۆشن ، حەتمەن مەسەلەکە پەیوەندی بە کاری مافیایی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانەوە هەیە . ئەگینا بۆ ناپرسن ئەم هەموو سامانەی کوردستان بەدرێژایی ٢٠ ساڵی رابردووی دوای رووخانی رژێمی صەدام لەلایەن پارتییەوە ئەدزرێ ، ئەم هەموو نەوتە بەقاچاخ ئەفرۆشرێ ، ئەم هەموو ملیاران دۆلاەری گومرگ ئەدزرێ ، بۆچی دەسەڵاتی بەغدا هیچ قسەیەکی لەبارەیانەوە ناکات ؟. هەڵبەت ئەوان خۆشیان بە ملیاران دۆلاریان لەسامانی عیراق دزیوە و پارتی بەڵگەی ئەوانیشی لایە بۆیە ئەویش بێدەنگی لێکردووە . عەرەب قسەیەکیان هەیە کە دەڵێ (شیلنی اشیلک) . بە مانای هەڵمبگرە هەڵتئەگرم . واتا هەردووکمان شەریکین .
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش وەک هەر دەزگایەکی تری عیراق دەسکەلایەکە بەدەست هێزە گەورەکانەوەو ئەوانیش بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ یەکتری پارتیش بەشێکە لەم هاوکێشەیە . بۆیە کۆمسیۆن وئەوانەی لەپشتیشن پشتی پارتی بەرنادەن بۆ دوو حزبی تازە هەڵتۆقیو کە هیچ پێگەیان نیەو خاوەن هێزێکی ئەوتۆ نین ترس بخەنە ناو هاوکێشەکانەوە .
پارتی قەت دەستبەرداری حوکمەکەی نابێت لەکوردستاندا . ئەو خۆی بە خاونی هەموو کوردستان ئەزانێ . وەکو مییراتێکی لەباوکو باپیرانەوە بۆی مابێت تەسەڕوف دەکات . خۆی بە ئاغایەک ئەزانێ کە نابێ رەعییەت لەقسەی دەربچن . کەس بۆی نیە هەڕەشە لەپێگەو مەقامیان بکات . ئەگەر پشکە پشییلەیەک بۆ ئەوانیتر هەڵبدات ئەبێ ڕازی بن وبێدەنگ بن . هەمو حزبەکان بە یەکێتییشەوە بەم پشکە رازین .
یەکێتی چل ساڵە درێژە بە هەوڵەکانی جەلالیەکانی پێشتر ئەدات بۆ گۆڕینی ئەم شێوە حوکمڕانییە ، بەڵام هەمیشە شکستی هێناوەو نەیتوانیوە موعادەلەکە بگۆڕێ . ئەسبابی ئەمەش زۆرە . هەر لەخیانەتەکانی پارتی و تەوزیفکردنی حزبەکەیان لەخزمەتی ئەجیندای دەوڵەتە ئیقلیمییەکانەوە تا دەگاتە بەکارهێنانی داهاتی گشتی و دزینی سەروتو سامانی میللەتو کڕینی ویژدانی خەڵک وحزبەکان .
یەکێتی نەیتوانیوە تەنانەت لەزۆنی حوکمڕانی خۆشیدا ئیدارەیەکی تەندروستی دەسەڵاتەکەی خۆی بکات و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنەکاندا هەبێ . پارتی بەهەڕەشەو چاوسوورکردنەوەو بەخشینی پارەو پۆست حزبەکانی زۆنی خۆی بێدەنگ کردووەو حوکمی موتڵەق ئەکات ، بەڵام یەکێتی نەیتوانیوە دروشمە هاوبەشەکانی لەگەڵ لایەنەکانی تریش تەوزیف بکات لەململانێیەکانی لەگەڵ پارتیدا .
لەخولی سێیەمی پەرلەماندا یەکێتی خاوەن ٣١ کورسی بوو ، گۆڕانیش ٢٥ کورسی .بەبێ کورسی حزبەکانیتر یەکێتی تەنها لەگەڵ گۆڕاندا رێکبکەوتایە ٥٠+١ کورسییەکانی دەهێناو حکومەتی بەبێ پارتی تەشکیل دەکرد .لەخولی چوارەمدا پارتی ٣٨ کورسی هەبوو ، یەکێتی ١٨ کورسی وگۆڕان ٢٤ کورسی ، دیسان ئەگەر لەگەڵ گۆڕان رێکەوتایە بە ٤٢ کورسی ئەبوون بە زۆرینە وحکومەت تەشکیلکردن بەوان ئەسپێردرا.لەوکاتەوە یەکێتی ئەیتوانی بەبێ هیچ حزبێک تەنها بە رێکەوتن لەگەڵ گۆڕان کە ئەوانیش لەڕەحمی یەکێتی هاتبوونە دەرەوە سەرۆکایەتی حکومەت بەدەستەوە بگرن . خۆ دواتریش بەپێی رێکەوتنی دەباشان ئەم لێکنزکبووونەوە روویدا بەڵام کاتەکەی بەسەرچووبوو .وەک پێشتر وتوومە یەکێتی خۆی نایەوێ ببێتە حزبی یەکەم .
پرسیارە گەورەکە لێرەیە . نەوەی نوێ تەنها یەک کەس بەڕێوەی ئەبات ئەویش شاسوارە ، یەک تەلەفزیۆنی هەیە . نە وەکو یەکێتی مەکتەبی رێکخستن و ئیعلام وپەیوەندی و رێکخراوە جەماوەرییەکان ، نە خاوەن بیست هەزار شەهیدو سەدان هەزار هێزی پێشمەرگە ، نە خاوەن مێژوویەکی پر لەسەروەری و دەیان داستان ، نە خاوەن ئەم هەموو سیاسەتمەدارە گەورانەو سەرکردەیەکی کاریزمایی وەک  مام جەلال و نەوشیروان وئەوانیتر ، نە خاوەن ئەم هەموو نوێنەراتیانەی وڵاتانی دونیا ، نە خاوەن ئەو تەجرووبانەی حوکمداری ، کەچی کەسێک بە تاکە تەلەفزیۆنێکەوە نەک رکابەری لەزۆنەکەی خۆیدا ئەکات ، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانیش خەریکە پشتی لەعەرز ئەدات ؟!. وەکو پێشتر وتوومە یەکێتی خۆی نایەوێ ببێت بە حزبی یەکەم .

(کابینەی دەیەم)

پارتی خۆی بە براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە ئەزانێ ئەوەش راستەو مافی خۆیەتی . دوای ئەوەی ترسێکی یەکجار زۆری هەبوو لەدۆڕانی ئەم هەڵبژاردنە ئێستا بە تەزویری هەڵبژاردنەکە دڵی ئارامەو ترسیشی نەما ، بۆ چوار ساڵی داهاتووش  حوکمو دەسەڵات هەر لای خۆی ئەبێ . مەسعود بارزانی زۆر پەرۆشی ئەم سەرکەوتنە بوو تاکو مەسروری کوڕی لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوەو ببێتە جێگری خۆی لەم دوایی تەمەنەیدا . پێشتریش ئاماژەم بەوەدابوو کەوا مەسعود ئەیەوێ مەسروری کوڕی تا چوار پێنج کابینەی حکومەت هەر سەرۆک بێت بارتەقای نێچیرڤان . ئێستا ئەو ئاواتەشی هاتەدی و بەهیچ شێوەیەک تەسەوڕ ناکەم بۆ کابینەی داهاتوو دەستبەرداری ئەم پۆستە بێ بۆ مەسرور . عەلی حوسێن بەردێکی هاوێشت و بەڕاشکاوی وتی : سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت هەر لەپارتی ئەبن !. ئەم قسەیە ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی سیاسی کە لەداهاتوودا تووشی هەرێم دەبێ . چونکە کە حکومەت چووە دەست مەسرور دەبێت پۆستی سەرۆکی هەرێم بە پێی مەنتق بدرێتەوە یەکێتی . یەکێتی ئـێستای بافڵ تاڵەبانی تەنازول لەیەکێک لەم پۆستانە ناکات . ئەو مام جەلالی رەحمەتی نیە تەنازولات بۆ پارتی بکات لەپێناو ئارامی کوردستان . ئەو هەموو تەحەدییانەی لەبانگەشەدا کردی ، ئەو یەکخستنی بڕیاری یەکێتی و ، ئەو هەوڵانەی بۆ دوورخستنی پڕۆپارتییەکان کردی لەوە ناچێت هیچ جۆرە تەنازولێک بکات لەیەکێک لەم پۆستانە بۆ پارتی. لێرە کێشەیەک دێتە پێشەوە ، ئایا چارەنووسی نێچیرڤان بارزانی چی ئەبێ ئەگەر هەردوو پۆستەکە پڕکرانەوە بەبێ ئەو ؟.هیچ یۆستێکی شایەن بە ئەو ئەمێنێ؟. بەلای منەوە پۆستی سەرۆکی هەرێم لەوجوودی مەسرور بارزانی لەپۆستی سەرۆکی حکومەتدا هیچ قییمەتێکی ئەوتۆی نیەو نابێ . چونکە لەم خولەی پێشوودا کە نێچیرڤان سەرۆکی هەرێم بوو هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبوو بەسەر حکومەتەوە، یاخود با بڵێین نەیدەویست ئەسڵەن تەداخول لەکاری حکومەت بکات بۆ ئەوەی تووشی بەریەککەوتن نەبێت لەگەڵ ئامۆزاو خەزوورییەوە . ئەم پۆستە ئەگەر یەکێتی وەریبگرێت هەمان پۆستە پرۆتۆکۆڵییەکەی بەغدای لێدێت و هیچ دەسەڵاتێکی نابێت . دوور نیە کاک بافڵ خۆی یان کاک قوبادی برای تموحی ئەوەیان هەبێت ببن بەسەرۆکی هەرێم تەنها لەبەر گەورەیی ناوی سەرۆک ، بەڵام لەمەحسەڵەدا یەکێتی زەرەرێکی گەورە ئەکات چونکە مەسرور لەسەر هەمان سیاسەتی پۆلیسییانەی خۆی بەردەوام ئەبێ و یەکێتیش هیچی پێناکرێ بۆ راگرتنی . لەلایەکی تریشىەوە پێموایە دانی ئەم پۆستە بە یەکێتی وەکو دوورخستنەوەیەک وایە کە کاتی خۆی لەگەڵ ڕەوانشاد مام جەلالیان کردو مەسعود بووە حاکمی موتڵەقی کوردستان . بەدووریشی نازانم چۆن وڵاتانی ئیقیلیم بە تاییبەتیش تورکیا کە ساختەکاری لەم هەڵبژاردنە لەبەرژەوندی پارتیدا کردی ، بۆ جارێکیتر فشار بخاتە سەر یەکێتی بۆ ئەوەی دەستبەرداری هەردوو پۆستەکەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بێت . ئینجا بە هەڕەشە بێت یان بەهەر شێوازێک ، لێرەدا یەکێتی دیسان تەنها پۆستی جێگرەکانی سەرۆکایەتی و حکومەتی بۆ دەمێنێتەوە بەمەش وەزعە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفرو کورد وتەنی (عەینەن تاس و عەینەن حەمام) . لەمەشدا یەکێتی بە تەواوەتی میسداقییەتی خۆی لەدەست ئەدات و جارێکیتر میللەت دەنگی پێ ناداتەوە . باشترین بژاردە لەم حاڵەتەدا ئەوەیە ئەگەر یەکێتی نەیتوانی سەرۆکایەتی حکومەت بەدەست بێنێ ، ببێتە ئۆپۆسزیۆن باشترە لەوەی بە جێگرییەکان رازی بێت .
لەکۆتاییدا نایشارمەوە تارمایی دوو ئیدارەی باڵی بەسەر هەڕیمەکەماندا ئەبینم ، چونکە پارتی پێشتر زۆر مەغرور بوو ، ئێستا کە لەوپەڕی بێئومیدییەوە هاتە سەر سەرکەوتنێکی ساختەو دیزاینکراوو ترسەکەی ڕەویەوە دیسان بە مەغروریەتی خۆی مامەڵە بە دەسەڵات بکات کە ئەمەش قابیلی قبووڵی سەرۆکی بە هێزی یەکێتی نیە . بۆیە ئەگەر دامەزراندنی کابینەی دەیەمی حکومەت ساڵێک زیاتری نەوێ ، بێگومان کێشەیەکی  گەورە دەخوڵقێ و بەدووری نابینم لە ئاکامدا بە دوو ئیدارەیی کۆتایی پێ بێت .باقی وەلسەلام ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە