گوللـه ی نێوان پێست و ئێسک! (ئاوێنەی چوارەم)
Friday, 25/10/2024, 11:02
بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " هیچ میللەتێک وەک کورد پێویستی بە ئاشتی نییە، چوونکە هەر لە ئارامیدا دەتوانێت پێشبکەوێت".
" کورد هەرگیز پەلاماری کەسی نەداوە، هەرکەس لە کوردستان کوژرابێ، بێگومان خۆی هاتۆتە بەر کوتەکەی کورد".
بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد، وەک بزووتنەوەی نەتەوەیەکی نیشتمان دابەشکراو و داگیرکراو، لایەن و ڕوخسار و قۆناغی زۆری بە خۆیەوە دیوە و پێیاندا تێپەڕیوە، یاسایەک یا دەستوورێکی نەنووسراوە لە خەباتی ئازادیخوازیی ئەم نەتەوەیەدا هەیە کە ئەوانەی نوێنەرایەتی سیاسەتی کوردییان کردووە( کە هەمیشە کەمینەیەک بوون) یا لێی تێنەگەیشتوون یا دەرکیان پێنەکردووە یا بە ئاشکرا بۆ خواستی دنیایی، خۆیان لێگێل کردووە. ئەویش ئەو دەستوورە بنجییەیە کە: نەتەوەی کورد، وەک هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکانی تر، تەنیا کۆمەڵێک خەڵک نین لە ناوچەیەکی دیاری کراودا کە تەنییا حەسرەتی دەروونییان خەو و خۆراک بووبێت، ژیان بەهەموو خەیاڵ، بزووتن، هەوڵدان و خواستە باڵاکانییەوە، لەناو ئەم نەتەوەیەدا ڕەوان بووە و پێویستییە ژیانە مەعنەوی و مادییەکانی بەرهەم هێناوە، لە زۆر لایەنەوە خواستە ڕۆحییەکانیان(کلتوور بەرهەمی ئەم خواستە ڕۆحییە) لەلای ئەم نەتەوەیە بە قۆناغ وا لە پێش میللەتانی دەوروبەرییەوە، کە ئەمە زیانی گەورەشی لێداوە، کاتێک لەشکری ئەو میللەتانەی کە بەشێک لە نیشتمانەکەیان لێ داگیرکردووە، تاسەر ئێسقان نا مرۆڤ، نزم لە ڕەفتاردا، وەحشی لە کرداردا و سپڵە لە پەیوەندیدا، مامەڵەی ڕۆژانەیان لەگەڵدا کردووە.
ئەو کوردە تەنگە جیکەڵانەی کە چاویان لێڵایی داهاتووە و بۆوەی وا نیشانی بەن لە مۆدێرنەتە دوانەکەوتوون و ئەوروپایانە بیردەکەنەوە(لە ڕوانگەی خۆیانەوە)، لێم ڕاست نەبنەوە و تۆمەتی فاشستم نەدەنە پاڵ، من باسی نەتەوەیەک دەکەم:
شەوی مەرگە، ڕۆژی سێدارەیە، جەژنی شیوەن و شایی قەنارەیە، بەڵام هەر زیندووە.
• شەڕی کلتووریی...
یەکێک لە هۆ بەهێزەکانی مانەوەی نەتەوەیەک، بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەی هێزی ئەو نەتەوانەیە کە مەترسی دەخەنە سەر بوونی نەتەوەکەمان، لە حاڵەت و باری ژیاریی ئێستای نەتەوەکەی ئێمەدا ، بەرگرییەکە لە بوونییەتی و بەرەنگارییەکەشی بەرانبەر چوار کلتووری ناڕەسەن، چوار لەشکری فاشست و چوار ئابووری قەبە و چوار بیرکردنەوەی تینووی خوێنە، ئەو مرۆڤانەی کە ڕووکەش بۆ شارستانەتی کورد دەڕوانن سەریان لەوە دەسووڕمێ کە ئەم نەتەوەیە چۆن ماوە و لەگەڵ مانەوەشیدا گەشەی کردووە؟!!.
هیچ نەتەوەیەک نەماوەتەوە، ئەگەر خاوەنی شارستانەتێکی قووڵ و بەهێز نەبووبێت، لەو جۆرە شارستانەتانەی کە دەتوانن هەموو هاتووەکان لە خۆیاندا بتوێننەوە و خویان نەتوێنەوە. لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە گوڕێ و دێتەکردن کە ئایا ئەم هاوکێشەیە ئەو خەڵکانەش دەگرێتەوە کە دەووری ئێمەیان داوە و پاشان بەشێک لە خاکی ئێمەیان داگیرکردووە؟!.
لەم ناوچەیەدا کە لە کۆتایدا بە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاتە پێناسەکردن، نەتەوەکان هەموویان خەڵکی بنەڕەتی ئەو خاکە نین، کە پاش شەڕە قورسەکان، بە تایبەت شەڕە جیهانییەکان مۆزایکگەلێکی لێ مۆنتاجکرا و دەوڵەتگەلێکی لەسەر قووتکرانەوە بەناوی دەوڵەتنەتەوەکانی وەک: تازی، ڕۆم و عەجەم. ئەوە نایەتە ڕەتکردنەوە، کە هۆزگەلی بچووک و بە قەوارە مامناوەند لەم سەر زەوییە مەزنەدا هاتووچۆی بازرگانی و کوێستان و گەرمیانیان بووە، بۆ لەوەڕاندنی مەروماڵاتیان، ئەمەش جۆرێک پەیوەندی بدە و بستێن ( لێرەدا: مامەڵەی بازرگانی) لەنێوان خەڵکی بنچینەیی و ڕەسەنی ئەم سەرزەوییەدا و ئەو هۆزە ڕەوەند و مامەڵەچیانەدا، دروست کردووە، چوونکە ئەم هۆزگەلە ڕەوەندانە تا تووخومی وڵاتگەلی وەک: یەمەن، هیندوستان، ئەفگانستان، مەنگۆلستان و نزیک چینیش چوون و بەرهەمگەلی وەک قوماش و پارچە و داودەرمان و شتگەلی پێویستی ژیانی ڕۆژانەیان لەگەڵ خۆیان هاوردووە و لەگەڵ خەڵکی ناوچەی میدیا و زاگرۆسدا بدە و بستێنیان پێکردووە. بەڵام ئەم هۆزە ڕەوەندانە تا ساڵانێکی زۆر هەر بە ڕەوندی مانەوە و نەیانتوانی بننە بەشێک لە خەڵکە ڕەسەنە خاوەن زەوییەکەی ئەو خاکە مەزنە، ڕەنگە لە ساڵانی دوایدا بە درەنگەوە، هەم مامەڵەی بازرگانی، هەم پەیدابوونی ژنوژنخوازیی لەگەڵ ئەو ژنگەل و کچگەلەی لەناو ئەم هۆزانەدا بوون، ڕێگای بۆ هەندێ لە ماڵباتەکانی ئەم هۆزگەلانە خۆشکردبێ کە لە سووچ و قووژبنێکی ئەم خاکەدا خۆ مەڵاس بدەن و هێدی هێدی، سنگی دەوارەکانیان لە دڵی ئەم نیشتمانەدا بچەقێنن، بەڵام: هەرایەکی کە بە پانە و پانی ڕووخساری هزریی، کلتووریی و کۆمەڵایەتی ئەم خاکەی بەیەکدا شیواند و دەسەڵاتی لە خاوەن ماڵ سەندەوە و دای بە غەریبە و غەوارەگەلێک، پەلاماری خوێناوی سپای موسڵمانان بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفەی دووەمی سیستەمی موسڵمانەتیدا، عومەری کوڕی خەتاب، کە هەموو ئەو تاوانانەی لەو نەتەوانە کران کە لەسەر ڕێگای ئەم لەشکرە تینووە بە خوێنەدا بوون، دایە پاڵ خودا و فروانکردنی ئاینی خودا، لە حاڵێکدا کە لەم سەرزەمینەدا بەر لەوەی ئەم لەشکرە بگات و زۆر بەر لەوەی ئەوان لە ناوچەی خۆیان پاش ڕشتنی خوێنی زۆری ئاینپەرستەکانی دی کە بەر لە موسڵمانەتی، وەک ئاینی موسا و ئاینی عیسا، لەو ناوچانەی دوورگەی عەرەبیدا هەبوون، لەسەر ئەم خاکی کوردەوارییە ئیزەد و ئاهورا و ئاهورامەزدا و ناهید و ئاناهیتا و فریشتە پیرۆزەکانی دی، پەرستگا و خەڵوەتگا و ناووناوبانگیان بووە و خەڵکی ئەم سەرزەمینە ناسیاوی بووە لەگەڵیاندا و پێڕەوی ڕاسپاردەکانیان کردوون و بەشێک بووە لە ژیانی سایکۆلۆجی ڕۆژانەی خەڵکەکە، جا ئەم لەشکرە کە بریتی بوون لە هۆزگەلی ڕێگر، بە کوشتن هووت بوو، ژنویست و ماڵی دنیا پەرست، ئەو مۆڵەتەیان لە لایەن خەلیفەوە پێدرا کە هەر سەرێک سەری ناوسەران بوو، بیبڕن، هەرژنێک دەستتان پێڕاگەیشت، شووی کرد بوو مێردەکەی بکوژن ئەگەر فەرمانەکانی جێبەێکردن دەستی لێ هەڵگرن، دەنا شووەکەی بکوژن و ژنەکە بۆ خۆتان هەڵگرنەوە، هەر ماڵ و سەروەتێک چنگتان کەوت، پاژێکی بۆ بەیتولمال، و ماوەکەی بۆخۆتان بەرن. ئەم هێرشە هەموو شتێکی گۆڕی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ماڵباتی، بازرگانی، سایکۆلۆجی، کلتوور و چاند و بەرێوەبەرێتی لە قاڵبێکی نوێی سەر بە سیستەمی موسڵمانەتیدا بەسەر خەڵکەکەدا سەپاند، ئەمەش ئەو زەمینە فراوان و ئاسانەی بۆ ئەو هۆزە ڕەوندانە خۆشکرد، کە بە باوەڕهێنانیان بەو یاسا و ڕیسایانەی موسڵمانەتی لافی خاوەنماڵی و سەربزواندن و داگیرکردن بە خۆیان بدەن و کەوشەنی دەسەڵاتی خۆیان پاڵپشت بە ئاینی موسڵمانەتی و ڕێ و ڕێبازەکانی فراوانتر و فراونتر بکەن و ببنە کەڵەگا بەسەر جووڵە و بزووتنی هزریی، کلتووریی و کۆمەڵایەتی لەم سەرزەمینەدا، واتە ژیانە کوردەوارییە ڕەسەنە هەزاران ساڵییەکە، بە ڕووکەشێکی تەنک لەم باوەڕە تازەهاتووە داپۆشرا و وا دەهاتە بەرچاو کە ئێدی بۆ هەتا هەتایە خرایە خانەی فەرامۆشی و لە بیرکردنەوەوە. لە ئاوێنەیەکی بەرترینیی لەم ئاوێنەیە، واتە لە وتاری ئاوێنەی سێیەمدا، بە وردی باسم لەم متبوونە کاتییە هزرییەی کوردەواری کردووە، دەتوانی بۆ ئەو ئاوێنەیە بگەڕێیتەوە و جارێکی دی، ڕوخساری کوردەواری ئەو قۆناغەی تێدا بیخوێنیتەوە.
• لەشکری کوردیی و شەڕی چەکداری کوردیی
ئەگەر کورد لە هەموو لایەنەکانی تری ژیان و ژیارەوە نەدار و هەژار بێت، کە وا نییە!!!، لە هەبوونی حیزب، سەرکردەیەتی حیزب و دەستە و تاقمدا، ملیاردێری ناو گەلانی دنیایە، هەر ئەمەش بنچینەی زۆرینەی کارەساتە خوێناوییەکانییەتی. ئەگەر هەبوونی حیزب و ڕای جوودای سیاسی، بۆ زۆرینەی گەلانی دنیا مایەی گەشەی هزریی، سیاسی، کلتووریی، ئابووریی و دبلۆماسیی بێت، بۆ کورد هەبوونی حیزب، مایەی گەڕانەوە بۆ دواوە، تێکدانی ڕێکخراوەیی نەتەوەیی، داتەپینی ئابووریی و شکستی دبلۆماسییەتی بووە. باشووری کوردستان و حکوومەتە خێڵ – حیزبییەکەی بەتەواوی ئەمەی سەلماند، هەم ئەزموونێکی باش بوو بۆ گەڕانەوە سەخۆ (تا رادەیەک و بۆ کەمینەیەک) هەم قێزەوونترین و بڵحترین ڕوخساری دەسەڵاتی سەرکردەیەتی کوردی وێنەکرد (بە فراوانیی و بۆ زۆرینەیەک)، کورد ئەزموونی ڕێکخراوەیی هەبوو کە کلتوورێکی ڕیشەدار و پەیڕەوکراو بوو، کە بریتی بوو لە (کاری هەرەوەز) واتە ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی، هەم وەک مەرج و هەم وەک دەستیاوی، لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا، پەیڕەوی لێدەکراو ژیانی خەڵکەکەی پێ بەڕێوە دەچوو. سەرکردەیەتی فرەی خێڵ-حیزب، ئەم پێکەوەبوونەی تێکشکاند، کە دەتوانرا وەک بناغەیەک بۆ حاڵی کورد، کە زۆر تایبەتە، کۆشکی خەباتێکی پێکەوەیی لەسەر بنیاتبنرابایە بۆ بەرگریی و بەرهەمهێنانی سەربخۆیی و ئازادیی نیشتمان. بەڵام سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب هاتوو ئەم ڕێکخراوەییەی شیواند و نەتەوەکەی دابەشکرد، چوونکە بەر لە قۆناغی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب، کوردبوون ئەو پەیوەندییە ئەزەلی و ئەبەدەییە بوو، کە دوو کوردی بەر لە هەر شتێک پێکەوە گرێدەدا، توند و زۆریش توند.
بڕوانە، ئەگەر زۆرینەی گەلانی دنیا، ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی فاشستی، خۆسەپێن، سەرڕۆ بووبێتنەوە، لەیەک نیشتمان و جوگرافیا و سەر زەوییەکدا بووە، کەچی ئێمە وەک کورد ڕووبەرووی چوار دەسەڵاتی فاشی، کلتووریی ڕەگەزپەرستی، چوار حووکومەتی خۆ سەپێن و چوار لەشکری سەرەڕۆ و بە خوێن تینوو بووینەتەوە، کە سەربارەکەشیان سەرکردەیەتی خێڵ – حیزب، سیاسەتکار و سیاسەتبازی کورد بوون، کە بە درێژبوونەی مانەوەیان ئێدی بوونە بازرگانگەلێکی سیاسی لێهاتوو کە فێربوون چۆناوچۆنایی گەمە بە چارەنووسی نەتەوەکە بکەن، بیاندەن بەگژ یەکدا و میدالیای شەهید بکەنە ملیان بۆوەی هەر کاتێک منداڵەکانیان، ئەم مێدالیانەی کە خوێنی باوکیان بەهاکەیەتی، دەبینن، ئەوانیش ببنە خوێنێکی نوێ و بڕژێنە ناو دەریای بازرگانی سیاسی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەوە.
لە بنەڕەتدا کورد وەک نەتەوە، لەشکرێکی کوردستانی گیانفیدا و خۆبەخشی بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بوو، تا دابەشکردنی بەهەزاران ناو و نازناو و بەهانە و تووڕەهاتەوە، کە هیچیان نەچوونە ناو قاڵبی خزمەتێکی ڕێکخراوی مەسەلەکەیەوە. من بۆ باسی دوژمن بکەم، خۆ دوژمنی دێرینەی من دۆستم نییە خەمم لێ بخوا و بەتەنگ نەهامەتییەکانمەوە بێت، من باشی دەناسم و لە فیکەکانی تێدەگەم و کلتوورە ڕەگەزپەرستییەکەی دەناسم و هەرگیز باوەڕ بە فرمێسکەکانی ناکەم، ئەوەی کۆڵەی منی کووتاوە و لە ناوڕاستی ڕێگادا جێی هێشتووم و دامییەتییە دەم گوورگانی ئەو دوژمنە دێرینانەمەوە، سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی بووە، دوژمن ڕووبەڕوو فیشەکی تێگرتم و سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی لە پشتەوە ڕا خەنجەری کوردیی لە پشتم ڕۆکرد.
من ئەگەر سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی نەبایەتە بەربەستی سەر ڕێگای تێکۆشانە کوردستانییەکەم و لە چوارڕێیانێکدا سەری لێ نەشێواندبام، ڕێگا ڕاستەکەم دەناسییەوە و ساڵانێکی زۆر بوو کارم بۆ کرد بوو، لێی وردببوومەوە و خۆم بۆ ئامادەکردبوو، هیوا و ژێکافێکم لە دەفتەری بەرباخەڵمدا نووسیبووە و دەمزانی ڕێگاکەم هەر لەم دەڤەرانەوە ڕەت دەبێت و دەمگەێنێتە سەرچاوەکە. سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کورد، مەسەلەی کوردی وا شێواند، کە دۆست و ئاشناکانیشمان نەزانن ئێمە چیمان دەوێت و لێمان بێزاربوون و بۆیان بووینە سەرئێشە و لێمان تەریک کەوتن، کاتێک تۆ لەباتی خاک داوای پارەیان لێ بکەیت و لە جیاتی سەربەخۆیی پۆستی وەزیریی بۆ ئامۆزاکەت!!!. ئەو داواکارییانەی کە زەردەخەی گاڵتە ئامێزییان خستە سەر لێوی ئەو دۆستانەی بەر لە بینینمان دامابوون بۆ وەڵامگەلێک کە بە پرسیارە زۆرەکانی ئێمەی بدەنەوە، کاتێک پێیان وابوو، کە سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی ئێمە هەزاران لەو پرسە ئاڵۆزە بێوەڵامانەیان لە کەشکۆڵی سەفەریاندا بۆلای ئەوان خڕکردۆتەوە و ئەنفال و هەڵەبجەش سەرتەڵی ئەو پرسە قورس و پشتشکێنانە بن!!! نا، گیانەکەم، ئەو کەشکۆڵەی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی بۆ هەڵگرتنی ئەو سەفتە دۆلارانەیە کە دەخوازن لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە، ئەوان هیواداربوون سەفتەکان هەمووی سەتدۆلاری بێت، پەنجا دۆلاریی جێی زۆرتر دەگرێت و نرخەکەی وەک سەتدۆلاریی نییە(١)......
نەتەوەکە دەبێت لەشکرێکی نەتەوەیی هەبێت بۆ ڕۆژی مەبادا، لەشکرێکی شارەزای وڵات و کلتووری خۆی، پەروەردەکراو بۆ ئازادکردنی خاکی داگیرکراو وەک مامۆستای بیرمەند مەسعوود محەمەد دەڵێت: " بەرگری لە خاکی داگیرکراو شەرەفە، ئەوەشی دەخەمە سەر کە ڕزگارکردنی خاکی داگیرکراو شەرەفێکی زیاتر"(٢)، کەواتە کورد دەبێت لەشکرێکی بەشەرەفی هەبێت کە بیەوێ لە بەهاو نرخی شەرەفەکەی زیاد بکات بە ڕزگارکردنی نیشتمانە داگیرکراوەکەی.
کورد دەبێت: نووسەر، ئەکادیمیست، تیۆریسێن، سیاسەتزان، دبلۆماسی و شارەزایی کلتووری بەشەرەفی هەبێت، کە بیان هەوێت، بەهای شەرافەت و جوامێرییان زیاد بکەن بەلەسەکردنەوەی نەتەوەکەی خۆیان و گەڵاڵەکردنی دەیان و سەدان پلان و بەرنامەی جۆرواجۆر و لەهەر کۆڕ و کۆبوونە و مەیدانێکدا، تێکۆشەری خەباتی کلتووریی نەتەوەکەی خۆیان بن و لەسەر مافی نەتەوەکەی خۆیان لە خۆیی و لە بێگانە بێنە دەنگ ، ئەوان دەبێت لە حیزب و سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب گەورەتر بن، چاوی ڕۆشنی نەتەوەکە و گوێی هەستیاری نەتەوەکە و بیری وشیاری نەتەوەکەی خۆیان بن، کە بەراوردی ئەو مەلا کوردستانیانەی سەدەی ڕابوورد و دەکەیت، کە لە ئەکادیمیای کەچە مزگەوتێکەوە پەروەردە دەبوون و بەرهەمە کوردەوارییەکانیان دەبینی، بۆت ڕووندەبێتەوە کە چۆن ڕەوڕەوەی هەڵوێست و خۆ بەکوردزانین و ڕاسگۆیی و خۆتەرخانکردن و خۆبەخشی، بەپەلە بۆ دواوە سووڕاوەتەوە!!!.
لە ئێستادا کورد لەشکرێکی کوردستانی یەک گیان و یەک تەنی پەروەردەکراوی نییە، لە باشووردا لەشکری و چەکداری سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب، بەرپرسی حیزب و میلیشیای سەربەخۆ هەیە کە چاوەڕێی مووچەن لە بەغداوە بۆیان بێت و کاتێکیش بەغدا پارەکەیان بۆ دەنێرێ، دوای دوو مانگ و سێ مانگ، حوکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، مووچەکەیان پێدەدات، حیکمەتی دواکەووتنی مووچەی هێزە چەکدارەکانیان، ئەوەیە کە لەو ماوەی دووسێ مانگەدا، بەرپرسانی یەکەمینی دەسەڵات، بازرگانییەکی ڕەواجدار و چەور بەو مووچانەوە دەکەن، وەک باسم کرد، ئێدی ئەوان سیاستەبازانێکن کە شارەزای بازرگانییەکە بوون و بەهەزاران کۆمپانییای دەڵاڵی پارە، ناوەکی و دەرەکی، مامەڵە بەو مووچانەوە دەکەن، دەتوانین بڵێین کە حوکوومەتی هەرێم، سەڕافخانەیەکی فراوانی هەزاران لک و پۆپە، کە لە بنەڕەتدا نەتەوەکە چاوەڕوانی ئەوە بوو کە زەڕاتخانەیەکی مۆدێرنی چەک و پێویستییەکانی جەنگ و ئاشتی بایە!!!. بۆیە کورد ناتوانێت، بۆشەڕ و ئاشتی، پشت بەوهێزە چەکدارەی باشوور ببەستێت.
بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە لە باکوور و ڕۆژئاوا بناغەی لەشکرێکی کوردستانی پتەوییان داڕشتووە، شەرافەتمەند، خۆبەخش، گیانفیدای کورد، شەڕڤانی لێهاتوو، سەرداری شەڕی دژ بە دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە، ڕیکخراو، بەدسپلین و دلێر، ترۆپکی ئەم لەشکرە کوردستانییە یەپەژە و یەژەستارن، کە وەک دوو ئەستێرەی گەلاوێژ، لە ئاسمانی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەکەماندا دەدرەوشێنەوە و ڕێبەرێتی جەنگی ڕزگارکردنی نیشتمان و خاکی داگیرکراوون، ئەمان هیوای نەتەوە و بازووی بەهێز و جوامێری تێکۆشانە کوردستانییە ژنانەکەی نەتەوەکەن، لەهەموو بار و حاڵێکدا جێی متمانە و پشتیوان و سەروەرانی جێی شانازیی نەتەوەکەن، بە تێکۆشانی کوردستانیان زۆر لە هاوکێشەکانیان پێچەوانەکردۆتەوە، سیمای دیاری ئەم خەباتە نەتەوەییەی یەپەژە و یەژەستار، سڕینەوەی سنووری نێوان دەڤەرە دابەشکراوەکانی نێشتمانی کوردە، کە لە ژێر پێڵاوەپیرۆزەکانیاندا کراونەتە پێخووس، ئەم بناغەیە، شکاندنی تابۆی سنوور، هەژانێکی کوردستانی سەرتاسەری وەک وزەیەکی هەڵپژاو، بەخشیووە بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا، کە ژنانی دلێری ئەو دەڤەرە داگیرکراوە، بوونە ڕێبەری کاروانی تێکۆشانە کوردستانییە لە مێژینەکەی.
• جەنگ لە ناوچەکەدا
کاتێک لەو سەرەتایانەی شۆڕشی گەلانی ناو ئەو مۆزاییەکە مۆنتاجکراوەی پێێ دەڵێن ئێران، مەلاکان سوار پشتی ئەسپی شۆڕش بوون و بوونە یەکەتازی مەیدان، چوونکە حیزبە قسەزلەکانی وەک توودە و نموونەکانیان ملیان کەج کرد بۆ خواستی ئەوان، ئا لەو سەرەتایانەوە کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران، ئەوانی تاقی کردوە بە داواکردنی " خودموختاری"، وەڵامی سەرۆکی مەلاکان ئەوە بوو کە ئەمە بدعەتە و باسی خودمختاری لە قورئاندا نییە، ژیران تێگەیشتن کە کارەکە ترازاوە و ڕێگاکە بەرەو تاریکستانە.
کەچی کاتێک، مەلاکان مەسەلەی قودس و فەلەستینیان کردە بنێشتەخۆشەی ژێر ددانیان و پەیژەی سەرکەوتن و مامەڵەی نێودەوڵەتی، کەسێک پەیدا نەبوو پێیان بڵێت: خۆ فەلەستین لە قورئاندا نییە، ناوی ئیسرائیل و خەڵکی ئیسرائیلی تێدایە، بەڵام فەلەستینی تێدا نییە، ئێدی بۆ شەڕ بە خەڵک دەفرۆشن؟!!.
ئەمە ئاماژەیەکە بۆ داهاتوو، هەموو لاوازبوونێکی دەوڵەتی ئیسرائیل، مانای بەهێزبوونی هێزی بەخوێن تینووی ئیسلامی سیاسییە لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل وەک زمانەی ئارامی ناوچەکەیە، پەیوەندی بەمەسەلەی ئێمە هەبێت یا نەبێت، ریالێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و لە خودی خۆیدا تاقە سیستەمی دیمۆکراسی ئەم ناوچەیەیە. کاتێک ٢٣ دەوڵەتی عەرەبی کە هەر هەموویان دەڵێن موسڵمانین و لەسەر لێکدانەوەی ئایەتیێک و ئامانجێکی سیاسی ڕیکناکەون، ئێدی چۆن دەتوانن لەگەڵ هاوسێیەکی وەک ئیسرائیل کە بە پێی قورئان لە وڵات و سەرزەوی خۆیاندا دەژین، ڕیک بکەوون، ئەم ڕێکنەکەوتنەش لەبەر خاتری خوا و قورئانەکەی نییە، بەڵکو مەسەلەی فەلەستین، هەزاران داوای بازرگانی ملیاردی پێوە گرێدراوە، کە هەر دەستە و تاقمێک، هەر بەرپرس و لێنەپرسراوێک، بەشی تێدا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، باشترین بازرگانی کە هیچ ماندووبوونێکی فیزیکی تێدا نییە و بەدڵی تەمەڵ و تەوەزلەکانە، دامەزراندنی حیزبێکە و لێدانی مۆرێکی خودایی، ئەو خورافاتانەی کە ئێستا بەهەزاران هەزار خوێنیان بۆ دەدرێت، زۆر لە قۆناغەکانی سەرەتایی مرۆڤی تێپەڕاندووە، مێزەرێک، ڕیشێک، سمێڵێکی تاشراو و توانای لەبەرکردنی چەند ئایەت و تاقەتی گێڕانەوەی چەند چیرۆکێکی خەیاڵی، لاتترین مرۆڤی ئەم دەڤەرەت بۆ دەکاتە زانای ئاینی گوێلێگیراو کە دەتوانێ جەنگێکی خوێناوی بەرپا بکات، ئەمە بارو حاڵی ئەم ناوچەیەیە کە پێی دەڵین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە نەبوونی هێزێکی دژ بەمە، لە شەو و ڕۆژێکدا دەیان گرووپی داعشی ئامادە دەخاتە بازاڕاوە و گۆڕستانی "ئازادییەکان" دەبنە سیمای دیاری ئەم ناوچەیە و لە هەر کۆڵانێکدا مەلایەک و تاقمەکەی دەبنە حوکمدار و ڕووباری خوێن هەڵدەستێ، بەڵام خواوڕاستان!! زاڵمان هەمیشە زەواڵیان بۆ دەبێت و بەردەرگایان پێدەگرێت، هەروەک ئێستا بەردەرگای پێگرتوون، یاریکردن بە ئاگر لە ئاکامدا، گڕ لە گڕبازە نەزانە سوارسەری خۆ بووەکە بەردەدا، ئێمەی کورد سیاسەتی سیاسەتبازی سوارسەری خۆبووی نەزان جزی لە دڵمان هەڵستاندووە، بۆیە وەک مارانگاز، لە خشەی گوریسیش دەبیت سڵ بکەینەوە و تەنیا دڵێکمان هەیە دەبێت بیدەین بە دڵبەرەکەی خۆمان کە نەتەوەکەی خۆمانە و لەم گێژەڵووکەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵی کردووە، دەواری کوردەواریمان لەسەر نیشتمانی خۆمان توندتر بچەقێنین و لە یادمان بێت، خۆ نەکەینە قارەمانی شەڕەدۆڕاوەکان و قسە پف دراوەکان، خۆیی بن یا غەوارە!!!.
•تراژیدیای هەڵبژاردن لە باشوور
هەڵبژاردن، ڕیشەکەی وا لە گولستانی ئازادیدا، هەناسەیەکی بەرجەستە بووی ژیانێکی ئازادە، دەرخەری ئیرادەی ئازاد و نمای بەهاری ئازادییە، کردەوەیەکی راقی و ئارستۆکراتیانەیە وەک باوەگەورەکەی کە دیمۆکراسییە، ئەم پەیڤانە زیندوویەکی بە ئازادی ماون، لە وشیاریی و بیرەوەریدانی ئازادەوە سەرچاوەدەگرن و ژیان ڕیکدەخەنەوە، هەر جارەی بە سیمایەکی نوێ و ناورۆکێکی جوداوە لەوەی بەر لە خۆیان، خۆ دەردەخەن، بەڵام هەر لەسەر زەمینەی ئازادییەوە بانگ هەڵدەدەن، کێبەرکێیەکی شوخ و تەرلانی بیرێکی ئازادە، هێندە جوانە وەک میوانێکی ڕەزاسووکی متمانەپێکراو لەهەرکاتێکدا بێت، دەرگای دڵانی بۆ واڵا دەبێت.
بەشێک لە نیشتمانی من، وەک پەڕەسێلکەیەکی ناو ڕەشەبای نەهامەتی، وەک کۆترێکی لانەوازی لانە شێواو، سەردەم و زەمانێکە، گیرۆدەی مرۆڤگەلی چەتوونی لاسار بووە، ناویان سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبە، لە قەفەزیان ناوە و دەرگایان لەسەر کڵۆمکردووە، بە ئەندازە و بە دەسیاو خۆراکی پێدەدەن، چەندین جار بێچووکانیان کوشت، دارەکانیان سووتاند، ئاسمانی فڕینیان لێ قەدەخەکرد، شەڕیان پێفرۆشت و سووکایەتیان پێکرد، بە زۆر و بە تۆپزی وتیان بێ هەڵمانبژێرەوە، نە ساڵێک و نە دە و نە بیست، ئەم تراژیدیای هەڵبژاردنەوەی ئەو مرۆڤە ستەمکارانە هەر بەردەوام بوو، خۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکەم دەتوانێ و لە باریدایە، لە ڕاپەرینێکی وەک ئەوەی دژ بە بەعسدا، ڕۆژی ڕووناکیان تاریک بکات و بیانکات بە پۆڕی خوراو، نەتەوەکەی من لەو بەشەدا ئارامییەکی وشیارانەی هەیە، کە هەر چەندە ئەوان ستەمکار و بێدەربەستن لە ئاسات ئازارەکانیدا، نەتەوەکەم نایەوێت دابەزێتە ئەو ئاستە نزمەوە، چوونکە لەبار و حاڵیاندا هەیە لە خوێنی کورد گۆل و ڕووبار و زەریاش دروست بکەن، چون نەتەوەکەم ئەزموونی درێژخایەنی پڕ لە نەهامەتی لەگەڵ ئەوان هەیە، ئەوان خۆپەرستگەلێکی بێدەربەستی لە کورد دڕدۆنگ و بێوەفان، هەموو خراپەیەکیان لێدەوەشیتەوە، بەڵام ئێدی جامی پڕبووی ئارامیی ئەو بەشە لە نەتەوەکەم، چاوەڕوانی دوا دڵۆپە کە پڕ ببێت و بەسەریاندا قڵپ ببێتەوە... هەرکەس دەنگی بەئێوە دا، بەشیک لە ئازادی خۆی دۆڕاند. هەڵبژاردنی ئێوە شانۆگەرییەکی تراژیدیی سی و چوار ساڵییە کە پێنجخشتەکییەکی شاعیری مەزنی کورد "بێکەس" بەسەر سروودەکەی پیرەمێردی موققەدەسەوە لایقی ئێوە و ڕەفتاری ئێوەیە:
قەدری میللەتتان بە جارێ شکان
نە شەرەفتان ما نە ناو و نیشان
باری لەعنەتتان وا هاتە سەرشان
وەفدی کوردستان میللەتفرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان(٣)
--------
سەرنجەکان:
1- ئەمە گاڵتە و جەفەنگ نییە لەگەڵ ئێوەی بکەم، دێتەوە بیرتان سەردەمانێک، پیاوێکی کەتەی زەبەلاحی تەنگە ئەستووری سک زل، وەزیری دارایی ڕژێمەکەی مەلایی و جەلالی بوو، بریمەری نوێنەری ئەمریکا لە عێراق، جارێک تاقیان دەکاتەوە و هەموو ئەو پارانەی بۆیان دەنێرێت، پەنجا دەلاری دەبن، کە پارەکە دەگاتە دەست حەزیاکانی هەرێم، دڵتەنگ دەبن و بە نامەیەک لە بریمەر دەگێڕنەوە، کە ئەگەر دەبێ ئەو پەنجا دۆلاریانەمان بۆ بگؤڕنەوە بە سەتدولاری، ئەویش لە وەڵامیاندا دەڵێت: هەر ئەوەیە دەتانەوێ باشە، ناتانەوێ بۆمانی بنێرنەوە، ئێدی ئەمان کڕ دەبن.
2- بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، لە کتێبی هەڵۆبەرزنجی: جیهانبینیی نەتەوەییانە لە هزری مەسعوود محەمەد دا ٢٠١٧ کوردستان.
3- ئەو ڕۆژە پڕ شانازییەی کە بە فڕۆکەی کوردی لە سنەوە سەفەر بۆ وان دەکەیت و بە شەمەندەفەری کوردی گەزۆی شارباژێڕ بە دیاری دەبەیت بۆ ئەرزڕۆم ئەزەل و ئەبەدێکت پەی کردووە بای ئەوە دەکات فکری ڕوون، ئەگەر شەپڕە لێی نەدابێ، فکری پسۆک هەڵوەشینێت یان پەکی گەشەکردنی بیەخێت: جارێ دوورە...دوورە...دوورە... بۆ ئەو سەردەمە خەیاڵییە: ڕۆژی خۆ بەردەوام کردنە...بەسەر پێیانەوە ڕاوەستانە...دەرهێنانی گوللـه ی بەینی پێست و ئێسکە...هەڵبەستنەوەی شکستە...بەرگەگرتنی هێرشی دوژمنە...ڕۆژی ئەو شتانە و ئەو چالاکیانەیە کە خۆیان تاڵتر چنگ ناکەوێ.... پەرژینی بێدەنگی، کۆمەڵەی فەرهەنگیی سوێد- کوردستان/ سوێد ١٩٩٦، مەسعوود محەمەد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست