کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەڵێن، ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە!؟

Thursday, 24/10/2024, 10:26


هێزی پێشمەرگە و ئاسایش.

لە ئیدێۆمی زمانی  ئینگلیزیدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێت (Elephant in the room )
واتە فیلێک لە ژورەکەدایە ، ئەم دەستەواژەیە مێتافۆرێکە بەکاردێت کاتێک کە دوو کەس یان چەند کەسانێک لە ژورێکدا یان لەشوێنێکدا خۆیان بدزنەوە لە ووتوێژکردن لەسەر باسێک یا کێشەیەک کە گرنگ یان گەوهەری بێت کە هەموو کەسەکان ئاگاداربن پێی وە پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان کاریگەری هەبێت لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە لە شوێنەکەدان.
 ئێستا لە باشوری کوردستان بڕیاردان لەسەر بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بووە بەو فیلەی کە ڕێژەیەکی تا بڵێیت زۆر زۆر کەم نەبێت کەس نایبینێ و کەس باسی ناکات!؟؟وەک ئەوە وایە کێشەیەکی لەو جۆر و چەشنە هەر بوونی نەبێت !؟؟یان وا دەزانین بەباس نەکردنی، ئەو فیلە خۆی هەر لە خۆیەوە وێڵ و وون دەبێت و دیار نامێنێت ؟!
 ئەم دوو  هێزە (فیلە) نەک بەتەنها بوون بە مۆتەکە و ڕێگر لەسەر ئازادی و بەروپێشچونی ئەرێنی لە باشوری کوردستان بەڵکو ئەم هێزانە کاریگەرییەکی نەرێنیان کردۆتە سەر بەشەکانی تری کوردستانیش ، هەر بۆیە ئێمە لە باشوری کوردستان، پڕ  بە کۆڵێک داخ و شەرمەزارییەوە بەگشتی نەوەک گەل یان فەرمانڕەوایی نەبوینەتە نمونەیەکی ئەرێنی و بەرهەمدار  بۆ بەشەکانی تری کوردستان.
.لەوانەیە یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکان کە بەشەکانی تری کوردستان بتوانن سودی لێوەرگرن یان سودیان لێ وەرگرتبێ  ئەوەیە کە هەڵە زۆر و زەبەنەکانمان دوبارە نەکەنەوە، ڕۆژئاڤای کوردستان بەنموونە.
ئەمە سێهەم جارە دەنوسم لەسەر ئەم بابەتە زۆر گرنگ و کاریگەرە، چونکە لەو بڕوایەدام بەنیشتیمانی کردنی ئەم دوو هێزە خۆی لەخۆیدا دەبێتە بەردی بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتویەکی پرشنگدارتر بۆ باشوری کوردستان بەتایبەتی وە بە شەکانی تری کوردستان بەگشتی.
پێویست ناکات زانا و ژیری سەردەمی خۆت بیت کە درک بە سود و دەستکەوتە کۆتایی نەهاتوەکانی بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بکەیت .
هەر ووڵاتێک ئەم دوو دامودەزگایەی بەنیشتیمانی نەکردبێت ئەستەمە توانیبێتی دادپەروەری، ئاسایش، ماف ، دیموکراسی، هەڵبژاردن، پەرلەمان، یاسا هتد.. بەرجەستە بکات، هەرێمی کوردستان وە عێراقی دروستکراوی بەناو فیدراڵیش نمونەیەکی زیندوی بەردەستن ...هەرچەندە کە هەرێمی کوردستان لە چەندین ڕووەوە زۆر باشترە لە عێراقی مەزهەبی فاشیست، هەر هیچ نەبێت لەهەرێمی کوردستاندا دیاردەی دەمارگیری دینی و مەزهەبی نییە بەڵام دوو زۆنی، کورت بینی، درشتی و ترس لە لەدەستچونی دەسەڵات لەلایەن بەرپرسان ،فەرمانڕەوایانی هەرێم، وە لەسەروی هەموشیانەوە بونی هێزی چەکدار کە هۆکاری هەرە سەرەکی قۆرخکردنی دەسەڵاتە، باشوری کوردستانیان  بەم ئاکارەی ئێستادا بردووە.
لەدوا لێدوانی کەسێکی بەرپرسی نافەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشبینی ئەوە دەکات کە لە وانەیە ۲٠۲٦ هێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە !؟؟ ئەمە نوکتەیە!؟
ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە وویستێکی توند و پتەو نییە نەک تەنها لە لایەن یەکێتی و پارتی بەڵکو هەموو پارتەکانی باشوری کوردستان بۆ بەرەو پێشچونی ئەم پرۆسەیە!؟دەبێت بپرسین ئەمە بۆ چی !؟ وەتا کەی؟
 بەم کردەوە کورتبین و نا بەرپرسانەیان قوڕاوێکی وایان گرتۆتەوە  نەک هەر بۆ هاوڵاتیان بەڵکو بۆ خۆشیان، کە تا دێت گەورەتر و خەستر دەبێت.
هەر بۆیە هەتا زوتر پڕۆسەی بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بە ئەنجام بگات زوتر کێشە چەق بەستووەکانی باشوری کوردستان بەرەو یەکلابونەوەو چارەسەر باڵدەکێشن، پێچەوانەکەشی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە تا بڵێیت تاڵ و تفتەیە و کە زۆرینەمان دەیبینین وە دەیچێژین هەموو ڕۆژێک.
ووڵات نییە لە هەموو جیهاندا هێزی سەربازی و ئاسایشی هەبوبێت لەدەرەوەی دەسەڵاتی یاسایی ، فەرمی و پەرلەمانی ،بە هیچ جۆرێک سەقامگیری بەخۆیەوە بینیبێت. 
تێناگەم  بۆ تا ئێستا هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک یان کەمپەینێک نەکراوەو یان ناکرێت لەلایەن ڕۆشنبیران یان دامەزراوە مەدەنییەکان یان  هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بۆ ئەم مەبەستە!؟
بێدەنگییەکی زۆر سەیرو سەمەرە و گوماناوی هەیە سەبارەت بەم باسە!؟!! گریمان هەوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک سەریان لێ شێواوە و وونن کە تەنانەت توانای ئەوەشیان نییە ڕەش و سپی لە یەک جودا بکەنەوە، ئەی باشە بیانوی ئەم هەموو نوسەر و ڕۆشنبیرانەي بواری سیاسەت چییە؟ بۆ نانوسن لەسەر ئەم بابەتە کە  هەتا بڵێی هەستیار و چارەنوسسازە !؟؟؟
 لە لایەکی تریشەوە وەزیری پێشمەرگە، فەرماندەکان ،هەروەها هێزی پێشمەرگەش، کوا هەڵوێستیان!؟کاتی ئەوە نەهاتووە خۆیان یەکلایی بکەنەوە ئایا ئەوان پێشمەرگەی کوردستانن یاخود میلیشیا ؟

نازانم ئێمە چاوەڕوانی کێین؟! گۆدۆ....؟

ئەگەر ئێمە چاوەڕوانی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان دەکەین!؟ ئەوا ئەوان تا ئێستا هەتا ئێرەیان هێناوە کە زۆر ڕون و ئاشکرایە نەگەیشتونەتە هیچ کەنارێک.
ڕاکردن لەم ئەرکە، ڕاکردنە بەرەو نشێو و نەهامەتی ئەم پرۆسەی بەنیشتیمانی کردنە گەل( هاوڵاتی ) سەرپرشتی و چاودێری نەکات تا چەندین ساڵی تر ناگاتە ئەنجام ، وە ئەگەر ئەمەش ڕونەدات، ئەوا زۆر بە ڕاشکاوانە دەیڵێم چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی مەبن وە دوو زۆنی هەر بەردەوام دەبێت .

عێراق/بەغدا

 لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کاتێک بەریتانیای گەورە و مەزن، پێشەنگی ماف پەروەری، مرۆڤ دۆستی و شارستانییەت  ؟!؟؟ بەبیری وورد  و پلانی درێژخایەن ، بەنایاسایی وە بە بیانوی پڕوپوچ کوردستانی بەم شێوە نادادپەروەرانە دابەشکرد و گەلی کوردستانی نامەردانە لەناو نیشتیمانی  خۆیدا دەربەدەرکرد وە بەزەبرو پینەو پەڕۆ ،هەزار فرت و فێڵ و تەڵەکەبازی  تەنها و تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆی ووڵاتێکی کارتۆنی دروستکردو ناوی لێنا عێراق.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم پرسیارێک لەو کەسانە بکەم کە دەڵێن هۆکاری دروست نەبونی ووڵاتێک بۆ کورد لەوکاتەدا پەیوەندی بەوەوە هەبووە کە ئێمەی کورد خۆمان نەزان و پەرت و بڵاو و خۆخۆربووین وە هەندێک لە سەرکردەکانمان دژایەتی بەریتانیایان کردووە بۆیە بەریتانیا ووڵاتی بۆ دروست نەکردوین ؟پرسیارەکەش بەم جۆرەیە، چۆن دەبێت بۆ بەریتانیا ئاسانتر بێت کە عێراقێک بهێنێتە ئەفراندن لەدوو مەزهەبی دینی دژ بەیەک لەگەڵ دوو نەتەوەی جیاواز کەدوای زیاتر لەهەزار ساڵ هێشتا تێکەڵ نەبوون؟!جگە لەمەش لێکدانەوەو دژایەتی عەرەبی ئەم ناوچەیە لەو کاتەدا بەوەی هاتنی بەریتانیایان وا بینیوە کە ئەمانە درێژکراوەی هەر هەمان ئەو هێرشە مەسیحییانەیە کە چەندین سەدە لەمەوبەر دەکرایە سەر قودس و جیهانی ئیسلامی(عەرەب)!؟
کاتی دروستکردنی عێراق، بەریتانیا لە هەڕەتی دەسەڵاتیدا بوو، بەڵێ شەکەت ببوو بەڵام شەڕی جیهانی یەکەمی بردبۆوە ،دەسەڵاتی عوسمانی لەناوبردبوو ، نەوت گەرەنتیکرابوو بۆ کەشتییەکانی کە سەر پەرشتی کۆڵۆنیەکانی دەکرد لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی دنیا یان وەک خۆیان بە شانازییەوە ئاماژەیان پێ دەکرد کە خۆر لەسەر ئاڵای بەریتانیا ئاوا نابێ...، خۆیان بە خودای سەر ئەرز دەزانی، هەر بۆیەش توانیان بە زەبرو زۆرزانی، عێراق لەنەبووەنەوە بهێننە بوون،  بێگومان ئەو تڕکەڵەکەی بەریتانیا ناوی لێنابوو عێراق هەروا بەئاسانی سەری نەدەگرت، هەر ئەمەش وایکرد بەریتانیا نەتوانێت کەسێکی گونجاو بدۆزێتەوە لەناو ئەم چێشتی مجەوەرەدا تا بیکات بە پاشا بەسەر عێراقیەکانەوە، لەدەرئەنجامی ئەمەدا بەریتانیا ئەم زاتە( بەقودرەتی قادر ) توانی پاشایەک بە دیاری بهێنێت بۆ ئەو عێراقییە لێقەوماوانە.        وە لەکۆتایی ئەم بێنە و بگرەیەدا  ئێمەی کوردیش هاتینەوە نەک هەر هیچیان نەداینێ، بەڵکو کورد و کوردستانیشیان کرد بە قوربانی ووڵاتی بە ناو عێراق، چونکە بەریتانییەکان زۆر چاک دەیانزانی کە عێراق بەبێ کورد بە هیچ جۆرێک سەرناگرێت!؟
مەبەستی من لەم پێشەکییە ئەوەیە کە بڵێم بەریتانیا نەک هەرگیز گوێی نەداوە بە دۆزی کورد بەڵکو کوردیشی بە بەربەست زانیوە!؟وە هەروەها کوردی  بەکاری هێناوە بۆ دروست کردنی ئەم تڕکەڵەکەی کە ناوی لێناوە عێراق!؟ وە بەریتانیا هەرگیز نەترساوە لە دەرئەنجامی ئەم کارەی، بەریتانیەکان  هاوشێوەی خوداکانی کۆنی یۆنان کەزۆر سەرسام بوون پێیان ڕەفتاریان دەکرد وە بڕیاریان دەدا لەسەر ئێستا و داهاتوو، کێ دەبێ پاشا وە کێ مایە پوچ دەبێت،
 بەو واتایەی کەهەرچییەک دەیانەوێت دەتوانن بیکەن، هەر بۆیەش ئەگەر ئارەزویان هەبوایە ووڵاتێک بۆ کورد دروست بکەن دەیانتوانی، کە دروستیان نەکردووە هی ئەوەیە نەیان وویستووە نەک نەیان توانیووە!؟
هیوا دارم ڕۆژێک دابێت کە ئێمە بتوانین ئەم پرسیارە،  ئەم ناڕەواییە لە ناو پەرلەمانی بەریتانیادا باس بکەین و شی بکەینەوە تا هەموو هاوڵاتیانی بەریتانیا وە هەموو جیهان بە ڕونی و ئاشکرا ئاگاداری ئەو نادادپەرورییەبن کە بەریتانیا بەسەر کوردیدا هێناوە، کە چەند بێویژدانانە وە دوور لە هەموو ئەو بەهایانەی کە زۆر ڕوو قایمانە هەمیشە شانازی پێوەدەکەن، چۆن بەم شێوەیە نیشتیمانی کوردیان کردە نەک دوو یان سێ پارچە بەڵکو چوار پارچە؟! کە وێنەی نییەو نەبووە لە هەموو جیهاندا، دەتوانین ڕاشکاوانە بڵێین ئەمە یەکێکە لەشاکارە سیاسیە هەرە گەورەکانی بەریتانیا...
 سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا زۆر باش دەیزانی بەڵێ کورد لە مێژە  خاوەنی ووڵاتێکی یەکگرتوو سەربەخۆ نەبووە بەڵام هەروەها هیچ لەو هەموو نەتەوانەی دەوروبەری  نەیتوانییوە تا ئەو کاتەش بچنە ناو قوڵایی کوردستان و بە یەکجاری داگیری بکەن.
لەم ڕوانگەیەوە ئەم پرسیارە خۆی قوت دەکاتەوە  یان ئەوەیە بەریتانیا زۆر گێلانە ئەم پلانەی داڕشتووە بۆ پارچە پارچە کردنی کوردستان وە دروست کردن و سەپاندی ووڵاتی عێراق و ووڵاتانی دەوروبەری ؟؟! کە بڕوا کردن بەمە ئەستەمە بۆ هەچ کەسێک کە شارەزای مێژووی سیاسی بەریتانیا بێت.
یان ئەوەیە بەریتانیا زۆر چاک شارەزای کۆمەڵگای کوردی بووە، وە ئەم نەخشانەی کە کێشاوێتی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی  وورد و درشت بووە؟!؟؟وە زۆر چاک شارەزای ئەوەش بوون کە کورد خۆیان لەنێوخۆیاندا مل نادەن بۆ یەکتری چ جا بۆ بێگانە ؟؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە بەریتانیەکان  بۆ سەرگرتنی بەرنامە و پلانەکانیان لە ناوچەکەدا لە ڕابوردو وە لە ئێستاشدا، ژێر بە ژێر بوبێت یان بە ئاشکرا هەمیشە دژی ماف و جوڵانەوەکانی کورد بوون بۆ ئازادی و سەربەخۆیی!؟تەنانەت لەڕێی مێژوو نوسەکانیانەوە هەوڵیان داوە مێژووی کوردیش لەو ناوچەیەدا بشێوێنن وە زۆر نامەردانانە پەشیمان بونەتەوە لە پەیمانەکانیان، چاو خشانێک بەمێژووی بەریتانیا لە ناوچەکەدا  بەسە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە.
 ئێستا بەریتانیا  دەبێت ترسی چی بێت لە گەیشتنی کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی؟ تۆ بڵێی بترسێت لە قەرەبوو!؟ بەو واتایەی ئێمەی کورد داوای قەرەبوو لە بەریتانیای مەزن بکەین چونکە نا یاساییانە و نا داد پەروەرانە لە پشت دەرگای داخراوەوە بە بێ بەژداری و ڕەزامەندی گەلی کورد نیشتیمانەکەمانی  بەم شێوە نامەردانە دابەشکردووە وە هەروەها بوون بە هۆکاری سەرەکی دەربەدەری، جینۆساید و  نا هەمواریمان، بەریتانیەکان زۆر باش دەزانن وە بە هیچ جۆرێک گومانیان نییە پارچە پارچە کردنی خاکی کوردستان، نا یاسایی ،نا ڕەواو و نا دادپەروەرانە بووە.
عێراق لەسەرەتای دروست بوونییەوە تا ئێستا ئەم پێناسانەی گەیاندووە بۆ گەلی کورد، تاڵان بردەی سەروەت و سامانمان، داگیرکاری، خەم  و ئازار، نا یاسایی، نادادپەروەری، نایەکسانی، بۆمب باران، نا ڕەوایی، تەعریب، تۆپ باران، بۆمب باران، نا ڕەوایی ،زیندانی سیاسی، ئەشکەنجە، ڕاگوێزان، بێ ویژدانی، تەعریب،تاڵان کردن ،کوشتن و بڕین، پلە دوو ،پلە هیچ، تەعریب، جەیشی شەعبی، کیمیاباران، ڕاگوێزان، ئەنفال، دزی و درۆزنی، بۆمب باران ، زیندانی سیاسی،تەعریب،  کوشتن و بڕین، حەشدی شەعبی، سونە، شیعە، تەعریب، بودجە بڕین ، موچە بڕین ، نایاسایی، بودجە نییە، موچە نییە، تەعریب، بۆمب باران، موچە گەیشت ، موچە نەگەیشت ، پارەی جوتیاران گەیشت، نەگەیشت، موچە هات ، موچە نەهات ، تەعریب، کوا لیست، لیست بنێرنن، لیست هات ، لیست نەهات،  نادادپەروەری ، هەڕەشە، تەعریب، داگیرکاری ، نایەکسانی، پلە هیچ، لیستی تر بنێرن،سونە، شیعە، تەعریب،تەعریب، تەعریب......
ئەوەی کەزۆر ڕون و ئاشکرایە عێراق هاوشێوەی دراوسێ لە خودا ترسەکانی ترمان !؟؟؟کەنازانم سەرباشقەکەیان تورکیای کەمالی ئۆردغانی دڵ پڕ لەکینەی فاشیستی لە خودا ترسی دژە کوردە یان ئێرانی شاهەنشاهی ئاخوندەی، دۆستی !؟لەخودا ترسی تەڵەکەبازی فاشیستی دژە کوردە...سوریاش ئەگەر لەم نمونانەی سەرەوە خراپتر نەبێ باشتر نییە، هەموو هەوڵ و کۆششی ئەوە بووە لە ڕابردوو وە لە ئێستاشدا ئەگەر نەتوانێت کورد لە ناوبەرێت هەر هیچ نەبێت بێدەسەڵاتی بکات!؟هاوشێوەی دراوسێ لەخودا ترسەکانی ترمان تا ئەمڕۆژشی لەسەر بێت، هیچ جۆرە پێشنیارێکیان نەخستۆتە بەردەم کورد کە لەسەر بنەماکانی پێکەوە ژیان، هاوسەنگی، ڕێز، ماف دادپەروەری و هاوڵاتی بوون بوبێت ؟!
دەبێت لەباشوری کوردستان زۆر وریایانە لەگەڵ عێراق (ئێران) دانوستاندن بکەین ، ئەگەر ئەوان سیاسەتی پێت بە قەدەر بەڕەکەت ڕاکێشە لەگەڵ ئێمە پەیڕەوی دەکەن، پێویستە ئێمەش هەمان سیاسەت پەیڕەو بکەین لەگەڵ عێراق(ئێران)،  پێویستە هەموو هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە تا تێیان بگەیەنێن دەبێت کە ئەوانیش بە هەمان شێوە پێویستە پێیان بەقەدەر بەڕەکەی خۆیان ڕاکێشن.
لە ئێستادا عێراق بە سەرپەرشتی و چاودێری ئێران زۆر زۆرزانانە سیاسەتی( بەهانەی) یاسا و داد بەکار دەهێنێت کە بۆ خۆشیان نە بڕوایان پێی هەیە وە نە پەیڕەوی دەکەن !؟ بۆ داپڵۆسین، بچوککردنەوە و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان!؟ بۆچی ؟لەبەرچی!؟کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە هەرێمی کوردستان دەناڵێنێت بەدەست گەندەڵیی و ناداد پەروەرییەوە، بەڵام ئەگەر مافڕەوایی و داد پەروەری هەبێت، دەبێت فەرمان ڕەوایانی عێراقی حەشدی شەعبی هەزار جار دەست نوێژ بشۆن پێش ئەوەی باسی هەرێی کوردستان بکەن، چۆن دەبێت گێل بکرێین و فریو بدرێین بە فەرمان ڕەواییەک کە هێشتا زیاتر لەسەدا پەنجای هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە بەزەبری حەشدی شەعبی مەزهەبی فاشیستی دژە کورد !؟هێشتا تەعریب بەردەوامە!؟  تورکیا  داگیرکاری و بۆمباباران دەکات  پەرلەمان وحکومەت مێش میوانیان نییە!؟ ئەوە ئێران هەر نەیکردبێت عێراقی لەگیرفاندایە،  ئێران موشەک دەنێت بەهەولێرەوە،  عێراق جگە لە فرمێسکی تیمساح هیچی تری پێ نییە!؟ ئەمە جگە لە بونی حەشدی شەعبی، ناداد پەروەری هتد...
هەر بۆیە لەباشوری کوردستان پێویستە هەوڵ و کۆششی سەرەکیمان بۆ ئەوە بێت کە فەرمانڕەوایی و پەرلەمانی کوردستان بکەینە  ( تەیرێکی مەعقول )
نەک بە ئامۆژگاری ئەو گەمژانە بکەین کە دەیانەوێت هەموو هێلکەکانمان بخزێنینە ناو سەبەتەکەی  عێراقی حەشدی شەعبی مەزهەبی فاشیستی خاکی کوردستان داگیرکەر!؟، هەچ کاتێک عێراق بەپێی یاسا تەعریبی وەستاند، ئەو ناوچانەی کوردستان کە داگیری کردووە بەجێی هێشت، مادەی ۱٤٠ جێبەجێ کرا، بودجەی نارد، یاری بە موچە نەکرد تەنها ئەو کاتە با دانیشین لەگەڵیان وە گوێیان لێبگرین .

تورکیا ،باشور ،پەکەکە،ڕۆژئاڤا

کاتێک لەڕێگای دام و دەزگاکانی میدیاوە گوێبیستی زۆرگەلێک لە سەرکردەو بەرپرسە سیاسیەکانی تورکیا دەبێت بەسۆزەوە باسی مافی مرۆڤ، مافی گەلان، خودا، دادپەروەری، یاسا، دیکتاتۆرییەت، جێنۆساید هتد ... دەکەن؟!؟ مرۆڤ نازانێت پێبکەنێ، بگری، توڕەبێت، هاوار بکات، ئاخ هەڵکێشێ، جنێو بدات، شەرم بیگرێت هتد....
هەچ کەسێک ئاشنا بێت بە شیعرەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی ئەم کۆپلەیەی دێتەوە یاد کەدەڵێت:
چەرمی ڕوی هێندە قاییمە شمشێری میسری نایبڕێ
گەر بەکەوشی کەی دەمێنێ تا قیامەت نادڕێ
فاشیستی، دڵ پڕ لەکینەیی و بێ ویژدانی تورکیا بەرامبەر بە کورد لە سەرەتای دروست بونییە وە تا ئێستا بەهەموو جۆرە ڕژێمە یەک لەدوای یەکە خوێن ڕێژەکانییەوە جێی تێڕامان، سەرسوڕمان و توڕەبوونە. تەنها کاتێک مێژوو دەخوێنیتەوە تێدەگەی بۆ وا دەکەن بەڵام لەهەمان کاتدا تێناگەی، ئەم ڕقە قوڵە بێ وێنەیە چییە !؟ وە تا کەی بەردە وام دەبێت !؟!؟

لەئێستادا ڕژێمی تورکیای فاشیستی لەخودا ترس!؟؟

لە چوار بەش، سێ بەشی کوردستانی بەگیرهێناوە (باکور ، باشور، ڕۆژئاوا) بە بیانوی ڕێگری، یاخود جەنگ دژی تیرۆر !؟ تا خەونی چەندین ساڵەیان بەدی بهێنن بۆ دەستگرتن بەسەر سامانی سروشتی لە کوردستاندا (نەوت) وە دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەکەدا.   ئەم ئۆپراسێۆنانەشیان تا ڕادەیک بۆ دەلوێت لەبەر چەند هۆکارێک، سەرەکیترینیان ئەمانەن.
یەکەم : بەکارهێنانی کارتی تیرۆر بۆ دەست و دەم بەستکردنی فەریاد ڕەسەکانمان کە ڕۆژئاوا  ناتۆیە!؟  
دووەم: سەر لێشێواوی، ناکۆکی زۆر و  پەرتەوازی لە نێوان کورد خۆیدا (پارتە سیاسیەکان) کە ئەمەیان کاریگەرترینیانە،دەستی تورکیای تەواو واڵا کردووە کە بەڕاست و چەپدا دەست بوەشێنێت.
سێهەم:  بێدەنگی و چاو پۆشییەکی تا بڵێی ناشرینی نا پرۆفێشنەڵانەی میدیا جیهانییەکان لەهەمبەر دۆزی کورد و کوردستان !؟
سەرەڕای ئاستەنگەکان تورکیا تا ئێستاش دەزانێت چۆن یارییەکە دەکات، ئەوە ئێمەین تا ئێستا نازانین چۆن ڕێڕەوی یارییەکە بگۆڕین، تورکیا تا دێت بەرەی شەڕەکە لە باشوری کوردستاندا فراوانتر دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەژێر پەردە و بیانوی بەرنگاربونەوەی تیرۆر وە بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی خۆشەویست وە چاو پۆشی هاوپەیمانان!؟
سەیر لەوەدایە لە کوردستان کەس ئێخەی عێراقی هیچ نابینم، هیچ نابیستم، هیچ ناڵێم ناگرێت !؟؟ ئەو بەختەی عێراقی حەشدی شەعبی فاشیستی دژە کورد هەیەتی کەس نییەتی!؟ سەبارەت بەکێشەکانی باشوری کوردستان و عێراقیش هەر هەمان باسە، سەرەڕای ئەو هەموو نامەردییە زۆروزەبەنەی عێراقی فیدرالی خۆشەویست بەرامبەر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی دەیکات، هەر بەهەمان شێوە نەک هەر لەوەی کەس ئێخەیان ناگرێت!؟ وە لەوەش خۆشتر ئەوەیە دەڵێین هەموی خەتای خۆمانە کە عێراق وا بێ ڕێزیمان پێدەکات!؟؟؟  (ستۆکهۆڵم سیندروم)
لەکوردستان، پارتە سیاسیەکان زۆرینەیان بەربونەتە سەرو گوێلاکی یەکتری، یەکتری تاوان بار دەکەن بە هۆکاری هاتنی سوپای فاشیستی تورکی بۆ سەر باشوری کوردستان؟!؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە کەم تا زۆر هەمویان بەرپرسیارن
بەڵام بەر پرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەر شانی پەکەکە بەوەی کە بیانوی تورکیای فاشیست بونی هێزی پەکەکەیە لەناوچەکەدا!؟بەندە سەبارەت بە خودی خۆم لەڕوی ئایدۆلۆژییەوە دەتوانم بڵێم  زیاتر نزیکترم لە ئایدۆلۆژییەتی پەکەکە بەراورد بە پارتە سیاسیەکانی تری کوردستان، بەڵام سەبارەت بە سیاسەت و شەڕی پارتیزانی زۆر بە ڕاشکاوانە دەیڵێم پەکەکە سەرکەوتوو نەبووە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەکانی لە جەنگیدا دژی تورکیا، وە تا ئێستاش لەدوای ئەم هەموو ساڵە هەر بەردەوامن لەسەر ئەم سیاسەتەیان؟؟،!؟ تێناگەم بۆ واز لە شەڕی پارتیزانی ناهێنن!؟ ئەمە چ جۆرە ستراتیجیەتێکە !؟چاوەڕوانن چییان لە پارتیزانی دەست کەوێت !؟!؟؟ با ئیتر لەوە زیاتر خوێنی گەنجی کورد نەڕژێت ، دێ و گوندەکان کاول، وێران نەکرێن و خەڵکەکەی دەربەدەر نەکرێن بەدەستی ڕژێمی تورکیا.
هۆکاری بەردەوام بوونی ڕژێمی تورکیای فاشیستی لە خودا ترس!؟  لەم جەنگەدا زۆر ڕون و ئاشکرایە، ئەم جەنگە لەبەرژەوەندییەتی، بەڵام لە بەرژەوەندی ئێمەی کورد نییە، هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە دەبێت شێوازی سیاسەتمان، ڕوبەڕوبونەوەمان بگۆڕین، پێویستمان بە ستراتیجیەتێکی ترە، ستراتیجیەتێک کە شپرزەیان کات، سەریان لێ بشێوێنێت، لە ئێستادا ئەو ڕێگەیە تەنها ڕێگای شەڕ نەکردنە، پەکەکە هیچ پێویستی بەوە نەماوە بیسەلمێنێت کە هەیە کە  نەتەوەی کورد هەیە.....پەکەکە ئایدۆلۆژیایە ...
  ئێمە کەی دانمان بەوەدا نا کە شەڕی پارتیزانی بۆ کورد کاتی بەسەر چووە، هەر ئەو چرکەساتە هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕێن لە بۆ بەرژەوەندی ئێمەی کورد، وەک دەڵێن بەیەک بەرد دوو چۆلەکە دەپێکین
 یەکەم:  هەموو هێز و توانامان تەرخان دەکەین بۆ تیشک خستنە سەر سیاسەت کردن، ڕۆشنبیری، ئابوری، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری، لۆبی کردن  هتد...
دووەم :دەتوانین بەشێنەیی ئاڕاستەی یارییەکە لە دوژمنەکانمان تێکبدەین، بیانشڵەژێنین. 
 دوژمنانی کورد، بە تایبەتی تورکیا، بناغەی پلانەکانی دژ بە کورد لەسەر جەنگ بەندە، کاردانەوەی ئێمەش لەسەر بناغەی هەمان ئایدۆلۆژییایە، بەڵام جەنگ لە بەرژەوەندی ئێمەی کورد نییە، هەموو هاوکێشەکان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن، شەڕی پارتیزانی لە مێژە نیشانەکەی خۆی پێکاوە، ئێستا کاتی سیاسەتە.
شۆڕشی چەکداری لە هەر جێیەکی جیهان بێت  پێویستە بۆ ماوەیەکی کورت و  دیاری کراو بێت تەنانەت ئەگەر ئامانجەکەشی نەپێکێت، شۆڕشی چەکداری کە درێژەی کێشا ووڵات وێران دەکات، کوردستان بە نموونە، لەو بڕوایەدام هەر کەسێکمان چاوێک بخشێنین بە ڕابوردوی شۆڕشی چەکداری کوردستاندا ئەو ڕاستییەمان بۆ یەکلایی دەبێتەوە. تێگەیشتنی تەواومان بۆ جیێۆ پۆڵۆتیکی کوردستان و تواناکانمان، زۆر زوو ئەوەمان بۆ ڕون دەکاتەوە کە ئێمەی کورد ناتوانین کێشەی کورد لەڕێی هێزی چەکدارییەوە یەکلایی بکەینەوە، هەموو شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان گەواهی دەدەن لەسەر ئەو ڕاستییە،
لە دوای۱۹۹۱ کاتێک باشوری کوردستان کەوتە ژێر چاودێری و پاراستنی هاوپەیمانانەوە دەبوایە هەر ئەو کاتە هێزە کوردیەکان دەستبەرداری شەڕی پارتیزانی بونایە، وە هەموو هێزو توانایان تەرخان بکردایە بۆ بەرەو پێشچونی باشوری کوردستان، وە ئێستاش هەر درەنگ نییە،بگرە گشت کاتێک کاتێتی .
 بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر ئەو هەموو هێزو توانا و پارە و چالاکییەی ئەم هەموو ساڵە لە لایەن پەکەکە لە بواری پارتیزانیدا بەکارهاتووە، لەبڕی ئەوە بەکار بهاتایە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر یان یارمەتیدانی باشور یان گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان هتد...پڕ بەرهەمتر و کاریگەرتر نە دەبوو بۆ گەلی بێ کەسی کوردستان ؟؟ بەڵێ پەکەکە زۆر چوست و چالاکترە لە جیهاندا بەراورد بە پارتەکانی تری کوردستان بەڵام  پاشناوی تیرۆریست هەمیشە هەموو ڕستەکەی دەکاتەوە بە خوری.
لە ئێستادا  جیهان تەنها گوێ بیستی ئەو بیانووە، سینارێۆیەی تورکیایە کە ئەندامی ناتۆیە، بەوەی کە ئەو  دەجەنگێت دژی گروپێکی تیرۆریست کە ناوی پەکەکەیە!!؟؟؟؟
بێ گومان هەچ کەسێک ئەوەندەی تۆزێک ویژدانی هەبێت دەزانێت ئەمە جگە لە بیانویەکی نامەردانە .کە تەنها و تەنها تورکیا شایەنییەتی، هیچی تر نییە

ڕۆژئاڤا

ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا لە بەردەم وەرچەرخانێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بە یاسایی ببێت بەهەرێمێکی سەربەخۆ، ئەم هەموو هەڵمەتوو پەلەقاژەیەی تورکیا بۆ ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە، پڕۆسەیە سەر نەگرێت، هەر بۆ یە ئەرکی سەر شانی  هەموو کوردستانییانە کە زۆر سەرسەختانە پشتگیری ئەم پرۆژەیە بکەن، بەڵام گەورەترین ئەرک، جارێکی تر دەکەوێتەوە سەرشانی پەکەکە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات بەبێ بونی پەکەکە پرۆژەی هەرێمی خۆسەری ڕۆژئاڤا سەرەڕای کەم و کورتییەکانی بەم شێوە سەرکەوتووە سەری نەدەگرت، بەڵام ئەم ئەرکە هێشتا ماویەتی وە مەترسی لەسەرە، هەر بۆیە زۆر پێویستە پەکەکە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی گەلی کوردستان بەگشتی وە هەرێمی ڕۆژئاڤا بە تایبەتی دەرچەیەکی وا بدۆزێتەوە کە رژێمی تورکیای فاشیست نەتوانێت لە ڕێی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە کێشەو گیروگرفت بدۆزێتەوە بۆ ڕۆژئاڤا، چونکە ئەو بەرەو پێشچونە بێ وێنەیەی ڕۆژئاڤا بەدەستی هێناوە لەو ماوە کورتەی فەرمانڕەوایەتیدا، سەرەڕای جەنگ و ئاژاوەو  بەربەستەکان، ڕژێمی تورکیایی هێناوەتە لەرزە، هەر بۆیە وا ئۆقرەی لێ بڕاوە وە دەیەوێت هەر چۆنێک بێت وە بە هەر نرخێک بێت شکست بهێنێت بە پڕۆژەی بە هەرێم کردنی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕوی یاساییەوە.
لەکۆتاییدا، ئێستا جەنگێکی گەورە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە ئەگەر  ئەم جەنگە نەشبێتە هۆی گۆڕانی نەخشەی جوگرافی ناوچەکە ئەوا زۆر بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی جێگۆرکێی دەسەڵات لە ناوچەکەدا، لە هەر دوو بارەکەدا ئەم گۆڕانکارییانە لە بەرژەوەندی گەلانی کوردستانە بەوەی ئەم جەنگە ئەگەر نەبێتە هۆی ڕوخاندی ئێران وە بەخستنە بری (عێراق، سوریا) ئەوا بێگومان هەمویان لە پەل و پۆ دەخات، سەبارەت بە تورکیاش بەجۆرێک پەراوێز خراوە کە خۆشیان بڕوا ناکەن ئەوەی کەڕودەدات خەوە یان ڕاستییە.
 ئێستا فەرمان ڕەوایانای تورکی فاشیست هەوڵی ئەوە دەدەن نزیکبنەوە لە کورد، ئەمە بەڕاستی جێگەی پێکەنین و قێزە .
کاری کەسی نامەرد ئاوایە کاتێک دەسەڵاتی هەیە دەست ناپارێزی وە کاتێک بێ دەسەڵات دەبێت باسی برایەتی ، ئاشتی و خۆشەویستی دەکات ؟!؟!؟ بەڵێ ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کورد، بەڵام ئاشتی لەگەڵ ووڵاتێکی فاشیستی وەک تورکیا وە لەئێستادا  دەبێت زۆر بە وردی وە ژیرانە تاوتوێ بکرێت،چونکە ئەم هەنگاوەی تورکیا بۆ ئاشتی تەنها و تەنها لەبەر بێ دەسەڵاتیەتی نەک لە پێناوی ئاشتی.
 لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە بڵێم، جێگەی داخە کەوا هاوڵاتییانی سڤیلی زۆر بونەتە قوربانی ئەم جەنگە نگریسە، وە هیوادار بووم هەلێکی تر بۆ کوردستان هەڵکەوتایە کە بە ئاواتەکانی بگات نەک بەهۆی نەهامەتی گەلانی ترەوە بەڵام بەداخەوە بەرکەوتەی ناوچەکە بەو شێوەیەیە.
ئێستا هەلێکی زێڕین هەڵکەوتووە  بۆ  کوردستان کە لە جیاتی چەند هەنگاوێک بدات بەڵکو  بگرە چەند بازێک بدات بەرەو پێشەوە، بۆ ئەوەی ئەمەش بێتە دی  پێویستمان بە ڕێکەوتن و ئامادەباشییە.
بەکورتی و بەکوردی لە ئێستادا کورد لە باشور و لە ڕۆژئاوای کوردستان پێوستی تەنها بە دوو هەنگاوە:
یەکەم : بە نیشتیمانی وە بەیاسایی کردنی هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان.
 دووەم: دەست بەرداربونی پەکەکە لە شەری پارتی زانی وە هەوڵ دان بۆ دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر.
ئەم دوو هەنگاوە لە ئێستادا کاریگەرترین و پتەوترین ئامادەباشییە بۆ پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی   ناوەڕاست.
گەورە ترین و بەدەسەڵاترین ووڵاتی جیهان کە ئێستا ئەمەریکایە بنکەی سەربازی هەیە لە کوردستاندا پێمان خۆش بێت یان نا، ئەو دەمێنێتە بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ لە ناوچەکەدا (کوردستان)وە ئەمەریکا پێویستی بە بیانوو نییە تا بمێنێتەوە لەو ناوچەیەدا چونکە ئەمەریکا خودی خۆی بیانووە بۆ مانەوەی . 
مەبەستی من لەم چەند دێڕەی سەرەوە ئەوەیە کە  بڵێم وەک چۆن ئەمەریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی هەموو ئەوروپا دەپارێزێت، ئێستاش بە هەمان شێوە لەبەر بەرژەوەندی خۆی ( پارێزگاری لە ئیسرائیل) لە دوو بەشی کوردستاندا دایکوتییوە، کە گومان نییە لە کوردستانیش چاکتری دەست ناکەوێت بۆ مانەوەی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا چونکە زۆر باش دەزانێت گەلی کورد بەگشتی لە بەر ڕزگار بونیان لەدەست دراوسێ لە خودا ترسە موسوڵمانەکانیان نەک هەر دەیانەوێت سەربازەکانی ئەمەریکا لە کوردستان بمێننەوە بەڵکو دەشیان خەنە سەر چاویشیان. 
بۆ سود وەرگرتن لەم دەرفەتە وە خۆ ئامادەکردن بۆ جێگۆڕکێی دەسەڵات لە ناوچەکەدا ئێمەی کورد پێویستمان بەوەیە زۆر وریایانە ڕەچاوی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بکەین.
 هەر بۆیە ئەوەی  زۆر گرنکە بیزانین ئەوەیە کە ئێمە پێمان خۆش بێت یا نا ئێمە ناتوانین سود مەندبین لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە بەسەر ناوچەکەدا دێت بەسێ هێزی میلیشیا وە هێزێکی تێرۆریستەوە...
...ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە