کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی شەڕدا

Wednesday, 23/10/2024, 9:57


گەلانی رۆژهەڵاتی ناوين بەگشتی و ئێران بەتایبەت، لە نێوان بەرداشی گەورە بوونەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و قوتار بوونی کۆماری ئیسلامی لەم تەنگەتاوییە.
 ئەگەر شەڕەکە گەورە بێتەوە چی روو دەدات؟! ئەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆی بچێتە سەر و لەم دۆخە قوتاری بێت، چی دەبێت؟!
١- با لە دووهەمیانەوە دەست پێبکەم. من پێم وایە ئەگەر ئیسرائیل بە لێدانێکی شکڵی و کەم بایەخ وەڵامی ئێران بداتەوە، گەلانی ئێران تووشی زەرە و زیانێکی گەورەتر (لەوەی ئێستا تووشی بوونە بەدەستی کۆماری ئیسلامییەوە) دەبن. واتە بەرەو رووی وەحشییەتی زیاتری رژیم دەبنەوە.
راستە  پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی تار و مار بوونە و لەوپەڕی لاوازیدان بەدەست ئیسرائیلەوە، بەڵام لەو لاوە کۆماری ئیسلامی دوو جار راستەوخۆ هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل (لە مێژووی ئیسرائیلدا بێ وێنە بووە). هەوڵ دەدات لە رێگەی پڕۆپاگەندە و گەورە کردنەوەی ئەو هێرشانەوە، لە لای پرۆکسییەکانی خۆی بەهێز نیشان بدات و سێبەر بخاتە سەر شکستی پرۆکسییەکانی و رای گشتی!!! دەیهەوێ لە ناوخۆی ئیرانیش خۆی بە سەرکەوتوو لە قەڵەم بدات!!! 
جگە لەمانە، ئەوە تەنیا پرۆکسییەکانی ئێران نین کە زەرەریان کردووە. بۆ یەکەمجار ئیسرائیل تووشی شەڕێکی درێژخایەنی لەم شێوە دەبێت. لەباری زەرەر و زیانی گیانیشەوە، لە دوای هۆلۆکاستەوە، ئەوەندە زەرەری گیانی نەبووە، ئابووری ئیسرائیل تووشی زەرەر و زیانێکی گەورە هاتووە. دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل وای لێهاتووە کە کۆچبەری بۆ دەرەوە ئیسرائیل دەستی پێکردووە!!! دەرکەوت دیواری ئاسنی ئیسرائیل ئەوە نییە کە ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات و ... زۆر شتی دیکە. 
جا بۆیە من پێموایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەم تەنگەژەیە قوتاری بێت، سەدقات زیاتر لە جاران بەرامبەر بە خواستە دێمۆکراتیکە ناوخۆییەکان تووند و تیژی دەنوێنێت و هەر دەنگێکی ناڕازی سەر کوت دەکات. هاوشێوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و دوای ئەوە، پایەکانی خۆی قایمتر دەکاتەوە و لەو رێگەیەوە تەمەن بۆ خۆی دەکڕێتەوە. هەم لە بەرامبەر دەرەوە و هەم لە بەرامبەر ناوخۆدا، خۆی وەک رژیمێکی لە شکست نەهاتووە وێنا دەکات و دەتوانێ دوا شەپۆلەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکوتی بکات، سەرکوتی بکات. بە کورتی قۆناخێکی رەش و تاریک بۆ ئازادیخوازان دەست پێدەکاتەوە.
با ئەوەش بڵێم، من لەو کەسانەم کە پێم وایە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئیران گەورەتر دەبێتەوە و ئیسرائیل هەرگیز ئەم هەلە لە دەست نادات....
٢- لە ئەگەری گەورە بوونەوەی شەڕەکە چی روو دەدات؟
سەرەڕای ئەوە کە مێژوو نیشانی داوە هیچ کات دێمۆکراسی و بەختەوەریی گەلان لە لوولەی چەکەوە بەدی نەهاتووە و لەو شوێنانەش کە زلهێزەکان دەستێوەردانیان کردووە بۆ رووخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان (مەبەستم ئەوە نییە خۆیان زۆر دێمۆکراتن) نەیانتوانیوە دەسەڵاتێک بهێننە ئاراوە کە گەلان تێدا هەست بە بەختەوەری بکەن. نموونەش زۆرن. سەرەڕای ئەم راستییەش، دەسەڵاتە دەیکتاتۆرەکان بەجۆرێک تەنگیان بە گەلانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەڵچنیەوە، کە هەمیشە ئەو گەلانە پێشوازی لەو هێزە دەرەکییانە دەکەن!  لە ئێستاشدا لەم کائووسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕ و ئاڵۆزی، مەترسی بەریەککەوتنی گەلان، دینەکان، ئائیین و باوەڕییەکان، ماڵوێرانی، ئاوارەیی و وێران بوونی ژێرخانی ئابووری وڵاتان، هەڕەشە لە هەبوونی گەلان دەکات. ساڵی پار و لە یەکەم حەفتەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبردا نووسیم، لەم شەڕەدا، فێندامنتالیزم، شەڕی نەتەوەکان، دینەکان، ئایین و باوەڕییەکان و دواکەوتوویی براوەیە و دێمۆکراسی، مافەکانی مرۆڤ، پێکەوە ژیانی گەلان، دۆڕاوە. لەو دەرەوەی ئەمانە بۆ دۆڕاو و سەرکەوتوو نەگەڕێن. ئەگەر ئێمە ئەو راستیانە نەبینین و بەگوێرەی ئەوانە خۆمان حازر نەکەین، سەرمان بێ کڵاو دەمێنێتەوە. ئێمەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێ بزانین لە دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ زێهنیەت و عەقڵییەتی ئێرانییە ناوەندگەراکان بەرەو ڕووین، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێکی نایەکگرتوو لە ئاستی سەرانسەریدا بەڕەوڕووین، مەترسی دەستێوەردانی تورکیە و ئازەربایجان لە ئارادایە و لە هەمووی خراپتر، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نایەکگرتوون و تەنانەت لەم دۆخەشدا ئامادە نین، یەکگرتووانە هەنگاو بنێن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە