سیستەمی پارێزگاری لای دزە پیرۆزەکان لە هەرێمی کوردستان(کلیک)


ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(١١)

Saturday, 19/10/2024, 23:21


ناکۆکی نێوەخۆ لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا، تەنیا یەکدی کوشتن نەبووە. ئەڵبەتە لایەن و کەسە ناکۆکەکان بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، هەموو سنوورێکیان بەزاندووە. ئەوان  دەستیان لەگەڵ دوژمن و غەیرە دین تێکەڵاو کردووە و خیانەتی مەزنیان کردووە. ئەلموستەعسم بیلا کۆتا خەلیفەی عەباسیەکان بوو، دوو وەزیری هەبوو، یەکیان ناوی دوەیدار بوو کە سونە مەزهەب بوو، ئەویدیان ناوی ئیبن عەلقەمی بوو کە شیعە مەزهەب بوو. واتە دەسەڵاتی حوکمڕانی ئەو کات لە بەغداد، وەک  ئەمڕۆی دەسەڵاتی سیاسیی عیراق تەوافوقی بووە.  ئەم دوو وەزیرە لەسەر هەردوو ئاستی دەسەڵات و جەماوەردا, هەمیشە دژی یەکدی کاریان کردووە, هەوڵیانداوە خۆیان لە خەلیفە نزیک بکەنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە هەژموونی خۆیان بسەپێنن و بۆ دواڕۆژ  کورسی دەسەڵات مسۆگەر بکەن. لەسەر ئاستی جەماوەردا هەردوو وەزیر هەوڵیاندەدا کە ناکۆکی مەزهەبی لەنێو کۆمەڵگەی موسڵمانن زەقتر بێتەوە و قوڵتر بێ بۆ ئەوەی بتوانن هەریەکەیان خاوەن پێگەی جەماوەری خۆی بێت، کە لە ئەنجامدا ئەو جۆرە کارکردنە، بووە هۆی ئەوەی یەکریزی موسڵمانان درزی زێتر تێکەوێت، کە ئەمە یەکێک بووە لە هۆ سەرەکییەکان، کە هێزە دەرەکییەکانی  ئەو کات وەک مەغۆلەکان سوودمەند ببن لەو ناتەباییە. 

سیخورە موسڵمانەکانی هۆلاکۆ و داگیر کردنی بەغدادی پایەتەختی عەباسیەکان.

 ئیبن عەڵقەمی، کابرایەکی زیرەک و بە توانا بوو، دەستی نووسینی هەبوو، توانیبووی لە زەمانی دەسەڵاتی باوکی موستەعسم بیلادا جگە لەوەی کە وەزیر بوو، ببێت بە مامۆستای ماڵی خەلیفە. باوکی موستەعسەم بیلا کاتیک کە ویستی وەسیەتنامە بنووسێت و دوای خۆی کوڕەکەی شوێنی بگرێتەوە. زۆربەی ئەوانەی شارەزاییان هەبوو لە سیاسەت، دڵسۆزی مانەوەی دەسەڵاتی عەباسی بوون، بە خەلیفەیان گوت، کوڕەکەت بەهرەی لە بەڕێوەبردنی دەوڵتدا نییە، کەسایەتیەکی لاوزە، توانای دەرکردنی بڕیاری نییە لە کاتی پێویست و بۆ مەسەلە چارەنووسزسازەکان، بەڵام ئیبن عەلقەمی لەو کاتەوە پلانی بۆ ئەوە دادەنا، کە لە دواڕۆژدا ببێت بە خەلیفە، بۆیە مەبەستی بوو کە خەلیفەیەکی لاوازی بی کاریزما بێتە دەسەڵات، تا بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، لەبەرئەوە هەوڵی دا خەلیفە ڕای خەڵک و دەوروبەرەکەی فەرامۆش بکات، دوای خۆی کوڕەکەی ئەلموستەعسم بیلا دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دابنیشێت. 
ئیبن عەلقەمی جگە لەوەی وەزیر بوو، لێپرسراوی دار ئەلخەلافە بوو، واتە یەکێک بوو لە نزیکترین کەسەکانی خەلیفە و متمانەی تەواوی پێ بەخشی بوو، بۆیە کاتێک کە ئەلموستەعسم بیلا بوو بە خەلیفە، ئەو توانی پارێزگاری لە پێگەی سیاسی خۆی بکات، وەک جاران خەلیفەی تازە ڕاوێژی پێ بکات، بۆ ڕێنمای و ئامۆژگاری سیاسیی و سەربازیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. ئیبن عەڵقەمی هەمیشە هەوڵیدابوو کە گوتە و گفت و بۆچوونەکانی لای خەلیفە بەهەند وربگیرێت، بەتایبەتی لە قۆناغی حوکمڕانی خەلیفە ئەلموستەعسم بیلادا، کە ناسراو بووە بەوەی کە زۆربەی کاتی لەگەڵ جاریەکان و ڕابواردن بەسەر بردووە، کە ئەمە خاڵێکی گرنگ بووە ئیبن عەڵقەمی هەستی بەبوونی بۆشایی کردووە، توانیویەتی بە زمانی لوس خەلیفە بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی، بۆ هەموو بڕیارێکی گرنگ خەلیفە ئەو وەک ڕاوێژکاری یەکەمی بێت.  دوەیدار دەرکیی بەم کەینوبەینەی عەڵقەمی کردووە، بۆیە لە دیوانی خەلیفەدا بۆ هەموو بۆچوونەکانی دوەیدار ڕووبەڕووی عەڵقەمی ڕاوەستاوە، بەڵام بێ هودە بووە.   
لە قۆناغی دەسەڵاتی کۆتا خەلیفەی عەباسی، هۆلاکۆ و هێزی مەغولەکان بەهێز ببوون و چاویان لەوە بوو بگەنە بەغداد بەڵام سڵیان لەوە دەکرد کە عەباسیەکان خاوەن سوپایەکی بەهێزن کە لە ٢٠٠هەزار شمشێردار پێکهاتووە، چەند جارێک هەوڵیاندا و نزیک بەغداد بوونەوە، بەڵام بڕیاریان دا کە دەبێت لە هەلێک بگەڕێن ئەو سوپایە بێهێز بێت ئینجا ئەوان گورزی خۆیان بوەشێنن. 
لە مێژوودا هاتووە کە ئیبن عەلقەمی ژێربەژێر پەیوەندی لەگەڵ هۆلاکۆدا دەبەستێت، پێ ڕادەگەیەنێت کە ئەو ئامادەیە هاوکاریان بێت کە خەلیفەی عەباسی بڕووخێنن، بەمەرجی ئەوەی خۆی ببێت بە خەلیفە، بێ گومان هۆلاکۆ لە سەرەتادا بە مەرجەکەی ڕازی دەبێت و ئەویش کار بۆ ئەو مەسەلەیە دەکات. 
ئیبن عەلقەمی یەکەم هەنگاوی ئەوە بوو کە خەلیفە بگەێنێتە ئەو بڕوایەی، کە سوپاکەیان زەبەلاحە و خەرجی زۆرە و وڵات پێویستی بەو سوپا زەبەلاحە نییە، بۆ بەهێزکردنی ئابووریی و پڕ کردنی خەزێنەی دەوڵەت، پێویست دەکات کە خەلیفە بڕیار بدات، کە سوپاکە بچووک بکات، گەلێک لە سەربازانی خانەنشین بکات، تا گەیشتە ئاستێک سوپاکە تەنیا پێکهاتبوو لە ١٠ هەزار تا ٢٠ هەزار کەس.  خەلیفە ڕازی بوو بە پێشنیارەکەی عەلقەمی،  بڕیاری کەم کردنەوەی هێزی دەرکرد.
 دوەیدار وەزیرە سونەکە، هەوڵی دا کە خەلیفە لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام بێهودە بوو. لە هەمان ساتدا دووبەرەکیی نێوان سونە مەزهەب و شیعە مەزهەب لە پەڕەسەندن بوو، شەڕی ناوەخۆ لەنێوان خەڵکی بەسەرە سونە مەزهەب، خەڵکی کەرخ شیعە مەزهەب بوو، سەریهەڵدا و هەر یەک لە وەزیرەکانی خەلیفە پشتیوانی لایەکیان دەکرد، واتە دۆخی ناوەخۆی وڵاتەکەش شڵەژا بوو، لەلایەکی دی خەلیفە هەموو کاتەکانی خەریکی جاریە و ڕابواردن بوو، کە ئەمە خاڵی لاواز بوون کە بە ڕێگەی سیخورە موسڵمانەکان هۆلاکۆیان لێ ئاگادار دەکردەوە.   
ئیبن عەلقەم بەنهێنی نامەی بۆ هۆلاکۆ ڕەوانە کرد، پێ ڕاگەیاند کە سوپا لە بەغداد زۆر کەم کراوەتەوە، باشترین کاتە کە هێڕش بکاتە سەر بەغداد. هۆلاکۆ دەستی بەهێرش کردنە سەر دەوڵەتی عەباسی کرد، گوند بە گوند و شار بەشاری موسڵمانانی خاپوور کرد. دەستی لە کوشتنی کەس نەدەپاراست. پێش گەیشتنی سوپای هۆلاکۆ بۆ بەغداد، خەڵکی ئەو ناوچانە نامەیان بۆ خەلیفە دەنارد، بەڵام دەگەیشتە دەستی ئیبن عەلقەم و نەیدەهێشت خەلیفە ئاگادار بێت. 
هۆلاکۆ دەوروبەری بەغدادی ئابڵوقە دا، خەلیفە هەردوو وەزیری بانگهێشت کرد بۆ ڕاوێژکاری. ئیبن عەلقەم گوتی، باشتر وایە لەگەڵیان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەری ئاشتیانە. خەلیفە ڕازی بوو و ئیبن عەلقەمی نارد بۆ لای هێزەکەی هۆلاکۆ. عەلقەمی بە هۆلاکۆی گوت، ئەگەر ئەو لەسەر بەڵێنی خۆی ماوە، کە ئەو بکات بە خەلیفە، ئەوا ئەو خەلیفە و بەغدادی تەسلیم دەکات. لە وەڵامدا هۆلاکۆ گوتی، بەڵی من من لەسەر بەڵێنی خۆمم. 
ئیبن عەلقەم، هاتەوە لای خەلیفە، پێی ڕاگەیاند، کە هۆلاکۆ مەبەستی داگیرکردنی بەغداد نییە، ئەو هاتۆتە عیراق تەنیا دەیەوێت لەگەڵ خەلیفە دابنیشێت و مفاوەزاتی لەگەڵدا بکات. خەلیفە بڕوای بە عەلقەمی کرد، دەرگەی شورەی بەغدادیان بۆ هۆلاکۆ واڵا کرد.  ئیبن عەلقەم خەلیفەی گەیاندە قەناعەت، کە لەگەڵ وەفدێکی حکومی و پیاو ماقوڵان و نووسەر و خەڵکی بەنێوبانگی ئەو کات  کە ژمارەیان ٧٠٠ کەس بوو، بچێتە پێشوازی هۆلاکۆ بۆ گفتوگۆ. 
 خەلیفە موستەعسم بیلا لەگەڵ ٧٠٠ کەسەکە لە شوورەی بەغداد هاتە دەرەوە. هۆلاکۆ فەرمانی دەرکرد کە خەلیفە جیا بکەنەوە، ئینجا بەبەرچاوی خەلیفە، هەموو ئەوانەیان کوشت کە لەگەڵی هاتبوونە پێشوازی. هۆلاکۆ بڕیاری دا خەلیفە داوا لە دانیشتوانی بەغداد بکات، کە چەک فڕە بدەن و تەسلیم بە هێزەکەی هۆلاکۆ بن.  خەلیفە داوای لە هۆلاکۆ کرد کە بواری بدەن و نەیکوژن، لێی بگەرێن لە خەلافەت بمێنێتەوە، بە مەرجێک، خەلیفە، نیوەی دەرامەتی ساڵانەی حکومەت بدات بە هۆلاکۆ و لەگەڵ گشت سەرەوەت و سامانی خۆی. هۆلاکۆ خەریک بوو بە پێشنیارەکەی خەلیفە ڕازی دەبوو، بەڵام ئیبن عەلقەم هەڵیداو گوتی، ئەگەر خۆی ببێت بە خەلیفە، هەموو دەرامەت و ماڵ و موڵکی دەوڵەتی عەباسی دەدات بە هۆلاکۆ، ئینجا ئەو کات خەلیفە بۆی دەرکەوت کە ئیبن عەلقەمی خیانەتی لێ کردووە.   
سوپای هۆلاکۆ کاتێک کە کۆنتڕۆڵی بەغدادیان کرد، هەرچی نووسراو و کتێب هەبوو لەنێو ئاوی دیجلە و فوراتیان کرد. هەرچی هێمای ئیسلامی بوو لە شار و وڵاتەکەدا خاپووریان کرد. ماڵوموڵک و ژن و منداڵی موسڵمانانیان فەساد کرد. دەرامەت و خەزێنەی موسڵمانانیان دەستبەسەردا گرت. هۆلاکۆ بەهاوکاری سیخورە موسڵمانەکان ٧٠٠ هەزار تا میلیۆنێک موسڵمانیان لە بەغداد کوشت. خەلیفەی موسڵمانانیان لەنێو گونیەیەک کرد، سەر گونیەکەیان بەستەوە و لێیاندا تا کوشتیان. بەم جۆرە لە ساڵی ١٢٥٨ز دەوڵەتی عەباسی ڕووخا.  

سەرچاوەی زێتر:

1) تاریخ الاسلام  الدکتور عمر عبدالسلام تدمری شمسدین الزهبی
كتاب "الوافي بالوفيات " لأبن أيبك الصفدي،
٢)
٣) 
٤) 

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت

تێبینی: 

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی یان (فتوحاتی عەرەبی)  درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و خەلیفە و ئەسحابەکان دەکات، بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە