بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


ئاخۆ دەستەڵاتداران گوێ لە ئازارەکانی خەڵکی دەگرن و دەیانەوێت بیگۆڕن؟

Monday, 14/10/2024, 14:17


-  تۆبڵێی دەستەڵاتداران بێ ئاگابن لەخاڵە  لاوازەکانی خۆیان؟
- تۆبڵێی دەستەڵاتداران نرخ و بەهای ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بزانن؟
- تۆ بڵێی دەستەڵاتداران ئەوەندە سەرسەخت و دوودڵ بن لە گۆڕینی بیرکردنەوەکانیان ؟
- تۆ بڵێی دەستەڵاتداران لە گۆڕانکاری بترسن، تەنانەت ئەگەر گۆڕینی دۆخەکەش بە قازانجی ھەموانیش بێت؟
- تۆبڵێی دەستەڵاتداران ئامادە نەبن بەرپرسیارێتی کارەکانیان لە ئەستۆ بگرن ؟
- تۆبڵێی دەستەڵاتداران ھەڵە و تاوانەکانیان بخەنە ئەستۆی کەسانی دەرەوەی خۆیان و حیزبەکانی تر؟
- تۆبڵێی دەستەڵاتدارەن ئینتمای نیشتمانیان مابێت؟  یان خۆیان لە کوردستان بە میوان دەزانن؟ واتە ھەرکاتێک کێشە بۆ ھەرێم دروست بوو لەلایەن عێراق و ئێران و تورکیاوە، دەستەڵاتداران دەست دەدەنە جانتا پڕ دۆڵارەکانیان و ڕادەکەن  بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا یان ووڵاتانی کەنداو؟
-  ھێز و دەنگی گەل چەندە لە ووڵاتە دیموکراتیەکاندا ( بۆ نمونە ئەوروپا) و وە ئاخۆ لە کوردستان چەند بێت؟
-  لەئەوروپا :  کاتێک کە دەسەڵاتدارانی ئەوروپا گوێ ناگرن لە شەقام ! وە نایانەوێت گۆڕانکانی لەسیاسەتەکانیاندا بکەن بە ھەر ھۆیەکەوە بێت! وە ھەندێک جار ناشیانەوێت داوای لێبوردن لە کۆمەڵگە بکەن بۆ نادروستی ئاڕاستەی سیاسەتەکانیان!  ئەوا دەسەڵاتداران لەو کۆمەڵگەیەدا بە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، وەک :
-  مشتومڕی گشتی و فشاری گشتی و قسەکردن لەسەر مێزەکانی میدیای سەربەخۆ لەسەر لایەنە نەگەتیڤەکانیان! ھەتا خەڵکی بە ئاشکرا کاریگەری خاڵە نەگەتیڤەکان ببینن! بەوەش ھەوڵی پێشخستنی شەفافیەت و هاندان بۆ خۆپیشاندنی گشتی و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی ئاشتیانە دەکەن یان بۆ دەنگدانی پێشوەخت!
-  بەو مانگرتن و خۆپیشاندانانەی خەڵک ، زۆربەی کات کابینەی دەستەڵات دەڕوخێت و پلان بۆ ھەڵبژاردنی تازە دادەنێن و هەوڵی هێنانەدی گۆڕانکاری دەدەن!
- لە ھەڵبژادنی تازەدا ، سزای حیزبەکانی دەستەڵات دەدەن ، واتە ڕێژەی دەنگ ھێنانیان کەم دەکات!
- وە  لە هەندێک حاڵەتیشدا، ڕەنگە ڕێکاری یاسایی وەکو ڕێوشوێنی دادگایی تۆمار بکرێت لەسەر ئەنجانی ئەو خاڵە نەگەتیڤانەی سیاسەتەمەداران ! وە لێپرسینەوەشیان لێ بکەن! بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە دەبێت هەموو کردارەکان لە سنووری یاسادا دا بمێنێتەوە!
ئەی لەکوردستان چۆنە؟
- دەستەڵاتدارانی کوردستان ، زیاتر متمانەیان بەبیر و بۆچوونەکانی خۆیان هەیە! وە کەمتر کراوەشن بەرامبەر بە پێشنیار و بیرۆکەی تازە و ئامۆژگاری کەسانی شارەزا لە بوارە جیاوازەکاندا! وە لەھەمان کاتیشدا ھەندێکیان ئەوەندە کەلەڕەق و سەرسەختیشن کە  وەک سیکۆتین بە هەڵوێستەکانیانەوە نوساون و ناگۆڕێن! بەجۆرێک ئەگەر وەک ڕۆژی ڕوناک ھەڵەکانیشیان ببینن! ھەر ئەمەشە کە دەبێتە هۆی ناکۆکی و بێزاری لایەنەکانی تر و کۆمەڵگەش!
-  کاتێک سەرکردەکانی ھەرێم گوێ ناگرن و سیاسەتی خۆیان ناگۆڕن و لە هەڵەکانیان فێر نابن و دادپەروەر نین و سەروەتەکانیان لە کوردستان ناخەنە کارەوە،  ھەتا ئابوری کوردستان گەشە بکات و خۆپیشاندانەکانی موچەخۆران و مامۆستایان نابینن و ھەلیکار ناڕەخسێنن! بەڵام ژمارەی بارە قاچەخەکان  نەک ھەر دەبینن،  بەڵکو بارەکان دەخەنە ژێر میکرۆسکۆبەوە ھەتا باشتر و گەورەتر بیانبینن ، ئەوەش بۆ دەستکەوتی زیاتری خۆیانە ،  ئەو کاتەش نەک ھەر خەڵکی کوردستان بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەتوانن ڕێوشوێنی جۆراوجۆر لەبەرچاو بگرن بۆ لێپرسینەوە لەدەستەڵاتداران ، ھەتا  گۆڕانکاری لە سیاسەت و ڕەفتاریاندا بکەن !
-  ئەم خاڵانەی خوارەوە لەوانەیە دەستەڵاتداران بە ئاگا بھێنن:
١ - فشاری دیپلۆماسی : ھەوڵە دیپلۆماسییەکان دەتوانن تواناکانیان  چڕتر بکەنەوە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا بەتایبەت (پارتی و یەکێتی)  ،  بۆ ئەوەی هانیان بدات کە سەرکردەکانیان سیاسەتەکانیان بگۆڕن و فێربن کە پێکەوە کاربکەن و سەروەری یاساش بپارێزن  (نەک یاسای دیوەخان و مزگەوت) و دوریش بکەونەوە لە قاچاخچێتی و  لە مجازەفەکردن  بە سەروەتی نیشمانی و نەتەوەییەوە !
٢ - سزای ئابووری : ڕەنگە سزای ئابووری لەلایەن ووڵاتانی دیموکراتیەوە بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و سەرکردەکانی،  کارێکی گرنگ بێت،  ئەوەش بۆ بەخەبەرکردنەوەی سەرکردەکان ھەتا بتوانن ڕەفتارەکانیان بگۆڕن!  ئەمەش دەتوانرێت ئەنجام بدرێت! بۆ نموونە بە سست کردن یان دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانەکانی سەرکردەکان کە لە بانکە نیودەوڵەتیەکاندا دانراون!  وە سنووردارکردنی بازرگانی یان وەستاندنی پشتگیری دارایی ووڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی ، چونکە دەستەڵاتی ھەرێم ئەو یارمەتیانە وەردەگیرێت بۆ بوژاندنەوەی ئابوری ھەرێم و پرۆسەی دیموکراتی،  نەک بۆ کاری کەسی و حیزبی و دیوەخانەکان (سوڵحی عەشائیری لە دیوەخان و مزگەوتەکاندا)!
٣ - گۆشەگیری نێودەوڵەتی : هاوکاری و کۆدەنگی نێودەوڵەتی دەتوانن ھەرێم لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە گۆشەگیر بکەن، ئەمانەش دەتوانن توانای ھەرێم و کارکردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سنووردار بکەن ، بەوەش لەوانەیە دەستەڵاتداران بە ئاگا بھێننەوە،  یان ترسیان لێ بنیشێت کە پاڵشتی ووڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکیان نامێنێت لەکاتی ھێرشی عەمامە بەسەرەکانی عێراق و ئێران و سوڵتان ئەردۆغانی تورکیادا !
٤ - لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لێکۆڵینەوە لە مافی مرۆڤ ئەنجام بدەن و ڕاپۆرت بڵاوبکەنەوە ، کە سەرنج بۆ پێشێلکاری یاساو مافی مرۆڤ بەگشتی و پێشێلکارییەکانی سەرکردایەتی و حکومەت ڕابکێشن ! ھەتا وا لەدەستەڵاتداران بکەن کە یاسا سەروەر بێت نەک حیزبەکان و سەرکردەکان و دیوەخانەکان و دینبازەکان!
٥ -  پاڵپشت کردنی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی : پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە(نەک وەک گۆڕان کە ھیوای خەڵکی بە ئۆپۆزیسیۆنیش نەھێشت !) و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیەکان کە بەدوای گۆڕانکاری و چاکسازیدا دەگەڕێن! ئەوانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پێشخستنی بەها دیموکراسیەکان و حوکمڕانی بەرپرسیارانەدا لە کوردستان.
-  کەواتە خەڵکی بە ڕێگای ناڕەزایەتی ئاشتیانە یان بەزۆر و ھێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە کاتی دەنگداندا و فشاری دیبلۆماسیەت ، دەتوانن ڕێڕەوی سیاسەت بگۆڕن کە بگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی و ھەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەھا دیموکراتیەکاندا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە