بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


ئاخۆ لێکچوون و جیاوازی ھەبێت لەنێوان ئیسرائیل و کوردستاندا؟

Monday, 07/10/2024, 18:55


- کێ بوون ئەو سیاسەتمەدارانەی (نەک *سیاسەتبازانەی) ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل؟ ئەی لە کوردستان کێن و چی دەکەن؟
  - ئەو خاڵە سەرەکییەکانە چی بوون ، ھەتا دەوڵەتێکی وەک ئێستای ئیسرائیل دروست ببێت؟ ئەی لە کوردستان چی دەبێت ؟
- تۆ بڵێی کورد سەرکردەی سیاسی ھەبێت ( نەک **سەرکردەباز)؟ یان زۆربەیان سیاسەتبازن و وەک باڵندەی (توتی)ن و ھەمان ڕستەکانیان دەڵێنەوە؟
- تۆبڵێی لە کوردستانیش وەک ئیسرائیل پلانی جیاواز ھەبێت بۆ کاتی باش و پێشکەوتن و بۆ کاتی قەیرانەکان؟

- خاڵی لێکچوون ، شوێنی جوگرافی : ئیسرائیل و کوردستان دەکەونە ناوچەیەکی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکەوە کە دەورەدراون بە دوژمن سەرسەخت و کەلتورێکی دڕندەی بیابانی و عەقڵی دینبازی!!ھەر وەک دەڵێن موسڵمانانی توندڕەو دوو دەستی ھەیە ، یەکێکیان شمشێری ھەڵگرتووە (ئەگەر دەستە ڵاتی ھەبێت سەرت دەبڕێت) وە بە دەستەکەی تری قورئانی ھەڵگرتووە (ئەگەر ڕسواو بەند بوو ، ئەوا دەپاڕێتەوە و دەڵێت: بیکە بە خاتری ئەم قورئانە لێمخۆشبە و یارمەتیم بدە). تەنھا خاڵێ پۆزەتیڤی شوێنی ئیسرائیل،  ئەوەیە کە لەسەر دەریایە،  بەڵام کوردستان شوێنی جوگرافی داخراوە.

- خاڵە جیاوازەکان لە ئیسرائیل : ڕۆڵی گرنگ لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر سەرکردە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان بووە لە سەردەمی بزووتنەوەی زایۆنی و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دا. هەندێک لەو سەرکردە و کەسایەتییە گرنگەکانەش بریتین لە:
١ -  تیۆدۆر هێرزل : هێرزل ، بە دامەزرێنەری زایۆنیزمی مۆدێرن دادەنرێت.  یەکەمین کۆنگرەی زایۆنیستی لە ساڵی ١٨٩٧ ڕێکخست و بانگەشە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی جوولەکە (ئیسرائیل) وەک چارەسەرێک بۆ پاراستنی جوولەکەکان کرد.

٢ -  دەیڤد بن گوریون : بن گوریون،  کەسایەتییەکی سەرەکی و دیارو کاریزمای سەرکردایەتی زایۆنیستی یە و  وە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە.  ڕۆڵی پێشەنگی بینی لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دا.
- ئەو ڕۆڵانەی کە (دەیڤد بن گوریون) بینی گشتگر بوون ! ئاخۆ ئەو ڕۆڵانە چی بووبن؟ بریتین لە:
- سەرکردەی نەتەوەیی: (دەیڤد بن گوریون )سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی زایۆنیستی بوو ، وە ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە پێشخستنی کۆچی جولەکەکان بۆ فەلەستین و پاڵنانی دەوڵەتی سەربەخۆی جوولەکەدا (ئیسرائیل) هەبوو.
- لە کوردستانیش : سەرکردەی نەتەوەیی نییە! بەڵام *سەرکردەبازان ھەیە ! لەجیاتی ناوچەدابڕاوەکان بگێڕێنەوە بۆ کوردستان ، کەچی ***نەرمەتەعریب ئەنجام دەدەن ! ئەویش بۆ گیرفانی خۆیان و خێزانیان و حیزبەکانیان!

-   بنیاتنانی دەوڵەت: (دەڤید بن گوریۆن ) بەشدار بوو لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت، وەک یەکێک لە سەرۆک وەزیرانێکی لێھاتووی ئیسرائیل،  لەوانەش سازدان بۆ پلان دانان و دامەزراندنی شارە نوێیەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری.
- لەکوردستانیش: سەرکردەبازەکانیش شوقە و پرۆژە دروست دەکەن بۆ نەرمەتەعریب کردنی کوردستان و لەوانەیە پلانی ژێرخانی ئابوریش ھەر نەزانن مانای چییە! (واتە ڕێگاوبان و شەنەندەفەر و ترام و بیمەی تەندروستی و بێکاری و پەروەردەو بەنداوەکان و ھەتادوایی)

- پلاندانان :( دەڤید بن گوریۆن ) بڕوایەکی پتەوی بە گەشەپێدانی وڵات و دروستکردنی کۆمەڵگەی نوێ هەبوو.  ئەو چالاکانە پشتگیری لە دروستکردنی شارە نوێیەکان و فراوانکردنی شارەکانی ئێستا کرد ، بۆ ئەوەی جێگەی زیادبوونی ژمارەی جولەکەکان بگرێتەوە.
- لە کوردستانیش : سەرکردەبازان بیر ناکەنەوە لە گەشەی ووڵات و فراوانی شار بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بەبێ جیاوازی ئاستی بژێوی و ژینگە و ڕێگری بکەن لە ھاتنی بە لێشاوی عەرب (بەھۆی نەرمەتەعریبەوە) بۆ کوردستان!

-  بەرگری : ( دەڤید بن گوریۆن) گرنگی زۆری دەدا بە بەرگری و ئاسایشی بۆ دەوڵەتی تازەی ئیسرائیل.  ئەو بە بەشدار بوو لە دامەزراندنی هێزی بەرگری ئیسرائیل بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵات.
- لە کوردستان : سەرکردەبازەکان ، نایانەوێت ھێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە ھەبێت بۆ پاراستی خاکی کوردستان!  ھەر وەک چۆن نایانەوێت  ھێزی ٧٠ و ٨٠  یەکگرتوو بن،  چونکە دەیانەوێت ئەو ھێزە پەرتەوازانە بۆ پارێزگاری لە دەستەڵاتی حیزبی بەکاری بھێنن!

-  ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی : ( دێڤید بن گوریۆن ) لایەنگرێکی سەرسەختی ئایدۆلۆژیای زایۆنیزم بوو،  وە باوەڕێکی بەهێزی ھەبوو  بە پێویستی دەوڵەتی جوولەکە لە فەلەستین دا،  وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ جوولەکەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

- لە کوردستان :  
- سەرکردەیەکی نەتەوەیی نییە کە بیرباوەڕی گەش و گشتگر بێت بۆ ھەموو نەتەوەی کورد ، بۆ نمونە قازی محمد یەکەم سەرۆک بوو ، کە کۆماری کوڕدستانی دامەزراند،  کۆماری مەهاباد لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ دامەزرا، بەڵام بەھۆی نەبونی عەقڵی سیاسی و پلانی جۆراو جۆری وەک (پلانی ئابوری و ئاسایشی نەتەوەیی و شەڕ و قەیران و پەیوەندیە دیبلۆماسیە دەرەکیەکان و پلانی  دواڕۆژ بۆ کوردستان) ، ئەو نەیتۆانی پارێژگاری لە کۆماری کوردستان بکات،  بۆیە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ ھەرسی ھێنا !
-  مەلا موستەفای بارزانی لە ساڵی ١٩٦١ دا شۆڕشی دەست پێکرد ، ئەمیش وەک قازی محمد ، چونکە پلانی جیاواز و عەقڵی سیاسی نەبوو! بۆیە لەساڵی  ١٩٧٥ دا بە ڕێگەوتنێکی شای ئێران و سەدام حسێن  ، ئاشبەتاڵیان بەو شۆڕشە گەورەیی کورد کرد!
- سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان ، لەجیاتی پلای تۆکمەیان ھەبێت بۆ لاوازکردن یان پێکەوەکارکردنێکی ھاوسەنگ لەگەڵ دوژنمی دواڕۆژدا !! بەڵام ئەوان باوەشیان بۆ سەکردەکانی شیعە کرتەوە لەکاتێکدا کە ئەوان بێ جێگەو بێ دەنگ و  بێ دەستەڵات بوون ! ئەوان جێگە و ڕێگەیان بۆ دابین کردن ، ھەتا ڕژێمی سەدام حسین ھەرەسی ھێنا ! وە  دەستی سەرکردەکانی شیعەشیان گرت و خستنیانە سەر کورسی دەستەڵات! بەبێ ئەوە کە پرۆتۆکۆلێک یان ڕێکەوتنێکی پێش وەخت ھەبوبێ لەگەڵ شیعەکاندا !

- بەڵام ئایا سیاسەتبازانی ئێستای کوردستان توانیان تەنھا وانەیەک لەو ھەرس ھێنانانە و ئاشبەتاڵەی سەرۆکەکانی پێش خۆیان وەربگرن؟ وەک عەقڵێکی سیاسی تەندروست و ھاوسەنگ بەکاری بھێنن؟ ھەتا پلانی جیاوازیان ھەبێت بۆ کاتی خۆشی و کاتی قەیرانەکان ؟
  - ئایا وانەیان لەو شکستانەیان وەرگرتووە؟  کە ماستاوچێتی و دەستخستنە ناو دەستی دوژمنانی کوردستان (عەرەب و تورک و فارس) ھەمیشە وەک فیشک نانە بە قاچی خۆیانەوە ! ھەتا خۆیان شەل بکەن و زیاتر نەتوانن ھەنگاوێک بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگەش بەرو پێشەوە بنێن؟

-  کەواتە یان عەقڵی سیاسی کوردی نییە ! یان سەرسەختی و کەلەڕەقی و ڕق و کینەی سیاسەتبازانی کوردە ،  کە سیاسەتبازەکان بەرچاوی خۆیان و دواڕۆژی کوڕدستان نابینن!  بەجۆرێک کە ئەوان،  پیان باشترە سوجدە بۆ دوژمن بەرن!  بەڵام لەگەڵ لایەنە جیاوازە کوردەکانی تردا دانەنیشن ! بۆ سازدا و داڕشتنی پلانی گشتگر ، بۆ ستراتیژیەکی درێژخایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی ! ئەوەش گرفتی جەوھەری کوردە ! کە دوژمنانی ئەمڕۆی کوردی عێراق (واتە دەستەڵاتدارانی بەغدا) دەیقۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەی کە دۆستی دوێنی کورد بوون ! ئێستا ئەوان وا خەریکن ھەرس بە ھەرێمی کوڕدستان دەھێنن! ئەویش بە دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر بۆ ھەرێم.

بابگەڕێینەوە بۆ ئیسڕائیل:
٣ - چایم وایزمان: وایزمان سەرکردەیەکی دیاری زایۆنیستی و یەکەم سەرۆکی ئیسرائیل بوو.  ئەو چالاکانە بەشداری ئەو کارە دیپلۆماسیانەی کردووە ، کە بووە بە هۆی دانپێدانانی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا.

- لە کوردستان : کام سەرۆک و سەرکردەی کورد،  چالاکانە و بە بێ بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی و خێزانی بەشدار بووە؟  یان بەشێوەیەکی چالاکانە ھەوڵیان داوە بۆ ناساندنی کێشەی کورد وەک یەک نەتەوە؟  کام سەرۆک دەیەوێت باسی دۆزی کورد بکات لەنێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بەناوی کوردو کوردستانەوە نەک بەناوی کەس و حیزب و پەرتەوازەییەوە؟

با بگەڕێینەوە بۆ ئیسرائیل:
٤ -  گۆڵدا مایر: مایر سیاسەتمەدارێکی دیار و یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو!!  ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی ئیسرائیل و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا !

- لە کوردستان کاتی خۆی ئافرەت شانبەشانی پیاوان کاری دەکردو و دەجەنگا و منداڵی پەروەردە دەکرد، بەڵام  ئێستا وا خەریکە ئازادی لە ئافرەتان زەوت دەکرێت ! وە عەقڵیان لە قاڵب دەدەن بە باڵاپۆشی کەلتوری بیابانی!  بەو قاڵبەش خێزان و کۆمەڵگە تێک دەچن ! ئەوەش بەھۆی نەبونی عەقڵی سیاسی کوردی و بێ پلانیەوەیە! وە ئەو بۆشاییەیەش کە عەقڵی سیاسی کوردی دروستیکردووە،  دینبازەکان دەیانەوێت پڕی بکەنەوە بە خەرافیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ووڵاتانی دراوسێش  !!

- گرنگترین خاڵەکانی ئەو سەرکردە سیاسەتبازانەی کە ڕۆڵی گرنگیان ھەبوە لە تێکدان و ناجێگیری کوردستان بریتین لە:
-   لۆبی نەکردن و خۆدانە دەست قەدەر و چاونوقاندن لەئاست ئەو ھەموو گۆڕانکارانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات ! تەنھا چاویان لە گیرفانیان و قاچاخچێتی و زەوی داگیرکردنە بۆ پرۆژیەی شەخسی و خێزانی و حیزبی!
-  پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگەی کوردی (بەھۆی نەبونی سەرکردەیەکی لێھاتوو کە بتوانێت لایەنەکان کۆبکاتەوەو سازدان بکات) وە بێزارکردنی گەنجانی لێھاتووی دەرچوانی زانکۆکان کۆچکردنیان بەرە و ئەوڕوپا و خودانە دەست شەپۆلی دەریاکان بەرە و چارەنوسێکی نادیار ! ئەوەش  لەجیاتی کۆکردنەوەی پەنابەرانی کوردانی ئەوروپا لەژێر چەتری نەتەوەییدا بۆ لۆبی کردنیان بۆ بەرژەوەندی کورد و کوردستان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ووڵاتە پێشکەوتوو دیموکراتەکاندا !
-   لە کوڕدستان : ئەوەی سەدام حسین بەزۆرەملی  بۆ تەعریب ، نەیتوانی بیکات ! ئێستا سیاسەتبازەکانی کوردستان بە (***نەرمە تەعریب ) دەیکەن ! بەھۆی فرۆشتی خانوو بەرەی پرۆژەکانیان بە عەرەبەکان.! وە ھەوڵی پێشخستن و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری نادەن ! وە پشتیان بەستووە بە ھاوردەکردنی کاڵای ئێرانی و تورکی، ھەتا پارەی زیاتری قاچاخچێتیان دەست بکەوێت!  وە ئەوان ھەوڵی دامەزراوە یاسایی و پڕاکتیکەکانیش نادەن بۆ ئاسانکاری خۆبەڕێوەبردنی شارەکان ! بەڵکو ڕۆڵی زیاتریان داوەتە سوڵحی عەشایەری و دیوەخان و مزگەوتەکان!
- دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیا و و عێراقدا دەکەن، بەڵام  بۆ پارە و بەشی نەوت و بۆ پلە و پایە و وەزارەت و موچە! نەک بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی و ستراتیژی درێژخایەن بۆ دواڕۆژێکی گەش و باشتر بۆ ھەموان!

* سیاسەتباز : بریتیە لەو کەسانەی کە سیاسەت تەنھا بۆ بەرژەوەندی کەسی و خێزانی بەکاردەھێنێت وەک (موچە و بازرگانی و قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی پارە و داگیرکردنی زەوی و گۆڕینی بۆ پڕۆژەی کەسی و بەرتیل خواردن و دەستەڵات بە ھەڵە بەکارھێنان )
** سەرکردەباز : واتە سەرکردەیەک کە تەنھا خۆی بە تاک و تەنھا ڕاست و بەھێز بزانێت، لەناو حیزبەکەید یان ھەرێم یان کوڕدستانی گەورەدا ! وە ئامادەش نەبێت گوێ بگرێت لە دەنگەجیاوازەکانی تر!  وە چاویشی نوقابێت لە ئاستی قەیرانەکانی ڕۆژانەی  کۆمەڵگە!
***نەرمە تەعریب : واتە ئەو شوقە و خانووانەی لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت،  لەلایەن کۆمپانیا و سەمایەدارەکانی دەستەڵاتەوە! دەفرۆشرێت یان بەکرێ دەدرێت بەعەرەبەکان واتە تەعریب کردنێکی نوێ! ئەم ووشەیە پێچەوانەی ووشەی (تەعریبی زۆرەملی و ڕاگواستنەوەیە)  کە سەدام حسین بە زۆر و ھەڕەشە و پارە دەیکرد!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە