بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


بۆچی دەگرین؟

Sunday, 29/09/2024, 18:05


دەروونناسی پەرەسەندنەکی چیمان پێ دەڵێت؟


گریان دەربڕین و کاردانەوەیەکی سروشتییە بۆ کۆمەڵێک هەست و سۆزی جۆراوجۆر، هەر لە خەم و پەژارەی قووڵ، تووڕەیی و شکست، ئێش و ئازارەوە بگرە، تا دەگاتە کاتی شادی و خۆشییەکی زۆر.
ژمارەیەک لە ئاژەڵان ئەگەر دووچاری ئازارێکی تووند ببنەوە بە شێوازێکی تایبەتی دەگرین، تەنیا مرۆڤە بە وروژانی هەست و نەست و هۆکارە سۆزدارییەکانیشەوە دەگریت.
بەڵام بۆ دەگرین؟ بەگوێرەی پەرەسەندن دەبێ سوودی ئەم دیاردەیە لە مرۆڤدا چی بێت، بۆچی هەڵبژاردنی سروشتی لەپێناو مانەوەدا ئەو ڕەفتارەی پێ پەسند بووە و هێشتوویەتەوە؟

گریان لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە

زاناکانی پەرەسەندن بەتایبەتیش دەروونناسانی پەرەسەندنەکی دەڵێن، گومانی تێدا نییە دەبێ گریان سوودێکی گەورەی هەبووبێ بۆ مرۆڤ، لەبەرئەوەشە ئەم تایبەتمەندییە تا ئەمڕۆکە لەلایدا ماوە. فرمێسک ڕشتن دیاردەیەکە تێکرای مرۆکانی جیهان بەشدارن تێیدا، ڕاستە ئێمە پێویستمان بە تەڕبوونی چاوەکانمان هەیە، بەڵام دەبێ بشپرسین بۆچی شێوان لە بینینمان ڕوو دەدات کاتێک لەبەر پاڵنەرێکی سۆزدارییەوە دەگرین؟
یەک لەو بیردۆزانەی لە گریان دەکۆڵێتەوە دەبێژێت، گریان بەشێوەی نیشانە و هێمایەکی پڕبایەخ پەرەی سەندووە، ئەو کەسانەی تا ئاستێکی دیارکراو لێمانەوە نێزیکن دەتوانن فرمێسکەکانمان ببینن، لەو دەمەشدا ئامادە دەبن بۆ یارمەتیدانمان، چونکە ئەگەری زۆرە هەڵبژاردنی سروشتی (Natural selection) گریانی پەسەند کردووە، لەبەرئەوەی هاندەر و پاڵنەرێکە بۆ هاوکاری و یاریدەدان لەلایەن کەسانی دیکەوە.
باشە چۆن گریان "ڕەفتاری ئامادەیی بۆ یارمەتیدان" لەلای ئەوانەی دیکەوە دەوروژێنێت؟
ڕاڤەی زاناکان بۆ ئەم دیاردەیە لەوەدایە گریان تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوە و بەڵکوو لاساییکەرەوەی ڕەفتاری منداڵی تازە لەدایکبووە، لە تەڕبوونی ڕووخسار، دەنگی هەناسەدان، هاوار و قیژە و داخستنی چاوەکان. بۆ ئەمەش کەسوکاری و کەسانی دی بەگشتی "پرۆگرام کراون" لە هەستکردنیان بۆ یاریدەدان و بەهاناهاتنەوە ئەو دەمەی دەبینن، یاخۆ دەبیستن منداڵێکی ساوا دەگریێت. کاتێک کەسێک پێویستی بە یارمەتیدان و پاڵپشتییە، خۆبەخۆ هەڵ دەستێت بە لاساییکردنەوەی منداڵی لەدایکبووی تازە بۆ لایەنگری و گەیشتن بە هەمان ئەو شتانە لەوانەی کە لە دەوروبەریدان. هەرچەندە منداڵ هەر لە ساتی لەدایکبوونی ڕاستەوخۆ دەست دەکات بە گریان، نەک پاش چەند حەفتە، یان مانگێک، بەڵام دیسانەوە لەگەڵ ئەم بیردۆزە دژایەتی پەیدا ناکات و بگرە پشتەوانی لێ دەکات.
بیرۆکەیەکی دی پێمان دەڵێت، گریان دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئەوە شتەی کەسەکە دەیەوێت، بۆ سەلماندنی ئەم بیرۆکەیە دەبینین چۆن منداڵ پەنا دەباتە بەر گریان بۆ دەستبەرکردنی شتەگەلە خوازراوەکانی، زۆر جاریش ئاکامەکەیان ئەرێنی دەبێت، چونکە دەنگی گریانەکانیان وەک ئاگەدار کردنەوەی کەسانی دەوروبەریان کاری پێ دەکرێت، تا بزانن ئەوانەی دەگرین پێویستیان بە شتانێکە.
خۆ ئەگەر کەسانێکیش هەبن و بیانەوێت فەرمانێکی دیکەی "گریان و فرمێسکی سۆزداریی" دەستنیشان بکەن جگە لە ئامراز و هێمایەک بۆ پێویستبوون بە یارمەتی، ئەوا دوو بژارەیان لە پێشە دەبێ بەلایەنی کەمەوە ڕاستبوونی یەکێکیان بسەلمێنن.
1- یان ئەوەتا هەست و سۆزی مرۆڤ فشارێکی فسیۆلۆژی بەرپا دەکات کە لەلای شیردەرەکانی دی بوونی نییە، ئەمەش فرمێسک ڕشتن دەخوازێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
2- یانیش فسیۆلۆژیا و پێکهاتەی چاو لە مرۆڤدا جیاوازە لە چاوی شیردەرەکان، دەبێتە هۆی دەردانێکی فرمێسکێکی زۆر لە بارودۆخی جیا لە ماندووبوون و ئەرکە لەشی و دەروونییەکان، ئەم بژارەیەش دەبێتە پاڵپشت ئەگەر گریانی سۆزداری بە بەرهەمێکی لاوەکی کرداری پەرەسەندنی مرۆڤی هاوچەرخ لێی بڕوانین، لێرەشدا هەر هاتنەخوارەوەیەکی تەواوی شوێنی کەلـلەسەر بۆ لای ژێرەوەی لوت (Subnasal Prognathism) بووە هۆکاری پتربوونی بەمێشکبوون (Encephalization).
لەسەر بنچینەیەکی تیۆریی دەشێ ئەو جۆرە پەرەسەندنانە وا لە ڕێڕەوەکانی فرمێسک و گیرفانە لوتییەکان دەکات هەستیارییان زێدەتر ببێت، وەک کاردانەوەیەک بۆ هەست و سۆزە تووند و کاریگەرەکان، دەرەنجام ئەو فەرمانەی فرمێسک بەڕێوەی دەبات بەشێوەی هێمایەک بە تاکە یەک کاری فرمێسکی دانەنێین.
هەر دەمێکیش بمانەوێت ڕۆڵی فرمێسک دیار بکەین وەک نیشانە و هێمایەک بۆ داواکردنی یارمەتی، پێویستە لەسەرمان سوودە کۆمەڵایەتییەکەی گریان بسەلمێنین. بۆ گەیشتنێکی ڕاستەوخۆ بەمە دەبێ ئەو شتە بدۆزینەوە هاوشێوەی "تۆڕە دەمارەکییەکان"ە کە تەنیا لە مرۆڤدا هەیە، ئەوەی دەوروژێت لە کاتی گرژی و نائارمی باری سۆزدارییە گەورە و تووندەکان، دەبێتە هۆی ناردنی نیشانە بۆ چالاککرنی ڕژێنە فرمێسکییەکان و دەردانی فرمێسک، ئەمەش گشتی بەرەو تێگەیشتنمان دەبات لە هێزی هەڵبژاردن کە وای لە "هەڵبژاردنی سروشتی" کرد ئەم تایبەتمەندییە بهێڵێتەوە و بیپارێزرێت لە مرۆڤدا.
بۆ سەلماندنی سوودە کۆمەڵایەتییەکانی گریان، پڕۆفیسۆر ڕاندۆلف کۆرنێلیوس (Randolph Cornelius) لە زانکۆی ڤاسار تۆژینەوەیەکی ئەنجام داوە، بۆ زانینی ڕۆڵی فرمێسک لە گواستنەوەی نیشانە و زانیاری بۆ کەسانی دیکە، بەو مەبەستەوە کۆمەڵێک وێنە کۆ دەکاتەوە لە چەندان سەرچاوەی جۆراوجۆر لە مرۆڤانێکدا فرمێسک دەڕێژن. وێنەکان دەخرێنە بەرچاوی بەشداریکەران، پاشان فرمێسکەکان لە وێنەکاندا لادەبرێن و جارێکی دی بەشداربووان سەیریان دەکەنەوە، داوایان لێ دەکرێت هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ بڕ و ئاستی هەست و سۆزداریی کەسەکەی دەری بڕیووە لە هەردوو دیمەنەکەدا (بە فرمێسک و بێ فرمێسک).
 کۆرنێلیوس دەبێژێت، بوونی فرمێسک لە وێنەکاندا ئاستی هەڵچوون و وروژاندنی هەستی بەشداربووانی بەرزتر کردەوە و بەرەو ئەوەی بردن چوارچێوەی وەڵامەکانیان بەرتەسکتر ببێتەوە، بەو واتایەی دەیان توانی لە ڕێی فرمێسکەکانەوە باشتر لە هەڵچوون و بارودۆخی دەروونیی کەسەکەی لە وێنەکەدایە تێ بگەن، بۆ ئەمەش زۆرینەی بەشداریکەران لەو تۆژینەوەیە هەستیان بە خەم و پەژارە دەکرد لە بینینی دیمەنی فرمێسک و گریان. کۆرنێلیوس ئاماژە بەوە دەدات کە فرمێسک کۆمەڵە زانیارییەکی گەلەک ورد دەگوێزێتەوە لەبارەی چییەتی هەستی کەسەکە و دەیەو‌ێ چۆن لەلایەن ئەوانەی دییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
تێکڕای ئەم دەرەنجامانەش پشتگیرین بۆ بیردۆزی پەرەسەندنەکی فرمێسک، ئەوەی لەوەدا چڕ دەکرێتەوە کە مرۆڤ پەنا دەباتە بەر گریان، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کەسانی دیکە لە پێویستییان بە یارمەتی و پاراستن لەکاتی هەستکردنیان بە ناخۆشی و خەم و خەفەت و مەترسییەکان.

 جۆرەکانی گریان و سوودەکانی بۆ لەش

ئێمەی مرۆڤ بە چەندان شێوازی جیاجیا مامەڵە و هەڵسوکەوت دەکەین بەرانبەر بە ڕووداوەکان و ئەو هەست و سۆزانەی دووچاریان دەبینەوە، بەڵام گریان بووەتە کار و فەرمانێکی سروشتی باو گەلەک جار پەنای بۆ دەبەین وەک دەربڕینێک بۆ شتانێک کە لە ناخمدا هەن. چۆنەتی گریانیشمان لەگەڵ یەکدیدا جیایە، هەیە گریانەکەی بەکوڵ و بەهەنسکە، هی واش هەیە بە بێدەنگی دەگریێت. هاوکات ڕێژەی گریانیش لە یەکێک بۆ ئەوەی دیکە دەگۆڕێت، هەندێک گرینۆکن و زۆر دەگریێن، کەسانێک هەن خۆیان دەگرن و ناهێڵن بگرین، ئەم جیاوازییەش بەندە بە کاریگەرییە بۆماوەیییەکان، هۆرمۆنەکان، تەوژمی ترس و شڵەژان، هۆکارە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، بەکارهێنانی داو و دەرمان و چەند جۆرە نەخۆشییەک.
تۆژینەوەکان پێمان دەڵێن ژنان لە پیاوان پتر دەگرین، هەرچەندە هۆیەکەی تەنیا لەبەر فشاری کۆمەڵگە نییە لەسەر پیاوان تا نەگرین، بەڵکوو دەوەستێتە سەر پێکهاتە بایۆلۆژییەکان، چونکە هۆڕمۆنی سەرەکیی سێکس تێستۆستیرۆن (Testosterone) لە نێرینەدا دەردانی فرمێسک کەمتر دەکاتەوە، بە پێچەوانەی هۆرمۆنی پرۆلاکتین (Prolactin) ئەوەی لە ژناندا زیاتر بەبەرهەمی دێنێت. بەمەش پێویستە زێدەبوونی ڕێژەی گریان لەلای پیاوانی بەتەمەندا، ببەسترێتەوە بە نزمبوونەوەی بڕی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە لەشیاندا.
سەبارەت بە سوودەکانی گریان زۆر لەمێژە شتێکی ناسراوە، شارەزایان و پزیشکانی گریکی و ڕۆمانە کۆنەکان دەیان زانی فرمێسک پاککەرەوەی چاو و ئاسانکەری جووڵەی گلێنەیە. ئەوانەشی لە بوواری دەروونیدا کار دەکەن زۆر بەتووندی ڕۆڵی گریان لە ئارامی و ڕزگاربوون لە گرژی و خەم و ئازارە سۆزداری و دەروونییەکان دووپات دەکەنەوە.
 بۆ ئەو دوو فەرمانە بنەڕەتییەی گریان، پسپۆرەکان سێ جۆرە فرمێسک دەستنیشان دەکەن؛
- فرمێسکە بەدەردانەوەکان (reflex tears)
- فرمێسکە بەردەوامەکان (continuous tears)
- فرمێسکە سۆزدارییەکان (emotional tears)
فرمێسکەکانی بەدەردانەوە بە شێوەی کاردانەوەیەک و ئەوەی بەردەوامەکان، ئیشیان لابردنی پیسایییە وەک دووکەڵ و گەرد و تۆز لە چاوەکانمان، هەروەها تەڕکردنی چاو و پاراستنی لە هەوکردن و نەخۆشییەکان، ئەم دوو جۆرە نێزیکەی 98%یان ئاوە.
ئەوەی سێیەمیشیان فرمێسکی هەست و سۆزەکانە و گەلەک جار ناو دەنرێت بە (فرمێسکی دەروونیی)، ئەمەیان دەردانی هۆرمۆنی کەمکردنەوەی ئازار و نائارامی و پشێوی و فڕێدانی ژارەکانی دیکەی ناو پێکهاتەکانی لەشمانە، لەوانەش هۆرمۆنی ئێنکیفالین (Enkephalin) و ئێندرۆفین (Endorphin). لەبەرئەمەشە بەشێوەیەکی گشتی پاش گریان هەست بە هێمنی ئارامی دەکەین، هەستێکی ئەرێنیش لەلاماندا دروست دەبێت کاتێک کەسانی دەوروبەرمان دڵمان دەدەنەوە و یارمەتیمان دەدەن.
دواجار پێویستە ئاماژە بەوە بدەین لەگەڵ ئەوەی گریان هاوسۆزی و پێوەندی نێوان مرۆکان پتر دەکات. بەڵام دەبێ زۆر چاکیش ئاگەداری ئەوانە بین فرمێسکەکانیان بەکار دەهێنن بۆ فریودان و یاریکردن بە هەست و سۆزی ئەوانەی دی. 
بەکورتی دەبێژین، فرمێسکە سۆزدارییەکان لایەنی چاک و خراپیان هەیە، بەوەی ئامرازێکی مەزن و نایابن بۆ دەربڕین و پێوەندیکردنەکان، هاوکات ئامرازێکی یەکجار بەهێز و پتەویشن بۆ یاریکردن بە هەست و هۆشی کەسانی هەستیار. 
............................................................

سەرچاوەکان؛



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە