بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


شکستەکانی پارتی و یەکێتی و پاداشتی نۆبڵ بۆ قەیرانەکان!

Sunday, 29/09/2024, 17:00


* تۆ بڵێی دەستەڵاتداران پلانی کورتخایەن و درێژخایەنیان ھەبێت؟
* تۆ بڵێی دەستەڵاتداران پلانیان بۆ پەروەردەو ھەلیکار و باج ھەبێت؟
* تۆبڵێی دەستەڵاتداران پڵانیان ھەبێت بۆ ژینگەو دادپەرەری کۆمەڵایەتی و ڕێگری لە نەرمە تەعریب؟


- نەبونی پلانێکی کورتخایەنی چوارساڵی یان پێنج ساڵی کە بتوانێت کێشە کاتیە سادەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی چارەسە بکات لە کوردستاندا، چونکە ڕۆژ نییە قەیران نەبێت! قەیرانی کارەبا و ئاو وبەنزین و نەوت و غاز و لافا  و ووشکە ساڵی و دوکەڵی موەلیدەکان!
- نەبونی پلانێکی تۆکمەی درێژخایەن بۆ و ژینگە و سەرچاوە ئاوی و بەنداوەکان و گەشتگوزار و ڕێگاوبانەکان و خزمەتگوزاری ژێرخانی گواستنەوەی وەک ڕێگاوبان و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل ( بۆ نمونە، لە ئیسپانیا ژێر شەقامەگشتیەکانی ناوشاریان کردۆتە شوێنی وەستاندنی ئۆتۆمبێل،  ئەوەش زۆر باشە، چونکە نەشوێن دەگرێت و پارەی باشیش پەیدا دەکات بۆ شارەوانی و حوکومەت) ، پاک ڕاگرتنی ژینگەی شارەکان ، ئەویش بەوەی کە حوکومەت پاس و ترام و شەمەندەفەر بە نرخێکی زۆر ھەرزان دابین بکات،  ھەتا خەڵکی ھان بدرێت کە ئۆتۆمبێڵەکانیان نەھێنێنە ناو شارەکان!
-  نەبونی پلانی کورتخایەن و درێژخایەن بۆ پەروەردە و بازاری کار،  کە لەگەڵ خێرایی و تەکنۆلۆجیای ئەمڕۆدا بگونجێت!! نەک زانکۆکان مرۆڤی بێکاری (بەتاڵە) ،  بەرھەم بھێن! وە بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی و بێ پێویستی بازاری کار ، زانکۆ و کۆلێج(کلیە) بکرێتەوە ، وەک ھۆڵەندی دەڵێت (گەنج دوا ڕۆژی ووڵات دیاری دەکات ) کەواتە دەبێت ،دەرچوانی زانکۆکان ، گەشە و ئابوری ووڵات پێش بخەن ، نەک بێکاربن و ببن بە بار  بەسەر کۆمەڵگەوە!
-  نەبونی پڵانێکی بانکی کورتخایەن یان درێژخایەن ، بۆ قەرزی دان بە پڕۆژەی بچوک و گەورە! ھەتا ئابوری  و بازار و ھەلیکار ببوژێنێتەوە!
-  نەبونی پلانێک کورتخایەن و درێژخایەن بۆ تەندروستی و بیمەی تەندروستی ھەتا کۆمەڵگا دوربخاتەوە لە قەسابخانەکانی پزیشکەکان و نەخۆشخانە تایبەتیەکان و تاقیگە و دەرمانخانەکان!  کە ئەوان سێ کوچکەیەکیان پێک ھێناوە بۆ ڕوتکردنەوەی کۆمەڵگە!!
- نەبونی پلانێکی دادپەروەرانەی  باج دان ، کە بۆ ووڵات و خۆشی و بەختیاری کۆمەڵگە سەرف بکرێت! لە کوردستان دەستەڵاتداران باجی جیاواز بەڕێگای ئەوروپی وەردەگرن! بەڵام باجەکە وەک ئەوروپا بەداپەروەرانە سەرف ناکەن! چونکە لە ئەوروپا پارەی بێکاری (سۆسیاڵ) ھەیە بەڵام لە کوردستان نییە! حوکومەتی کوردستان یارمەتی کرێچی  و ھەژاران نادات ، ھەر وەک لە ئەوروپا ئەو یارمەتیانە ھەیە کە حوکومەتی ئەوروپی بەشێک لەکرێ و بیمەی تەندروستی بۆ ھەژاران و بێکاران دەدات، لەو  باجانەی کە وەردەگیرێت  ! کەواتە ھەرچی باجی کوردستانە بۆ قازانج و گیرفانی دەستەڵاتدارانە، ئەوان بەشێوەی ئەوروپی باجی جۆراوجۆر وەردەگرن! بەڵام دەستەڵاتداران باجەکە بەشێوەی ئەوروپی سەرف ناکەن! وەچاو دەنوقێنن لەئاستی بەرژوەندی ھەژاران و زۆربەی کۆمەڵگە!
- نەبونی پلانێکی پتەو ڕون و شەفاف بۆ ئابوری ئازاد (نەوت و سامانە سروشتیەکان )! ئەوەش وایکرد کە موچەی  ژێردەستەی سەدساڵەی حوکومەتی مەرکەزیش تێک بچێت! موچە و دابەشکردنی موچە ، ئەوەش سادەترین مافی موچەخۆران و ھاووڵاتیانە! ھەر بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکو دەستەڵاتداران خۆشیان وا سوک ڕسوا و و بچوک کردۆتەوە لەئاستی حوکومەتی بەغدادا ، بۆ وەرگرتنی ھەندێک موچە!  کە ئێستا بەغداد  ھەر گوێش لە حوکومەتی ھەرێم ناگرن!!
- نەبونی پلانێکی تۆکمە بۆ قەیرانی ئاسایش و بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی ، کە گرنتی گەشەی ئابوری و ئازادی و ئاسودەیی و ھێمنی بۆ ئێستا و بۆ نەوەکانی داھاتوو دابین بکات! چونکە ئێستا ڕۆژانە دەبینین کە درۆنەکانی برا موسڵمانەکانی تورکیای ئەردۆغان و درۆنە چاوڕەشەکانی عەمامەبەسەرەکانی ئێران و موشەکە ئەسمەرەکانی برا موسڵمانە عەرەبەکانی عێراق ،ئەوانیش وەک خێر و لەجیاتی موچە بۆ وێران کردنی کوردستانی دەنێرن! ئەوە  با ھەر چەقۆی مات و نوستووی ھزر و بیری داعشەکانیش، لەولاوە بوەستێت!! کە ھەرکاتێک ھەلیان بۆ ھەڵکەوت ، دەست دەکەن بە سەرڕین و بەکەنیزەکردن و تاڵان کردن ، بە ناوی ئایین و خوداوە!
- نەبونی پلانێکی گشتگر و  ڕون و پتە و بۆ یەکگرتنی  ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە! وە نەبونی  سیاسەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی یەکگرتوو ،  بۆ پەیوەندیە دیپلۆماتیە دەرەکیەکان! ھەتا بۆ ووڵاتان ڕون و ئاسان بێت لەگەڵ کێ و بۆ چ مەبەستێک گفت وگۆ دەکرێت!
- ئەگەر پاداشتی نۆبڵ ھەبێت،  بۆ دروستکردن و چارەنەکردنی قەیرانەکان و بە سفر کردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی و لەبەرچاوخستنی نیشتمان و ڕاونانی گەنجانی لێھاتوو،  بۆ ئاوارەیی و پەناھندەیی!، ئەوا لەوانەیە زۆربەی دەستەڵاتدارانی ئەو دوو حیزبە ،  (پاداشت نۆبڵی قەیرانەکان)یان وەربگرتایە!
- کێ بەرپرسیارە لە بەڕێوە بردنی ھەرێم ؟ ئاخۆ دەستکەوتی دەستەڵاتداران چی بێت بۆ خەڵکی و بۆ کوردستان ؟ تۆ بڵێی دەستەڵاتداران ،  بەرزکردنەوەی شوقەکان  بەدەستکەوت بزانن ؟ ئاخۆ فرۆشتنی شوقەکان بە برا عەرەبەکان بەچی بزانن ؟ بێجگە لە نەرمە تەعریب کردنی کوردستان! لەجیاتی بەزۆر تەعریب کردنەکانی  سەدام  حسێن! ئەوەش ھەر بۆ قازانج کردن دەكرێت و بۆ گیرفانی دەستەڵاتدارانە؟
- تۆ بڵێی دەستەڵاتداران ئەو ھەموو قەیرانە نەبینن ؟ یان نایانەوێ بیبینن ؟ ئەترسم ڕۆژێک بێت کە قاچی خۆشیان بکەوێتە ناو تەڵە و قەیرانی دروست بوی خۆیان،  چونکە درزێکی گەورەیان خستۆتە نێوان خۆیان و کۆمەڵانی خەڵکەوە!! ووڵاتانی دراوسێش ئەو ھەلە دەقۆزنەوە بۆ دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر بۆ لە ناوبردنی کورد و ھێزی کوردی! ئەو کاتەش کار لەکار ترازاوە! لەوانەیە دۆزی کورد بگەڕێتەوە بۆ ژێر خاڵی سفر و دەبێت کورد سەر لەنوێ دەست بکاتەوە بە شۆڕش و سەد ساڵی تر بخایەنێت !! ئەوەش باجی شکستەکان و کەمتەرخەمی و ھەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی دەستەڵاتداران!
- بەڕێزی خوێنەر ، تۆش قەیرانێک بنوسە ، کە من ھەستم پێنەکرد بێت ، یان لەبیرم چوو بێت! ھەتا دەستەڵاتداران خەبەریان بێتەوە لەو خەوە خۆشەی دنیاو ژیانی بەھەشتی خۆیان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە