بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


ژن ژیان ئازادی، سەرەتای بزووتنێکە

Friday, 27/09/2024, 19:50


" ژینا " ش چرای داگیرساوی ڕابوونێکە

• لێهاتوویی ژنی کورد، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغە کە لە ناو کورددا، خوداوەندی ژن هەبووە، کە " ئاناهیتا" /" ناهید"نوێنەرایەتی: فەڕ و بەرەکەت(ژن)، ئاوی پاک(ژیان)، پاراستنی جوانی و پاکییەکان(ئازادی)، کردووە.
دیالۆگی نێوان، ئاسیا(١) و ژینا(٢)، باوکی ئاسیا و باوکی ژینا
کچم...نووستوی ناو دڵەکەم...
قەرسیلی ڕنراوم....
پەژمووردە.... گوڵەکەم
نا...نا....نا.....ئەوە نییە، بانگم دەکەیت، باوکە وام لێرە، باوکە وام لەوێ
لە کۆبانێم، لە قامیشلوم، لە سلێمانیم، لە قەندیلم
لەئامەد گۆڤەند دەگێڕم، وام لە  سنە، دەسگیرانم
لە بۆکان، میوانی (حەسەن) گیانم
لێرە بەناو، گڕی زەردی، گوڵلەکاندا تێ دەپەڕم
لەوێ دەستی، ترساوی خوشکەکانم، ڕادەژەنم
باوکە لێرەم باوکە لەوێم...لە هەر جێگایە لەم کوردستانە 
دارێکت بینی بۆخۆی دەشنیا، 
کانیاوێ زوڵال گۆرانی دەچڕی، 
کێوێ سەرکەش، پشتێنی هەوری لە کەمەردا بوو
شەدەی بەفری لەسەر نابوو، ئەوە منم
لە سەر تولەرێی قەد پاڵی چیا
لە سەرشەقامی شارەکەت، بۆنی نێرگز و گیای بەهارت کرد
دەنگی خۆشیی بێریانت بیست .......ئەوە منم
باوکە، من هاتووم، ئابڕووی تکاوی، پیاوەکان(٣) کۆکەمەوە
مێژووی ئازادیی راستەقینەی ژنان، بنووسمەوە
کۆبانێ بەم بە شوو، بە سلێمانی 
سنە بکەم بە بووک بۆ.... جزیرە
کە منداڵ بووم گفتت دامێ رۆژێ بمبەی بۆسنە
گفتەکەی تۆم هەر لە بیرە 
ئەی تۆ بابە گفتەکەی خۆتت لەبیرە؟!!!
دەبێ بڕۆم
من باوەشێ چرپە عیشقی گۆمی وانم هێناوە 
خەمت نەبێ هەڵەبجەکەم ماچ کردووە 
لەهاواربووم 
هاوار........ هاوار(٤) 
مەڵێ مەڕۆ 
بە تولەڕێی پشت قەڵاکەی مەریوانا 
دوور لە چاویان، دەبێ بڕۆم 
چون دەلیلی ڕێگای عیشقم 
بۆ زرێوار

زاگرۆس وەڵامی قەندیلی دایەوە و بزووت، شاهۆ دەستی بۆ پیرەمەگروون تەکاندا، پیرەمەگروون سەری بۆ نەوی کرد، ئاویەر لە سنەوە نامەیەکی نووسی بۆ شاخی گویژە لە سلێمانی: هەمووان لەم دیوو سڵاویان هەیە، قوفڵێک لە ئامەد خۆی ڕاپسکاند و دەرگای داخراوی خستە سەرپشت، ئاسیا لە کۆبانێ شەدەکەی لەسەری بەست، تفەنگەکەی خستە سەرشانی، جا لە ڕۆژهەڵات مەرگی " ژینا " بوویە چرای داگیرساوی بزووتنە شارستانەتیە کوردستانییەکە.
لە سەردەمی بزووتنی ئازادیدا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و پاش بزووتنەکەش و تا ئێستاش، لایەنی کوردی و بێگانە، دەزگا مێدیاییەکانی جیهان، سەرکردەیەتی حیزب و تاقمەکان و تەنانەت تاکی کوردیش، ئەم بزووتنەیان هەرەیەک بە ناوێکەوە ناوزەد کرد، بە ڕاپەڕین، سەرهەڵدان و شۆڕش باسیان کرد، هەڵبەتە هەر کەس لەو گوشە نیگایەوە کە بۆ بزووتنەکەی دەڕوانی، یا بە پێی نەخشەیەکی کێشرا و یا بەو بۆچوونە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە کە هەیبوو.
بەڵام بزووتنی ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەهیچ یەکێک لەم گوتارانەدا جێی نەبووە/ نابێتەوە.
ئەو بزووتنە، ڕەگی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەردەمانێک لەو کاتەدا کە دەرفەتی خۆ دەرخستنی لێ تەنگ بۆتەوە، خۆی لە بزووتنێکی کلتووریدا بە گەشاوەیی پیشانداوە، سەردەمانێک لە جمووجووڵی ئاین و بڕوادا تەکانی بەخۆی داوە، ئەم ناوەرۆکە هەمیشە لایەنێکی بەهێزی هەبووە کە بەرەنگاریی بووە لە بوونی خۆی، چ دەروونی چ فیزیکی، واتە هەمیشە لە داهێنانێکی بەردەوامدا بووە و نەوەستاوە، تەواو وەک ڕووبارێکی بەخوڕ جێگایەکی دۆزیوەتەوە و پێیدا تێپەڕیوە، بەڵام هەرگیز نەوەستاوە، ئەو کاتانەی خۆ دەرخستنە فیزیکییەکەی لێ تەنگ کراوەتەوە، بەرەو ناو " خۆی" گەڕاوەتەوە و لە بزووتنی بیروبڕوا مەعنەوی و ڕۆحییە کوردییەکاندا داهێنانی کردووە، شتێک کە لێرەدا سەرنج زۆر ڕادەکێشێ ئەوەیە کە هەموو بزووتنێکی کوردانە بووە، ئەگەر بەهەر هۆیەک لەلاوە شتێکیشی تێڕژا بێت، کورداندوویەتی، چوونکە هێندە بەهێز بووە، هیچ بیروڕا و گوتارێک نەیتوانیووە وەک خۆی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بمێنێتەوە، ئەمە دەتوانێت زۆر لەو ڕوودا و قوتابخانە کوردییانەمان بۆ ڕاڤە بکات، کە بە درێژایی هەزاران ساڵ لە ناو کورددا داهێنراوە و گەشاونەتەوە وپاش ماوەیەک ئێدی بوون بە بەشێک لە بزووتنە شارستانەتەکەی.
تۆ بڕوانە زمانەکەی: هەموو ئەو زمانانەی کە بە جۆرێک، لە دەوروبەری ئەم زمانە بوون، زمانێکی هاتوو، کاریگەربووە لە سەریان و تەنانەت زمانە ئەسڵەکە بۆتە کەمینەیەک لە ناو زمانە هاتووەکەدا، بەڵام هیچ زمانێک تەنانەت ئەگەر پشتیوانەیەکی ئاینی زۆر بەهێزیشی بوو بێت، نەیتوانییوە زمانی کوردی بکاتە کەمینەیەک لە ناو خۆیدا، بۆ نموونە زمانی عارەبی: کە فارسی و تورکی و سریانی وئاشووری و...هتد قووت دا، نەیتوانی تەنانەت کاریگەرییەکەی تا ڕادەیەکیش لە کوردی بکات، ئەمە نەیدەتوانی ڕووبدات ئەگەر کورد زەمینەیەکی شارستانی قووڵ و ئەزموونێکی فراوانی نەبایە لە پرۆسەی ئەو ژیانە هەزاران ساڵییە لە نیشتمانی خۆیدا. ئەمە هەم باسی ئەزموونی شارستانەتێکی کەونارامان بۆ دەکات، هەم باسی ڕەسەنایەتی ئەو پرۆسە شارستانییەمان بۆ دەکات، بەو مانایە کە ئەم شارستانەتە دەسکرد و داهێنانی خۆی بووە، لە کەسی نەخواستووە و تانوپۆی کوردی و بۆن و بەرامەی کوردەوارییە، هەر لەم جێگایەدا، لەو قەدپاڵ و ناو دۆڵ و سەر لووتکە و نزار و پێدەشتانەدا لەدایک بووە، گەشەی کردووە، خۆی حەشارداوە و دەریشکەوتووە. بۆتە ژیانی خێزانی کورد و کورد بە هەموو بوونیەوە تێیدا ژیاوە. ئەم تەکانە شارستانییە کوردییە، شەبەیخونێکی کوردستانی بوو لە سەرتاسەری جیهاندا، بەتایبەت بۆ داگیرکارانی نەتەوەی سەردەست و سەرکردەیەتی دەستە و تاقم و حیزبی کوردیش، بۆیە هیچ کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، چۆن ئەمە ڕوویدا!!!.

• نەتەوەی سەردەست و بزووتنەکە

یەکێک لە هۆگرنگەکانی بزووتنەکە، بوونی نەتەوەیەکی نامۆ و داگیرکەربووە لە پارچەکانی نیشتمانی کورددا، ئێمە هیچ قۆناغێک نادۆزینەوە بەدرێژای ئەم داگیرکردنە، بەهەر ناوێکەوە بووبێت، کە نەتەوەکە ملکەچی ئەو داگیرکارییە بووبێت، چ وەک داگیرکاریی سەربازی، کلتووری و چ وەک داگیرکاریی ئاینی: بۆ نموونە کورد لە سەرەتای داگیرکردنی کوردستان لەلایەن سپای ئیسلامەوە و لە سەردەمی خەلیفەی دوومدا، عومەری کوڕی خەتاب، دوای ئەو و لە کاتی فەرمانڕانی ئەمەوی و عەباسییەکانیشدا، چواردە ڕاپەڕینی بەرانبەر بەم سپا داگیرکارە ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرینەی کورد لەسەر باوەڕی موسڵمانەتەیش بووە، ئەو داگیرکاریی و بەرەنگارییەش تا ئێستا بەردەوامە. بەرەنگاری بەردەوامی کورد بەرانبەر داگیرکارانی نیشتمانەکەی، ئەو گیانەی تێدا بە زیندووی هێشتۆتەوە کە هیچ کاتێک ملکەچی کەسی نامۆ نەبووبێت و خۆی بەدەستەوە نەدابێت، چوونکە کورد منداڵی ئەم خاکەیە بە پێوانەی لە سەدا سەد، ڕەگ و ڕیشەی لە شوێنێکی تر نییە، تا بیەوێ لەم خاکە نوێیەدا کە بۆی هاتووە ڕەگ و ڕیشە دابکوتێت، بە پێچەوانەی داگیرکارانییەوە، کە لەدوورەوە هاتوون و خۆیان بەم خاکەدا بڵاوکردۆتەوە، بۆیە بۆ مانەوەیان ناشرینترین ڕەفتار، گەورەترین ستەم، فراوانترین قۆپییە و قووڵترین دزیی کلتوورییان بەرانبەر بە کورد ئەنجامداوە. هەر ئەم پرۆسەیە بۆمان دەسەلمێنێ ئەگەر کورد، لەسەر خاکی ئەم نیشتمانە کە ناوی کوردستانە، ڕەسەن و ڕیشەدار نەبایە، لە مێژبوو، لە باشترین حاڵەتیدا: ببووە هۆزێکی ڕۆمی، عەجەم یا تازی. لەسەرەتاوە بزووتنەکە نەتەوە و دەوڵەتیی داگیرکەری گێژ کرد و پاش ماوەیەک بەخۆدا هاتنەوە، ئەوسا هەموو توانا ئەهریمەنییەکانی خستە کار بۆ بەرەنگاری، چەواشەکاریی و دژایەتی کردنی بزووتنەکە، بەو ئەزموونەشەوە کە کۆیانکردبۆوە سەبارەت بە سەرکردەیەتی حیزبی کوردی بەتایبەت چەپی کوردیی (کۆمەڵە)، چ وەک ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێستای ئاخووندیی، چ وەک ئەوەی ناوی خۆی ناوە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی. یەکەم مەرجی ئۆپۆزیسیۆنبوونی ڕاستەقینە بۆ: عەرەبێک، توورکێک و فارسێک ئەوەیە دان بەوەدا بنێت، کە نەتەوەکەی ئەو داگیرکەرە و بەشێك لە خاکی کوردی داگیرکردووە و سەدان ساڵە ستەم، چەواشەکاریی و دزیی کلتووری دەکات لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دی ئەم جوگرافیا مەزنە.

• سەرکردەیەتی تاقمە کوردییەکان و بزووتنەکە  

ئەوەی کە گرفتێکی گەورە بووە بۆ نەتەوەی کورد، ساڵانێکی زۆرە، دەستەو تاقم و کۆمەڵێک پەیدا نەبوون، کە ئاوێنەی بریقەداری مەسەلەکەی بن، بتوانن نوێنەرایەتی (کورد) بکەن، چ وەک ئازارەکەی چ وەک کلتوورەکەی، جا چ ئەوانەی ئایدیۆلۆجیایەکی هاوردەیان پێڕەوکردووە، چ ئەوانەی بەرگی کوردییان بەبەر جووڵەکەی خۆیاندا کردووە، کە ئەمەیان زۆر مەترسیدار بووە، چوونکە نەخۆی ئاوێنە بریقەدارەکە بووە، ڕێگەشی لە گەشەکردن و خەمڵاندنی بیرێکی کوردستانی گرتووە، واتە چەواشەکاریی گەورە لە نەتەوەکە لێرەدا ئەنجامدراوە. بەڕووکەش ئەنجامدانی ئەوەی پێیان وتووە " کوردایەتی" و لە ڕاستیشدا، ئەنجامدانی ئەوەی کە دژ بە " کوردایەتی " بووە، بۆیە هەر زوو ئەم چەمکە واتە فەلسەفەی " کوردایەتی نەتەوەکە کە کوردستانییە" ، خۆی جودا کردەوە لەو " کوردایەتییە قەڵبە" و هەوڵی داوە کە لە قاوی بدات، بەڵام مەخابن، بە هاوکاری داگیرکارانی کوردستان و فشنبیرانی دەربار و پشتیوانی ئاینی، تاماوەیەکی زۆر ئەم " فشە کوردایەتییە" بۆی چووە سەر و زیانی گەلێک گەلێک گەورەی لە نەتەوەکە دا، کە داداگای گەل وەک 

" خیانەتی نەتەوەیی" تۆماری کردوە.

هەرچی ئەو دەستە و تاقمانە بوون کە ئایدۆلۆجییایەکی هاوردەیان بانگەشە دەکرد، لە سەرووی هەموویانەوە پاش 
بانگەشە ئاینییەکە، بانگەشەیەکی چەپ بووە، کە ڕەواجی داوە بە ناکۆکی چینایەتیی و هەوڵی زاڵکردنی چینێک بەسەر چینێکی تردا، کە ئەم ڕەووتەیان مەرام و هێڵەکەی دیاربووە و تا ڕادەیەک دیار بووە کە ناچێتە ناو هیچ پەیمانێکی سەربەتەوەکەوە، واتە ئەگەر چەواشەکاریشی کردبێ دەسەکەی دیاربووە و لە زۆر حاڵەتدا بە ئاشکرا مەرامی خۆی گووتووە، لەبەر هاوردەیی، نامۆبوونی و ئەو پشتیوانە جیهانییەی کە هەی بووە، نەیتوانیوە ڕەگی خۆی بەناو نەتەوەکەدا قووڵ  و بڵاوبکاتەوە، بەڵام تاماوەیەکی زۆریش بەشێکی مەزنی لە نەتەوەکە بە خۆیەوە خەریکاندبوو و خوێنڕشتنی کوردی زۆریشی لێکەوتەوە. چەپی کوردی ئەگەر چەپی کوردبانایە و مەرامەکەیان لە ناو شارستانەتە کەوناراکەی کوردا دۆزیبایەوە، دەیانتوانی خزمەتێکی گەورە بە " کوردبوون و کوردایەتی" بکەن، خۆ میللەتانێکی زۆر هەن هەر بەهۆی ئەم بیری چەپایەتییەوە توانیان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بنیات بنێن، بەڵام چەپی کوردی، خواستی دێرینەی نەتەوەکەی بە چاویلکەی چەپی جیهانی دەبینی و هەموو داخوازییەکی نەتەوەیی وەک دژایاتیکردنی بیرەکەی خۆی دەبینی، لە حاڵێکدا ئەمە لای گەلێک لە چەپەکانی نەتەوەکانی تر پێچەوانە بوو، هەر بۆ نموونە: بە ئاشکرا چەپەکانی فارس دژایەتی مافی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد بوون، لە حاڵێکدا کە بە تووندی تا ئاستی فاشیست بوون، لە سەر ئێران و ئێرانی بوون و لەهجەی فارسی، دەهاتنەوە بەگژ چەپی کورددا، مامۆستا حەسنی قزڵجی لەم بارەیەوە دەڵیت: "کەسێک وەک کیسرەوی کە بابەت و باسەکە دەهاتە سەر کورد، شەقی لە هەموو بیروبڕوای خۆی هەڵدەدا و دەبووە فاشیستێک"، یا پلان و هاوبەشیکردنی  سکرتێری یەکەمی حیزبی توودەی ئێران، ئەسکەندەری، بە هاوبەشی ساواکی شا و مەلامستەفا، بۆ لە داوخستن و شەهیدکردنی کاک " سڵێمانی موعینی" کە لە هەوڵدا بوو حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران لە ژێر سێبەری توودەدا بێنێتە بەر هەتاوی چەپێکی سەر بەکورد و خواستی نەتەوەیی کورد!!.  چەپەکان خوێندەوار و زانایان تێدا بوو کە کەڵکی باشیان بۆ نەتەوەکە دەبوو ئەگەر کورد بانایە بەو خەسڵەتە کوردیانەوە کە  باسم کردن، بەڵام فشەناسیونالیستە خۆ بە فشەکوردایەتییە باداوەکەوە، لەڕووی زانایی و خوێندەوارییەوە، گوندێکی وێران بووە، لەبەر نەبوونی شارەزایەکی ذلسۆزی نەتەوەیی، ئەو بۆتە کەڵەشێری سەربانان........درۆ نەما بە شانی مەلا مستەفا لە پلەی یەکدا و تاڵەبانی لە پلەی دوودا، دای نەدروون، بەهانە نەما بۆ خیانەتە نەتەوەییەکانیانی نەهێننەوە، هەر ئەمەش هۆیەکی گەورە بوو کە لاوانی کورد، بە لێشاو ڕوویان لە چەپ بوون کرد، چوونکە گوتارێکی نوێ، ڕاستەقینەیەکی کلتووریی نەتەوەکە، ئارگوومێنتێکی ماقووڵ و نەتەوایەتی جێگەی بڕوایان و کردارێکی کوردەوارەی ڕاستەقینەیان لە خۆباداوەکان بە فشەکوردایەتییەکەوە نەدی، جگە لە باسی فڵان کەس کوردی بە دنیا ناساند، جامانەکەی وا بوو، خاكەڕابوو، شەڕی کرد و....هتد، ئێدی شەڕەکانیان کە خواستێکی دەروونییان بوو بەلاوانی کوردییان کرد و دەیان هەزار کوردی تێدا کوژرا و دەستگرتنی سپای داگیرکەری کوردستانیان بۆ سەر دڵی نەتەوەکە، پەردەپۆش کراو خرایە خانەی لەبیرکردنەوەوە، لە حاڵێکدا کە بە هەموو پێوانەکان، خیانەتەکانیان بە نەتەوەکە چەند بارتەقای دڵسۆزییان بووە بۆ نەتەوەکە.

• بزووتنەکە و ژنانی کورد

ژن، بناغەی کۆمەڵگای کوردەواری بووە، لایەنی فراوانی کولتووری کوردی، هەم لە داهێنانی ژنی کورد بووە، هەم پاراستن و گەشە و بەردەوامییەکەشی لە ئەستۆ گرتووە، ڕەنگە کوردییەکانی ناسییوە و پێناسەی بۆ هەبووە و بۆ مانەوەی هەمیشە بەکاری هێناوە، ژیانی ڕۆژانەی خێزانی کورد، ژن خەمڵاندوویەتی، پەروەردەی نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کورد لە ئەستۆی ژنی کورددا بووە. ئەو کارە گرنگە و بنجییە تەنیا بەو دەکرا، کە ئەم لێهاتووییە، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغە کە لە ناو کورددا، خوداوەندی ژن هەبووە، کە " ئاناهیتا" /" ناهید" نوێنەرایەتی فەڕ و بەرەکەت (ژن)، ئاوی پاک(ژیان)، پاراستنی جوانی و پاکییەکانی(ئازادی) کردووە. کەواتە مێژووی ڕۆڵی سەرەکی ژن لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، فراوان، قووڵ و شایستەی بەروارد نییە بەهیچ ڕۆڵێکی تر لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری و جیهانیشدا، واتە بناغەی ژیانەکە لە کوردەواریدا هێزێکی زیندووی "شارستانەتێکی ژنانەی کورد" بووە کە کۆمەڵگاکەی بەرێوە بردووە، ئەمە لە کۆمەڵگاکانی دەورووبەرماندا، لە هیچ قۆناغێکدا بەو جۆرە نابینین.
لە مێژوویەکی دواتردا، واتە سەرەتای هاتنی ئاینی موسوڵمانەتی و داگیرکردنی نیشتمانی کورد لەلایەن سپای داگیرکاریی ئیسلامەوە، کە نوکی ڕمەکەی ڕوو لە ژن بوو، ژنی کورد، کەوتە بەرهێرشی گەورەی پیاوانی بڕواداری موسوڵمان و دوای ئەوەش کاتێک بیروبڕوای پیاوی کورد وەرچەرخا بەرەو باوەڕهێنان بە پرەنسیپەکانی ئاینی موسوڵمانەتی، پیاوی کوردیش بووە یاریدەدەر بۆ چەسپاندنی یاسا و ڕێسا ستەمکارانەکانی ناو ئاینەکە سەبارەت بە ژن، لەمەدا پیاوی کورد بەرژەوەندی خۆی لەبەر چاوگرت( خیانەتی بە پیرۆزییە کوردییەکان کرد)، کە لەو ئاینەدا ئیمتیازی گەلەک بۆ پیاو قایل بووە و ئەمەش بە دڵی ئەو پیاوانەی کورد بوو کە ڕەدووی ئەو بیرکردنەوەیە کەووتن!! زۆرینەی لێکدانەوەکان بۆ یاسا و ڕیساکانی ئاینی موسوڵمانەتی، لێکدانەوەیەکی پیاوانە بوون و لە خزمەتی پیاودان، بە پلەی یەکەم ژن دەخاتە پلەی خزمەتکارییەوە بۆ پیاو. ئەمە گۆڕانێکی گەورە بوو لە ڕووکەشی ڕۆڵی گرنگی ژن لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ڕوویدا. ژن کە لە مێتۆلۆژیی کوردیدا، خۆشەویستییەکی ئاهورایی سەر بە دیاردە هەر پیرۆز و ڕێز لێگیراوەکان بوو، سەرچاوەکەی ناهید/ ئاناهیتا(٥) بوو، دابەزێندرا بۆ پلەی دووەم و ستەم لێکردنی بوویە کارێکی ئاسایی ڕۆژانە، ئەو ستەمە زۆرەی کە ئیتر بووە نۆرمێکی پەیڕەوکراو لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا چوونکە کاری جدی بۆ دەکرا، چ لە ڕێگای پیاوە ئاینییە کوردەکانەوە، کە زۆرینەیان شوێن ئەو لێکدانەوە ڕووکەشە عەرەبییە بۆ باوەڕی ئاینی کەوتن کە نووسەرانی عەرەبی یا غەیرە عەرەبی کە بەعەرەبی نووسرابوون، ئەمەش بیرکردنەوەی زۆرینەی پیاوە ئاینییەکانی کوردی نزیک و نزیکترکردەوە لەو کلتوور و بیرکردنەوە عەرەبییە کە لە خزمەت ناسیونالیستێکی عەرەبیدا بوو لە بەرگی ئاین و بیروڕای موسوڵمانەتیدا، چ لە ڕێگای ئەو حوکوومەتە دەسەڵاتدارانەی کە بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردبوو، ئاینیان وەک ئامڕازێکی خودایی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی کلتووری عەرەبی، فارسی و تورکی و تواندنەوەی کورد و گۆڕینی کولتووری کورد. بەڵام هیچ یەکێک لەم کلتوورە هاتووانە، هاوردەکراوانە یا داسەپێنراوانە، نەیان توانی کار لە ریشەی قووڵی هەزاران ساڵەیی ئەو کلتوورە کوردییە ڕەسەنە لەدایک بووە لەم خاکەدا، بکەن چ بیروڕای چەپ بووبێت، یا بیروباوەڕی ئاینی، وەک لەسەرەوە باسم کرد، بەهێزیی و ڕەسەنایەتی ئەو کلتوورە کوردییە کە ژن ڕۆڵی سەرەکی لە داهێنان، بەرهەمهێنان و گەشە پێدانیدا کردووە، توانیوویەتی بەرپەرچی هەموو ئەو هەوڵانە بداتەوە لە ڕەنگ و فۆڕمی جوودادا: گەشەپێدانی بەردەوامی کلتوورەکە و پاراستنی، پەروەردەی نەوە دوای نەوە، کە ستەمەکەش گەیشتە لوتکە و هێزی تەکنیکی و پیشەسازی چەک و پەلاماردانی ئاینی و وێرانکردنی ژینگەی کوردەوارییان گەیاندە ئەوپەڕی، ژنی کورد، لایەنێکی تری ئیرادە و توانای شارستانەتی خۆی پیشاندا، کە هیچ دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی سیخووڕی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکاری نیشتمانی ژنانی کورد و دەوڵەتانی چاودێر یا هاریکاری ئەو ڕژێمانەی کە نوێنەرایەتی نەتەوەی سەردەست دەکەن لە کوردستاندا، پەییان پێ نەبردبوو و خوێندنەوەیان بۆی نەبوو، بۆیە ئێستا بە درێژایی نیشتمانی کورد، ئەو دەسپێکی ڕابوونەی شارستانەتی ژنی کورد، ڕێبەرایەتی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی دەکات: لە فۆڕمی تێکۆشانی سیاسی لە باکووریدا، لە فۆڕمی هەڵمەتی چەکداریدا لە شارەکانیدا لە ڕۆژئاوا، یەپەژە، کە کۆبانێ( ئاسیا لەوێ شەهیدبوو) ئیرادەی ژنی کوردی بردە لووتکە، لە قەندیل، یەژەستار، کە قەندیل بۆتە ناوەندی داستانە مێژووییە تاقانەکانی ژنی کورد، یا لە فۆڕمی سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتیدا کە مەرگی ژینا هەموو ئەو وێنانەی ژنانی کوردی بەرجەستە کرد لە پانۆڕامای ژن ژیان ئازادی دا.
..........

سەرنجەکان:

(1) ئاسیا ڕەمەزان، کە مێدیا جیهانییەکان ناویان نابوو، جۆلیانا جولی کورد و من هەر ئەو ساتە وتارێک نووسی بەناوی " تۆ لەکەس ناچی لە خۆت نەبێ"، شەڕڤانە دلێرەکەی کۆبانێ، لە شەڕی دژ بە هێزی تاریکی و ئەهریمەنی داعیشدا گیانی بە سەربەخۆیی کوردستان سپارد. 
(2) ژینا، چرا داگیرساوەکەی بزووتنە شارستانەتە ژنانەکەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی کورد، کە تێکۆشانی ژنی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی بەرجەستەکردووە.
(3) هەتا ئێستا پیاوی کورد، زۆرینەیان کە کاربەدەستی سیاسەتی کورییان کردووە، نەتەوەکەیان شەرمەزار و سووککردووە، بۆیە دەبوو ژنی کورد، ببزوێ بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئابڕوو تکانە، هەروایان کرد و تێکۆشانەکەیان خستە سەر هێڵی ڕابوونە نەتەوەییەکە.
(4) هاوار، ناوەندێکی پیرۆزیی کوردەواریی کاکەییەکانە لە نزیک شاری هەڵەبجە و قیبلەیەکی کوردییە.  
(5) پەرستگای خوداوەند ئاناهیتا/ ناهید، لە شاری سونقری سەر بە پارێزگای کرماشانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە