بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


بەزەییم بە کورد دا دێتەوە

Friday, 27/09/2024, 19:27


ئەو دەربڕینەی سەرەوە قسەی مێدیاکارێکی کەناڵی ڕوداوە کە ئێستا بە شێوەیەکی ڕانەگەیەنراو و لەنەبوونی کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆن دا زۆر بە بەرنامەیەکی تۆکمە کار لەسەر سۆزی خەڵک ئەکات .
ئەو وێرانکاریەی کە حکومەتەکەی ئەو و خاوەنی ئەو کەناڵە و حیزب و بنەماڵەکەیان لێی بەرپرسە ئەم دێت بە زمانێکی ڕەخنەئامێز نەک لەسەرە گەورەکان بەڵکو بەسوک کردنی بەرپرسانی بەشی خوارەوەی حکومەت ،ئەوانەی بێکەسن، بێپشتیوانن ، یان ماستاوچین و وەزعەکەیان قبوڵە ئەیانهێنێتە سەر شاشەکەی ڕووداو ، بەمەش ڕق و توڕەیی خەڵک تاڕاددەیەک بەتاڵ ئەکاتەوە .
ئەو کەناڵەی هەموومان ئەزانین خاوەندارێتیەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی بەس لەسەرحسابی قوت و گیرفانی خەڵک. کاروچالاکیەکانیشی هێندەی خزمەتی ئەجێندای دەرەکی و خودی بنەماڵەی بارزانی و لەناو ئەوانیشدا باڵی نێچیرڤان ئەکات ، نیو هێندە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرەوپێشبردن و دروستبونی متمانە بە ڕاگەیاندنی کوردی نەبووە .
ئەوان بەجددی زۆر باش ئەزانن کە چۆن ئاڕاستەی ناڕەزایەتی و خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگە لەبەرژەوەندی تەسکی خۆیان بگۆڕن. شارەزان لە هەڵمژینی سۆزی ئەو دەنگە ساویلکانەی کە پێیان وایە کەناڵێکی بێ ڕکابەرە و وەک فریادڕەسێک بۆ خزمەتی دەنگی ناڕازی ئەیبینن !
بۆیە منیش بەزەییم بەو جۆرە مەخلوقەدا دێتەوە.
باسەکەی من لێرەدا تەنها خودی ئەو کەناڵە نیە بەڵکو لەسەر هەموو ئاستە ژینگەیی و ژیاری و سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاریەکان بەزەییم بە حاڵی کورد دا دێتەوە.
بەڕاستی جێگەی بەزەییە لەسایەی ئەو هەموو داهاتەدا سروشتی و دەستی کارەدا هاوڵاتی نەک ژیانێکی خۆشگوزەرانی نیە بەڕێژەی یەک لەسەر سەدی ژیانی شاهەنشاهی باب و بەرەبابەکانی حیزب و نەوەی بنەماڵەکان بەڵکو پێداویستیە زۆر سادەکانی ژیانیشی پێ ڕەوا نابینرێت کەچی هەر ئەو هاوڵاتیە داماوە پێشبڕکێیەتی لەسەر وەسف و گرتنی سێڵفی لەگەڵ دەسەڵاتداراندا ، گریان و واوەیلایەتی بۆ تەوقەیەک لەگەڵیاندا !
بەزەییم بە حاڵی ئەو میللەتەدا دێتەوە مەلاکانی مێزەری دینیان لەسەر کردووە ، کەچی لەبەردەم نەخوێنەوارێکی حیزب دا دانیشتوون و تەڵقینیان ئەدا ، ئەوانیش بە ڕازێنراوەیی و لەژێر ناوی گەیاندنی دینەوە ئەجێندای ژەهراوی حیزبەکانیان ئەگوازنەوە بۆ گوێ و مێشک و دڵی گوێگرەکانیان .

  چۆن بەزەییم بە عەقڵی مامۆستای قوتابخانەدا نایەتەوە ؟!

پاش چەندین ساڵ ژیانی وانەبێژی و بە چەند سەدهەزارێکی ڕەمزی ئەکرێن بەگرێبەست کە هیچ جیاوازیەکی بنەڕەتی نیە لەگەڵ وانەبێژی لەڕووی ئیمتیازات و مووچەوە کەچی نوێنەرەکانی ئەوان بەردەوام بەشان و باڵی سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردەکەیاندا هەڵدەدەن و چەپکەگوڵیان بۆ ئەبەن و شیعر و شانامەیان بەسەردا ئەڵێن لەجیاتی موحاسەبەکردنیان و دادگایی کردنیان لەسەر بەهەدەردانی چەندین ساڵەی ژیانیان کە قەرەبوو ناکرێتەوە !
بەزەییم بە عەقڵی هەموو ئەو دەنگدەرانەدا دێتەوە کە پاش چەندین ساڵ لەو حوکمە چەوسێنەر و برسیکەرە کەچی هەر بەدەهۆڵی درۆ سواوەکانی کەسانی حیزبەکان هەڵئەپەڕن !
بەزەییم بە پەڕلەمانێک دا دێتەوە کە هێندە بێ ئەرزش کراوە ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی لە یاسادانان و بەدواداچوونەوە بووە بە گاڵتەجاڕی تیکتکۆچی و بەندبێژ و سەربەخۆی خەتمائیلی حیزبی و ناپسپۆڕ و کەسانی نەخوێنەوار .
بەزەییم بە حاڵی میللەتێکدا دێتەوە کە شەڕی مان و نەمانی و سەرتاسەری لەگەڵ گۆڕانکاری و خۆڕێکخستەوە وخود هۆشیارکردنەوە دەستپێکردووە ، نازانم بۆ دانووی لەگەڵ خود ئازادکردن دا ناکوڵێ ؟!
جێگەی بەزەییە میللەتێک کەسانێکیان کردووە بە سەروەر و سەرکردە و براگەوەری خۆی کە هیچ کاریزمایەتیەکیان تێدانیە جگە لەوەی کە چەوسێنەر و فرۆشیارێکی باشی خاک و خزمەتکارێکی کارامەی وڵاتانی بەرژەوەندخوازن .
بەڕاستی جێگەی بەزەییە میللەتێک هیچ خزمەتگوزاریەکی نیە کەلەئاستی مرۆڤبوونیاندا بێت ، لەملاوە بەهەواڵی دوومانگ سێ مانگ جارێک مووچەوە مەشغوڵ کراوە کاتێکیش یەک مووچە وەرئەگرێت هەزار سوپاسی دەسەڵاتداران ئەکەن و هیچیان لە دڵدا نامێنێت ! ئەوە ساویلکەییە !
بەزەییم بەمیللەتێکدا دێتەوە ئەو هێزە کۆنەپارێز و بەسەرچوو و شمولیانە وەک پارێزەری شکۆی تاک و سەرچاوەی ڕزقیان ئەبینن و ئیرادەیەکی جددیان نیە بیانکەن بە ڕابووردوو.
هەزاران جار و بەهەزاران هۆکار ، بەزەییم بەو میللەتە دا دێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە