شاسوار عەبدولواحید چیی کردوە؟
Sunday, 15/09/2024, 18:48
چۆن پایەکانی نەوەی نوێی داناوە
هەموو جوڵانەوەیەکی سیاسیی پێویستیی بە چەند پایەیەک هەیە بۆ ئەوەی لەسەری بوەستێت و درێژە بە هەبوونی خۆی بدات، نەوەی نوێ یەکێکە لەو ڕێکخراوە سیاسییانەی کە دامەزرێنەرەکەی( شاسوار عەبدولواحید)ە و باش پەی بە گرنگیی پایەکانی دامەزراندن و چالاکبوونی بردووە.
١.پایەی ئابووریی:
پێش دامەزراندنی جوڵانەوەکە، شاسوار عەبدولواحید بەشی دامەزراندن و چالاکیی جولانەوەکە سەرمایەی پێکەوەنا، بۆیە نەوەی نوێ لە ڕوی ئابوورییەوە وەک جوڵانەوەیەکی سیاسیی سەربەخۆ دەستبەکاربوو، حیزبە دەسەڵاتدارەکان نەیانتوانی لە ڕێگای مووچە و بوودجە بڕینەوە دەست وەردەنە ناو کارەکانی و چۆنیان بوێ ئاراستەی بکەن و سنوور بۆ گەشەکردنی دابنێن.
٢.ڕاگەیاندن:
پێشئەوەی نەوەی نوێ دابمەزرێنێت، شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیای نالیای دامەزراند، چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنی بیندراو و بیستراوی وەک nrt کردەوە، سەرەتا ناڕاستەوخۆ و دواتر ڕاستەوخۆ پەیامی جوڵانەوە نوێکەی بە خەڵکی کوردستان گەیاند.
٣.پەیوەندیی:
سەرۆکی جوڵانەوەکە گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندیی کەسایەتیی و نوخبەی سیاسیی و ڕۆشنبیریی کوردستان دەدا، بە بانگهێشتکردنی ئەو توێژانە بە تاک و کۆ، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکان و خەڵکدا بەهێزکرد. پەیوەندییە عێراقیی و ناوچەیی و جیهانییەکانیشی بە پایەیەکی تری سیاسەت بینی و بەو پەیوەندییانە خۆی لە پیلانگێڕیی دەسەڵات بۆ پەراویزخستن و سەرکوتکردنی پاراست.
٤.یەکبڕیاریی:
سەرۆکی جوڵانەوەکە باش پەی بە هەڵەی حزبەکانی تری دەرەوەی دەسەڵات برد، هەر لە سەرەتای دروستبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە تا ئەمرۆ، هیچ جۆرە مساوەمە و ڕێکەوتنێکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەکردووە، ئامادەنییە لە ئایندەشدا ڕێکەوتن و مساوەمە بکات تا سیستمی حوکمـرانیی نەگۆڕیت.
٥.جەماوەرییبون:
هەر جوڵانەوەیەکی سیاسیی جەماوەر نەیناسێت، جەماوەر پشتگیری نەکات، سەرکەوتن بەدەستناهێنێت. لەو کاتەوە نەوەی نوێ دروستبووە، لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە تیکەڵاوی ئێش ئازار و کێشەکانی خەڵکی کوردستان بووە و داکۆکی لە مافی بەشخواران کردوە.
لە زستاندا خەڵک سەرمای دەبێت نەوەی نوێ نەوتیان بۆ دەبات، لە هاویندا خەڵک بێئاودەبێت نەوەی نوێ ئاویان بۆ دەبات، پرد و جادەو یاریگا نوێدەکاتەوە، ئیتر چۆتە ناو پێست و مۆخ و ئێسقانی جەماوەری کوردستانەوە.
٦.بچوککردنەوەی حزب:
حزبی سیاسیی لە باشوری کوردستاندا لە ڕێگای سرووشتی خۆی لایداوە، هێندە گەورە و قەبە کراوە، هێندە لق و مەڵبەند و کۆمیتە و ناوچەی بۆ دروستکراوە، بووە بە بار بەسەر خەڵکی کورستانەوە، لەجیاتی ئەوەی حیزب کێشەی خەڵک بە دەوڵەت بگەیەنێت و پیشنیاری چارەسەری کێشەکانی خەڵک بکات، ناتوانێت کێشەکانی خۆشی چارەسەر بکات.
نەوەی نوی خۆی لە دەزگای حیزبی قەبەی ناوی زل و دەرەی وێرانە بەدورگرتوە، دەزگا حزبییەکانی بچوکن، لە ناو دڵی خەڵکدا نوسینگەیان داناوە و ئاگاداری لێدانی دڵی خەڵکن بۆ نان و ئازادیی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست