بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٩)

Saturday, 21/09/2024, 16:13


کورسی دەسەڵات هۆی سەرهەڵدانی مەزهەبی جیا بووە لەنێو موسڵماناندا، واتە سەرکردەکانی ئەو کات بۆ ئەوەی بگەنە کورسی دەسەڵات، یاریان بە جۆری بیرکردنەوەی  زۆرینەی سادە و خەڵکی شەقام کردووە، بۆ دانی مەشروعیەت بە شەڕی براکوژی لەنێو موسڵماناندا، چی لەنێو سونە مەزهەبەکان و شیعە مەزهەبەکاندا بووبێت، ئەوان هەوڵیان داوە وەک جیاوازی فیکری لە ئیسلامدا مەزهەبی دی دروست بکەن، واتە کێشەی گرتنە دەستی دەسەڵات تەنیا لەنێوان سونە مەزهەب و شیعە مەزهەبدا نەبووە، بەڵکو لەنێو خودی سونە مەزهەبەکان و شیعە مەزهەباکاندا کێشە هەبووە، و شەڕی براکوژی لەنێوانیاندا سەریهەڵەداوە، کە لە ئاکامدا بە هەزاران موسڵمان بەدەستی یەکدی بەکوشتن دراوە، بۆ نمونە شیعە مەزهەبەکان لە ئەنجامی ناکۆکی لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵاتدا، بەسەر چوار بەشی سەرەکیی واتە تایفی دابەش بوون، کە بریتی بوون لە، تایفەی ئیسنا عەشەر، ئیسماعیلیە، عەلەویە و زەیدیە.
نەخشەی دەوڵەتی فاتیمی و عەباس
 ئیسماعیلیەکانیش چوار بەشن، سەبعیون، فاتیمون، قرامیتە و دروز. دوای مردنی ئیمامی شیعە  جەعفەر ئەلسادق، دوو باڵ دروست بوو، یەکیان داوای دەکرد ئیسماعیلی کوڕی ببێت بە ئیمام کە ناویان بوو بە ئیسماعیلیون، بەڵام باڵەکەی دی، پێیان وابوو، کە دەبێت براکەی ئیمام کە  موسا کازم بوو، دەبێت ببێت بە ئیمامی شیعەکان، ئەمانە  ناویان نرا ئیسنا عەشەر. سەرەڕای ئەو کێشمەکێشمەش هەموویان لەژێر مەترسی عەباسیەکاندا بوون، لەلایەکی دی مەترسی ئەمەویەکانی ئیسپانیا لەسەر هەموویان و مەترسی ئەوان لەسەر ئەمەویەکان. هەر یەکێک لەو لایەنانە پێیان وابوو کە مەهدی مونتەزەر ئەو کەسەیە کە هەر لایەکیان پێیان وایە کێیە. بەڵام لە ڕاستییدا تا ئەمڕۆ مەهدی مونتەزەر هیچ ئەسەرێکی دیار نییە، دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئەو جیاوازیە لەجۆری بیرکردنەوەی دیاری کردنی ئیمام مەهدی، تەنیا ئامرازێک بووە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆکردنەوەی لایەنگر و شمشێر بەدەست. لە ئەنجامدا دوای شەڕ و پێکدادان و بەکوشتندانی هەزاران موسڵمان بەدەستی یەکدی، چەند دەوڵەتێک دروست بوو کە سەربەخۆی تەواویان هەبوو و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عەباسی و سنووری جوگرافیای دەسەڵاتی ئیسلامیان دابەش کرد. 
فرەوان بوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی عەباسی لە شوێنی جوگرافیای جیاوازدا یارمەتیدەری هێز و گروپی ئۆپۆزسیۆن بووە بۆ یاخی بوون لە دەسەڵات، واتە ناوچەکان ئەوەندە دوور بوونە لە سەنتەری دەسەڵات کە خەلیفە نەیتوانیوە بە ئاسانی هێز و سوپا بنێرێت بۆ سەرکوت کردنیان. ئەم جۆرە ئەزموونە لە کوردستاندا هەبووە کاتێک کە هێزی ئۆپۆزسیۆن دژی دەسەڵاتی بەغداد و ئەنقەرە و تاران و دیمەشق، ڕوویان لە شاخە سەختەکان دەکرد کە حکومەت و سوپا نەیان دەتوانی بە ئاسانی ڕووبەڕوویان ببنەوە. ئیسماعیلیەکان ئەو کات کە هەڵگری مەزهەبی شیعە و ئەلحوسەینیە بوون، ڕێبەران و لایەنگرانی ئیسماعیلیەکان لەژێر فشاری عەباسیەکاندا، هەوڵیان دەدا ڕوو لە هەرێمە دوورەکان بکەن، کە دەسەڵاتی خەلیفەی تێیدا لاواز بوو، وەک مەغرب کە توانیان لەنێو هۆز و تیرەکانی ئەو ناوچەیەدا لایەنگر پەیدا بکەن، ببن بە نواتی دروست کردنی دەوڵەتی فاتیمی.
  ڕێبەری فاتمیەکان بۆ هاتنە دەسەڵات هەوڵیاندەدا، لەنێو خەڵکدا پروپاگەندەی ئەوە بکەن و لەژێر دروشم یان بە نێوی ئەوەی کە گوایە مەهدی مونتەزیر زۆری نەماوە دەرکەوێت، بۆیە دەبێت هەوڵبدەن زەمینەسازی بۆ بکەن، بەم جۆرە زۆرینەی سادە هەڵخەڵەتێنن و بە یەکدیان بەکوشتن بدەن، خەڵک ئامادە بێت بۆ ئەوەی پۆل پۆل ڕێکبخرێن و هێزی شمشێرداریان لێ پێکبهێنن تا بەگژ دەسەڵاتی ئەغالیبیەکان لە مەغرب بچنەوە، کە دوای پێنج ساڵ لە شەڕ و جەنگی خوێناوی کە هەزاران موسڵمان بەدەستی یەکدی بەکوشتن دران، ئینجا ئیسماعیلیەکان هاتنە دەسەڵات، کە هەژموونیان بەسەر ناوچەکانی باکووری ئەفریقا، دەریای سپی ناوەڕاست سەپاند، تا دواتر گەیشتنە  میسر، دورگەی سەقلیە، شام و حجاز و یەمەن. بەم جۆرە بوون بە گەورەترین دەوڵەت کە ئازاد بوون، لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتی عەباسیەکاندا نەمان و بوون بە بەهێزترین ڕکابەری عەباسیەکان لەو ناوچانەدا.
 فاتمیەکان وەک تورکیای ئەمڕۆ تەماحیان لە شاری موسڵ کردبوو، بۆیە جموجۆڵیان دژی خەلیفە دەست پێ کردبوو، خەلیفەش بزوتنەوەی چەکداری شیعەکانی سەر بە فاتمیەکانی سەرکوت کرد، کە لە ئەنجامدا هەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت. کاتێک کە فاتمیەکان کۆنتڕۆڵی موسڵیان کرد، خەلیفە لە تاوان پەنای بۆ سەلجوقیەکان واتە تورکەکان برد، بۆ دژایەتی کردنی فاتمیەکان، ئەم ئەزموونە هاوشێوەی ئەزموونی ئەمڕۆیە کە حزبە کوردیەکانی باشوور بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات پەنا بۆ سوپا و میتی تورک دەبەن. 
لە قۆناغی دەسەڵاتی فاتمیەکانیشدا، ئۆپۆزسیۆنی خاوەن هێزی شمشێردار هەبووە کە دژی دەسەڵات بوونە، بە دەیان هێزی و بزوتنەوە دروست بووە، بەڵام سەرکوت کراوە، واتە بە هەزاران موسڵمان کوژراون لەبەرئەوەی دژی دەسەڵاتی فاتمیەکان بوونە و ڕێبەرەکانیان شەڕی بوون بە خەلیفەیان کردووە، هەروها ئەم دەوڵەتە لەلایەن خەلیفە لە بەغداد دژایەتی کراوە و هێزی شمشێرداری سەلجوقیەکان یانی تورکەکان بە لێشاو نێردراون بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی فاتمیەکان، واتە لەو کێشمەکێشمەیەدا بەهەزاران موسڵمان بەدەستی یەکدی قەتلوعام کراون، لەلایەکی دی لەسەر ئاستی دەسەڵاتدا ناکۆکی هەبووە لەنێوان کوڕ و برادا، بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دوای ئەوەی ئەو خەلیفەیەی کە لە دەسەڵاتدا بووە مردووە، کە لە ئەنجامدا هەتا هەڵگری بیری ئیسماعیلیەکان ئینشقاقی تێکەوتووە.

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


تێبینی: 

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە