بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


چۆن‌و بۆچی ئیسرائیل نازناوی 'جەنەراڵی باڵا'ی بەمەلا مستەفا بەخشی؟!

Tuesday, 17/09/2024, 20:36


شەریف عەلی 

جەنەراڵ تزوری ساقی ئیسرائیلی بۆ مەلا مستەفا: هەتا بەمشێوەیە بەردەوام هەزار- هەزار لەداگیرکەرەکانتان نەکوژن؛ ڕزگار نابن!

-
بەڵگەنامەکانی بەریتانیا زانیاری سەرنجڕاکێشیان لە بارەی پەیوەندییەکانی مەلا مستەفاو ئیسرائیل تێدایە. هەرچەندە ئیسرائیل و بەریتانیا دو هاوپەیمانی یەکتر بون. بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٧٥ ستراتیژی بەریتانیا دژ بوە بە ستراتیژی ئیسرائیل لە عێراق دا، چونکە بەریتانیا پشتیوانیی لە پان-عەرەبیستە عێراقییەکان کردوە، بەڵام ئیسرائیل دوژمنیان بوە. ئەو دژیەکییە لە ستراتیژی نێوان بەریتانیاو ئیسرائیل لە عێراق دا، وای لە ئینگلیزەکان کردوە کە ترسی زۆریان لە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل هەبێت. چونکە ئینگلیزەکان پێیانوابوە: دروستبونی دەوڵەتی کوردی دژی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی بەریتانیایە لە ناوچەکەداو، لە ستراتیژ دا خزمەتی ستراتیژی سۆڤییەت دەکات. بۆیە بەریتانییەکان هەوڵیان داوە زانیاری هەواڵگری لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل کۆبکەنەوە.
بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، لە مانگی ٩ ی ساڵی ١٩٦٢ ەوە، ئینگلیزەکان لەبەر سێ هۆکار لە عەبدولکەریم قاسم توڕەبون:
١-بەهۆی هەنگاوی کردەیی قاسم بۆ جێ بە جێکردنی یاسای خۆماڵیکردنی نەوت. کە لەوکاتەدا بەریتانییەکان پشکی ٪٢٣ ی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق هی ئەوان بوەو، ئەو خۆماڵیکردنە گورز بوە لە ئابوریی-نەوتیی بەریتانییەکان لە عیراق دا.
٢-کۆکردنەوەی هێز لەلایەن قاسمەوە لە بەسرە بە فەرماندەیی ڕاوێژکارە سەربازییە ڕوسییەکان بۆ داگیرکردنی کوەیت. کە قاسم پێی وابوە: کوەیت بەشێکە لە سەروەری عێراق و دەبێت بگەڕێنرێتەوە.
٣-بێتوانایی قاسم لە کۆتایپێهێنان بە شۆڕشەکەی کورد (شۆڕشی ئەیلول). بەریتانیا پێی وابوە: ئەو شۆڕشە لە ساڵی ١٩٦٢ ەوە ببوە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ناوچەکەدا. پێشبینی ئینگلیزەکان ئەوەبوە: ئەگەر کوردەکانی عێراق دەوڵەت دروست بکەن، دەبنە هۆی لێدان لە بەرژەوەندییە نەوتیی و ئابورییەکانی بەریتانیا لە عێراق، ئێران و تورکیا دا. بەوپێیەی لەوکاتەدا بەریتانیا هاوپەیمانی سەرەکیی ئێران و تورکیاش بوە. هەروەها بەریتانیا نەیویستوە پرسی کورد ببێتە مایەی تێکچونی پەویوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیش دا. هەربۆیە قاسم بەردەوام بەڵێنی بە بەریتانییەکان داوە کە دەتوانێت شۆڕشەکەی کورد لە ساڵی ١٩٦٢ کۆتایی پێبهێنێت. لە هەمان کاتیش دا، بەریتانیا بەردەوام فڕۆکە و چەکی بە عێراق فرۆشتوەو ڕاهێنانی بە فڕۆکەوانە عیراقییەکان کردوە کە چۆن لەسەر شاخەکانی کوردستان بتوانن ئامانجەکانیان بپێکن. هەروەها بەردەوام بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان دژی هەر بڕیارێک بوە کە بدرێت لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن قاسمەوە، کە ڕژێمەکەی قاسم چوار هەزار گوندی باشوری کوردستانیشی بە بۆمباران سوتاند بو. لە کاردانەوەش دا، لە مانگی ١٠ ی ١٩٦٢ وەوە، مەلا مستەفا بڕیاری گورزلێدان لە بەرژەوەندییە نەوتییەکانی بەریتانیا-عێراق لە باشوری کوردستان دەدات، لەگەڵ گرتنی ئەو ئەندازیار و جیۆلۆجیستە بەریتانییانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی کەرکوک و دەشتی موسڵ دا، کاریان کردوە. هەربۆیە لە شەوی ١٠ لەسەر ١١ ی مانگی دەی ١٩٦٢، لە بۆسەیەکی پێشمەرگەدا، بەڕێوەبەری کێڵگەی عەینزالە، دیریک دانکۆرت، دەگرن. پاشان، لە ٢٦ ی ١١ ی ساڵی ١٩٦٢، لە بۆسەیەکی تری هێزی پێشمەرگەدا، جیۆلۆجیستی ئەزمونداریی بەریتانیی، فرانک گۆسلینگ، دەگرن. کە ئەزموندارتین جیۆلۆجیستی بەریتانیی بوە لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دا، بەتایبەت لە کێڵگەکانی کەرکوک، دا.
گرنگترین و پڕبەهاترین بەڵگەنامە لەم بارەیەوە کە دۆزیومەتەوە، ئەوەیە: پێش ئەوەی ئەم ئەندازیار و جیۆلۆجیستانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بگیردرێن، لەلایەن بەریتانیاوە داوایان لێکراوە کە بە نهێنیی نەخشەی باشوری کوردستان بە پێی زانستی جیۆلۆجیی بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیای بەرز بکەنەوە. ئەمانیش لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٢، نەخشەی باشوری کوردستانیان بە پێی زانستی جیۆلۆجیی، بەپێی دیراسەی زانستیی لەسەر تایبەتمەندی خاک، کێشاوە. بەپێی ئەو نەخشە بەهادارە کە دۆزیومەتەوە، تیمە جیۆلۆجیستە شارەزاکەی بەریتانیا موسڵ و کەرکوکیان بە زەوی باشوری کوردستان لە قەڵەم داوەو، لە نەخشەکەدا خستویانەتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە. )بڕواننە نەخشە بەڵگەنامەییەکە کە لە خوارەوە هاوپێچی ئەم بابەتەی دەکەم).
(هەر کەس و لایەنێک ئەو نەخشەیە ببات و، ناوی من وەک سەرچاوەی دۆزەرەوەی نەخشە بەڵگەنامەییەکە نەهێنێت کە بە ماندوبونی تاقەتپڕوکێن، دۆزیوموتەوە؛ هەم کارێکی نەشیاوو نایاسایی کردووەو هەمیش لە دادگا شکاتی لێ دەکەم).
-
 ئەو سێ هۆکارەی سەرەوە کە لە بەڵگەنامەکان دا ئاماژەی بۆ کراوە؛ هۆکاربون کە بەریتانییەکان پشتیوانی ناسریی و بەعسییەکان بکەن و، لە ڕۆژی چواردەی ڕەمەزان کاتژمێر هەشتی سەر لە بەیانی لە بەرواری ٨ ی ٢ ی ١٩٦٣ کودەتایەکی سەرکەوتویان پێ ئەنجام بدەن. عەبدولسەلام عارفی لایەنگری جەمال عەبدولناسر کراوەتە سەرۆک کۆمارو، ئەحمەد حەسەن بەکری [بەعسی]یش کراوە بە سەرۆک وەزیران. کودەتاچییەکان بڕیاریان داوە کە عێراقیش بچێتە پاڵ کۆماری یەکگرتوی [میسر و سوریا] لە ژێر سەرۆکایەتیی جەمال عەبدولناسر دا. بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژی ١٧ ی ٤ ی ١٩٦٣، ڕێکەوتنامەی کۆماری یەکگرتوی [عێراق و سوریا و میسر] کە جەمال عەبدولناسر سەرۆکیان بێت، واژو دەکەن. کودەتاچییەکان بە زویی دەرگا واڵادەکەن بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان و، پەیوەندییە سیاسیی و ئابورییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت بۆ خوارترین پلە دادەبەزێنن و، بەریتانیا دەکەنەوە بە هەژمونداریی ئابوریی و سیاسیی عێراق.
وێنەی کۆبونەوەی بارزانیی و مائیر عەمیت

ستراتیژی هاوبەشی [بەریتانیا و ناسری و بەعسییەکان] بۆ لەتکردنی شۆڕشەکەی کورد!

بەلگەنامەکان بە دورودرێژی باس لەوە دەکەن کە چۆن بەریتانیا و جەمال عەبدولناسر ناکۆکییان لەسەر زۆر مەسەلەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەبوە؛ بەڵام لەو پرسەدا هاوستراتیژبون کە باڵی ئیبراهیم ئەحمەد-جەلال تاڵەبانیی لە شۆڕشەکەی کورد، جیابکەنەوە. سودەکەی بۆ عەرەب و فارس و تورک ئەوەبوە کە کورد لە باشوری کوردستان دابەش بکەن و شۆڕشەکە نەتوانێت بگاتە ئاستی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و، سودیشی بۆ بەریتانیاش ئەوەبوە بەردەوام نەوتی کەرکوک و بەسرە ببات. چونکە عێراقی ئەو سەردەم [عێراقیی ناسریی و بەعسییەکان]، نەوتی کەرکوک و بەسرەی کردبوە یەک پاکێج بۆ بەریتانییەکان. واتە: بە تاڵانبردنی نەوتی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لەسەر حسابی [ماف و خاک و خوێن]ی کورد.
لەگەل ئەوەی حکومەتی بەغداد ڕەدی کردبوەوە کە مافە نەتەوەییەکانی کورد بدات، چونکە پێی وابوە: شۆڕشەکەی کورد دەبێتە هۆی دابەشکردنی عێراق. بەڵام مەلا مستەفا وەک نیەتپاکیی کە شۆڕشەکە بۆ دابەشکردنی عێراق نییە، وەفدێکی جێی متمانەی خۆی بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی دەنێرێتە بەغداد. بەڵام لە بەغداد، عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر، بە جەلال تاڵەبانیی دەڵێن: ''دەسەڵات بە دەست سەرۆک جەمال عەبدولناسرە. سبەینێ وەفدێکی عێراق بۆ لای سەرۆک ناسر دەچن. دەتوانین تۆش بخەینە ناو وەفدەکەو لەوێ داوای مافەکانی کوردی لێ بکەیت''. جەلال تاڵەبانی بە بێ پەیوەندییەکردن و پرسکردن بە مەلا مستەفا کە سەرۆکی بوە، بڕیاری ڕۆیشتن بۆ میسر دەدات.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ دا، بەریتانییەکان ڕۆژنامەنوسێکیان ناردۆتە ناو ناوچەکانی هێزی پێشمەرگەوە، بە ناوی دەیڤد ئادەمسن، David Adamson. لەگەڵ ئەوەی ئەم کەسە ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی سەندەی تەلەگراف بوە، بەڵام کاری هەواڵگریشی بۆ بەریتانییەکان کردوەو، زانیاری لەسەر سێ بابەت کۆکردۆتەوەو بەنهێنیی داوێتی بە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا:
یەکەم: ئەندازیار و جیۆلۆجیستە بەریتاینییەکان لە چ شوینێک لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە زیندانی کراون.
دووەم: مەلا مستەفا لە کوێ دەمێنێتەوەو چەند پاسەوانی هەیە.
سێیەم: بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە لە ناو سەرکردەکانی شۆڕشەکەی کورد دا، کە: بەریتانیا بێلایەنە لە نێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشگێڕانی کورد داو، پرسی کورد بە پرسێکی ناوخۆیی عێراق دادەنێ و، بە هیچ شێوەیەک تەداخولی تێدا ناکات.
دەیڤد ئادەمسنی بەریتانیی لە ڕاپۆرتەکانیی دا زانیاری لەسەر چاوپێکەوتنێکی نێوان ڕۆژنامەنوس دانا ئادەم شمیدتی ئەمریکیی و مەلا مستەفا دەدات. بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە بەردەست نییە کە دانا ئادەم شمیدتی ئەمریکیی ئیشی بۆ هەواڵگری بەریتانیی کردبێت. ڕەنگە دەیڤد ئادەمسن لە ڕێی هاوڕێیەتییەوە زانیاری لە شمیدت لەسەر چاوپێکەوتەکەی لەگەل مەلا مستەفا وەرگرتبێت. شمیدت پێی ڕایگەیاندوە: کاتێک بارزانیی دیوە. بارزانی زۆر لەوە توڕە بوە کە جەلال تاڵەبانی بەبێ پرسکردن بە ئەو، سەردانی میسری کردوە. بارزانیی پێی وابوە: ئەوە دەریدەخات کە نیەتی حکومەتەکەی بەغداد بەرانبەر بە کورد، خراپە. چونکە دەبێت حکومەتی بەغداد مافی کورد بدات، نەک جەمال عەبدولناسر. بارزانیی ئەوەشی وتوە: ''لەو ئەزمونەی کە هەیەتی درک بەوە دەکات کە بەغداد هێز کۆدەکاتەوە بۆ هێرشکردنەسەر باشوری کوردستان و، یەکگرتنی [عێراق و سوریا و میسر] بۆ گەلەکۆمەکییە بۆ لەناوبردنی کورد''.
-
دەیان بەلگەنامە ئەوە دەسەلمێنن، لە کۆتایی مانگی چوار و سەرەتای مانگی پێنجی ساڵی ١٩٦٣ دا، سوپای کۆماری یەکگرتوی [عێراق و سوریا و میسر]و، خۆبەخشە فەلەستینییەکان، بەرەو باشوری کوردستان دەکەونە جوڵە بۆ لەناوبردنی کورد.
پێکهاتەکانی بەشدار لە [سوپای یەکگرتوی عەرەبی مسوڵمان] لە هێرشەکەدا بەمشێوەیە بوە:
یەکەم: زۆرینەی هێزەکانی پیادەو ئاسمانیی عێراق.
دووەم: پێنج هەزار سەربازی پیادەی سوریی و دوو کەتیبەی سوپاییان. لە هەمان کاتیش دا، میشیل عەفلەقی سکرتێر و تیۆرسێنی حیزبی بەعس دێتە بەغداد لەگەل جەنەراڵە گەورەکانی سوپای سوریا بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتی شەڕی لەناوبردنی کورد، بکات. بەشداری هێزی ئاسمانی سوریا لە شەڕەکەدا بریتی بوە لە پانزە فڕۆکەی هەوکەر هانتەری جۆری بەریتانیی و یانزە فڕۆکەی میگی جۆری ڕوسی.
سێیەم: هەزار و دوو سەد ڕاوێژکار و ئەفسەری سەربازی میسریی و سەدان خۆبەخشی چەکداری فەلەستینیی، بەشدار بون.
بەڵگەنامەکان، ئەوە ساغ دەکەنەوە، لەگەڵ هێرشی یەکگرتوانەی سوپای زەمینیی و ئاسمانیی عەرەبی مسوڵمان بۆ لەناوبردنی کورد لە باشوری کوردستان، تەواوی وڵاتانی عەرەب دەستیان کردۆتە بڵاوکردنەوەی بەرفراوانترین پڕوپاگەندە دژی کورد. بۆ نمونە، بەڵگەنامە بەریتانییەکان چەندین ڕۆژنامەی میسری، سوری، لوبنانی، فەلەستینی و، ئەردەنییان هاوپێچ کردوە کە چی لەسەر کورد دەڵێن.
تەلەفزیۆنی فەرمی میسر لەسەر زاری محمد حەسەنین هەیکەل، بە ناوی حکومەتی میسرەوە، ڕایگەیاندوە: میسر پشتیوانی لە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردە جیاخوازەکان دەکات کە دەیانەوێت باکوری عێراقیی عەرەب، لە عێراق جیابکەنەوە.
یەکێک لە ڕۆژنامە هاوپێچکراوەکان لە ناو فایلی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، ڕۆژنامەی [فەلەستین]ی فەلەستینییەکانە، هی بەرواری ١١ ی ٥ ی ١٩٦٣. لە یەکەم لاپەڕەدا ئاماژە بە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردەکانی نیشتەجێی [باکوری عێراق] کراوە، کە خاکی عەرەبیان داگیرکردوەو دەیانەوێت باکوری عێراق لە خاکی نیشتیمانی عەرەب جیابکەنەوە. ڕۆژنامە فەلەستینییەکە ئاماژەی بە خەڵاتکردنی ئەو خۆبەخشە عەرەبیانە کردوە کە بە کوشتنی بارزانیی یان کوردێکی جیاخواز هەڵدەستن. ڕۆژنامەکە بڕی خەڵاتەکانی دیاری کردوەو، بانگەوازی بۆ ئەوە کردوە کە بڕی خەڵات بۆ هەر خۆبەخشێکی عەرەب کە بارزانییان بۆ بکوژێت بە خەڵاتکردن بە پێدانی هەزار دینارە. ڕۆژنامەی فەلەستین ئاماژەشی بەوەداوە: کوردەکان بونەتە هۆی شەڕو ئاژاوەنانەوەو دوبەرەکیی لە دەوڵەتە ئیسلامییەکانی عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران، بۆیە لە ئێستاوە سەرەتای لەناوبردنیان لەلایەن سوپای عەرەبی ئیسلامیی، دەستی پێکردوە.
یەکێکی تر لە ڕۆژنامە هاوپێچکراوەکانی ناو فایلە بەڵگەنامەییەکان، هی ئەردەنە. کە باس لە بەستنی کۆنگرەی زانایانی مسوڵمان لە ئەردەن کراوەو، زانایانی وڵاتانی مسوڵمان فەتوایان داوە هەر کوردێک ڕوبەڕوی سوپای عەرەبی مسوڵمان لە باکوری عێراق ببێتەوە؛ کافر دەبێت و، کوشتنی ئەو کوردە ڕێگەپێدراوە.
فایلە بەڵگەنامییەکان، چەندین ڕۆژنامەی سوری و لوبنانیشیان هاوپێچ کردوە کە کوردەکان بە میوان ناودەبەن لەسەر خاکی عەرەبی باکوری عێراق و سوریادا. بەشێک لەو ڕۆژنامانە کوردەکان بە نەوەی جنۆکەکان و، بەشەکەی تریشیان کورد بە بەربەر و قەرەج و بێ خاک ناودەبەن. هەندێکیشیان کوردەکان بە ئێرانیی ناو دەبەن کە کۆچیان کردوە بۆ باکوری عێراق و سوریاو، ئەو بەشانەی نیشتیمانی عەرەبیان داگیر کردوەو پێویستە لەناوببردرێن. (بڕواننە ڕۆژنامە هاوپێچکراوەکانی ناو فایلی بەڵگەنامەکان کە لە خوارەوە دایاندەنێم).
بابەتێکی تری زۆر گرنگ بەلامەوە کە لەناو بەڵگەنامەکان دۆزیومەتەوە، ئەوەیە: بەریتانییەکان دان بەوەدا دەنێن کە سوپای مسوڵمانی یەکگرتوی عەرەبی عێراق، سوریا، میسر و خۆبەخشە فەلەستینییەکان، [جینۆساید]یان لە باشوری کوردستان ئەنجام داوەو، بەریتانیاش لە ڕوی سەربازیی و سیاسیی هاوکاریان بوە. بۆیە بەریتانیا دەبێت دژی ئەوە بێت پرسی [جینۆسایدی کوردەکان] بخرێتە ئەجێندای کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەگرتوەکان.
بۆ نمونە، پێرسی کرادەک، Percy Cradock، کە ئەفسەری سیاسیی مەلەفی نەتەوەیەکگرتوەکان بوە لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٣ دا. نامەیەکی نهێنیی هەشت لاپەڕەیی لە ڕۆژی ١٢ ی ٦ ی ١٩٦٣ بۆ نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان ناردوە. پێرسی کرادەک لە نامە نهێنییەکەیدا، سێ جار دان بەوەدا دەنێت، کە: ''ئەو شێوازە قەتڵوعامەی کە بەسەر کوردەکان دا هێنراوە لە کوردستانی عێراق؛ جینۆسایدە. بەڵام دەبێت نوێنەری بەریتانیا بەردەوام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان دژی باسکردنی پرسی جینۆسایدی کوردەکان بێت. بۆ ئەوەی پەیوەندییە سیاسیی و ئابورییەکانی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و تورکیا و ئێران تێک نەچێت. هەروەها ئەو جینۆسایدە بە تانک و بۆمب و فڕۆکەی هەوکەر هانتەری بەریتانیی، ئەنجام دراون و، لە کاتی هێرشەکەی سوپاکەی عەرەب بۆ سەر کوردستانی عێراق، لە پێناو بەردوامبونی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا، بەریتانیا فڕۆکەی شەڕکەری نوێی هەوکەر هانتەر و بۆمبی بە حکومەتی عێراق لە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٦٣ فرۆشتوەو، مەشقی بە فڕۆکەوانە عێراقییەکان بۆ شەری کوردەکان کردوە. بۆیە گەر پرسێکی وا لە ئەنجومەنی ئاسایش مشتومڕی لەسەر بکرێت؛ ئەگەری هەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەریتانیاش بە بەرپرسیار بزانێت.
بەیاننامەی فەرمی نوێنەری دەوڵەتی سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەڵگەنامەکان دا

(تەماشای نامەکەی پێرسی کرادەک بکەن کە لە خوارەوە هاوپێچی ئەم نوسینەی دەکەم. کرادەک دواتر بوبە باڵوێزی بەریتانیا لە چین و، ئینجا بوبە بەرپرسی هەواڵگریی بەریتانیی).
بەڵگەنامەکانی بەریتانیا هەڵوێستی سەیر و دڕندانەی بەریتانیا نیشان دەدەن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان دژی پرسی جینۆسایدکردنی کورد. بۆ نمونە، بەڵگەنامەیەکی تێدایە بە ژمارە فایلی
FO 371/170515 هی ڕۆژی ١٢ ی ٧ ی ١٩٦٣ یە، کە بەیاننامەی فەرمی نوێنەری دەوڵەتی سوریایە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان. لە بەیاننامەکەدا، نوێنەری سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕەتی دەکاتەوە سوپای سوریا بەشداری شەڕی کوردەکانی عێراق بوبێت. لەو هەڵوێستەش دا، بەریتانیا پشتیوانی لە بەیاننامەکەی سوریاش کردوە. ئەوە لە کاتێکدا بوە، کە سوپای سوریا بە ئاشکراو بە بەرچاوی میدیاکانی جیهانەوە هاتون و، کوردی مەدەنییان قەتڵوعام کردوە. بەیاننامەکەی نوێنەری سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایش پێنج خاڵەو، لە دووەم خاڵدا جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی سوریا دڵنیایە لەوەی گەللی عەرەب و حکومەتە شۆڕشگێڕەکانیان قبوڵی ناکات و ڕێگا بە دروستبونی هیچ جوڵانەوەیەکی جوداخواز لەسەر خاکی نیشتیمانی عەرەب نادات. مەبەستی لەمەش ئەوەیە: هەرگیز ڕێگا بە جولانەوەی نەتەوەیی کوردەکان نادەن و کوردەکانن کە خاکی نیشتیمانی عەرەبیان داگیرکردوە. (بڕواننە بەیاننامە پێنج خاڵییەکەی نوێنەری سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان؛ کە بە چ زمانێکی فاشیستانەی بەدەر لە زمانی دبلۆماسیی نوسراوە، کە لە هاوپێچی فایلەکانی بەڵگەنامەکانی بەریتانیایەو، لە خوارەوە دایدەنێم). کەچی بەریتانیا پشتیوانی لەو بەیاننامەیەش لە ئەنجومەنی ئاسایش کردوە!
بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا، سوپای یەکگرتوی عەرەبی مسوڵمانی عێراق، سوریا، میسرو خۆبەخشانی فەلەستین، ئەم پاکتاوە نەژادیانەیان بۆ لەناوبردنی کورد لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە، کە بەڵگەنامە نهێنییەکان بە پرۆسەی [جینۆساید] لە قەڵەمیان داوە:
سەد و شەست هەزار کوردی مەدەنییان لە کەرکوک و خانەقین و جەلەولا ڕاگوێزاوە. لە نێو ئەوانەش دا، چوار هەزار و پێنج سەد جوتیاری کوردیان لە گوندەکانیان ڕاگوێزاوەو، گوندەکانیان بە بیلدۆزەر تەخت کردون بە ئامانجی دروستکردنی گوندی نوێ بۆ ئەو عەرەبانەی کە دواتر بۆ ئەو ناوچانەی دێنن.
شەست و پێنج هەزار کوردیان لە ناوەندی موسڵ و لە دەشتی موسڵ ڕاگوێزاوەو، سیی و هەشت گوندی کوردیان لە دەشتی موسڵ بە بیلدۆزەر تەخت کردوە.
لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی چوار هەزار کوردی مەدەنیان گرتوەو، هەندێک خەڵکی مەدەنیان بە ئاشکرا گولەباران و زیندەبەچاڵ کردوە.
چەکدارانی سوپای یەکگرتوی عەرەبی مسوڵمان، سەدان دیاردەی بەزۆر سێکس کردن و ئەتککردنیان بەرانبەر ژنان و کچانی خوار هەژدە ساڵی کوردیش، بەتایبەت لە کەرکوک  و خانەقین و دەشتی موسڵ، ئەنجام داوە.
دەیان هەزار مەڕوماڵاتی کوردیان بردوەو، هەزاران هێکتار زەوی کوردیان سوتاندوە.
لەگەڵ ئەوانەش دا، بە پێی ڕێکەوتنێکی نهێنیی پێشوەختە لە نێوان [عێراق، بەریتانیا، ئێران و تورکیا]، ئێران و تورکیا سنورەکانیان بە ڕوی هەڵاتنی کوردەکان دا داخستوەو، بەریتانیاش هەوڵی داوە ڕێگا لە زەقکردنەوەی ئەو جینۆسایدە لە میدیاکانیی دا، بگرێت.
-
بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، لەبەر ئەوەی [بەریتانیا، عێراق، سوریا ومیسر] یەک ستراتیژی بەرژەوەندی هاوبەشییان لە عێراق هەبوە بۆ لەناوبردنی شۆڕشەکەی کورد. بۆیە بەریتانیاش وەک عێراق مامەڵەی [لە پێشیینە]ی لەگەڵ ئەو باڵەی شۆڕشەکەی کورد کردوە کە جیادەبنەوە لە شۆڕشەکەو، دەڕۆنە پاڵ حکومەتی عێراق. بۆ ئەو مەبەستەش بەریتانیا کە پێدانی ڤیزای بۆ سەرکردەکانی باڵی بارزانی ڕەد کردبۆوە، ڕازی بوە ڤیزا بە جەلال تاڵەبانیی بدات کە سەردانی بەریتانیا بکات. بەڵگەنامەکان ئەوە دەخەنەڕو کە جەلال تاڵەبانی لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٦٥ سەردانی بەریتانیای کردووەو کۆبونەوەی نهێنییان لەگەڵی کردوەو چاوپێکەوتنێکیشیان لە کەناڵی بی-بی-سی بۆ فەراهەم کردوە. لە ڕۆژی ٢٠ ی ٥ ی ١٩٦٥ تاڵەبانی بانگێشتی کۆبونەوەیەکی هاوس کۆمۆنیش کراوە، کە کۆبونەوەکە سەرۆکایەتی کراوە لەلایەن مستەر ولیەم گریفس
 Mr. William Griffiths.
هەڵسەنگاندنی ئەفسەرانی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بارەی چاوپێکەوتنەکەی تاڵەبانیی لە بی-بی-سی دا، ئەوە بوە: ''تاڵەبانیی زۆر قسە دەکات و، لە چاوپێکەوتنەکەش دا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی قسەکانی بکات و ئاماژەی نهێنیی لە دەم دەرنەچێت. بەڵام دەکرێت سودی لێوەربگیردرێت''. پاش گەڕانەوەی تاڵەبانیی بۆ عێراق، ڕاستەوخۆ ڕۆشتۆتە پاڵ حکومەتی عێراق و،  خۆی و گروپەکەی چەکدار و پارەدار کراون بۆ شەڕی شۆڕشەکەی کورد.
-

مەلا مستەفا و بەکارهێنانی ڕێگاکانی تیرۆرکردن

بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکەن مەلا مستەفا بڕوای وایە کە دەبێت ڕێگای تیرۆرکردن بۆ گروپەکەی تاڵەبانی-ئیبراهیم ئەحمەد بگیردرێتەبەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە ڕەگەزی ئەو کوردانە بهێنرێت کە لایەنگری حکومەتی عێراقن. ئەمەش هەمان ئەو ڕەفتارەیە کە مەلا مستەفا لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٦١ دژی ئەو سەرۆک هۆز و دەرەبەگە کوردانە ئەنجامی دا کە لایەنگری حکومەتی عێراق بون و عەبدولکەریم قاسم پڕچەک و پارەداری کردبون.
بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن بۆ یەکەمجار لە مانگی ٩ ی ساڵی ١٩٦٥، بەریتانیا نێوەندگیری نهێنیی لە نێوان ئێران و عێراق ئەنجام داوە بۆ لەناوبردنی شۆڕشەکەی کورد. بەڵام ئێران و عێراق نەگەشتونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. چونکە ئێران داوای گشت سەروەریی عێراقی کردوە لە شەتولعەرەب دا بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ لەناوبردنی شۆڕشەکەی کورد. بەڵام عێراق تەنیا ئامادە بوە بەشێک لە خاوەندارییە ئاوییەکانی خۆی لە شەتولعەرەب دا بە ئێران بدات، نەک هەموی. بەڵگەنامەکان ئەوەش زیاد دەکەن لە مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ساڵی ١٩٦٥، هێزی ئاسمانیی عێراق بە هاوکاری ڕاوێژکارە سەربازییە میسرییەکان چەکی کیمیاوییان لە چەند شەڕێک دا لە دژی کوردەکان بەکارهێناوە، کە ئەو چەکانە هی میسر بون.
بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوەش دەدەن: پاش ئەوەی گروپی تاڵەبانیی-ئیبراهیم ئەحمەد بونەتە بەکرێگیراوی حکومەتەکانی ئێران وعێراق، مەلا مستەفا ڕێگای تیرۆرکردنی لە دژیان گرتۆتەبەر. بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، زۆرینەی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پشتیوانییان لە مەلا مستەفا کردوە. بەڵام زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی پارتیی پشتیوانی جەلال تاڵەبانیی-ئیبراهیم ئەحمەد بون و ڕۆشتونەتە پاڵ حکومەتی عێراق لە دژی شۆڕشەکەی کورد. ئەوە وایکردوە کە لە ناو خەڵکی کورد دا بە جاش[Jash] بناسرێن. جاش بە مانای بێچوی گوێدرێژ دێت کە کوردەکان ئەم وشەیە وەک [نەفرەت لێکردن] بۆ ئەو خۆفرۆشە کوردانە بەکاردێنن کە هاوکاری حکومەتی عێراق دەکەن دژی شۆڕشەکەی کورد.
بەڵگەنامەکان ئەوەش ئاشکرا دەکەن: ناکۆکی لە نێوان گروپی جاشە کۆنەکان کە زۆرینەیان ئاغا و سەرۆک خێڵ و دەرەبەگەکان بون، لەگەڵ گروپی جاشە نوێیەکان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانیی-ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغداد دروست بوە لەسەر ئەوەی کێ ببێتە سەرۆکی کوردە بەکرێگیراوەکان [Kurdish mercenaries] ی سەر بە حکومەتی عێراق لای عێراق. بەتایبەت پاش ئەوەی حکومەتی عێراق زیاتر گرنگی بە گروپەکەی تاڵەبانیی داوەو، پارەی زۆرتر و، چەکی زیاتری پێ بەخشیون و، لە بەغدادیش لە باڵەخانەی تایبەت دا بون.
بەڵگەنامەکان ئەوەش ئاشکرا دەکەن، کە تاڵەبانیی پشتیوانیی [حکومەتی عێراق، ئێران، سوریا، میسر و بەریتانیا]ی هەبوە کە بەرپرسی یەکەمی کوردەکانی لایەنگیری حکومەتی عیراق بێت، لەبەر سێ هۆکار:
یەکەم: جەلال تاڵەبانیی لە یەک کات دا پەیوەندی کەسیی لەگەڵ حکومەتی عیراق، ئێران، سوریا، میسر و بەریتانیا هەبوە.
دووەم: لە چل ساڵی ڕابردودا کە عێراق دروستکراوە، خەڵکی کورد بەگشتیی جیاخوازن کە هیچ مەیلێکیان بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق نییەو شاری سلێمانی ناوەندی ئەو جیاخوازییەیە. هەربۆیە، حکومەتی عێراق پێویستی بە داڕشتنی ستراتیژێکی ئایدۆلۆژیی-سیاسیی دورمەودایە کە کوردەکان بۆ ناوەند مەیلدار بکات. تاڵەبانیی کەسێکی بە وزەو گورجوگۆڵە. لەگەڵ ئەوەی لە ڕوی سەربازییەوە توانای سەرپەرشتیکردنی کوردە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی عیراق و چەکدارکردنی ژمارەی زیاتری کوردی هەیە کە خزمەتی حکومەتی ناوەندی عیراق بکەن. هەروەها توانای ئەوەشی هەیە لە ڕوی ئایدۆلۆژیی و سیاسییشەوە کوردەکان ڕابکێشیت بەرەو لای حکومەتی عێراق. لە ڕوی نوسینیشەوە خۆی و گروپەکەی لە بەغداد بەردەوام بەیاننامە بڵاودەکەنەوە کە مافەکانی کورد لە پاڵ شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی عەرەب [بزوتنەوەی پان-عەرەبیزم] بە دەست دەهێنرێت. بەڵام ئاغا و سەرۆک عەشیرەتە جاشە کۆنەکان خاوەنی ئەم تایبەتمەندیانەی تاڵەبانیی نین کە بتوانن گروپی کوردە بەکرێگیراوەکان [Kurdish mercenaries] بکەنە گروپێکی ڕێکخراو کە لە ڕوی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی و سەربازییەوە بە حکومەتی ناوەندی عێراقیی ببەستنەوە.
ەڵگەنامەی تیرۆرکردنی شاهێن تاڵەبانیی، کە بەرپرسی بەشی کوردی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغداد بوە
لە مانگی یانزەی ١٩٦٥ ەەوە، شۆڕشی کورد بڕیاری داوە بە تیرۆرکردنی فەرماندەو کەسە دیارەکانی کوردانی لایەنگیری ڕژێمی عێراق. بەڵگەنامەکان ئەوە دەخەنەڕو کە شاهێن تاڵەبانیی [Shahin Talabani]، کە بەرپرسی بەشی کوردی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغداد بوە، لە ماڵەکەی خۆی لە بەغداد تیرۆرکراوە  لەلایەن چەند کوردێکەوەو، بەسەرکەوتویی هەڵهاتون. هەروەها، دوان لە کەرکوک و دوانی تریش لە موسڵ کە لە ڕیزی کوردەکانی لایەنگیری ڕژێمی عێراق بون، تیرۆر کراون.
-

سەرکەوتن لە جەنگی هەندرێن و پێدانی نازناوی [جەنەراڵی باڵا] بە بارزانیی لەلایەن ئیسرائیلەوە

بە پێی بەڵگەنامەکان، جەنگی هەندرێن یەکێک لە گرنگترین جەنگەکانی نێوان حکومەتی عیراق و شۆڕشی کورد بوە. بۆ یەکەمجار بوە کە سوپای عێراق لەگەڵ شۆڕشگێڕەکانی کورددا، جەنگی بەرەییان ئەنجام داوە. چونکە پێشتر زۆرینەی شەڕەکانی شۆڕشگێڕە کوردەکان دژی ڕژێمەکەی عێراق؛ پارتیزانانە بوە.
بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن: جەنگی هەندرێن لە شەوی دوو لەسەر سێی مانگی ٥ ی ساڵی ١٩٦٦ دەستی پێکردوەو یانزە ڕۆژ بەردەوام بوە. سوپای عێراق پێشڕەوی کردوە بۆ هەردو چیای هەندرێن کە نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد مەتر لە ئاست ڕوی دەریا بەرز بوەو، نزیکەی سەد کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دور بوەو، چیای زۆزک کە بە نزیکەی دوو هەزار مەتر لە ئاست ڕوی دەریا بەرز بوە.
پێکهاتەی سوپای زەمینیی و ئاسمانیی عێراق کە بەشدار بون لەم جەنگەدا بەم شێوەیە بوە:
بەشداری سەد و بیست فڕۆکەی جەنگی. جۆری فڕۆکەکان: فڕۆکەی نوێی هەوکەر هانتەری شەڕکەری هێرشبەرو، هەوکەر هانتەری بۆمبهاوێژ کە بەریتانین. فڕۆکەی شەڕکەری مێگی هێرشبەر، ئیلیوشنی هێرشبەر، باجاڕی بۆمبهاوێژ و تیوپۆلیڤی بۆمبهاوێژ کە ڕوسین.
پەنجا هەزار سەربازی پیادەی عێراقیی و، سەدان ڕاوێژکاری سەربازی عەرەبیی خەڵکی میسر و سوریا و فەلەستین.
بەشداریکردنی سێ هەزار و پێنج سەد چەکداری کوردە بەکرێگیراوەکان بە سەرپەرشتی جەلال تاڵەبانیی. دوو هەزاریان سەر بە گروپەکەی جەلال تاڵەبانیی بون و، هەزار و پێنج سەدیشیان لە کوردە بەکرێگیراوە کۆنەکان بون. ئەمانە بەسەر یەکەکانی هێزەکانی ئاسمانیی و زەمینی سوپای عێراق دا دابەش کراون بۆ دیاریکردنی ڕێگاکان و بارەگاکانی شۆڕشە کوردییەکە. بە ئامانجی ئەوەی بەتەواوی گەمارۆی شۆڕشە کوردییەکە بدرێت.
ڕۆژنامەی هاوپێچکراو لە ناو بەڵگەنامەکان دا، کە ڕۆژنامەی فەلەستینە

حکومەتی عێراقیی دروشمێکی ئاینیی بۆ جەنگی هەندرێن ڕاگەیاندوە بە ناوی: پشتیوان بە خودا: Relying on Allah.

لە بەڵگەنامەکان دا، فایلێکی هاوپێچکراوی چاوپێکەوتنێکی جەنەراڵی ئیسرائیلی تزوری ساقی تێدایە. باس لەوە دەکات هاوکاری فەرمی ئیسرائیل بۆ شۆڕشەکەی کورد لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە دەستی پێکردوە. بە کردنەوەی چەند نەخۆشخانەیەک بۆ کوردەکان و هێنانی دکتۆر و دەرمان لە ئیسرائیلەوە بۆ چارەسەری بریندارەکانیان. هەروەها جووە ئەمریکییەکانییش دەستیان کردوە بە ناردنی پارە بۆ کڕینی داودەرمان بۆ بریندارانی کورد. ئەمەش ئامانجێکی مرۆیی ئیسرائیل بوە بۆ ئەوەی کوردەکان ڕیشەکێش نەکرێن. ئاماژە بەوەش دەدات: ''ئیسرائیل زۆر هەوڵی داوە کە ئێران و تورکیا ڕازی بکات کە هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت بە کوردەکان کە لەژێر جینۆسایدی سوپای عەرەبەکان دابون. ئێران و تورکیا بەمەرجێک ڕازی بون کە ئیسرائیل لە سنوری ئەوانەوە هاوکارییەکانی بە شۆڕشەکەی کورد بگەیەنێت، کە ئەو شۆڕشە نەبێتە هۆی دروستبونی دەوڵەتی کوردیی و، نەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوان و، هاوکارییەکانی ئیسرائیل سنوردار بێت''.
بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، بەریتانییەکان لەگەل هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ شۆرشەکەی کورد نەبون و، چەند جارێک [دۆستە ئیسرائیلییەکانیان]یان ئاگادارکردۆتەوە کە نابێت ئەو هاوکاریانە ببێتە هۆی دروستبونی دەوڵەتی کوردی. چونکە دەبێتە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەڵگە هاوپێچکراوەکەی ناو بەڵگەنامەکان دا، جەنەراڵی ئیسرائیلی تزوری ساقی ئاماژە بەوە دەدات: لەلایەن ئیسرائیلەوە، من و چەند هاوڕێیەکم بۆ مەشقپێکردنی سەربازیی کوردەکان دیاری کراین و نێردراین بۆ کوردستانی عێراق. مەلا مستەفا لە ناو هەمو یەکەکانی سوپای عێراق دا ئەفسەری هەواڵنێری تێدا ڕواندبون. پێش دەستپێکردنی هێرشەکەی سوپای عێراق، بارزانیی ئاگاداری کردمەوە کە حکومەتی عێراق هێرشێکی وای بەدەستەوەیە کە بێ-وێنەبێت لە مێژوی دا. منیش بە تیلیگرام داوام لە بەرپرسانی ئیسرائیل کرد کە بە زویی تۆپی ئیسرائیلیی و هاوەن و چەندین کەرەستەی جەنگی لە ڕێی ئێرانەوە بگەیەنن پێمان. پاش هاتنی فڕۆکەیەکی پڕچەکی ئیسرائیلی بۆ ئێران. ئێرانییەکان بەڵێنەکانیان نەبردەسەرو بێ بەڵێن بون و ڕێگایان نەدا هاوکارییەکان بە سنوری ئێران دا بهێنین بۆ کوردستانی عێراق. ئێمە لە ئێرانیش چەندین یەکەی مەشقی سەربازیی و هەواڵگریمان بە سوپای ئێران و ساواک هەبو. کاتێک دۆخەکە خراپتر بو، دوبارە داوام لە بەرپرسانی سەروی خۆم کرد کە سوپای عێراق جوڵاوەو گەر نەگەنە فریا، کوردەکان لەناو دەبەن و زۆر پێویستە هاوکارییەکان بەدەستم بگات. دوبارە بەرپرسانی ئیسرائیل فشاری زیاتریان لەسەر بەرپرسە ئێرانییەکان کرد کە پابەندی ڕێکەوتنی نێوانمان بن و، بە میتۆدێکی ترساندن پێمان وتن: ئەگەر سوپای عێراق بتوانن شۆڕشەکەی کورد کۆتایی پێ بهێنن و تەواوی کوردستانی عێراق داگیربکەن، ستراتیژی جەمال عەبدولناسر ئەوەیە: باشوری ئێران، کە بە بەشێک لە نیشتیمانی عەرەبیی دەزانێت، داگیری بکات. بۆیە بێبەڵێن مەبن. ئەوە خۆتانن کە بەرپرسیارن لە کردنەوەی دەرگا بۆ ئەو سوپا جەهەنەمییەی عەرەبی مسوڵمان کە باشوری وڵاتەکەتان داگیر بکات. بۆیە بەرپرسانی ئیسرائیل فڕۆکەیەکی تری پڕ چەکیان ناردو ئەمجارە بەرپرسانی ئێران ڕازی بون ڕێگا بدەن کە تۆپ و هاوەن و دۆشکەکان بگەن پێمان. ئیدریسی کوڕی مەلا مستەفا هاوکاری کردم کە هێزەکانی پێشمەرگە کۆبکەینەوە. بۆم دەرکەوت کە هێزەکانی پێشمەرگە تەواو ناڕێکخراوبون و تەنیا شەڕی پارتیزانیان دەزانیی. منیش نەخشەیەکەی جەهەنەمیم بۆ لەداوخستنی سوپای عێراق داڕشت. پلانەکەم بۆ مەلا مستەفا شیکردەوە. بارزانیی سەرێکی جوڵاند و وتی: ''چۆن دەکرێت ئێمە جەنگی [بەرەیی] ئەو سوپا گەورەیە بکەین کە بەرەو ڕومان دێن، لەکاتێکدا هێزی پێشمەرگە ژمارەیان زۆر زۆر کەمە و چەکەکانیان سادەیەو تەنیا شارەزای شەڕی پارتیزانین؟''.
منیش پێم وت: ''ئەم جەنگە لەم شاخە سەختانەدا بەم تەکتیک و پلانە گونجاوە دەکرێت کە بۆم ئامادە کردوە''. بۆیە منیان بردە ئەو شوێنانەی کە زانیاری بە بارزانیی درابو کە سوپای عێراق لەوێوە هێرش دێنن. لە دۆڵێکی دوو شاخە بەرزەکە پردێکم دروست کرد و پلانەکەم دانا. (پلانەکەی دورودرێژە). وتم: ''سەرەتا ڕێیان بدەن با هەر بێنە پێشەوە تا شوێنی دیاریکراو''.
بە پێی بەڵگەنامەکان، هەتا هەشتەم ڕۆژ، بارزانیی و جەنەراڵ تزوری ساقی ناڕاستەوخۆ ڕێگایان داوە کە سوپای عێراق پێشڕەوی بکەن هەتا ئەو جێگایەی کە جەنەراڵ تزوری ساقی بۆ لەداونانیان بۆی دیاری کردون. لە نۆیەم ڕۆژ دا کاتێک سوپای عێراق کەوتبوە جێگا دیاریکراوەکەوە، جەنەراڵ تزوری ساقی ڕایگەیاندوە: ئێستا کاتی ڕاوکردنی-عەرەبە (ڕاوە عەرەب)ە داگیرکەرەکانە. هێزەکانی عێراق کەوتنە داوە جەهەنەمییەکەوە. بارزانیی و هێزی پێشمەرگە زۆر ئازابون. ئازایەتییان بێوێنە بو، دروشمیان دەدا: کوردستان یان نەمان. نزیکەی سێ هەزار سەرباز کوژران. پێنج سەد سەرباز بریندار بون و حەوت سەد سەربازیش بە دیل گیران و، ئەوانی تر بە خێرایی هەڵهاتن. زۆرینەی تانک و تۆپەکانی سوپای عێراقیش دەستیان بەسەردا گیرا.
تزوری ئاماژە بەوەش دەدا: پاش شەڕەکە، ڕۆشتمە لای بارزانیی. جگەرەیەکی درێژی داگیرساندبو کە توتنی تێ ئەکرد کە کوردەکان پێیان دەوت: سەبیل و، لە دار دروست دەکرا. هەرگیز بارزانییم هێندە دڵخۆش نەدی بو. چاوەکانی پێ دەکەنیی، ڕومەتی پێ دەکەنیی. پێم وت: ''ئێستا کاتی ئاهەنگێرانمان و پشوە''. بارزانیی وتی:  ''نەخێر، ئێستا کاتی ڕزگارکردنی کەرکوک و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییە. ئێمە گەلێکی وەفادارین و وەفاتان لەبیر ناکەین. تکایە پەیوەندی بە حکومەتی ئیسرائیلەوە بکە کە پشتیوانمان بن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. بە ئەستەمی دەزانم لە تەمەنم دا دەرفەتێکی ئاوا ببینمەوە کە سوپای عێراق بەمشێوەیە بشکێن و بەڕاستی هەڵوەریون''.
بەپێی هاوپێچە بەڵگەنامەییەکەی چاوپێکەوتنەکە، جەنەراڵ تزوری ساقی تیلیگرامێکی بۆ ئارێڵ یاریڤی سەرۆکی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل کردوەو پێی وتوە: ''لیوای چواری سوپای عێراقم بەتەواوی لە ناوبرد کە لە شەڕی عەرەب-ئیسرائیل دا زیانی زۆریان پێگەیاندین. بارزانیی خواستی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە لە ئێستادا''.  ئینجا بۆ هەمان مەبەست تیلیگرامێکی تری بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و مائیر عەمیت و ئاڵۆف ‌هاریڤین نارد.
ئەوانیش پێیان وتوە: ''تۆ کێیت کە دەوڵەت بۆ کوردەکان ڕابگەیەنیت، ئایا تۆ بنگۆرینیت؟ ئێمە تۆمان ناردوە مەشق بە کوردەکان بکەیت کە تێدا نەچن و هاوکاری تەندروستییان بدەینێ. تۆ ئەفسەرێکیت؛ ئەو شتانە کەی هی دەسەڵاتی تۆیە کە قسەی لەسەر بکەیت. ئاڵوگۆڕەکانی دنیا بە دەست ئێمە نییە''.
جەنەراڵ تزوری ساقی لە درێژەی هاوپێچکراوە بەڵگەنامەییەکەدا دەڵێت: ''پاش ماوەیەک شاندێکی حکومەت و سوپای ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی ڕیهاڤام زیڤی و مائیر عەمیت هاتن بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و کوردو، پلەی [جەنەراڵی باڵا]یان بە بارزانیی بەخشی لە بەرانبەر ئازایەتییە ئەفسانەییەکەی دا''. منیش ڕوم کردە بارزانیی و پێم وت: ''ئەگەر بەمشێوەیە وەک ئەم جەنگە لە عەرەب بە هەزار-هەزار نەکوژن؛ هەرگیز ناتوانن کۆتایی بە داگیرکارییان بێنن لەسەر خاکی کوردستان. بارزانیی تۆ پیاوێکی ئازایت و لە کۆتایی بیستەکانەوە شەڕی عەرەب دەکەیت بۆ ڕزگاربونی کوردستان. بەڵام جیاوازی ئێمەی ئیسرائیلیی و ئێوەی کورد ئەوەیە: ئێمە بە هەزار-هەزار لێیان دەکوژین بۆیە کۆتایی بە داگیرکارییان لەسەر نیشتیمانە مێژوییەکەمان دێنین و فراوانخوازیش دەکەین. بەڵام تۆ لە ساڵی بیستەکانەوە تا ئێستا (١٩٦٦) گەر لە هەر شەڕێک دا دە کەسیان ڵێبکوژیت؛ ئیتر قانعیت. بەوجۆرە ئێوەی کورد ناتوانن کۆتایی بە داگیرکاریی داگیرکەرەکانتان بێنن لەسەر خاکی کوردستان. چونکە ئێوەی کورد ڕۆحێکی سۆفیگەریی بە بەزەییتان هەیە بەرانبەر داگیرکەرەکانتان. بەڵام ئەوان تەنیا بەوە سڵ دەکەنەوە کە دەستیان لێ نەپارێزن؛ چونکە هەر کاتێک ئەوان سەربکەون واتان لێ دەکەن''.
بەڵگەنامەکان جەخت دەکەنەوە هەرچەندە گەلەکۆمەکیی سوپای عێراق و هێزە هاوپەیمانە عەرەبییەکانیی و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە ساڵی ١٩٦٣ شۆڕشەکەی لاوازکردو کوردە مەدەنییەکانییش قەتڵوعام دەکران. بەڵام بە ناردنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ شۆڕشەکەی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤ بۆ ١٩٦٧ وایکردوە کە شۆڕشەکە لە ڕوەکانی سەربازیی و تەندروستیی و ئابوریی زۆر بەهێز بوەو، ئێستا [لەناوبردن و سڕێنەوە]ی شۆڕشەکە بەدەست سوپای عێراق و هێزە هاوکارە عەرەبییەکانیی بوەتە؛ مەحاڵ. دۆخێک لە نێوان شۆڕشەکەی کورد و حکومەتی عەبدولڕەحمان عارف هاتۆتەکایەوە کە نە شەڕە و نە ئاشتیی، چونکە سوپای عێراق توانای ڕوبەڕوبونەوەی شۆڕشەکەی لە شاخەکان نەماوەو، بارزانیی بوەتە دەسەڵاتداری دیفاکتۆی ئەو ناوچانە.
بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاماژە بەوەش دەکەن کە بارزانیی زۆر شوێنگۆڕکێ دەکات و بەردەوام لە شاخەکان لە جوڵەدایە لەگەڵ نزیکەی دو سەد سەر سور [جامانە سور] ی پارتیزانی هاوشێوەی دا؛ بۆیە ئەستەمە کوشتنی.

دابەشبونی کوردەکان لە جەنگی عەرەب-ئیسرائیل-دا

چەند بەڵگەنامەیەک بە چەند دێڕێکی زۆر کورت ئاماژە بە دابەشبونی کوردەکان لە جەنگی عەرەب-ئیسرائیل دەکات کە لە سەرەتای مانگی شەشی ساڵی ١٩٦٧، هەڵگیرسا بو. ئەمەش بۆ ڕەنگدانەوەی دیدی خێڵەکیی کوردەکان دەگەڕێتەوە لە کایەی سیاسیی دا کە ئەستەمە بە یەکڕیزیی ببینرێن. ژمارەیەک لە کوردەکانی گروپی تاڵەبانیی لەگەڵ سوپای عێراق بەشداربون لەشەڕ دژی ئیسرائیل داو، لە بەغدادیش لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە بەردەوام هانی هاوزمانە کوردەکانیان داوە کە هاوشانی برا عەرەبەکانیان دژی زایۆنیزم بجەنگن.
بەپێچەوانەشەوە، ژمارەیەک لە فەرماندەکانی شۆڕشەکەی بارزانیی، لە نێویشیان دا عەقراوی، لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بەشدار بوە دژی هێرشی عەرەبەکان. هەروەها، بارزانیی لە ڕێی ئەو کەسانەی خۆی کە لە ناو سوپای عێراق دا ڕواندبونیی، توانیبویان لە بەرەکانی بەرزاییەکانی جۆلان و ئەردەن بە تیلیگرام زانیاری بە سود بۆ ئیسرائیلییەکان بنێرن. 

خاڵی لاوازی بارزانیی

بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا خاڵی لاوازی بارزانیی ئەوەیە: بارزانیی خاوەن هیچ دیدێکی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد نییەو، هیچ ئەجێندایەکیشی لەم بارەیەوە نییە. بڕوای بە کلتوری خێڵەکیی کوردەکان هەیە بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان. بارزانیی لە داواکردنی داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی ناوەند و، لە باوەڕی بە ئامانجەکانی، دوو هەنگاوی [ئاشکرا] و [نهێنیی] دژ بە یەکی هەیە. لەلایەک بە ئاشکرا داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان دەکات و دەڵێت بە هیچ جۆرێک کار بۆ دابەشکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناکەین. بەڵام لەلایەکی تر، سەرچاوە نهێنییەکانمان چەندین جار ئەو زانیاریەی پشتڕاست کردۆتەوە کە بارزانیی بڕوای وایە: بە بێ دروستبونی دەوڵەتی کوردی هەرگیز کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبەکان چارەسەر نابێت. بارزانیی چەندین جار بەنهێنیی ئاماژەی بەوە داوە: هەرگیز کورد و عەرەب ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن. لەم ڕووەوە، سیاسەتی نەگۆڕی دەوڵەتی خاوەن شکۆی شاژنی بەریتانیا ئەوەیە: دروستبونی دەوڵەتی کوردی مەترسییەکی جددی و گەورەیە لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی حکومەتی خاوەنشکۆی شاژنی بەریتانیا لە ناوچەکەدا. چونکە دەبێتە لێدان لە بەرژەوەندییەکانمان لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەب. پێویستە لەم بارەیەوە بە بەردەوامیی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکانمان ئاگادار بکرێنەوە.

هاتنەسەرکاری حیزبی بەعس لە ١٩٦٨ و شۆڕشەکەی کورد

بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەدەن لە سەرەتادا ڕون نەبو کە حکومەتی نوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کوردە بەکرێگیراوەکان دا دەکات. بەڵام بە زویی تاڵەبانیی لە بەغداد کەوتە وەسفکردنی حکومەتە نوێیەکەی بەعسییەکان. ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو وەسفانەی بو کە چەند مانگێک پێشتر لە بەغداد بۆ ڕژێمەکەی عەبدولڕەحمان عارف دەیکرد. تاڵەبانیی و گروپەکەی زۆر زوو شوێنی خۆیان لای بەعسییەکان، بەتایبەت لای ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار، قایم کرد. بەڵام ناکۆکیی لە نێوان سەرانی بەعس لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کوردە خۆفرۆشەکان دا، هەیە. ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار و زۆرینەی سەرکردەکانی حیزبی بەعس بڕوایان وایە دەبێت وەک حکومەتەکانی پێشوی بەغداد بەردەوام بن لە پڕچەککردن و پارەدارکردن و دابینکردنی بڵاوکراوە بۆ گروپەکەی جەلال تاڵەبانیی تاوەکو شۆڕشەکەی کوردی پێ لەناو دەبەن. بەڵام سەددام حسێنی جێگری ئەحمەد حەسەن بەکر دیدێکی تاڕادەیەک پێچەوانەی هەبوەو پێی وابوە: "گونجاوە ئێمە لە ڕاگەیاندنەکان دا بەردەوام ئەمان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کوردەکان بناسێنین و، ئەمانە وەک وەسیلەیەک هێندەی قەبارەی خۆیان بەکاربێنین. بەڵام لایەنگرانیان لە ناو کوردەکان زۆر نین و زیادەڕۆیی دەکەن. لە چەند ساڵی ڕابردودا چەندین جار بەڵێنیان بە حکومەتەکانی پێشو داوەو ئەوپەڕی هاوکاری ماددی و سەربازیی و ئیعلامیی کراون، کە بارزانیی و یاخیبوەکان لە ناو ببەن. بەڵام نەیانتوانیوە. تاڵەبانیی و گروپەکەی لە بەغداد بێ ئەندازە خۆهەڵکێشن کە بارزانیی کۆنخوازێک [کۆنەپەرستێک]ی نەفامەو کەسی بەدەورەوە نییە، کەچی دیسانەوە ڕادەکەن و بەتێکشاوی دێنەوە".
بەڵگەنامەکان باس لەوەش دەکەن: تاڵەبانیی و گروپەکەی لە بەغداوە لە ڕێی بڵاوکراوەکانی ئەلنور و ڕزگارییەوە بەردەوام کوردەکان هان دەدەن کە دەتوانن لە ڕێگای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی دژە ئیمپریالیستیی حیزبی بەعسەوە بە ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد بگەن. تاڵەبانیی بەردەوام جەخت دەکاتەوە: ''حیزبی بەعس حیزبێکی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخواز و دژە زایۆنیزمە. بارزانیی و جوڵانەوە فیوداڵییە کۆنەپەرستەکەی کەرەستەی زایۆنیزمن لە ناوچەکەدا، بۆیە دەبێت کوردە ڕۆشنبیرەکان لە دژیان خەبات بکەن و ئەو جوڵانەوە کۆنەپەرستە لەناو ببەن''.
بەڵگەنامەکان جەخت دەکەنەوە، ئەحمەد حەسەن بەکر بڕوای تەواوی بە تاڵەبانیی هەیە کە بە هێرشێکی بەرفراوان دەتوانن جوڵانەوەکەی بارزانیی لەناو ببەن. بۆیە لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٨، هێرشێکی بەرفروان کە پێکهاتون لە شەست هەزار سەربازی هێزە زەمینیی و ئاسمانییەکانی عێراق و دوو هەزار لە کوردەکانی لایەنگری حکومەتی عێراق، هێرش دەکەنەوەسەر کوردستان.
بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای عێراق لە هەندێک گوند دا، بەتایبەت لە گوندەکانی دەشتی موسل کە کوردی مەسیحیی بون، هەمو دانیشتوانەکەیان ڕەمی کردوە. بەڵام دیسانەوە لە هێرشەکەیاندا سەرکەوتو نەبون لە کۆتایهێنان بە شۆڕشەکەی کورد.
بەهەرحاڵ بەڵگەنامەکانی بەریتانیا زۆر زانیاری تریان لەخۆگرتوە. بەتایبەت چۆن مۆساد هەستاون بە پەروەردەکردنی مەسعود بارزانیی و مەشق پێکردنی لە شوێنی نهێنیی لە ناو ئێران دا بۆ ئەوەی لە هەندێک ڕێگەوە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە سوپای عێراق لەخشتە ببەن و سوپاکە بەرەو هەولێر ئاڕاستە بکەن. بەڵام ئامانجەکەی کوردەکان شوێنێکی تر بوە کە ڕاوێژکارە ئیسرائیلییەکان و سامی عەبدولڕەحمان  لە سەرەتای مانگی سێی ١٩٦٩ هێرشیان کردۆتە سەر پاڵاوگەکانی کەرکوک و، گەورەترین گورزی ئابورییان لە حکومەتی عێراق و بەریتانیا داوە کە دوانزە ملیۆن دۆلاری ئەو سەردەمە بوە، لەگەڵ وەستانی ناردنی نەوت بۆ ماوەی مانگێک. ئەمەش وایکردوە حکومەتی عێراق و بەریتانیا ناچاربن داوای دانوستان لە بارزانیی بکەن.
بابەتێکی نوێ بۆ من لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئەوەیە: حکومەتی بەریتانیا هەستاوە بە ناردنی لۆرد جۆرج براون کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦ بۆ ١٩٦٨ بۆ لای حکومەتی عێراق و، ئەویش کۆبونەوەی نهێنیی لەگەل ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار و سەددامی جێگری دا کردوە. بەپێی بەڵگەنامەکان، جۆرج براون کاغەزێکی نهێنیی چەند خاڵیی داوە بە سەددام کە لەسەر ئەو خاڵانە لەگەل بارزانیی گفتوگۆ بکەن کە نەبێتە هۆی دروستبونی دەوڵەتی کوردی لە ئایندەدا. ئەو خاڵانەی کە براون بە سەددامی داوە بوەتە میساقی بەندەکانی ڕێکەوتننامەی یانزەی ئازاری ١٩٧٠.
بەڵگەنامەکان ئاماژەیەکی کورتیش بەوە دەدەن کاتێک حیزبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٠ دەستی کردوە بە گەڕان بە دوای ئەو [جوو]انەی کە لە پاش ساڵی ١٩٥٢ بەنهێنیی بە شوێن گۆڕکێ و گۆڕینی ناوەکانیان لە عیراق ماونەتەوەو نەڕۆشتون بۆ ئیسرائیل و کاسپیان کردوە. ڕژێمی بەعس چەند دانەیەکیانی دۆزیوەتەوەو لەسێدارەی داون. بەڵام بارزانیی بەزویی هەستاوە بە ڕزگارکردنی نزیکەی هەزار کەس لەو جووانە لە پارێزگاکانی عیراقەوە بۆ کوردستان و، لەوێشەوە بۆ ئێران، تا لە ئێرانەوە بڕۆن بۆ ئیسرائیل. یەکێک لە بەڵگەنامەکانی باڵوێزخانەی تارانی بەریتانیا بۆ وەزارەتی دەرەوە زانیارییەکی سەرنجڕاکێشی تێدایە، کە لە کۆبونەوە لەگەڵ خێزانێکی جوو لە تاران، خێزانەکە باسیان لەوە کردوە: ''کاتێک لە بەغداد هەڵهاتین، ڕۆشتینە کوردستان. هێزێکی تایبەت بە سەرپەرشتی مەسعودی کوڕی بارزانیی بەڕێگای شاخەکانی کوردستان زۆر بەڕێزەوە ئێمەیان پاراست هەتا گەشتینە ناو خاکی ئێران. لە کاتی ماڵئاوایی کردن لێیان زۆر سوپاسی مەسعودمان کرد کە زۆر بەڕێزەوە ئێمەیان پاراست و ڕزگار کرد. مەسعودیش وتی: باوکم ڕایسپاردوم کە ئەم ئەرکە زۆر بەباشیی سەرپەرشتیی بکەم. ئەگەر بچوکترین کەمترخەمی تێدا بکەم و گلەیی بە باوکم بگاتەوە؛ دواتر زۆر خراپ لێم توڕە دەبێت''.
نامەوێت بابەتەکە لەمە زیاتر درێژ بکەمەوەو، سەرپۆش لەسەر زانیارییەکانی ناو هەندێک بەڵگەنامەی گرنگی تر لابدەم. هەرچەندە، زۆر زۆر بە تاقەتپڕوکێنانە هەوڵم داوە هەندێک زانیاری لە ناو ئەرشیفەکانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەگری و هەواڵگری بەریتانیی بدۆزمەوە لەسەر سەردانەکانی بارزانیی بۆ ئیسرائیل لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان دا. بەڵام لە پشکنینی هەزاران بەڵگەنامەو ڕاپۆرت بەداخەوە بە نیوە دێڕێک ئاماژەی بۆ دەکرێ کە [مێشکی برسی]ی منی بۆ بەدەستهێنانی کەمێک لەو زانیاریانە؛ تێر نەکردوە؛ تاوەکو بۆ تۆی خوێنەری بخەمەڕو. لە چەند بەڵگەنامەیەکی کەمیش دا کە بە چەند نیوە دێڕێک ئاماژەی پێ دەکەن دەردەکەوێ کە هەواڵگری بەریتانیا ئاگاداری ئەو سەردانانە بون، بەڵام [ڕەنگە!]  تا ئێستا نەیانویستبێت هەندێک بەڵگەنامەی زانیاریدار لەسەر ئەو پرسە لە ئەرشیفەکانیان بڵاوبکەنەوە. خوای گەورە شاهیدە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە چەندان ڕۆژ هەبوە چاوەکانم بە لێڵی بینیویانەو قەترەم بەکارهێناوە بەهۆی کۆکردنەوەوپشکنینی ئەو هەزاران بەڵگەنامەیە لەسەر پرسێکی ئاواو پرسی کورد بەگشتیی. بۆیە کە بە پاککراوی خراوەتە بەردیدی تۆی خوێنەر؛ هیوادارم دڵۆپێک لە زەریای زانیارییەکانتان زیاد بکات.

ئەوەی بۆ من لەم بابەتەدا گرنگ بو، دوو خاڵ بوو:

یەکەم: نەخشە بەڵگەنامە نهێنییەکە کە لە ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن تیمێکی جیۆلۆجیستیی بەریتانیی، کە بە پشت بەستن بە تایبەتمەندییەکانی خاک، کێشراوەو، کەرکوک و موسڵ لەسەر باشوری کوردستان حسابکراون. ئەوەش لەگەڵ حەقیقەتە مێژوویی و جوگرافییەکان دا یەکدەگرێتەوە.
دووەم: نامە نهێنییە هەشت لاپەڕەییەکەی پێرسی کرادەکی ئەفسەری بەشی نەتەوەیەکگرتوەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کە بۆ نوێنەری بەریتانیای لە ئەنجومەنی ئاسایش ناردوەو، تێیدا هەم دان بەوەدا دەنێت کە ڕەشەکوژکردنەکەی کورد لە ساڵی ١٩٦٣ دەچیتە خانەی [جینۆساید]ەوەو، هەم جەختیش دەکاتەوە کە بەریتانییەکان تێوەگلاون لەو پاکتاوە ڕەگەزییەدا؛ چونکە بەردەوامبون لە پشتیوانیکردنی سەربازیی، سیاسیی و دبلۆماسیی بۆ حکومەتی عێراق لە دژی کورد.
نەخشەی بەڵگەنامەیی باشوری کوردستان لە لایەن تیمی جیۆلۆجیستی بەریتانیی کە کێشراوە لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٢


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە