گرنگی پێکەوەکارکردنی حیزبەکان بۆ کوردستان چییە؟
Wednesday, 18/09/2024, 10:42
* ئەی ئەو پێکەوەکارکردنە، بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی چییە؟
* ئەی بۆ بەرژەوەندی ئابوری و بۆ ئاسودەیی خەڵکی و پێشکەوتنی کوردستان چییە؟
+ پێکەوە کارکردنی لایەنە کوردییەکان بۆ پێشکەوتن و سەقامگیری کوردستان لە چەند بوارێکدا گرنگییەکی زۆری لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە! ئەمەش ھەندێک لەو گۆشانەیە کە دەتوانن بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد و خۆشگوزەرانی خەڵکی بەرەوپێش ببەن ! بەڵام ئەگەر لایەنەکان بتوانن ( یان بیانەوێت) پێکەوە کاربکەن!
١ - بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەقامگیری سیاسی :
+ یەکگرتوویی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان: کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی (عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا)، کە گوشار و دەستوەردانی دەرەکی دەتوانێت ڕێگری لە پێشکەوتن بکات (نەک ھەر پێشکەوتن ، بەڵکو ھەندێک جاریش دراوسێکان بە درۆن و موشەک ، کوردستانیش وێرانی دەکەن )! ئەگەر حزبە کوردییەکان بە دابەشبوون بمێننەوە ! ئەوا هێزە دەرەکییەکان بە ئاسانی دەتوانن ئەو دابەشبوونە ناوخۆییەکان بقۆزنەوە! بەڵام ئەگەر حیزبەکان پێکەوە کاربکەن، ئەوا کورد( وەک نەتەوە) دەتوانێت بەرامبەر بە زلهێزە ناوچەییەکان بەهێزتر بنێت و دەنگێکی کاریگەرترشی هەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا !.+ بەهێزتر کردنی فیدراڵی و سەروەری : پێکەوەکارکردنی حیزبەکان، دەتوانن ببنە هۆی ستراتیژێکی هاوبەش بۆ زامنکردنی فیدڕاڵیەکی ڕاستەقینە و مافێکی زیاتر بۆ کورد لە چوارچێوەی عێراقدا !. ئەمەش پێگەی سیاسی کوردستان بەهێز دەکات و یارمەتیدەرەیش دەبێت بۆ ئاسانکردن و بەدواداچوونی سەروەری زیاتر یان مافی زیاتر یان پێگەی ڕاستەقینەی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی!
+ دوورکەوتنەوە لە ململانێ ناوخۆییەکان : لە ڕووی مێژووییەوە ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان ، هەرێمەکەی زۆر لاواز کردووە ! کارکردن بۆ یەکڕیزی حیزبەکان ، دەتوانێت سەقامگیری سیاسی بەرەوپێش ببات، کە ئەمەش بۆ کارکردنی هەرێمێکی فیدراڵ زۆر پێویستە!
٢ - گرنگی ئابوری :
+ سیاسەتی ئابووری هاوبەش : پلانێکی سیاسی یەکگرتوو ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دامەزراندنی سیاسەتی ئابووری سەقامگیر و کاریگەر ! لەگەڵ گرنگیدان بە پێشخستنی وەبەرهێنان و هاندانی گەشەی کەرتی تایبەت و باشترکردنی ژێرخانی ئابوری! چونکە باری سیاسی سەقامگیر ، ھانی سەرمایەدارانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەدات و ڕایاندەکێشێت بۆ ناو ھەرێم! ئەمەش گەشەسەندنی ئابوری و هەرێمیش خێراتر دەکات.!
+ بەکارهێنانی زیرەکانەی سامانە سروشتیەکان : کوردستان خاوەنی سامانی سروشتی بەرچاوە، وەکو نەوت و غاز ! ئەگەر حیزبە کوردییەکان پێکەوە کار بکەن، دەتوانن سیاسەتێکی ڕوون و دادپەروەرانە دابڕێژن ،لەسەر دابەشکردنی داهاتی ئەو سەرچاوە سروشتیانە! ئەوەش زیاتر سەقامگیری ئابووری بەرەوپێش دەبات!
+ گەشەپێدانی ژێرخانی هاوبەش : لە ڕێگەی پلانێکی ھاوبەشەوە، دەتوانرێت پڕۆژە ژێرخانییە گەورەکانی وەک ڕێگاوبان و قوتابخانە (پەروەردە) و نەخۆشخانە و دابینکردنی ووزەش، بە شێوەیەکی باشترو کاراتر بەدیبهێنرێت! ئەمەش نەک هەر کوالیتی ژیانی خەڵکی کوردستان، باشتر دەکات ! بەڵکو گەشەی ئابووریش خێراتر دەکات!
٣ - خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان:
+ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئاشتی : پێکەوەکارکردنی لایەنە کوردییەکان ، دەتوانێت بەشداربێت لە کەمکردنەوەی گرژی و جەمسەرگیری لەناو کۆمەڵگادا ! ئەویش بە جەختکردنەوە لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان ! نەک بەرژەوەندی حزبی یان تاکە کەسی یان بنەماڵەیی ! ئەو پێکەوەکاردنەش دەتوانێت سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بەدەست بهێنرێت! ئەمەش دەبێتە ھۆی ئاسودەیی و ھێمنی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان !.
+ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان : بە پەرەپێدانی سیاسەتی هاوبەش، دەتوانرێت خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پەرەپێبدرێت و بە شێوەیەکی یەکگرتووتر پێشکەش بکرێت!. ئەمەش ڕاستەوخۆ سوودی بۆ ئاستی ژیانی ھاووڵاتیان دەبێت!؛
+ بوژاندنەوەی و ئاوەدانکردنەوە دوای ململانێ : زۆرێک لە ناوچە کوردستانییەکان بەدەست ساڵانێک لە ململانێکانەوە دەناڵێنن ! ئەمەش پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و دروستکردووەیە ! کاتێک لایەنەکان دەیانەوێت پێکەوەکاربکەن ! دەتوانن سەرنجیان لەسەر چاککردنەوەی زیانەکان زیاتر بکەن و دابینکردنی فریاگوزاری بۆ خەڵکی ھەژار و بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕوون و سەقامگیر بەپلاتێکی تۆکمەی گشتگر و یەکگرتوو ، بۆ ئێستا و بۆ نەوەکانی داهاتووش !
٤ - پێشکەوتنی کوردستان :
+ دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و دانپێدانان : ئەگەر لایەنەکان پێکەوەکار بکەن، ئەوابەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا دروست دەبێت کە پێگەی کوردستان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات !. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەدەستهێنان و دانپێدانان و پشتیوانییەکی فراوانتر بۆ دۆزی کورد، جا فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی یان تەنانەت سەربەخۆیییش بێت.
+ پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجی : ئەگەر لایەنەکان پێکەوەکاربکەن ! ئەوا پلانێکی ھاوبەشیان دەبێت ! چونکە پێکەوەکاردن و سەقامگیری سیاسی دەبێتە ھۆی وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە و تەکنەلۆجیادا ، وە بەرەوپێشی دەبات ! کە ئەم پێشکەوتنەش بۆ بنیاتنانەوە و بیرفراوانی و بەزانستکردنی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی کوردستان زۆر پێویستە! وە ئەم پێشکەوتنەش بەشدارە لە پەرەپێدانی ئابوورییەکی زانستی کە بتوانێت لەگەڵ خێرایی تەکنۆلۆجیای ئەمڕۆی جیھاندا بگونجێت و لەھەمان کاتیشدا درێژخایەن (واتە کاتی نەبێت) و بەردەوام بێت ھەتا ھەرێم بەهێز تر بکات !
+ بەڵام ئاخ و ھەزار ئاخ ، کە عەقڵی سیاسی بۆ پێکەوەکارکردن نەبوو !، ئەوا پلانی ھاوبەشیش نییە ، کە پلانیش نەبوو !، ئەوا پەروەردە تێک دەچێت ، کەپەروەردەش تێک چوو ! ئەوا کۆمەڵگە وێران دەبێت ! چونکە سەقامگیری سیاسی و گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی و ئازادی تاکەکان و بەھای کۆمەڵایەتی و کەلتوری جوانی کوردی و ھەستی نیشتمانی و نەتەوایەتیش، تێک دەچێن ! ئەو کاتە ، ھەر کەس بۆخۆی و بەئارەزووی خۆی شتەکان دەشێوێنێت و بەپێی بەرژەوەندی تەسکی خۆیان شی دەکاتەوە و تەنھا ئاگایان لە گیرفانیان دەبێت !
+ ئەگەر ھەر کەسیش بۆخۆی کاری کرد ، ئەوا سیاسەتمەند ، دەبێتە (سیاسەتباز) ، وە مەلای بەناو نیشتمانپەروەریش ، دەبێتە (دینباز) ! وە ھەریەکەشیان تەنھا لەیەک کونی بچوکی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە، دنیا و ژینگە وکۆمەڵگە دەبینن !
+ ئەوکاتەش پەیوەندیە دبلۆماسیەکانیش بەھۆی ئەو بێ عەقڵی سیاسیەوە ، ژەنگ دەکات و لەناو دەچێت ! وە سەرکردەکانی جیھانش قێزیان لە بێ عەقڵی سیاسی دەستەڵاتداران دەبێتەوە ! ئەنجامەکەشی ئەوەیە، ھەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان و ھەم سۆزی جیھانیش لە دەست دەدەن و کوردستانیش دەبێتە ووێرانە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست