کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لاڤرۆڤ بۆ کورد: چارەنوسی ئەو ئەفغانیانەتان لەبیربێت کە متمانەیان بەئەمەریکا کرد

Tuesday, 03/09/2024, 18:33


سێرگی لاڤرۆڤ، چارەنووسی ئەو سەرکردانەی ئەفغانستان بەبیر کورد دەهێنێتەوە کە متمانەیان بەئەمریکییەکان کردو سەرەنجام بەتەنها لەبەردەم تاڵیباندا بەجێیهێشتن‌و بێهیوای کردن، ئەو دەڵێت "کورد لەدووبارەبوونەوەو ڕوودانی هەمان سیناریۆ ئاگادار دەکەمەوە".
سیرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی  RT، دەربارەی بارودۆخی سوریاو رۆژئاوای کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاری هەوڵی واشنتۆن بوونەتەوە بۆ ئەوەی سوریا لێکهەڵنەوەشێت‌و لەو پێناوەشدا هێزەکانمان بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە لەساڵی ٢٠١٥دا رەوانە کرد، لاڤرۆڤ وتی "بوونی واشنتۆن ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی سوریاو ناوچەکە هەبووە، بوونی هێزەکانی ئەمەریکاش هۆکاری سەرەکییە لەهێنانەکایەی دۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات‌و باشووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە ئەمریکییەکان بنکەیەکیان لەدەوروبەری شارۆچکەی تەنەف دروستکردووە روبەرەکەی ٥٥ کیلۆمەتری چوارگۆشەیەو کاتی خۆیشی رایانگەیاند دامەزراندنی ئەم بنکەیەی تەنەف بەئامانجی چاودێریکردن‌و بەرەنگاربوونەوەی تەشەنەسەندنی نفوزی داعشە، بەڵام ئەمەریکییەکان لەقەڵاچۆکردنی تیرۆردا سەکەوتوو نەبوون، لەکاتێکدا چالاکن بەمەبەستی دامەزراندنی قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەت (مەبەستی لاڤرۆڤ ئیدارەی خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستانە)، بە پێچەوانەی ئەوداوی ناوچەکانی سوریاوە کە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد‌و سزای توندیان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانەش  یاسای ناسراو بە "قەیسەر".
لاڤرۆڤ دەڵێت "لەو ناوچانەدا (رۆژئاوای کوردستان) کە ئەمریکییەکان دەیانپارێزێت نەک ئەو سزایانە پەیڕەو ناکرێ‌و بەڵکو سەرچاوەی داهاتیشە لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندترین کێڵگەی نەوت‌و غازو بەپیتترین زەوی کشتوکاڵی لەخۆدەگرێ‌و کم،ژ‌و غازو دانەوێڵە لەلایەن ئەمریکییەکان‌و شوێنکەوتووەکانیانەوە هەناردە دەکرێت‌و داهاتەکەی ناچێتە گەنجینەی دەوڵەتی سوریاوە، بەڵکو بەکاردەهێنرێت بۆ کاری جوداخوازیی‌و دامەزراندنی قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەت. بەداخەوە ئەمەریکییەکان کوردیان راپێچ کردووە بۆ نێو گەمەی خۆیان، دەیانەوێ گرەویان لەسەر بکەن‌و پێکدادان لەشەڕڤانانی کوردو ئەو هۆزە عەرەبانە روویانداوە کە سەدان ساڵە لەو زەویانەدا دەژین، ئێستا ئەمریکییەکان دەیانەوێت دەست بەسەر بەشێک لەو زەویانەدا بگرن بۆ ئەوەی پڕۆژەی قەوارەی نیمچە دەوڵەت دابمەزرێنن، ئەرکی کوردەکانە کە درک بەوە بکەن داهاتوویان هەمیشە لەچوارچێوەی یەکێتی سوریادایە، نەک پشتبەستن بەوەی ئەمریکییەکان ڕزگاریان بکات، بەڵکو دەبێت هەنگاو بنێن بەرەو دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریادا لەپێانو بەدەستهێنانی ئەو مافانەی کە وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی شایستەیانە".
لاڤرۆڤ لەم چاوپیکەوتنەدا ئاماژەی ی بەوە کرد کە لەرابردوودا گفتوگۆیان لەگەڵ کورددا کردووە، بەڵام ئەمریکییەکان شکستیان پێهێناوە، ئەو وتی "دانوستانێک لەئارادا بوو لەنێوان کوردو حکومەتی سوریاو ئێمەش بەشداریمان تێدا کرد، بەڵام ئەمریکییەکان کوردیان خستە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتری حکومەتی سوریا باشترین بژاردەیه، لەبری هاوکاریکردنیان".
لاڤرۆڤ چارەنووسی ئەو سەرکردانەی ئەفغانستانی بەبیر کورد هێنایەوە کە متمانەیان بەئەمریکییەکان کردو بێهیوای کردن، کوردەکانیشی لەدووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ ئاگادار کردەوەو وتی "ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ کوردو لەگەڵ هەموواندا، چارەنووسی سەرکردایەتی ئەفغانستانیشیان بیردەخەینەوە، کە بڕیاریاندا پشت بە بەڵێنەکانی ئەمریکا ببەستن، بەبێ ئەوەی پشت بەگەلەکەی خۆیان ببەستن یاخود رووبکەنە گفتوگۆی نیشتیمانی، سەرەنجام بینیمان لەماوەی یەک شەوو لکۆتایی رێگەدا بەتەنیا بەجێیهێشتن، هیوادارم هاوبەشە کوردەکانمان لەئەزموونە مێژووییەکانمان فێربن‌و بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگای گفتوگۆی نیشتمانی، لەسەر مەرجەکانی ژیانیان لەچوارچێوەی دەوڵەتی یەکگرتووی سوریا لەگەڵ دیمەشق رێکبکەون".
وتیشی "لەگەڵ دەوڵەتانی تورکیاو ئێران‌و سوریاو عێراق لەهەماهەنگی‌و ئامادەکاریداین بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق‌، کۆبوونەوەی نێوان ئەسەدو ئەردۆغان‌ زۆر جێی بایەخمانە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە