فەلسەفەی عەرەبی - ئیسلامی مێژوو و سەردەم
Wednesday, 18/09/2024, 18:08
گێرت هێندریش
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە
.6 فەلسەفە لە ئیسپانیای عەرەبی (ئەلئەندەلوس)
ئیسپانیا (ئەل-ئەندەلوس ی عەرەبەکان) لە ساڵی 711 بەدوواوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو، ئەوە دوای گەیشتنی سوپاسالار تاڕیق ئیبن زیادی یەمەنی بە جیبرالتەر (جەبەل تاریق). سەرەتا هێرشی عەرەبەکان کەمێک زۆرتر بوو لە پەلاماری تاڵانی، پاشان لاوازیی دەوڵەتی گۆتەکانی ڕۆژئاوا بوو بە هاندەرێک بۆ داگیرکردنی کردەکی. سوپایەکی ڕێژەییانە بچووک لە کورتترین ماوەدا هەموو شارە گەورەکانی داگیر کرد و تا باشووری فەڕەنسا بەرەو پێش هێرشی برد. وەلێ پەلامارەکانی تاڵانی لە نیوەی سەدەی هەشتەمدا وەستێنران. پەلامارێکی عەرەبەکان بۆ تاڵانی کە لە لایەن کارل مارتێل-ەوە لای توورس و پواتیێر شکێنرا (732) و بە هەڵە ناونراوە شکانی "مێژوویی-جیهانی"، دوورترین سنووری عەرەبەکانی دیاری کرد و تا ئەو سنوورەش دەیهێنا بۆ مەبەستی تاڵانی پەلامار بدەن. وەلێ ئەم شکانەی عەرەبەکان بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بە ئامادەگیی ئەوان لە باشوری فەڕەنسا نەهێنا، هەروەها کۆتایی نەهێنا بە هەڵچوون و گەشانەوەی ئیسپانیای عەرەبی. سەرەتا والییەکی خەلافەتی دووری ئەمەوی لە دیمەشق لەوێ حوکمی دەکرد، ئەوجا دوای ئەوەی ساڵی 750 خەلافەت کەوتە دەستی عەباسییەکان و ئەوانیش پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغداد، ئیدی خەلافەت دوایەمین نفوزی خۆی بەسەر ئیسپانیادا لەدەست دا. تاکە میری ئەمەوییەکان کە لە کۆمەڵکوژیی خانەوادەکەی ڕزگاری بوو بوو، لە لایەن موسڵمانانی ئەوێوە کرا بە دەسەڵاتداری ئیسپانیا. بەمەش ئێستا چیدی ئیسپانیا سەر بە خەلافەتی عەرەبی-ئیسلامی نەبوو، بەڵکو بوو بە دەوڵەتێکی عەرەبیی سەربەخۆ.
ئەلئەندەلوس چە لە ڕووی ئابووری و چە لە ڕووی شارستانییەوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو و ئاڵوگۆڕێکی زیندووی لەتەکیدا هەبوو. هەرگیز ئیسپانیای عەرەبی زەبرمەندانە بەئیسلامی نەکرا، بەڵکو موسڵمان و کریستیان و جوو لەژێر سەروەریی عەرەبیدا بەئاشتیانە پێکەوە دەژیان. بەو ڕێیەوە گرووپێکی نوێی دانیشتوان بە ناوی "مۆزائەرابەر"ە (Mozaaraber) کریستیانییەکان سەریهەڵدا کە بە زمانی عەرەبی دەئاخڤین و نەریتی عەرەبییانەیان وەرگرتبوو. هەروەها کۆمەڵە گەورەکەی جووەکان لە ئیسپانیا لێبوردەیی زۆری پێبڕابوو و هاوکات بەشداریی لە بەعەرەبیکردنی ژینجیهان و کولتووردا دەکرد. لەم کۆمەڵەیەوە فەیلەسوفانی بەواتا دەرکەوتن، وەک: سالۆمۆ ئیبن گابیرۆل (بە لاتینی ئاڤیسێبرۆن، 1020-1058)، هەروها مایمۆنیدێس (موسا ئیبن مەیمون، 1135-1204). هزری ئەمان تەنیا پابەندی ترادیسیۆنی جوویەتی نەبوو، بەڵکو هەروەها کاری چە لە وەرگرتنی ئیسلامییانەی ئەنتیکە و چە لە فەلسەفەی موسڵمانەکاندا کردەوە. هەندێکیان بەڕێی فەلسەفەی ئەوانەوە گەیەنرا بە چەرخی نێڤینی لاتینی.
ئیسپانیای ئیسلامی لە ماوەی حوکمڕانیی عەبدولڕەحمانی سێیەمدا (912-961) گەیشت بە ترۆپکی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی. بەدووی ئەوەدا ئیدی سەردەمێک هات و تێیدا "ڕێکۆنکویستا" (Reconquista)، واتا ئەوە کە زۆر جار ناو دەنرێت "داگیرکردنەوەی ئیسپانیا لە ماورەکان"، پتر گوڕی سەند. وەلێ پاشخانی ڕێکۆنکویستا کەمتر جەنگی ئیمان بوو لە نێوان موسڵمانان و کریستیاناندا، بەڵکو پاشخانەکە بەزۆریی لێکترازاویی نێوخۆیی ئەندەلوس بوو کە دوای مەرگی دوایەمین میری ئەمەوییەکان لە ساڵی 1008 دا بەسەر پتر لە سی میرنشینی گچکەی سەربەخۆی ناوچەییدا لێکهەڵوەشایەوە. لە نێویاندا هەروەها میرنشینی کریستیانی هەبوون کە تا ئەو دەمە ئەمەوییەکانیان وەک سەروەر ناساندبوو. دەوڵەتۆچکەکان شەڕی ڕکاوییان لەسەر باڵادەستی لەدژی یەکدی پەربا کردبوو، لێرەشدا کوالیسیۆنی دەمدەمیانەی نێوان دەسەڵاتدارانی کریستیانی و ئیسلامی مۆرکی خۆیان لەو شەڕانە دابوو. مۆتیڤی ئایینی لە ڕەوتی بەردەوامبوونی "ڕێکۆنکویستا"دا واتای وەرگرت. جگە لەوە ناکۆکییەکانی نێو ئیسپانیا بوون بەهۆی هێرشی نوێ لە باکوری ئەفریکاوە و هێرشەکان پتر ئەو وڵاتەیان دابەشاند. سەرهەڵدانی چەند شانشینێکی کریستیانی گوڕی دا بە داڕوخانی ئیسپانیای عەرەبی. ساڵی 1085 تۆلێدۆ داگیرکرا، ساڵی 1236 کۆردۆبا و ساڵی 1248 سیڤییا. تەنیا گرانادا تا ساڵی 1492 عەرەبی مایەوە، پاشان ئەویش لە لایەن هەردوو شانشینی یەکگرتووی ئاراگۆن و کاستیلیاوە داگیرکرا. بەدووی لەناوچوونی ئیسپانیای عەرەبیدا قۆناغێکی درێژخایەنی نالێبورەدەیی ئایینی و دوژمنایەتیی هزر دەستی پێکرد. پتر لە سێ ملیۆن موسڵمان، جوو و هەروەها زۆر کریستی بەعەرەبیکراو ناچاربوون هەڵبێن. لە گرانادای داگیرکراودا ماوەیەکی کورت دوای دەسەڵاتسەندن لە لایەن شایانی کاتۆلیکییەوە بڕەدارە هەڵچنراوەکان گڕیانگرتەوە. ئەوە سەرەتا کتێبەکانی عەرەب و جووەکان بوون کە لەنێو بڵێسەدا گڕیان گرت و بەوەش میراتی یەکێک لە دەوڵەمەندترین کولتوورەکانی ئەوروپا لەناوچوو. وەلێ هەروەک هاینریش هاینە لە تراژیدیای گرانادادا بە ناونیشانی "ئەلمەنسور" نووسیی: "ئەوە تەنیا پێشەکی بوو، ئاخر لەکوێ مرۆڤ کتێب / بسووتێنێت، لە کۆتاییدا مرۆڤیش دەسووتێنێت".
6.1 ئیبن باجە و ئیبن توفەیل
فەلسەفە هەروەها یەکێکە لە گەشانەوە کولتوورییەکانى ئەندەلوس، وەلێ سەرەتا لە سەدەى دوازدەیەمەوە بەڕێى تاکە کەسێتییانى بەواتاوە سەرهەڵدەدات، بۆ ئەمەش دەتوانین دوو هۆ دەستنیشان بکەین: فەلسەفە لە خۆرهەڵاتى جیهانى ئیسلامى بۆ یەکەم جار بە چالاکیى وەرگێڕەکانى تێکستگەلى ئەنتیکە دەست پێدەکات، وەلێ قۆناغێکى بەم چەشنە لە ئەندەلوس نییە. لێرە، دواى داڕوخانى جیهانى ئەنتیکە و کۆچى گەلان، کەمتر لە خۆرهەڵات تێکستی کلاسیکی مانەوە. ئەوجا لێرە گرووپى زانایانی کریستیانیی سریانیزمان کە لە خۆرهەڵات رۆڵی بەواتای نێوەندیاریان وەرگرت، لەگۆڕێ نەبوو. جگە لەوە فەلسەفە لە ئەندەلوسى ئەمەویدا بەدناو بوو، چونکە دوژمنە عەباسییەکەیان لە خۆرهەڵات گەشەی پێدەدا. درەنگتر لە ڕەوتى ئاڵوگۆڕى کولتوورییانەی نێوان ئەندەلوس و بەشەکانى دیکەى جیهانى ئیسلامیدا ئەدەبیاتى فەلسەفەییش لەپاڵ زانستەکانى دیکەدا پتر گەیشت بە ئەندەلوس.
ئەبو بەکر ئیبن یەحیا ئەلسائغ کە بە ئیبن باجە (ئاڤێمپاس ى چەرخى نێڤینى لاتینى) ناسراوە، یەکەم فەیلەسوفى مەزنى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە کۆتایى سەدەى یازدەیەمدا لە ساراگۆسا هاتە جیهانەوە و هەر لەوێ زۆرترین کاتی ژیانى بەسەر برد، هەروەها لێرە بۆ ماوەیەک لە ژیانى سیاسیى شاردا رۆڵى بەواتاى گێڕا: چەند جارێک بوو بە وەزیر، وەلێ چەندجارە بە زیندانیکردن هەقى ئەم تەرقیە سیاسییەى خۆی دا. پێش ئەوەى سوپای کریستیانییەکان ساراگۆسا داگیر بکات، ئەو شارەکەى بەجێهێشت و کۆچی کرد بۆ باکورى ئەفریکا. ئیبن باجە ساڵى 1138 لە فێس مرد.
فەلسەفەى ئیبن باجە بەتایبەتى لە فارابییەوە دەردەچوو. ئاخر ئەو نووسینەکانى فارابیى دەناسى، وەلێ هیچ شارەزاییەکى لەبارەی ئیبن سینا نەبوو و بە ڕادەیەکی کەم شارەزای غەزالی بوو. بەگوێرەی ئەمەش فەلسەفەیەکى ئەڕیستۆتێلى-نوێپلاتۆنیی پشتبەستوو بە فارابى دەرچەی ئەو بوو و لە نێوەندیدا بابەتی فارابییانەى تیۆریەکى دەوڵەت خۆى دەبینییەوە. لێرەدا زانینوماى ڕژان (ئێماناسیۆن) و ئەو ئێپیستێمۆلۆگییە کە پێوەی گرێدرابوو، هێندە لە زانینوماکەى فارابى جیاواز نەبوو، وەلێ ئیبن باجە لە دوو پنتى گرنگدا پەرەی پێدا. بۆ فارابى گرێدانى زەینى مرۆڤ بە زەینى چالاکەوە ڕوداوێکی تایبەت بوو بە خودى هەر سەبژێکتێک و ڕوداوەکە دەیتوانى ئەو سەبژێکتە بهێنێتە ڕەوشی ڕۆشنبوونەوەی هۆشەکییەوە (Erleuchtung). بە پێچەوانەوە لای ئیبن باجە ئەو زۆرێتییە ژمارەییەى تاکە زەینەکان لە باڵاترین پلەدا دەبوو بە یەک تاکە زەین و سەرجەم تاکە بوونەوەرەکان سەر بەو دەبوون، ئەوە لایەنى کەم پاش مەرگ دوای ئەوەی دەروونە نەمرەکان لە لەشەکان جیابووبوونەوە. لێرە زەینى کردەکیی مرۆڤان وەک یەک زەینی ژمارەیی، وەک یەکانەی زەین، بەردەوامیی وەردەگرت. ئەم بیرۆکەیە درەنگتر کاریگەریى لەسەر تیۆریی یەکانەی زەین لای ئیبن ڕوشد نواند، هەروەها بۆیە ئەوەندە شۆڕشگێڕانە بوو، چونکە نەمریى دەروون کە ڕەوشێکى ئەندێشەیى ئەودنیایی (ترانسسێندێنت) بوو، بەو تیۆرییە وەرگۆڕرا بۆ ڕەوشێکی ڕیالى مێژوویى: بۆ نەمریى زەینى یەکانەیى مرۆڤایەتى، واتا پێشکەوتنى مەئریفە.
دووەم جیاوازیى ئێپیستێمۆلۆگییانە لە فارابى ئەوە بوو کە ئیبن باجە گیرەی خستە سەر رۆڵی دەروون لە بەدیهێنانی ڕەوشی بەختیاریدا. ئەو لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ غەزالى دەدات کە گۆتبووی: یەکگرتن لەتەک خودادا (بۆ نموونە لە سۆفیزمدا) بەڕێی بەکردەکیبوونی زەینەوە نایەتە دی، بەڵکو بەڕێى ئەزموونێکى عیرفانییەوە. وەلێ ئیبن باجە بە پێچەوانەوە وایدادەنێت کە یەکگرتنى هۆشى مرۆڤ لەتەک زەینى چالاکدا بە هەر حاڵ ڕودانێکى زەینییە (ئینتەلێکتوێلییە)، کەواتە فەلسەفە و زانست پێشمەرجى ئەو یەکگرتنەن. بەختیاریى نەزەری خودا بریتی نییە لە سەرئەنجامى ئەزموونى عیرفانی، بەڵکو بەزەرووری گرێدراوە بە مەئریفەی فەلسەفەیی-ڕاسیۆنالەوە. هەروەها ئیبن ڕوشد لەمەدا شوێن پێى ئیبن باجە هەڵدەگرێت.
تیۆریى دەوڵەتی ئیبن باجە بەزۆریى پشت بە فارابى دەبەستێت، سەرباری ئەوە لێرەش جیاوازیى سەرنجڕاکێش هەن. بۆ نموونە کاریگەریى فەیلەسوفەکان لاى ئیبن باجە جیاوازە وەک لاى فارابیی پێشەنگی. بە دیدی فارابى مرۆڤانی فەزیلەمەند (فازیل) لە دەوڵەتى ناڕەوادا نەفرەتى ئەوەیان لێکراوە یان فەزیلەمەندیی خۆیان بدۆڕێنن یاخود ئەو کۆمەڵە جێبهێڵن و بۆ دەوڵەتێکى باشتر بگەڕێن. گەر دەوڵەتێکى بەو چەشنە شیاوى دۆزینەوە نەبێت، ئەوسا مردن بۆ فەیلەسوف باشترە لەوەى فەزیلەی خۆی بدۆڕێنێت. هاوکات تایبەتمەندیی هەموو دەوڵەتێک بە دەوڵەتى نموونەییشەوە ئەوەیە کە هەمیشە دەشێت لەنێویدا توخمى تێکدەر هەبن (و فارابى لە "مەدینە"دا ناویان دەنێت "گیاکەڵە"). ئێستاش ئیبن باجە لە لایەنى خۆیەوە لێکچواندنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان توخمە زیانگەیەنەرەکان بە جڤاک (asozial) یان "گیاکەڵە" و فەیلەسوفەکاندا ئەنجام دەدات: ئەمانیش دەشێت لە دیدی زۆرینەى نافەزیلەمەندی نێو دەوڵەتى ناڕەواوە ببن بە "گیاکەڵە"، بەڵێ زۆرتر لەوەش: تەنانەت گەرەکە فەیلەسوفەکان ئەو رۆڵە وەربگرن و بە کاریگەربوونیان شێوەیەکى "چارەسەرکردنی کۆمەڵ" بەربخەن. بە پێچەوانەشەوە لە دەوڵەتى فازیلدا ئەو جۆرە فۆرمانەى هەستى مۆرالیانەی جڤاکی (Gemeinschaftssinn) پێویست نین، بەڵێ دادوەران و فەرمانبەرانیش، تەنانەت پزیشکان، زیادەن، چونکە دەوڵەتى نموونەیى هیچ تێکدانێک ناناسێت کە ئیدی ئەو جۆرە "پسپۆران"ە بۆ چارەسەرکردنی پێویست بن. ئیبن باجە لێرەدا لەبریى تێڕوانینە ڕەشبینەکەى فارابى تێڕوانینە ئیدیالیستییەکەى پلاتۆن لە "کۆمار"دا وەردەگرێت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت هەر بەم ڕێیەوە دەوڵەتى "نموونەیى"ی فازیل دەبێت بە هیوایەک کە بەدەگمەن شیاوى بەدیهێنانە. بەم شێوەیە دوو گیرەخستنەسەری پێچەوانە لە تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەدا دێنە نێوانەوە: تیۆرییەکە لە پرنسیپەوە بێهیواترە لەوەی فارابی و هاوکات دەربەستهاتووانە گەشبینترە، چونکە رۆڵى مرۆڤانی فەزیلەمەند، وەک چاکساز و چارەزانی (تێڕاپۆیتی) کۆمەڵ، لایەنى کەم گفت دەدات کە دەوڵەتی ناڕەوای ڕیال لەسەرخۆ چاکبکرێت. ئەگەرچی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نموونەیی، تەواو هاوشێوەی سەرهەڵدانی ئەو جۆرەی دەوڵەت لە یوتۆپیاکانی پلاتۆن و فارابیدا، لە کۆتاییدا گرێدراوە بە توانستی تاکەکەسانەوە بۆ چێکردنی پەیوەندییەک لەتەک زەینی چالاک و بەمەش لەتەک فەزیلەمەندیدا، وەلێ لەبەر ئەوەی ئیبن باجە ئەرکی "چارەزانی" دەخاتە ئەستۆی ئەندامانی فەزیلەمەندی جڤاک، ئیدی بەو ڕێیەوە ئاستێکی هزرین دەردەخات: هزرین لەو مەرجە سۆسیالانە کە دەبێت بۆ شیمانەی هەڵوێستی مۆڕالی لەنێو کۆمەڵێکدا لەگۆڕێ بن. جگە لەوە کاتێک کەمینەى فەلسەفێنەران و "گیاکەڵە"ى کەلاخراو و نەخوازراوى جڤاک هاوتا دادەنرێن، ئیدی بەو ڕێیەوە گیرەیەکی ڕووخێنەرانە (سوبڤێرزیڤ) دێتە نێو تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەوە. وەلێ گەر ئێستا لێرەوە بەردەوامی بە هزرین بدرێت، ئەوسا یەکسەر ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا تا چەند پێوارە مۆڕالییەکان بەرهەمی بەخۆدان و بەواندانی ئەدگارانن / شوناسن (Selbst- und Fremdzuschreibung) کە زۆرینەیەکی جڤاک بەرانبەر کەمینەکان پەیڕەویی دەکات بەبێ ئەوەی بەڕاستی بتوانێت هۆی ڕاسیۆنال بۆ ئەوە بخاتە بەردەم؟ بێگومان نە لای ئیبن باجە و نە لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی ی سەردەمانی درەنگتردا لەوە زیاتر کار لەو دوو کۆنسێپتەدا نەکراوە.
ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (بە لاتینی: ئابوباکێر 1105-1185) دووەم فەیلەسوفى بەواتاى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە نزیکى گرانادا هاتە جیهانەوە، لە سەردەمى دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدونەکاندا لە گەلێک پۆستى باڵاى بەڕێوەبەریدا وەک پزیشک و ئەستێرەناس و فەیلەسوف کارى کرد. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو فرە کارى فەلسەفەیى و زانستى سروشتیى نووسیوە، وەلێ لەم نووسینانە تەنیا یەک دانە ماوەتەوە. ئەم بەرهەمە بچووکە کە جۆرێکە کە لە ڕۆمانى فەلسەفەیى گەشەى تاکەکەس، زۆر کاریگەر بوو. نووسینەکە بوو بە نموونەی یەکێک لە ناسراوترین و زۆر خوێنراوەترین بەرهەمى ئەدەبى ئەوروپى: ڕۆبینسن کڕۆس (1719)ى دانیەڵ دیفۆو (Daniel Defoe).
ئیبن توفەیل چیرۆکەکەى بە پێشگۆتنێک دەستپێدەکات کە هەستێکى ئەوتۆ بێدار دەکاتەوە، هەروەک ئەو چیرۆکە وەڵام بێت بۆ پرسیارى دۆستێک کە تکاى لێکردووە نهێنییەکانى فەلسەفەى ئیبن سیناى بۆ ڕوون بکاتەوە. ئەو ڕێبەرییەکە بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنە لە سەرجەم فەلسەفەى پێشین کە چە فەیلەسوفانی کلاسیکیى گریک و چە فەلسەفەى عەرەبی-ئیسلامى لە خۆ دەگرێت. ئیبن توفەیل ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە لە داڕشتنەکانى فارابى و ئیبن باجەدا دژبێژیگەلی کرۆکی هەن، پاشان ڕەخنەی ئەوە لە غەزالى دەگرێت کە ئەو لە نووسینە جیاکانیدا لەبارەی فەلسەفە، هەڵوێستێکی دەربەستنەهاتووی هەبووە. تەنیا ئیبن سینا ڕێگەى ڕاستى پێشانى ئەو کەسانە داوە کە بەدووى ڕاستیدا دەگەڕێن: نەک تەنیا ڕێگەى ڕاسیۆنالى مەئریفە لە کۆتاییدا شیفا بۆ مرۆڤ دەهێنێت و دەبێت بە پاڵهێزی گەیشتن بە کامیلێتى، بەڵکو هەروەها ڕوانینی عیرفانیش، "نەزەرى حاڵلێهاتوو" لە دەستووری خودا. ئەو تەنانەت ناونیشانى ڕۆمانەکەى لە ئیبن سینا وەردەگرێت: حەى ئیبن یەقزان - زیندووى کوڕى بێدار. وەلێ ئیبن توفەیل ڕۆمانێکى فەلسەفەیى ئەوتۆ دەنووسێت کە زۆر لە نموونە بەردەستەکەى ئیبن سینا تێدەپەڕێت.
ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی حەى ئیبن یەقزان
چیرۆکەکە لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی دەستپێدەکات. لەسەر ئەم دورگەیە شیرەمژەیەک فڕێ دراوە و ئێستاش ئاسکێک بەخێوی دەکات. حەى بە هێزى هزرینى خۆى فێری خۆپۆشین، خۆچەکدارکردن و ڕاوکردن دەبێت. دوای ئەوەی دایکە پەروەردکارەکەى، ئاسکەکە، دەمرێت، حەى بەناکامى هەوڵ دەدات لە لاشەکەیدا هۆیەکى میکانیکى بۆ مردنى بدۆزێتەوە، لێرەشدا بۆی ئاشکرا دەبێت کە شتێکى نابەرجەستە (ئیمماتەریەل)، واتا هۆش، هۆى ژیانە. لە ئێستا بەدوواوە پرۆسەى پێگەیشتنى حەى چیدى تەنیا ڕوو ناکاتە خۆهێشتنەوە، بەڵکو هەروەها ئاڕاستەیەکى فەلسەفەیی وەردەگرێت. ئەو لە سروشت دەتوێژێتەوە و دەگات بە پرنسیپەکانى مێتافیزیکى کلاسیکى: جیاوازیکردن لە نێوان یەکانە و زۆرێتیدا، لە نێوان ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس) و گەوهەردا، دەگات بە زەروورەى ئەنجامە سروشتییە کاراکان، ئەوجا لۆگیکییانە دەگات بە یەکەم هۆ و لە کۆتاییدا بە شیمانەى گەیشتن بە تێروانین لەبارەی زەروورەى ئافرێنەرێکی سەرجەم بوونەوەران. دواى ئەوەى حەى بە ڕێگەی ڕاسیۆنال خودا دەناسێت، ئیدی دەیەوێت خۆی لە خودا نزیکبخاتەوە: بە ڕامان (کۆنتێمپلاسیۆن) و زوهد و ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل). بەم شێوەیە حەى دەگات بە ڕەوشی بەختیارى، ئەوجا لە وێنایەکدا دەگات بە مەئریفەی سەرهەڵدانی دەستووری گەردوون بەڕێی ڕژانەوە (ئێماناسیۆن)، هەروەها بە مەئریفەی باڵاترین پلەى ئاگایى مرۆڤ کە چیدى ڕاسیۆنال نییە:
"ئەو بەردەوام تێدەکۆشا تا ئاگایى خودى خۆى نەهێڵێت و خۆی بەتەواوی بۆ نەزەری پەتی لە کرۆکى ڕاستی تەرخان بکات؛ ئەوەشی لە کۆتاییدا پێبەدیهات: هەموو شتەکان، سەرجەم فۆرمە هۆشەکییەکان و توانستە جەستەییەکان لە زاکیرە و لێهزرینی ئەودا نەمان [...]؛ تەنیا یەک شت مایەوە: ئەلهەق (der Wahre)، بوونەوەرى ئەزەلى [...]" (Tufayl 1987, 130f.).
ئیبن توفەیل بەشێکى دووەم دەداتە پاڵ ئەم چیرۆکەى هەتیوێکى خۆپێگەیەنەر کە ڕەنگە گرنگتر بێت لە چیرۆکەکە. لەسەر دورگەیەکى دراوسێ گەلێک دەژى کە فەیلەسوفێکى پیر ئەو تیڕوانینە فەلسەفەییانەى لە فۆرمى سیمبۆلی یان وێنەییدا پێڕاگەیاندووە کە حەى بە هێزى زەینى خۆى ئاشکراى کردبوون، هێندە نەبێت کە ئەو گەلە وێنە و سیمبۆلەکانى ئایینەکەی وشەییانە وەردەگرێت. تەنیا ئەبسالى هزرڤان دەیەوێت بگات بە پاشخانی واتاى زمانە وێنەییەکە، وەلێ ئەوەی لەنێو ئەو کۆمەڵەدا پێبەدیناهێنرێت، بۆیە دورگەکەی جێدەهێڵێت و لەسەر ئەو دورگەیە دەگیرسێتەوە کە حەى لێى دەژى. ئەبسال حەى فێرى زمان دەکات و لەوەوە بۆى ئاشکرا دەبێت کە حەى بەبێ سیمبۆلیک-ى ئایینێک بەو قووڵترین ڕاستییانە گەیشتووە کە ئەو خۆى بەدوویاندا گەڕابوو. هەردووکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر دورگەکەى ئەبسال، ئەوجا لەوێ حەى هەوڵ دەدات واتاى سیمبۆل و وێنەکانى ئایین بۆ مرۆڤەکان ڕوون بکاتەوە تاکو دەرفەتی یەکگرتنى حاڵلێهاتوویان لەتەک خودادا بۆ بڕەخسێنێت:
"ئەو پێشبینییە کە تێکڕای مرۆڤەکان خاوەنى کارەکتەرێکى بێهاوتا و هۆشێکى تیژ و دەروونێکى خۆڕاگرن، خستییە لێهزرین. ئەو نەیدەزانى هۆشیان چەند تەمەڵ و لاوازە، بڕیارەکانیان چەند چەوتن، حولحولێتیی ئەوانى نەدەناسى" (لا 160).
کەواتە هێندە ناخایەنێت کە دەبێت حەی ببینێت، ئەو مرۆڤانە لێى تێناگەن و وا هەست دەکەن داناییەکەى مەترسییە لەسەریان:
"هەموو هۆشدارییەک لاى ئەوان بێکاریگەری دەمێنێتەوە، هاندانى چاک کردار ناخاتەوە، دێبات لاى ئەوان تەنیا کەللەڕەقی لێدەکەوێتەوە، هیچ ڕێگەیەکیش ڕووەو دانایى لە بەردەمیاندا ئاوەڵا نییە و بەشداریى لە شکۆفەپێدانی (دانایی – و) دا ناکەن"(Ebd., 163f.).
حەى بەنائومێدی لەتەک ئەبسالدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو دورگەیە کە خۆى بەتەنیا لێى دەژیا، بێگومان وەنەبێت هۆشدارییان بە مرۆڤەکان نەدابێت کە بۆ ئەوان چاکترە پابەند بن بە واتای وشەى سیمبۆلەکانى ئایین و هەروەها بە ترادیسیۆنەوە، نەک بە هزرینى خۆیی ڕۆ بچن بۆ نێو هێڕێزى (زەندەقە). ئاخر:
"ئەو و ئەبسالى دۆستى دەرکیان بەوە کردبوو، بۆ ئەم جۆرەی مرۆڤ کە هاوشێوەی مەڕە و بێدەسەڵاتە، تەنیا ئەم ڕێگەیە بەرەو خەڵاس هەیە. گەر ئەوان لەسەر ئەو ڕێگەیە لا ببرێن بۆ ئەوەی بفڕێنرێن بەرەو بەرزاییەکانى ڕوانینی هۆشەکی (سپێکولاسیۆن)، ئەوسا ڕەوشەکەیان دوچاری سەرلێشێوانى قووڵتریان دەکات" (Ebd., 166).
پێدەچێت ئەم دەرئەنجامە زۆر ڕەشبینە خۆى لەنێو دابی هزرینی فارابى و ئیبن باجەدا ببینێتەوە. سەرەتا، تیگەیشتنی قووڵی ڕاسیۆنال و عیرفانیانەی حەی لە جیهان پەرچیوەتە نێو فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایینەوە. لە پشتی ئەمەوە ئەو تێزە ناسراوە خۆى دەبینێتەوە کە دەبێژێت فەلسەفە و ئایین لە کۆتاییدا هەمان ڕاستى لە خۆ دەگرن. وەلێ کاتێک مەئریفەی فەلسەفەیی تایبەتە بە کەسانى کەمی بەهرەمەند بۆ دانایى، ئەوا دەبێت بە پێچەوانەوە زۆرینەى مرۆڤان بەتەواوى و بڕوابوو بە واتای وشەکان شوێن ئایینى سروشى بکەون، چونکە زەین و کارەکتەریان لە ئاستێکدا نین کە ئیدی بتوانن لە فەلسەفە تێبگەن و ژیانى "دانا"یەک بەڕێوەبەرن. لێرەوە ستاتۆی فەیلەسوف لەنێو جڤاکدا دەکەوێتەوە. ئەو دەبێت بە پشتکردنە جیهان هەقى داناییەکەى بدات. کەواتە فەیلەسوف تەنیا ئەو کاراییەى بۆ گۆڕانى جڤاکێک هەیە کە بەتەنیا بە هزراندنى قووڵترین ڕاستییەکان، واتا بەڕێى لێرەبوونى تەنیاکەوتووى خۆیەوە، جڤاک بە ڕادەیەکی زۆر کەم چاکتر بکات. فەیلەسوف هیچ شیمانەیەکى نییە بۆ ئەوەی مەئریفەکانى بە هاومرۆڤانى ڕابگەیەنێت و بەم ڕێیەوە چاکسازیى جڤاک ئەنجام بدات، چونکە مرۆڤەکان ناتوانن لەو تێبگەن، نەخێر لەبریی ئەوە پێویستە کەسانی پاتریارشیایی بە ڕێنوما توند و حیکایەتە سیمبۆلییەکانى ئایین ڕێبەرییان بکەن. وەلێ لێرەدا ئەوە پتر جێی سووڕمانە کە بەتایبەتی لە بزاوتی ڕۆشناییەکانى ئەوروپادا ئاگامەندییەکى گەورە بەم کتێبەى ئیبن توفەیل بڕا. ئیدوارد پۆکۆک ساڵى 1671 تێکستە عەرەبییەکەى بۆ لاتینى وەرگێڕا، پاشان سایمن ئۆکڵى ساڵی 1708 تێکستەکەى لە عەرەبییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕا. هەردوو بڵاوکراوە ئەڵمانییەکەی پریتیوس (1726) و ئایشهۆرن (1783) دەگەڕێنەوە بۆ ئەم وەرگێڕانە ئینگلیزییە. ئەو ناونیشانە کە پۆکۆک و پریتیوس بە وەرگێڕانەکانی خۆیانیان دا، ئاماژەیەکمان بۆ نووسینەکەی دیفۆو پێدەدات: "Robinson: Philosophus autodidactus"، یان: "ئەو دانایەى جیهان کە فێرکەری خۆی بوو". چە کتێبەکەی دیفۆو و چە ڕۆشناییەکانی سەرەتا بەگشتی لەو بڕوایەدا بوون کە مرۆڤ بە ئاوەزی خۆی نەک تەنیا توانای بۆ هەر کردارێکى خۆهێشتنەوە هەیە، بەڵکو هەروەها بۆ ئەو مەبەستە هیچ فێرکارییەکی لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاترەوە، بۆ نموونە دەسەڵاتێکی دەر-جیهانییەوە، پێویست نییە. مرۆڤ دەتوانێت بەتەواوی "لەنێو خودى خۆیەوە" نهێنییەکانى جیهانى فیزیکى ئاشکرا بکات و هەروەها لەو ڕەوتەدا ناوکە هومانیستییەکەى ئایین، بۆ نموونە یاساى نەریت، لە ئاوەزی خۆیەوە دەربئەنجامێنێت. ئەم تێڕوانینە بۆ نموونە لە نووسینەکەى لێسینگدا بە ناونیشانى "پەروەردەکردنى ڕەگەزى مرۆڤ" (1780) وەک ئیدیال خویا دەبێت. باوەجو لێسینگ، هاوشێوەى مۆزس مێندلسزۆن، ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیلى دەناسى و بەرز دەنرخاند. سەرباری ئەوە ئەنجامی ڕەشبینانەى ڕۆمانەکە ڕاڤەکارانى ڕۆشناییەکان ناسڵەمێنێتەوە کە گۆیا جەماوەرى مرۆڤان تەنیا بە یاریدەی فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایین بە تێڕوانینی خۆی دەگات، وەلێ فەیلەسوف بەڕێى ئاوەزی تێگەییەوە.
بۆ ڕۆشناییدەران ئەوە گرنگە کە ئیبن توفەیل دەرفەت بۆ حەی دەڕەخسێنێت ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر تاکو پەی بە نهێنییەکانی ئایین بەرێت. ئەمە ڕاڤەدەکرێت وەک شایەتمانهێنان بە سەروەریی ئاوەزی فەلسەفەیی بەسەر تێکستە پیرۆز و تەڵقیندادانە ئایینییەکاندا. هەر ئەوها لێرەدا دوو لایەن ئاشکرا دەبن: توانای سەبژێکتی فەلسەفەیی بۆ هەر ئەنجامدانێک لەنێو خودی خۆیەوە، هەروەها سەروەریی فەلسەفە بەسەر ئایین و ئەقیدەگەریدا. بەم ڕێیەوە دەتوانین شوێنێکی دیاریکراو بۆ ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی ئیبن توفەیل بکەینەوە: وەک دۆکومێنتی نێو ترادیسیۆنێکی ڕۆشنایی دایبنێین کە بەردەوام و بەنێو سەرجەم کولتوورەکاندا بانگەشە بۆ ئۆتۆنۆمیی سەبژێکتی ئاوەزمەند دەکات.
بێگومان نابێت ئەوەش بشارینەوە کە ڕاڤەکارانى هاوچەرخ، بەتایبەتى لە زانستە ئیسلامییەکانەوە، گومان لە ڕاڤەکردنێکی بەو چەشنەى ئیبن توفەیل دەکەن. ئەمان وایدادەنێن کە حەى ئیبن یەقزان بەتایبەتى بەڵگەیە بۆ پاشەکشەی بێئومێدبووی ڕەشبینانەی فەلسەفە لە کولتوورى ئیسلامیدا کە بەردەوام پتر ئەقیدەگەریی ئایینى بەسەریدا سەروەریی وەرگرتووە.
سەرچاوە:
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005
فەرهەنگۆک
بەخۆدانی ئەدگار / شوناس (Selbstzuschreibung) و بەواندانی ئەدگار / شوناس (Fremdzuschreibung) دوو تێگەی سۆسیۆلۆگین. بە یەکەمیان ئەدگار یان شوناسێکی جەخت و پێناسەکراو بە خۆ دەدرێت، بە دووەمیان گرووپێکی مرۆڤان بەڕێی ڕەچەڵەک و شێوەی خۆییانەوە دیاریدەکرێت و زۆر جار کەلاخستن (Marginalisation) لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە کەلاخستنی کۆچکردووان بۆ نێو جڤاکێکی ئەوروپی کە ئەدگاری جیاوازیان لە دانیشتوانی ڕەسەنی جڤاکەکە پێدراوە.
ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس، بە عەرەبی "سیفات") و گەوهەر (زوبستانس): ئەدگاری بەڕێکەوت ناکرۆکییە، بگۆڕە، بەڕێی خودی خۆیەوە لەگۆڕێ نییە، بەڵکو بەندە بە گەوهەرەوە کە بنەڕەتی یان "زامن"ی ئەوە. ئەڕیستۆتێلیس بە واژەی جیاواز گەوهەر ڕوون دەکاتەوە: سرەوتوو، زامنی ئەدگارەکان، فۆرمی نێو ماتەری (کەرەسە)، یان تاکە شت. کاتێک ئەدگار بەندە بە گەوهەرەوە، ئەوها گەوهەر تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە. بۆ نموونە تێگەی "مرۆڤ" گەوهەرە، وەلێ تێگەی "نەخۆش"، یان "مووڕەش"، بەڕێکەوتە و ئەدگاری لکاوە بە مرۆڤەوە.
ئێپیستێمۆلۆگی: تیۆریی مەئریفە.
کلاسیکی: لە تێگەکەدا وشەی "کلاس" هەیە، واتا پۆل، چین، ی سەرەوە؛ واتای مەغزایی واژەکە ئەوەیە کە شتێک کۆن نابێت، لە سەردەمانی درەنگتریشدا هەنووکەیەتیی خۆی دەهێڵێتەوە، بۆ نموونە شانۆنامەکانی سۆفۆکلێس. کەواتە ناشێت کەسێکی "تەقلیدی" ناوبنرێت کلاسیکی.
ڕژان (ئێماناسیۆن): سەرجەم بوونەوەر لە "یەک"ی (ئەلئەحەدی) سەرچاوەییەوە دەڕژێت بەبێ ئەوەی "یەک" خۆی بگۆڕرێت. ئەمە پێچەوانەی کرداری ئافراندنی جیهانە لە لایەن خودایەکی ڕەهاوە کە ئایینە ئاسمانییەکان وەک بنەما دایدەنێن. وەلێ ڕژانەکە پلەییە، لای پلۆتین بەم چەشنە: "یەک" یان خودا ڕەهایە، نە هۆشە و نە دەروون، نە لە ڕاوم (فەزا) و نە لە کاتدایە. یەک سەرەتا لە خۆیەوە هۆش (نووس) بەردەدات کە دووانەیە، چونکە گەر ناسین (مەئریفە) هەبێت، ئەوا ناسراویش هەیە. ئەوجا هۆش درێژە بە ڕژان دەدات، سەرەتا ئیدێکان دروست دەکات و وەک پێشوێنەى دروستکردنی جیهان و تاکەکان وەریان دەگرێت: ئەو سەرەتا دەروونی جیهان دادەنێت و تێیدا هزر سەرهەڵدەدات. تاکە دەروونەکان لەنێو دەروونى جیهاندا بەتەواوکراوی هەن و بۆیە هاوسۆزانە پێکەوە پەیوەندن. دەروون نێوەندێکە لە نێوان کایەى هۆشەکى (یەک، هۆش، دەروون) و کایەى سروشتیدا (دەرکیدا). لەبەر ئەوەی دەروون سەرجەمێکە، ئەوا لە یەک-ەوە نزیکە، لەبەر ئەوەی لە لایەکى دیکەوە ڕوو دەکاتە کەرتەکان، ئەوا لە زۆرێتى نزیکە. سروشت نزمترین پلەى دەروونە، ئێستا دەروون خۆى بە لەشێک داپۆشیوە. لەبەر ئەوەی سروشت دەروێنەى کایەى هۆشەکییە (ئینتێلیگیبلە)، ئەوا کامیلە. ئێستا هەروەها ڕاوم (فەزا) و کات دێنە ئاراوە. دەروون لە خۆدا ئازادە، بۆیە لەنێو خۆیەوە هۆى نوێ دادەنێت. دوایەم پلەى ڕژان ماتەرییە (کەرەسەیە) کە پۆزەتیڤ نییە، بەڵکو پرنسیپى خراپەیە و دژەتەوەرى یەک-ی سەرچاوەییە. وەلێ پلۆتین داوا دەکات کە گەرەکە سەرجەم ئەوەى دروست بووە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆ لاى دەرچەی خۆی کە یەک-ە، گەڕانەوەکەش بەڕێى تاکەدەروونەوە ڕوو دەدات. دەروون بە چوونی بۆ نێو لەش گوناهبار بووە، ئێستا گەرەکە خۆى لە لەش ئازاد بکات، لەتەک هۆشدا یەک بگرێت و خۆى بە هۆش ڕۆشن بکاتەوە، لەتەک ئیدێکانى هۆشدا و لە کۆتاییدا تەنانەت لەتەک خودى یەک-ى سەرچاوەییدا ببێت بە یەک.
بڕوانە:
Johannes Hirschberger: Geschichte der Philosophie. Band 1. S. 293ff. Herder. Freiburg am Breisgau.
سپێکولاسیۆن: لاتینییەکان بەرانبەر تیۆرییا (لێڕوانین)ی گریکی دایان نا، واتا ڕوانینی هۆشەکی لە کرۆک کە نائەمپیرییە.
تڕۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست