بۆچی پێ دەکەنین؟ دەروونناسی پەرەسەندنەکی چیمان پێ دەڵێت؟
Monday, 16/09/2024, 19:40
"پێکەنین ئامرازێکە وامان لێ دەکات پتر بەرگەی ژیان بگرین." چارلی چاپڵن
پێکەنین کاردانەوەیەکی سروشتییە بەرانبەر بە ڕووداوە پێکەنیناوییەکان، شێوازێکە لە دەربڕینێکی ئاشکرا بۆ هەستکردن بە خۆشی و شادی، هەندێ جاریش بۆ هەست و نەستی دیکەی جیاجیا. ئەو دەربڕینە هێمایەکە بۆ دەرخستنی هاوسۆزی و تێکگەیشتن، بەدرێژایی مێژووش بووەتە یەکێک لە گرینگترین ئامرازەکانی پێوەندی کردن لە نێوان مرۆڤەکاندا.
پێکەنین نەک تەنیا سنووری کۆمەڵگە مرۆییەکانی جیهانی تێ پەراندووە، بەڵکوو ئاستی جۆرەکەشی بڕیووە، لەبەرئەوەی هاوشێوەی مرۆڤ لەلای مەیموونەکانیشدا بوونی هەیە. ئەمەشیان بەڵگەیەکە کە پێکەنین تایبەتمەندییەکی پەرەسەندووە لە مەیموونە باڵاکان، ئەو کۆمەڵەیەی لەتەک شیمپانزی و گۆریلا و ئۆرانگوتان مرۆڤیش بەشێکە لێی، هەموو ئەو جۆرانە پێکەنینیان لەڕێی بۆماوەیەوە لە پێشینە هاوبەشە کۆنەکەیان بۆیان گوێزراوەتەوە پێش چەندان ملیۆن ساڵ.
ئەو کاتەی پێشینەکانمان بەپێکەوەیی بوون بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و بەرفرەوان، ئەوا چۆنەتی پێوەندییان بەیەکەوە شێوازێکی تایبەتی دەخواست بۆ پترکردنی هەلی مانەوە. لەو دەمەدا کرداری پەرەسەندن ناچار بوو بۆ هەستکردنی تاکەکان بە گرینگی هاوپەیمانەتی و هاریکاری نێوانیان، جۆرە دەربڕینێکی کاریگەر بهێنێتە ئاراوە بۆ نەوەنانەوە و درێژەدان بە مانەوەیان لە ژیاندا.
هۆکارەکانی پێکەنیمان چین؟
ئێستەش با هەوڵ بدەین بگەینە ڕاڤە، یاخۆ وەڵامێک بۆ پرسیارە سەرەکییەکەمان ئەویش: بۆچی پێ دەکەنین؟
تۆژینەوەکانی ئەم دوایییانە پێمان دەڵێن، منداڵی ساوا 17 ڕۆژ پاش لەدایکبوونییەوە دەست بە پێکەنین دەکات. هەموومان توانی پێکەنینمان تێدا هەیە، وەک چۆن کۆرپەکانمان دەکارن پێ بکەنن پێش ئەوەی فێرە ئاخاوتن ببن، تا ئەو ڕادەیەی منداڵە کەڕ و کوێرەکانیش دەتوانن پێ بکەنن. کەواتە پێکەنین شتێکی سەرەتایییە، هەرچەندە مرۆگەلەک هەن پتر لەوانەی دیکە پێ دەکەنن، ئەگەری زۆرە ئەمەش بۆ هۆکارە جینەکییەکان بگەڕێتەوە.
پڕۆفیسۆری دەروونزانی و پسپۆڕ لە دەمارناسی ڕۆبەرت پرۆڤاین (Robert Provine)، گەیشتە دەرنجامێک کە زۆرینەی پێکەنینەکانمان کاردانەوە نییە بۆ شتێکی پێکەنیناوی. ئەمەش لە ئاکامی ئەو تۆژینەوەیە بوو خۆی و چەند خوێندکارێکی تێیدا سەرنج دەدەنە ڕەفتار و گفتوگۆی خەڵکان لە شوێنەگشتییەکاندا، بۆیان بەدەر دەکەوێت ڕێژەی تەنیا 10-20% لە کۆی 1200 دیمەندا، پێکەنینەکان بۆ شتگەلەک بووە کە مایەی پێکەنینن. لەو تۆژینەوەیەدا بەچاکیش ڕوون دەبێتەوە، ژنان گەلەک زیاتر لە پیاوان پێ دەکەنن (126%).
بۆ دەستنیشان کردنی چییەتی و هۆکارەکانی دیاردەی پێکەنین، زاناکان لە کۆنەوە هەوڵیان داوە بگەنە وەڵامێکی گونجاو، بەکورتی ئاماژە دەدەن بەم چەند ڕاڤەیە؛
1- بیردۆزی دژبەری، یاخۆ دژکاریی (Incongruity juxtaposition): پێکەنین لەلای فەیلەسووفی ناودار کانت ئەو دەمە ڕوو دەدات، لە گرژی پێشبینیکردنەوە بەرەو هیچ دەچین. ئەمەشە هێزی نوکتە و گاڵتەوگەپە میللییەکان کە زۆربەی جار بە ڕووداو و چیرۆکێکی ڕاستەقینە و دوور لە گاڵتە دەست پێ دەکات، پاشان بە شتێکی گاڵتەجاڕ و نائومێدکەری چاوەڕواننەکراو کۆتایی پێ دێت.
2- بیردۆزی باڵادەستی (Superiority): ئێمە پێ دەکەنین لەبەر هەستی خۆبەزلزانین و بەرزیی و باڵادەستیمان. ئەریستۆ پێی وایە، کاتێک مرۆڤانێکی پووچ و ناشیرین و دەبەنگ دەبینین پێکەنینمان پێیان دێت، هەست بەخۆمان دەکەین کە چەندە باڵاتر و مەزنترین لەوان.
3- بیردۆزی کەمکردنەوە، یاخۆ ئارامبوونەوە (Relief): پێکەنین لەلای ڕابەری دەروونناسی فرۆید هاوشێوەی خەونەکانە، ئامرازێکە بۆ ئارمبوون و ئازادکردنی وزە دەروونییە شاراوە و چەپێنراوەکان.
پێکەنین لەڕوانگەی پەرەسەندنەوە
لەگەڵ ئەوەی ئەم چەند بیردۆزەی ئاماژەیان پێ درا، دەتوانن هۆکاری هەندێک جۆرە پێکەنینمان بۆ ئاشکرا بکەن کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەیان بینین، بەڵام بۆ زۆربەی ئەوانەی دیکەی باو و ناسراو هیچ ڕاڤەیەکی گونجاویان نییە.
بەگوێرەی دەروونناسی پەرەسەندنەکی، ماتیۆ گێرڤەیس (Matthew Gervais) شارەزا لە پەرەسەندن و بواری هەڵکۆڵدراوەکان، لەگەڵ مامۆستاکەی پسپۆڕ لە زیندەوەرزانی پەرەسەندنەکی دێیڤد سلۆن ویلسن (David Sloan Wilson)، تۆژینەیەک بڵاو دەکەنەوە کە پشت دەبەستێت بە تۆژینەوەیەکی پێشووتری پزیشکی فرەنسی گويوم دوشێن (Guillaume Duchenne)، بە ڕای ماتیۆ و ویلسن پێکەنین لەلای مرۆڤ بە دوو قۆناخ پەرەی سەندووە لە مێژووی پەرەسەندنیدا.
- یەکەمیان: پێش ئەو ماوەیەی دەکەوێتە نێوان 2 تا 4 ملیۆن ساڵ، پێکەنین پەرەی سەندووە بەشێوەی کاردانەوەیەک بۆ شتێکی پێکەنیناوی، ناویان نا بە پێکەنینی دوشێنیی (Duchenne laughter)، ئەم جۆرە پێکەنینە ڕاستەقینەیە سەرەتا لەلای سەرەکییەکان (Primates) سەری هەڵدا لە کاتی شەڕکردن بە مەبەستی یاری و گاڵتە، وەک هێمایەک کە هەموو شتەکان بەچاکی بەڕێوە دەچن و دۆخەکە ئارامە و پێداویستەکانی ژیان بەردەستن، هیچ مەترسییەکی هەنوکەیی و سەرچاوەیەکی هەڕەشە لەگۆڕێدا نییە، بۆیە ئازادیت ئەگەر پێت خۆشە یاری بکەیت.
- دووەمیان: دوای سەدان هەزار ساڵ لە پێکەنینی جۆری یەکەم پەرەی سەندووە، هۆکاری ئەمەیان ناوەستێتە سەر شتێک کە مایەی پێکەنینە، پێی دەگوترێت پێکەنینی نادوشێنی non-Duchenne laughter))، ئەم پێکەنینە ساختەیە، یاخۆ ناڕاستەقینەیە دەرەنجامی پەرەسەندنی مرۆڤە لەلایەنی هۆشمەندی و زانین و ڕەفتارەوە. بەو واتایەی مرۆڤەکان هەڵساون بە لاسایی کردنەوەی پێکەنین لەنێوان خۆیاندا بۆ بەرژەوەندی و گەیشتن بە ئامانجە باشەکانی ئەو دەربڕینە، بۆ ئەمەش پێکەنینیان بەکار هێناوە بۆ داواکردنی یارمەتی، یان بەخشنی چێژ و خۆشی بە کەسی بەرانبەر، زۆر جار بەمەبەستی سوودگەیاندنێکی دووسەرە، بەڵام هەندێ جاریش لەپێناو خراپەکاری و یاریکردن بە هەست و سۆزی بەرانبەرەکەیان بووە.
کار و فەرمانەکانی پێکەنین
بەگوێرەی زۆربەی تۆژینەوەکان، گرینگترین فەرمانەکانی پێکەنین لەم سێ خاڵە سەرەکییەدا چڕ دەکرێنەوە؛
- پێکەنین هێمایەکی کۆمەڵایەتییە: پسپۆڕی ناوبراو پرۆڤاین ئاماژە بەوە دەدات کە پێکەنین نیشانەیەکی کۆمەڵایەتییە، هاوتای خوێندن و جریوەی باڵندەکانە. پێکەنین بووەتە ناسنامەی ئێمە وەک ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی، بەبێ ئەم دەربڕینە توانی پێوەندی کردنمان بە کەسانی دەوروبەرمان نابێت. هەر بۆیە لێکۆڵەرەوەکانی ئەم دوایییانە بینییان، مرۆگەلەکان 30 هێندە پتر پێ دەکەنن ئەو دەمانەی بە کۆمەڵن. ئەمەشە نهێنی نرخ و بەها بەرزەکەی ئەکتەرە کۆمیدییەکان لەلای جەماوەرێکی پان و بەرینی زۆربەی کۆمەڵگەکاندا. لەسەر ئەم بنچینەیە بیردۆزی مێشکی کۆمەڵایەتی (social brain hypothesis)، پێی وایە پێکەنین و زمان دوو ئامرازی بنەڕەتین بۆ پتەوکردنی پێوەندی نێوان تاکەکان و گەشانەوەی کۆمەڵگەکان. تا ئەو ڕادەیەی هەندێک دەڵێن ئۆکسیدی نیترۆز (گازی پێکەنین)، کاریگەری کەمتر دەبێتەوە ئەو کاتەی هەڵی دەمژین کە بەتەنیاین.
- پێکەنین بۆ سێکس و هاوسەرگیری: تۆژینەوەکان سەلماندوویانە پیاوان زیاتر ئەو ژنانە پەسند دەکەن کە گاڵتەوگەپەکانیان پێ خۆشە و گرینگی پێ دەدەن، ژنانیش حەزیان بەو پیاوانەیە بە پێکەنینیان دەهێنن. بۆ دڵنیابوون لە جیاوازییەکی گەورەی نێوان دوو ڕەگەزەکە لە ڕێژەی پێکەنین، پرۆڤاین و هاوەڵەکانی سەرنج دەدەنە نێزیکەی چوار هەزار کەس لەوانەی بانگەواز بڵاو دەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی هاوسەرێک، زۆرینەی ژنەکان هاوسەرێکیان دەویست خولیای گەڵتە و پێکەنین بێت، بەهەمان شێوە پیاوەکانیش دەیان گوت ئێمە لەو پیاوانانەین کە زۆر گاڵتەوگەپان دەکەین. تۆژینەوەی دیکەش هەن بۆ ئەم بابەتە، کاتێک گوێ دەگرن لە گوتە و گفتوگۆی ئاسایی نێوان ژنان و پیاوان بۆ یەکەمین جار، دەبینن هەر ژنێک بە دەنگێکی بەرز پێکەنی بێت، زیاتر سەرسام بووە بە پیاوەکەی گفتۆگۆی لەگەڵدا کردووە و بە پێکەنینی هێناوە. پیاوەکانیش پتر گرینگییان داوە بەو ژنەی بەدڵسۆزی و لە ناخەوە لەگەڵیاندا پێ دەکەنێت.
- پێکەنین بۆ زاڵبوون: چەندان لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر گەیشتوون بەو ڕایەی کە سەرۆک هۆز و گەورەی بنەماڵە و بەرپرسە باڵاکان، پتر پەنا دەبەنە بەر گاڵتە و پێکەنین لەوانەی دیکەی نزمتر لە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی، بۆ زاڵبوون و وروژاندنی سۆزی تاکەکانی کۆمەڵەکەیان.
بەرلەوەی بێینە سەر سوودەکانی پێکەنین پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، پێکەنین وەک تەنینەوە و گرتنەوەی نەخۆشییە و هاوشێوەی باویشکدانە، بەوەی هەر دەمێک یەکێک باویشک بدات ئەوانەی دیکەش دەگرێتەوە. ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی دی بۆ پشتەوانی لە بیردۆزی هۆشەکی کۆمەڵایەتی بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەی پێکەنین.
ئەوەی جێی سەرنجە، لە ساڵی 1962دا لە وەڵاتی تەنزانیا لە خوێندنگەیەک سێ کچ دەست بە جۆرە پێکەنینێک دەکەن کە ناتواندرێ بەئاسانی کۆنترۆڵی بکرێت، پاش چەند مانگێکی کەم زۆربەی پۆلەکەیان هەمان جۆرە پێکەنین دەیان گرێتەوە. سێ کچە خوێندکارەکە دەردەکرێن، بەمەش زیاتر و بەهێزتر دەتەنێتەوە و دەگاتە ئەفریکای ناوەڕاست، دوو ساڵ نیو دەخایەنێت تا بەتەواوی نامێنێت، بەڵام دوای ئەوەی نێزیکەی هەزار کەس تووشی ئەو شێوازە پێکەنینە دەبن.
هاوشێوەی ئەمە جۆرە پێکەنینێکیش هەیە بەندە بەو ساتانەی نائارامی و دڵەڕاوکێ زێدە دەبن، لە نموونەی مردنی کەسانی نێزیک و کەوتن و دەرنەچوون لە تاقیکردنەوەی فێرگە و خوێندنگەکان، کەسەکانی دووچاری دەبنەوە ناچار و بەبێ ویستی خۆیان پێکەنین دەیان گرێت بەشێوەی هەوڵێک بۆ هێوربوونەوە و کەمکردنەوەی شڵەژان، زۆر جاریش پێیان ناکرێ پێکەنینەکەیان بوەستێنن و خۆبەخۆ دەگۆڕدرێت بۆ گریان.
سوودەکانی پێکەنین
پێکەنین بەشێوەی دەربڕینێک و کاردانەوەیەکی خۆنەویست دەرەنجامی بارێکی هەستەکی و هۆشەکی دیارکراوە، دەبێتە هۆی هەناسەدانەوەیەکی پچڕپچڕ بەشێوەی (هەهەهە - هیهیهی – هۆهۆهۆ). ئەو دەمەی مرۆڤ پێ دەکەنێت 17 ماسوولکەی ڕوو و بە کۆی 80 ماسوولکە لە لەشیدا دەجووڵێنەوە.
ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تۆژینەوەی جۆراوجۆر کراوە لەبارەی پێکەنین، زۆرینەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کردارێکە گەلەک سوودی هەیە هەم بۆ لەش و هەمیش بۆ هەست و هۆش و باری دەروونیی. پێکەنین دەتوانێت یاریدەی تووشبووان بە خەمۆکی بدات و بیرۆکەی ناخۆش و مەترسیدار لە مێشکی نەخۆشەکان بسڕێتەوە، فشاری دەروونییش کەم بکاتەوە لەڕێی نزم ڕاگرتنی بڕی ئەو هۆرمۆنانەی لەکاتی دڵەڕاوکێدا دەردەدرێن، هاوکات توانی بەرگریکردنیان لەلادا بەهێز بکات.
پێکەنین خێرایی هەناسەدان پتر دەکات و ڕێژەی ئۆکسیجنی دەچێتە ناو سییەکان بەرز دەکاتەوە، بەمەش کار و فەرمانەکانی دڵ باشتر دەبێ و خوێنبەرەکان نەرمتر دەبن، هەروەها ڕێگری لە هەڵکشانی پەستانی خوێن و نەخۆشییە باوەکانی دڵ دەکات. بە پێکەنین کۆئەندامی دەمارەکیی ئێندرۆفینمان (Endorphin) پێ دەبەخشێت، ئەو هۆرمۆنەی ناو دەنرێت بە هۆرمۆنی شادی، یان بەختیاری کە هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازار و پێدانی هەستێکی خۆش و ئارامبوونەوە. لە ئەزموونگەکاندا سەلمێندراوە کە تێپەڕبوون بە ماوەیەک لە پێکەنینێکی ڕاستەقینە کاریگەرییەکەی نێزیکەی 45 خوولەک لە لەشی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە، لە ئاکامدا کردارە مێشکییەکان باشتر و چالاکتر بەڕێوە دەچن و ئاستی فەرمانە هزرییەکان بەرزتر دەبنەوە، وا لە کەسەکان دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ زانیاری وەرگیراو لە بیرەوەریاندا گل بدرێتەوە و بپارێزرێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین دەمێکە چەندان نەخۆشخانە و نێوەندەکانی چارەسەری، پەنا دەبەنە بەر شێوازێک کە ناسراوە بە چارەسەر بە پێکەنین (کەپسولەکانی پێکەنین). گەلەک جۆری جیاجیای هەیە چی بۆ یەک نەخۆش بێت، یان کۆمەڵە نەخۆشێک پێکەوە، لە بەکارهێنانی بەرنامە و زنجیرە تەلەفزیۆنییە کۆمیدییەکان، فلمەکان، چیرۆک و ڕۆمانەکانی هاندەرن بۆ پێکەنین. چارەسەری دیکەش هەن لەڕێی ئەکتەری گەپجاڕ، یان گاڵتەجاڕ (Clown)، لەمەدا کەسی گەپجاڕ دەبێتە بەشێک لە چارەسەری و بە ژووری نەخۆشەکاندا دێت و دەچێت و کۆمەڵێک لە چالاکی دڵخۆشکەر و پێکەنیناوی ئەنجام دەدات. سوود و بەها بەنرخەکەی ئەمە پتر لەوەدایە چارەسەرێکی ئاسان و سروشتییە و پێویستبوون بە داو و دەرمان کەمتر دەکاتەوە، هەمووشمان دەزانین دەرمان نییە کاریگەری لابەلا و خراپی نەبێت. لێرەدا پزیشکەکان هەڵ دەستن بە کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان ئامادەکردنی فایلێک بۆ ئەو شتانەی نەخۆشەکە دەهێنێتە پێکەنین، دوای ئەوە دەبێ نەخۆشەکەی ئەم جۆرە چارەسەرەییەی پێ خۆشە، مەشق و ڕاهێنانی لەسەر بکات.
بە تێکڕای ئەم سوودانە و ئەوانەی پشتر لێیان دواین، لە ڕۆڵی پێکەنین بۆ پتەوکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەپێدانی کاری هەرەوەزی و هاریکاری نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە، زۆر گرینگە هەردەم هەوڵ بدەین پێ بکەنین، ئەگەرچی کاردانەوەیەکیش نەبێت بۆ گاڵتە و گەپێک، یاخۆ دیمەنێکی پێکەنیناوی.
...................................
سەرچاوەکان؛
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست