بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


ڕەش و سپی

Monday, 16/09/2024, 10:30


ئێمە لە کوردستانێکدا دەژین، ڕەش کراوە بە سپی و سپیش بە ڕەش.

پایەکانی نیشتمانیبوونیان گۆج کردووە، واتای وشە بەنرخەکان بێ نرخکراون، دڵسۆزیان خستۆتە خانەی ناپاکی و ناپاکیش پلەی شانازیبوونی پێ بەخشراوە.
ئەمانەی باسمانکرد مشتێکیش نییە لە خەرواری قەباحەتەکانی پارتی نادیموکراتی کوردستان.
ئاخر دەبابەی کام وڵاتی داگیرکەر ماوە سەرانی پارتی بە ئاڵای زەرد و ڕەشی خومەینییەوە، بە ئاڵای زەردی خۆیان و سووری ئەتاتورکەوە و بە ئاڵا زەردەکەیان و ئاڵای سەردەمی ڕژێمی سەدامەوە، بە هاوبەشی کوردیان نەکوشتبێت!

کامە لۆژیک و ویژدان دەتوانێت ئەو هەموو خیانەت- ناپاکیەی پارتی بارزانی بشواتەوە.

میکرۆبی ئەو پەتایەی بارزانی باوک بڵاویکردەوە، نەک هەر تەنیا پارتی، تەنانەت ئەو حزبانەشی ڤایرۆساوی کرد کە لە نێو هەناوی پارتیدا ئیجادبوون و جیابوونەوە.
لە ۳۳ ساڵی دەسەڵاتە کەڵەگاییەکەیاندا، کار لەسەر داپلۆسین و پەرچقاندنی خەڵک دەکەن، هەوڵدەدەن کوردایەتی و ئازادی و وڵاتپارێزی بخەسێنن، بوون بە تەواوکەر و چاوساغی سیاسەتی لەناوبردنی بەها ئەخلاقی و نەتەوەییەکان کە داگیرکەرانی کوردستان بە وردی بەرنامەیان بۆ داڕشتووە.
وڵاتیان تاڵانکرد و خاکی کوردستان دەفرۆشن، کەچی هێشتا وەک منەتی کوردایەتی بە خەڵکی دەناسێنن.
ئەو هەویرە ئاوی زۆر کێشا، دڵنیابن ئیدی ئەو ڕۆژە نزیک بۆتەوە بکەونە بەر پەلاماری تووڕەی خۆڕسکانەی خەڵک.
هەموو دیکتاتۆر و زالمەکان وایان دەزانی تا سەر دەمێننەوە، بەڵام دەیان نموونەی لەو دیکتاتۆرانەمان بینی کە چۆن تەخت و تاراجیان کەوتە ژێر پێی خەڵک و خرانە زبڵدانی مێژووەوە.
وا دیسان پرۆسەی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، پارتی و یەکێتی لەڕاگەیاندن و لێدوانی سەرانیان یەکتر تاوانبار دەکەن، لە ڕاستیدا هەردوو بنەماڵە و حزب تەنیا لەوەیاندا ڕاستگۆن کە پاشەڵی تاوانەکانی یەکتر هەڵدەدەنەوە، لە خیانەت، دزی، گەندەڵی و خۆفرۆشیدا، دەبێ دانبەوەشدا بنێین کە ئەوان هەردوو لایان لەم بابەتەدا تۆمەت بۆ یەکتر هەڵنابەستن، بەڵکو ڕاستیەکانی یەکتر ئاشکرا دەکەن کە شاراوەش نینە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە