بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


شانازی ٣١ ئاب و زێرە زێرەی سەرۆک

Monday, 16/09/2024, 19:16


ئەوەی جێی نامۆو شەرمە ، ئەوەی جێی سەرشۆڕیە بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی، کە شانازی بکەن بە ھێنانی ھێزی داپڵۆسێنەری پۆستاڵ لەپێی سەربازی عێراقی بۆ سەر خاکی کوردان ، ئەو ھێزەی جینۆسایدو ئەنفال و ھەڵەبجەو ئەمنە سورەکەو ئەبوغرێب و ئەنفالی بەرزانیەکان و تەعریب کردنی خاکی کوردستان  گولەبارانکردنی گەنجی کورد لە حامیەی سلێمانی لە ئەستۆیە. 
ئێستا بارزانیەکان و ھەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان تەرخان کردووە بۆ جوان کردنی ئەو ڕوڕەشیەو خیانەتەی بەسەر کوردستانیان ھێنا.
شانازی کردن بە جاشایەتی و خۆفرۆشی حزبی پارتی نامۆ نیە کە لە ئێستای ئەمڕۆمان بەشێوەیەکی دی ڕێنیشاندەری درۆنی ھێزی بێگانە دەکات لەبۆ بۆمبارانکردنی ھاوڵاتیانی کوردستان و ھێنانی لەشکری دوژمنانی کورد.
چەند شەرمە خیانەت بە دەسکەوت ھەژمار بکەیت و لەوە شەرمەزارتر ئەوەیە شانازی پێوە بکەیت. 
ھەولێر شاری بێ ئاوی بێ کارەبا لافاوی زستان و بەدوکەڵ خنکاو ،ھاوڵاتیانی  تۆقێنراو بێ ئازادی ، پاڵاوگەی پڕ خێر بۆ نەوەی بارزانیەکان ،ھاوڵاتی بێ موچە و حکومەتێکی فاشلی ماڵە بارزانی.

پارتیەکان کە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکی کوردستان

 پێک دێنن زۆر بە "سەرۆکمان زێڕە ڕوناکی چاوە  کاکە سەدامە گلێنەی چاوە" شاگەشکە بوون و لەژێر ھوتافی زێڕە سەدام زێڕە لولەی دەبابەی حزبی بەعسی فاشست کە بەیەکێک لە گەورەترین خوێن ڕێژەکانی سەدەی بیست ناسراوە بێننە سەرخاکی کوردستان و شانازی پێوە بکەن! 
عەقڵیەتی ئەم حزبە بەجۆرێکە ھەرگیز یەک ناگرێتەوە لە حزبە مۆدێرنەکانی سەدەی بیست و یەک و بەداخەوە لەژێر ھەژمونی چەک و کوشتن و زیندانی حوکمی کوردان دەکات لە باشوری کوردستان.
ئەم کارە قێزەونەی پارتی بووە ھۆی خۆشکردنی ئاگری شەڕی برا کوژی و پڕیشکی زیاتری ھاویشت تا ئێستاش ئاسەوارەکانی بە ئاشکرا دیارەو ناسەقامگیری لە ناوچەکە دروست کرد،بەڵام پارتی کەی ئەو حزبەیە ھەست بە لێپرسراوی بکات بەڵکو بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و نەوت و دۆلار ئامادەی ھەموو شتێکە دەرحەق بەکوردەکان بیکات! 
٣١ ئاب تاڵانی و کوشتار و دەست درێژی بۆ سەر ھاوڵاتیان و زیندانی کردنی نھێنی و سەرونگوم کردن بەشێکی تری شانازیەکانی ئەو ڕۆژیە کە پەڵەیەکە بە ناوچەوانی پارتیەکان و مێژوو تۆماری کردووە.سەڕەڕای ئەوەی ھەولێر بۆتە دابەش بونی دوو چینی کۆمەڵگە کەئەمەش غەدرێکی گەورەیە لە پایتەخت ڕوو دەدات.
ئەوەی شایەنی باسە بوترێت،پارتی و یەکێتی ھەردووک پشکی شێریان بەردەکەوێت لە خاک فرۆشتن و ھێنانی دەستی بێگانە و لە بەتاڵان بردنی خاک و  خێری کوردستان ، ھەردوکیان گەورەترین دوژمنی میللەتی کوردبوون بە درێژای بەوەنیە خۆیان کوردن وە بەھیچ شێوەیەکیش ڕوویان سپی نابێتەوە و ھاوڵاتیان ڕابردووی ھەردوولایان باش دەبینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە