سی ویەکی ئاب، چەند پلە لە ژوور خیانەتەوە!
Thursday, 12/09/2024, 21:29
ئەگەر دەستەی مەلاییەکان، کارخانەیەکی بەرهەمهێنان و دروستکردنی کڵاشیان بەرێوەببردایە، کەس باسی نە دەکردن.
ئەگەر دەستەی جەلالییەکان، کارخانەی درووستکردنی دۆشاوی تەماتەیان، بەڕێوە ببردبایە، کەس باسی نەدەکردن.
ڕەنگ بوو خەڵکانێک ئەوانەی بەرهەمی ئەم دوو کارخانەیەیان بەکار دێنا، سەبارەت باشی و خراپی بەرهەمەکانیان قسەگەلێکیان بکردبایە.
بەڵام کە لە مێژووی بوونی ئەم دوو دەستەیە ورد دەبیتەوە، دەبێت بەهێز و خۆڕاگربیت بۆوەی نەڕشێیتەوە، لیستەی خیانەتەکانی ئەم دوو دەستەیە،
هەموو ساڵێک یا شەش مانگ جارێک دەبێت، نوێبکرێتەوە، ئەوان زۆر چالاکن لە بەرهەمهێنانی خیانەتمەندیی و دەتوانین بڵێن، لەم بوارەدا ئەوان بێ ڕکابەر و خاوەنی براندی خۆیانن.
بۆ نموونە دەستەی مەلایی لە ساڵی ١٩٦٤ وە ئەم مۆدێلانەیان بەرهەمهێناوە:
• ئاسایکردنی کرداری کوشتنی کوردێک لەلایەن کوردێکی ترەوە و مامەڵەکردن بە جەستە بێگیانەکەیەوە لەگەڵ دوژمنانی دێرینەی نەتەوەی کورددا کە بە گوڵلە بارانکردنی شەهید سڵیمانی موعینی و هاوڕێکانی ڕچەکەیان شکاند. بەمە جۆرێک لە ئەدەبی پەروەردەکردنی حیزبییان بۆ لاوەکان داهێنا کە نایاب بوو، بەر لەوان کەس ئەوەندە لە مرۆڤ بوون دانەبەزی بوو، ئەوەندەش لە کوردبوون نەشۆرابۆوە کە تا ئەو ڕادەیە بێڕێزی بە ژیانی کوردێکی ئەو دیوو و ئەمدیوو بکات، چەندین جار تاوانەکە قێزەونتر دەبێت کە کاک سڵیمان، کوردێکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانە، بە بڕوابوون بەوەی کە کوردستان ماڵە گەورەکەی هەمووانە و بێ دوودڵی و پرینگانەوە، بۆ ڕێکخستنێکی کاتی دێتە دەڤەری باشوور و لە خۆی دڵنیایە و باوەڕی وایە کە لەوێ هاوکار و پشتیوانی هەن و بەهانایەوە دێن و پارێزراوە، بەڵام سەد ئەفسووس شەهیدکردنی ئەو و هاوڕێکانی بووە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ کوشتنی کورد بەدەستی کورد، من باسم کردووە کە لەم پیلانەدا ساواک، حیزبی توودە، لە ئەندامانی سەرکردەیەتی پدکی/ ئێران و سەرکردەیەتی پدکی/ عێراق، هاوبەشبوون، بگەڕێوە بۆ وتاری........ .
• کەرتکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە (خەڵک بەدڵ پێیان وابوو کە بە کوردایەتییەوە خەریکابوون)
بەڵام لە بنەوە ڕا سەرکردەیەتی هەردوو لاکەیان، خەریکابوون بە وەرگرتنی پۆستی سەرکردەیەتی کردنی خەڵکەکەوە، کە بازرگانییەکی فراوان بوو، لە پاشاندا ماکەکانی دەرکەووتن، لە فۆڕمی جودای کارەسات دوای کارەساتدا.
• داهێنان و ئاسایی کردنی جاشایەتی و چەک هەڵگرتن و خۆ لەپاڵ دوژمن نان، کە سی و یەکی ئابی ماڵباتی مەلا مستەفا تاجی سەری ئەم داهێنانەیە، لە مێژووی نەتەوەکەدا بێ وێنەیە، جا ئیتر هەر ناوێکی لێ دەنرێت و هەر بەهانەیەکی بۆ دەهێنرێتەوە.
• لە ناوبردنی هەموو نەیارانی خۆیان، دوورەکان وەک سۆرانییەکان ( سۆرەی ..... دەر.) یا خۆییەکانیان وەک ماڵباتی کاک "فاخیر مێرگەسووری" و ڕۆشنبیرانی دەڤەری بادینان.
• جاڕدانی ئاشبەتاڵ و خڕکردنەوەی خەزنەی شۆڕش و بردنی لەگەڵ خۆیان بۆ ئێران و بەدەستەوە دانی زۆرینەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وخەڵک و بەجێهێشتنیان بۆ دوژمنی بەعس.
• بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئەگەر شۆڕشیان پێ نەکرێت، دەتوانن شۆڕش تێک بدەن، وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هەر کوردێکی خەیاڵی ئەوەی هەبێت پاش ئەوان بداتە شاخ و چەک بەرانبەر بە دوژمنانی کورد هەڵبگرێت.
بیرمەندی نەتەوەکە مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " هەرە زۆری ئەو سیاسەتمەدارانەی کورد کە ناو و مەرکەزێکیان هەبوو تێکشکانی گشتیان بەلاوە کەمتر تاڵ بوو لەوەی قارەمانەتی!! لە کوردەواریدا بۆ کەسێک بێت کە بەهی خۆیانی نازانن". گەشتی ژیانم/ مەسعوود محەمەد، لاپەڕە ٣٩٣ چاپی یەکەم ١٩٩٢ ستۆکهۆلم.
• بوون بە بەشێک و یەکەیەکی چالاک لەو شۆڕشەدا کە ئاخووندەکانی ئێران سوار سەری بوون و کەوای سووری دژایەتی کردنی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان پۆشی و دەستیان لە هیچ کوردێکی مێ و نێر نەپاراست لەو دەڤەرە و وەفای خۆیان بۆ دوژمنانی کورد بە ڕشتنی خوێنی کورد، دیسان سەلماندەوە.
- بارودۆخەکە چەندە لەبار بوو، کە مەلاییەکان، وەک داوای لێبووردنێک لە "کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ کارەساتەکەی گوڵلەبارانکردنی "کاک سڵێمانی موعینی" و ئاشبەتاڵ بە شۆڕشی کورد لە باشووردا، شێوانی باری سیاسی ناو ئێرانیان، بەهەل زانیبا و خۆیان گەیاندبا ناوچەکانی ژێر ڕکێفی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵات و ئەزموونی شەڕی کێفسانی خۆیان خستبا پاڵ خواست و تێکۆشانە چەکدارییە لاوەکەی ڕۆژهەڵات و ڕێگەشیان بۆ "ینک" خۆشکردبا کە ببوایەتە بنەمای ئاشتبوونەوەیەکی کوردەواری و لەیەک کاتدا بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە پێکەوە و لە دوو دەڤەردا پێشڕەوایەتی کرابا!! ئەم وردە هیوایەی من کاتێک لەناو هزرمدا خۆی ڕەپێش نا کە کتێبی " گەشتی ژیانم" ی مامۆستای بیرمەندم دەخوێندەوە، کە چ هەوڵێکی تاقەت پڕووکێنی داوە بۆ نە پچڕانی " مووی معاوییە" ی نێوان سەرکردەیەتی کورد لە باشووردا بەهەردوو باڵەکەیەوە... بێگوومان ئەمەی من هەر هیوایەکی خۆشە دوای کارەسات بەبیری مرۆڤدا دێت، بەڵام دەشتوانێ دەرسێک بێت بۆ ئێستا و داهاتوو، دەنا من لەوە تێدەگەم کە ڕەگی بەرژەوەندی کەسێتی سەرکردەیەتی حیزبی کورد، چۆن وەک ڕیشەی درەختان لە ژێرەوە لەگەڵ دەیان دەزگای ناو حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لێک ئاڵاون، لەگەڵ ئەمەشدا، هەوای نەفسی و مەستیی دەسەڵات و هەزار و یەک خوولیای دەروونی ناو ناخی مرۆڤ لەو لاوە بوەستێت. لووتبەرزیی سەرکردەیەتی تاقمەکانی ناو بزووتنەوەی کوردی بەتایبەت جەلالی و مەلایی، تا ڕادەیەک بووە، کە بێزیان نەهاتووە بۆ هیچ یەک لەو کارەساتانەی بەسەر کوردیاندا هێناوە، بەڕووی خۆشیاندا بێنن، ئەمەش مافی سەد لە سەتی داواکردنی دادگاییکردنیان (بە زیندوو و مردوویانەوە) دەدات بە نەتەوەکە، نە کای کۆنە و نەکای تازە، تاوانە و دەرهەق بە نەتەوەک ئەنجامدراوە و یاساش کۆن و تازەی نییە و عومری چەند ساڵیی نییە، دەکرێ نوێ بکرێتەوە و لێی زیاد بکرێت، بەڵام تاوان کۆن نابێت و ڕۆژێک هەر دەبێتە نێچیری بەردەم یاسای گەل.
• ئەنجامدانی کارەستانی هەکاری و کووشتی ئەو ڕۆڵانەی کورد، بەو تەرزەی کە مرۆڤ لەئاستیدا شەرم دەیگرێ و سەری سووڕدەمێنێ، کە ئەوانەی بەو تاوانە نەتەوەییە هەڵسان لە ئاوێنەدا وێنەی خۆیان چۆن دەبین و تا ئێستا چۆن ماوون و کابووسی ئەو کوشتارگەیە، چۆنچۆنایی شێت و دینی نەکردوون و لاڵ نەبوون و قسەیان بۆ دەکرێت و پێدەکەنن و دڵخۆش دەبن؟!!... ڕەفتاری لەو تەرزە هەر لە کەسانێک دەوەشێتەوە کە
گرفتاریی دەروونی زۆر ئاڵۆزییان هەبێت.
• چەند نەنگییە بۆ نەتەوەکە ئەوانە ٣٤ ساڵ لە دەڤەری باشووریدا فەرمانڕانی بەشێک لە نەتەوەکە بن، ئای کە ناشرینە، ئای کە قێزوونە!!!.
لیستەکەی تریان، خۆتان بینووسنەوە، چوونکە من نازانم ئەم دوو دەعبایانە، لە چیدا جیاوازیان هەبووە/ هەیە/ دەبێت.
ئەگەر لە سەردەمانێکدا، ئەویان زۆر و ئەمیان کەم، ئەمیان زۆر و ئەویان کەم، نەتەوەکەیان سەرگەردان کردبێت، ئەوا لە ئاکامدا هەر یەک سفرەی خیانەت و یەک خواردنی خوێناوی کۆی کردوونەوە و بوونیان بەهەزاران هەزار داو پێکەوە گرێدراوە. سی ویەکی ئابیش میدالیایەکی خیانەتێکی نەتەوەیی لە خوێنی ئەنفالەکان و هەڵەبجە درووستکراوە، وا لە ملی سەرکردەیەتی ماڵباتی مەلا مستەفادا.
---------------------
وەبیرهێنانەوە: گەل بەرپرسیارە لە ڕۆنیشتنی خیانەتمەندە نەتەوەییەکانی لەسەر کورسی فەرمانڕانی. گەل قوربانی نییە، ئەوە فەرمانڕان و سیاسییە زۆڵەکانی دەستەکانی جەلالی و مەلایی و دووکانە بچووکەکانی دەوروبەریانن کە گەل وەک قوربانی و سواڵکەر وێنە دەکەن و بۆیان دەکڕوزێنەوە، ئەوان نەتەوەکە و ئازار و خواستە ئینسانییە مەزنەکەی، وەک کارخانەی بەرهەمهێنانی ملیارد دۆلاریی دەبینن بۆیە دەستبەرداری ئەم کارخانەیە نابن کە ناویان ناوە "کوردایەتی"، هیچ بوارێکی کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوەی کورد نەماوە لەهەر چوار دەڤەرەکەیدا، کە ژەهری سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی تێ نەڕژابێت، ئەم نەخۆشییە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتیی هەیە، لە بنجەوە، هەتا نەتەوەکە ئەم سووکایەتی پێکردنە قبوڵ بکات، ٣١ی ئاب و ٦٢ی ئاب و ٩٣ی ئابەکان بەردەوام بەرهەمدەهێنرێنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست