زاناکان دەبێژن: چیاکانی زاگرۆس شوێنی بەیەک گەیشتنی هۆمۆساپیەن و نیاندەرتاڵەکانن
Thursday, 12/09/2024, 21:24
لە نوێترین تۆژینەوە زانا و پسپۆڕانی شوێنەوەراناسی دەگەنە دۆزینەوەی ناوچەیەک ئەگەری گەلەک زۆرە شوێنی بەیەک گەیشتن و زاوزێکردنی هەردوو کۆمەڵەی مرۆڤی هاوچەرخ، هۆشمەند، ژیر، یاخۆ ساپیەن (Homo sapiens) و نیاندەرتاڵ (Homo neanderthalensis) بێت.
ئەو تیمەی شوێنەوارناسان پێک هاتووە لە دوو زانای ئەڵمانی، یەکێکی دانیمارکی و ئەوەی دیکە ئێرانی، دەڤەرێک دەستنیشان دەکەن بۆ بەریەک کەوتن و تێکەڵاوبوونی ئەو دوو کۆمەڵە مرۆڤە لە چاخە دوایییەکانی پلایستۆسینی (Pleistocene).
لە تۆژینەوەکەیاندا کە لە گۆڤاری ڕاپۆرتە زانستییەکان (Scientific Reports) بڵاویان کردۆتەوە، ئاماژە دەدەن بە چۆنەتی بەکارهێنانی هەلومەرجەکانی ژینگەناسی و لکە جیاجیاکانی لە کارلێکی نێوان زیندەوەران و ژینگە فیزیکییەکەیان، دەروازەی کۆچکردنیان و دابەشبوونیان لە ناوچەکەیان، جۆراوجۆری بایۆلۆژی و هاوکاری و ململانەی ناو جۆرەکان، هاوکات بە سوود وەرگرتن لە زانیارییە جوگرافیایییەکان و بەتایبەتیش گۆڕانەکانی کەشوهەوای ئەو سەردەمانە. تێکڕای ئەمانە بۆ دیارکردنی ژیانگەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی ساپیەن، لە شوێنی نیشتەجێبوونیان و لەو ڕووبەرانەی ئەگەری بەریەک کەوتن و تێکەڵاوبوونیان تێدا بەرزە.
ژمارەیەک لە پشکنین و لێکۆڵینەوەکانی پێشوو دەریان خستووە مرۆڤەکانی نیاندەرتاڵ و ساپیەن لەگەڵ یەکدیدا زاوزێیان کردووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە شیکردنەوە جینەکییەکان و دۆزینەوەی ترشی ناوکەیی (DNA) مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەناو جینۆمی مرۆڤی ساپیەندا. بەڵام لەبەر کەمی رێژەی هەڵکۆڵدراو و بەبەردبووەکان، تا ئێستە کات و شوێنی بەیەک گەیشتن و زاوزێیان بەڕوونی نەزانراوە. زاوزێکردنی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هاوچەرخ گرینگییەکی زۆری هەیە، بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندن و پێکهاتەی بۆماوەیی و جینەکییەکانی جۆرەکەمان.
لە تۆژینەوە نوێیەکەدا بە پاڵپشتی چەندان سەرچاوە و لێکۆڵینەوە لە دابەشبوونی جوگرافیایی دوو کۆمەڵەکەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی ساپیەن لە سات و سەردەمێکی دیارکراودا (ماوەی نێوان 120 - 100 هەزار ساڵ)، زاناکان دوای بەلاوەنانی چەند ناوچەیەکی پێشنیارکراو، گەیشتنە ئەو دەرنجامەی کە ئەگەری زۆرە بەرکەوتن و زاوزێیان تەنیا لە یەک شوێندا بووبێ، ئەویش دەوروبەری زنجیرە چیاکانی (زاگرۆس)ە، لە بەشەکانی باشوری خۆرئاوای ئاسیا و باشوری خۆرهەڵاتی ئەوروپا. زاگرۆس ڕووبەرێکی گەلەک فرەوانی پتر لە 1500 کیلۆمەتر دەگرێتەوە، هەر لە بەرزایییەکانی ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە بە باکوری عیراق و باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا (کوردستانی تورکیا)*.
بەگوێرەی بیروڕای زاناکان، چیاکانی زاگرۆس دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵە مرۆیییە گەورە و جێگیرەکان لەخۆ بگرێت، هاوکات دەوروبەری ئەو زنجیرە چیایە پیادەڕۆیەکیش بووە بۆ پێکبەستن و پێوەندی جیهانی بەشی سەرووی کۆن و ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی ئەفریکا، بەمەش بڵاوبوونەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکانی گەڕانیان بەرەو ناوچەیەکی گونجاو ئاسانتر کرد لە سەختی و هەرەشەکانی چاخی سەهۆڵینی پێنجەم.
وەک بەڵگەیەکیش بۆ بەهێزترکردنی ئەم ئەگەرە، دەمێکە گەلەک تۆژینەوە سەلماندوویانە ئەو دەڤەرە ژیانگەیەکی یەکجار باش بووە بۆ نیاندەرتاڵەکانی تێدا ژیاون، لەبەر کەشوهەوایە لەبار و باراناوییەکەی کە هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەشبوونی جۆرەکان، گرینگی چیا بەرزەکانی کە وەک بەربەستێکن بۆ ڕێگرتن لە لێکترازانی کۆمەڵەکان، هەروەها بەهۆی بوونی جۆراوجۆری بایۆلۆژی لە ڕوەک و ئاژەڵەکانی لە زۆری بەروبوومی خۆراک و بژێوی چاک. بەڵگەیەکی دیکەی گرینگ لێرەدا ئەوەیە ئەم شوێنە خاوەنی گەنجینەیەکی بەهادارە لە ژمارەیەک ئێسکەپەیکەری هەردوو جۆرەکەی مرۆڤی ساپیەن و مرۆڤی نیاندەرتاڵ (ناسراوترینیان نیاندەرتاڵی شانەدەر). ئەو جێیەی "گۆڕستانی گوڵەکان"ی تێدا دۆزراوەتەو. هەر دەوروبەری ئەو ناوچانەش بوونە مرۆڤی ساپیەنی پێدا تێپەڕیوە لە کاتی کۆچکردنی لە ئەفریکاوە و دواجار لەوێدا بەیەکدی گەیشتوون. بۆیە تیمەکە پێشنیاری ئەوە دەکەن ڕێی تێ ناچێت ئەو دوو کۆمەڵەیە لەو ڕووبەرەدا کە ئەو هەموو لایەنە ئەرێنییەی هەیە بەریەک نەکەوتبن.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت، نیاندەرتاڵەکان بەشێکن لە کۆمەڵە مرۆیییەکانی پێش نێزیکەی 400 هەزار ساڵ سەریان هەڵداوە و 40 هەزار ساڵێکیش دەبێت بەیەکجارەکی بنەبڕ بوونە. بەبوونی ژمارەیەک لە بەڵگەی شوێنەوارناسی و هی دیکەی جیاجیا، بەر زیاتر لە 150 هەزار ساڵ بە دەڤەرەکانی خۆرهەڵات و باشوری خۆرئاوای ئاسیا بڵاو بووەتەوە و تێیدا نیشتەجێ بوونە.
مرۆڤی هاوچەرخی ساپیەنیش لە ئەفریکدا لە پێشینەکانییەوە پەرەی سەندووە، مێژووەکەی بۆ بەر لە 300 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بە پشتبەستن بە بەڵگە لە هەڵکۆڵدراوەکان و ئێسکەپەیکەر و شیکردنەوەی پێکهاتەناسی، مرۆڤی هاوچەرخ چەندان جار لە ئەفریکاوە کۆچی کردووە بۆ ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، بە ماوەیەک کە خۆی لە 200 هەزار ساڵێک دەدات، پێش نێزیکەی 120 هەزار ساڵ بەرەو خۆرهەڵاتی ئاسیا، بەر لە 60 هەزار ساڵێکیش گەیشتە ئەوروپا.
بەگوێرەی دەرەنجامە گرینگەکەی ئەم تۆژینەوەیە پێی گەیشتووە، دەتوانین ببێژین ناوچەکانی چیای زاگرۆس نێوەندی نیشتەجێبوونی مرۆڤی ژیر بووە پاش دەرچوونی لە ئەفریکاوە، بە شێوەیەکی سەرەکیش یاریدەری دابەشبوونی ئەو کۆمەڵەیە بووە، بەمەش زاناکان بە هیوای ئەوەن ئەم جۆرە دۆزەوانە ڕۆشنایییەکی تەواومان بۆ بخەنە سەر پەرەسەندن و چۆنەتی بڵاوبوونەی مرۆڤ بە هەموو لایە جیاجیاکانی جیهان.
........................
تێبینی:
ئاشکرایە کە چەندان لەو ناوچانەی ئاماژەیان پێ دراوە لە سەرچاوەکەدا لە خاکی کوردانە بە گشت پارچەکانی، بەڵام ڕاستەوخۆ ناوی نەهێندراوە، تەنیا یەک جار ناوی کوردستانی تورکیای تێدا دەبیندرێت.
بێگومان مەبەستیشمان ئەوە نییە بڵێین، مرۆڤانی نیاندەرتاڵ و ساپیەن کە لەو دەمانەدا ژیاون بەشێکیان لە خاکی ئێمەی ئەمڕۆکەدا بوونە کەواتە موڵکی ئێمە، یان هەر نەتەوە و وەڵاتێکی دیکە بن، بەڵکوو تێکڕای جۆرەکان هی هەموو مرۆڤایەتین، لەبەرئەوەی لەو سات و سەردەمانەدا سنوور و چەمکی وەڵات و نەتەوە بوونیان نەبووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست