بۆ پشتگیریی و بەرگرییکردن لە مەلا بەختیار
Wednesday, 11/09/2024, 20:45
چەوساوەکانی کاکە وەیس
دەگێڕنەوە پێشمەرگەیەک (کاکە وەیس، ناوێکی خواستراوە) لە ناو بارەگاکاندا هەمیشە باسی ئەوەی دەکرد ئەگەر دیلمان بەردەستکەوت دەبێت لەگەڵیاندا میهرەبان بین، چونکە شایانی کوشتن و سوکایەتی نیین بەڵکو ئەوانە چەوساوەن، سەربازەکان بە زۆرە ملێ بوونەتە سەرباز، جاش و جەیشی شەعبی و تادوایی، هەر هەموویان چەوساوەن، چونکە لەبەر نەبوونی و نەزانین و تێنەگەیشتنیان چەوسێندراونەوەتەوە و بوونەتە قوربانی.. بە بۆچونی کاکە وەیس، جگە لە سەرمایەدار و سەرکردایەتییەکانی دوژمن، ئیتر هەموو چین و توێژەکانی دیکە چەوساوەن.
ڕۆژگار هات و چوو، لە جەولەیەکدا و لە گوندی تەپەکوڕە، مەفرەزەیەکی پێشمەرگە لای دابوو، کە کاکە وەیسی تێدا بووە، چەند پێشمەرگەیەکیان دابەشی دەوروبەری گوندەکە کردبوو، یەکێکیش لەسەر بەرزایی تەپەکە دانرابوو، بە دووربینێکەوە چاودێری هاتنی لەناکاوی دوژمن بکات.
دەمەو عەسر، پاش ئەوەی نانیان خواردبوو، خەڵکی ئاواییان کۆکردبۆوەو کاکە وەیس قسەی بۆ کردبوون. باسی شۆڕش و چەوساندنەوەو پێشمەرگایەتی بۆ کردبوون. لە قسەکانیدا زوو زوو وشەی چەوساوەی دەدا بە گوێی ئاواییدا.
هێندەی نەبرد، یەکێک لە پێشمەرگەکان لەدوورەوە ڕەتڵێک سەربازو جاشی ئەو سەردەمەی دیبوو بەرەو گوندەکە دەهات ، بە پەلەو راکردن هاتە گوندەکەوەو و هاواری کرد:
ڕاکەن برا ڕاکەن، کاکە وەیس.. کاکە وەیس ڕاکە، چەوساوەکان هاتن بۆمان.
ئەوەی باش بوو کە دەمەو ئێوارە بوو، ڕزگاربوونی پێشمەرگەکان حەتمی بوو.
کە گەڕابوونەوە بۆ بارەگای سەرەکی خۆیان، بە کاکە وەیسیان وتبوو، باسی هەرچییەک دەکەیت بیکە، چەند درێژەی پێ دەدەیت، تۆ ئازادیت، ئەگەر قسەت پێنەبوو بە ئارەزووی خۆت جوێن بدە بە قەبری باوک و باپیرمان، بەڵام باسی چەوساوە و مەوساوە وئەم شتانە بۆ ئێمە مەکە.
من لە کۆتایی ساڵی 1978 گەنج بووم و هێشتا تەمەنم 16 ساڵ و شتێک بوو، بوومە پێشمەرگە. کاتێک کە بۆ یەکەمجار پێشمەرگە و کڵاشنکۆفەکانی سەرشانیانم دی، لەبەر دوو هۆ شەرمم دەکرد کە پێشمەرگەم.! هۆی یەکەمیان شکۆی پێشمەرگە بوو، وا دەهاتنە بەرچاوم کە مرۆڤ نین بەڵکو چیایەکن بە بەردو تاشەبەرد و درەخت و کانیاویەوە دێن و دەچن و بە سەد زەمینلەرزە مشتێک خۆڵیان لێهەڵناوەرێت، دووەمیان: هەستم بەوە دەکرد کە هێشتا لەو ئاستەدا نیم ببمە پێشمەرگە و کڵاوشینکۆف هەڵگرم و شەڕ بکەم.
(بەڵام دواتر و بەرە بەرە بوومە پێشمەرگە، پاش نزیکەی دوو ساڵ و لە شەوێکدا کەوتمە بۆسەیەکەوە و جاشەکانی بەعس "چەوساوەکانی لای کاکە وەیس" دەستگیریان کردم. پاش ئەشکەنجەو سوکایەتیەکی زۆر لە هەیئەی خاسەی کەرکووک، حوکمی هەتا هەتایی دراوم و پاش سێ ساڵ بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرام).
مەبەستمە بڵێم:
لە پێشمەرگایەتیدا نەمدەزانی سیاسەت چییە، بەڵام تا سەر ئێسقان نیشتمان و نەتەوەو مرۆڤی کوردم خۆش دەویست ڕقم لە عەرەب و فارس و تورک بوو، ئامادە بووم لە پێناوی یەک بست خاکی کوردستان ببمە قوربانی، جاری وا هەبووە لە جەولەکاندا هێندە هیلاک بووین، چەندین جار بە چاوی نیمچە خەوەوە ڕەومان کردووە و ئاگامان لە خۆمان نەبووە؛ لە تینوێتیدا ئاوڕۆیی پیسی جۆگەلەمان خواردووەتەوە، سێ ڕۆژ لەسەر یەک تەنیا نان و چا، یان نان و ئاومان خواردووە، بەڵام شانازیمان بە پێشمەرگایەتیمانەوە دەکرد. دواتر کە چوومە زیندانەوە، کەمێک لە سیاسەت تێگەیشتم کە چ سیاسەتێکی قێزەون لە ناو کورددا بەڕێوەدەچێت.
ئەو کاتەی چوومە ناو زیندانی هەمیشەییەوە، چەند مانگێکی کەم بەسەر کودەتاکەی سەددام حوسێندا تێپەڕ بوو بوو، خۆی کردبوو بە سەرۆک کۆمار و لێبوردنی گشتی بۆ هەموو سیاسییەکان و تاوانبارەکانی دیکە، کاتێک کە منیان بردە زیندانەکە، نزیکەی هەزار کەسی عەرەب وەک تاوانباری کوشتن و دزی و دەستدرێژی و تادوایی زیندانەکەیان قەرەباڵغ کردبوو. تاوانباری کوردیشی تێدابوو، بە قسەکەی کاکە وەیس چەوساوەی سیاسی تێدا نەبوو لەسەر (قەزییەی شیمال) حوکم درابیت، ئێمە وەجبەی یەکەم بوین و زیندانمان ئاوەدان کردەوە. بەرە بەرە ژمارەمان بوو بە نزیکەی 42 چەوساوی بە ناو زیندانی سیاسی و پێیان دەوتین (موخەڕڕیب) تێکدەر.
سەرنج بدە: بە قسەکانی کاکە وەیس، ئێمە کە زی دانی بوین چەوساوە بووین، بە قسەی سیاسیە چەوساوەکانمان کردو ئەنجام لەلایەن کۆمەڵێک چەوساوەی جاش و بەعسەوە دەستگیر کرابووین، ئەوانەی ئەشکەنجەی کردبوین چەوساوە بوون، ئەو شۆفێرانەی ئێمەیان برد بۆ زیندانی گەورە گواستەوە چەوساوە بوون، ئەوەی لەناو زیندانەکە پاسەوانی دەکردین، چەوساوە بوون.
تا ژمارەمان کەم بوو خۆشەویستی لە نێوانماندا لە لوتکەدا بوو، بەڵام کە ژمارەمان زیادی کرد، ئەگەرچی بە ڕووکەش وا نیشانمان دەدا کە هەموو برای یەکین، بەڵام لە ناخماندا بووینە دوژمنی سەرسەختی یەکتر. ئەوەی بەهۆی سیاسەت وحیزبەکانمانەوە، بەیەکتریمان دەکرد و یەکتریمان دەشکاند و خۆمان بە دەستی خۆمان یەکتریمان دەچەوساندەوە، زۆر لەوە سەختتر و جەرگبڕتر بوو کە چەوساوەکانی بەعس پێیان دەکردین، چو کە لە بری سیسەت هەر خەریکی هاڕینی یەکتری بووین.
لەناو زیندانەکەدا سیاسەتم لەلا بوو بوو بە پەڵەیەکی ڕەش، چ بۆ نیشتمان و چ بۆ نەتەوە و چ بۆ کورد و چ بۆ چەوساوەکانیش، هێندەی کیلۆیەک ڕێزمان نەما.. ئیتر هەر زۆر زوو لە چەوساوەکانی زیندان جیابوومەوەو خووم دایە فێربوونی زمان و خوێندن و خوێندنەوە، جار جارەش دەبوومە کۆلکە شاعیر و حیکایەت نووس. هەرچەندە لە دوای ئازادبوونم دوو جاری دیکە دەستگیر کرامەوە، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵ، بەهۆی چەوساوەکانەوە نە حەزم بە سیاسەت کردووە و نە حەزیشی پێ دەکەم، ئەگەر بۆ یەک کاژمێر بمکەنە سەرۆکی حیزبێک، بەو یەک کاژمێرە یان حەیا بەو حیزبەوە ناهێڵم، یان هەڵیدەوەشێنمەوە.
ئێمەی کورد، نە لە مێژوودا سیاسەتمان کردووە، نە ئیستاش سیاسەت دەکەین؛ ئەوەی هەیە گوتاری نەتەوەیی کوردانەیە و بە گوتاری نیشتمانێکی ئازاد شۆڕشمان کردووە، لە کاتێکدا بە قووڵیش نەماندەزانی نیشتمان و نەتەوە چین.
بەڵام نزیکەی 12 ساڵە، بەناوی سیاسەتەوە، ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت باوەڕپێنەکراوە. ئەوەی دەبینرێت هەر ئەوەیە کە گوتاری کوردایەتی و نەتەوەیی و ڕزگارکردنی نیشتمان لە هەولیردا کۆبۆتەوەو پارتی سەرکردایەتی ئەم گوتارە دەکات. لەوە تێپەڕێت ڕەوشی ماف و ئازادیی تاک و گوتاری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بە جیاوازی ئاستی بەرزی و نزمی ناوچەکانەوە، بە تەواوی بەرەو داڕمان چووە. پێش ئەو 12 ساڵەش هەروابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سۆشیاڵ مێدیاوە نەبووە جێی سەرنج و حەیاچوونی سیاسەت وە ک پرۆسەکانی دیکە بە خاوی پەرەی سەندووە.
ئێستا ماوە ماوە ڕووداوی سیاسی وا دەبیستین کە چاوەڕواننەکراوە و مەگەر هەر لە سیاسەتی چەوساوەکانی کورددا چاوەڕێ بکرێن.! وەک چۆن ئازادیخوازێک، هونەرمەندێک، تیرۆر دەکرێن، وەک چۆن کەرامەتی ژنان دەشکێندرێن، بە هەمان شێوە گوتاری سیاسی کەوتۆتە بەر لێشاوی شکاندن و تۆقین و تیرۆر.
ئەخلاقی (ناسیاسی) سەنگی مەحەکی سیاسەتی باشووری کوردستانە (ڕۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوەیە)! گەر لەگەڵم بیت تۆ سیاسەتمەدارو و چالاکوان و دڵسۆز و باوەڕپێکراوی حیزبەکەمی منیت، گەر لەگەڵم نەبیت تۆ مورتەدیت، چارەنوسی مورتەدیش، گەر بۆم نەلوێت شکاندنی کەسایەتیتە؛ گەر بۆم بلوێت کوشتنتە.
کاتێک لە ساڵی 1964 ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال و ئەوانی تر لە پارتی جیابوونەوە، لە چاوی پارتیدا ئەوانە بوونەتە مورتەد و تا ئێستاش تۆبەیان لێ قبوڵ نەکراوە، چونکە لە بنەما. یشتیمانی و نەتەوەییەکە لایان داوە. ئەوانەی لە ناو یەکێتیدا مورتەد بوون، تەوبەشیان لێ قبوڵ ناکرێت و بە حەوت ئاو خۆیان بشۆن پاک نابنەوە چونکە دوژمنی سەرسەختی پارتی ناکەن. هەمیشە جیابوەوەکانیش کەمینە بوون بەڵام بە گوتاری سیاسی خۆیان نمایشکردووە و پاش ماوەیەک دەردەکەوتووە کە بەرهەمی باوانیانن.
دووبەرەکی لە نێوان حیزبەکان و دووبەرەیی لە نێو خۆی حیزبەکان و جیابوونەوەی هەندێک و دامەزرادنی هەندێک حیزبی دیکەی وەک ئەوان، دووبەرەکیان خستۆتە نێو ماڵ بە ماڵەوە. بچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی باشوور بە جۆرێک لەیەک بچراوە، ئەگەر بمانەوێت و هەر زۆر سووریش بین لەسەری، ناتوانین لەحیمیان بکەینەوە.
لەناو ئەم کێشمە کێشانەدا بێ وەفایی حیزبەکان لە لوتکەی شەرمدایە. ئەوە ڕاستە کە لە ناو پارتیدا دوو بەرە هەیە بەڵام ئایا تەشەنەی سەندووە بۆ دەرەوەی خۆی؟ ئەگەرچی، زۆرێک لە لایەنگرانی دڵسۆزی خۆیان لەدەست داوە، یان بوونەتە قوربانی، بەڵام دووبەرەیی نێوحزبەکە نەبووە بە هۆکارێک کە بگاتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
جگە لە نەوەی نوێ کە هێشتا ڕیکخراوێکی بچووکە و بۆچوونم وایە لەم هەڵبژاردنەدا قورسایی خۆی لە زۆنی سەوز نیشان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زووە بڕیاری لەسەر بدەین، لە ناو یەکێتیشدا دوو بەرەیی و دوو بەرەکی هەیە، لە حسک و گۆڕان و لە نێو چەپەکان و لە نێو حزب و گروپە ئیسلامییەکانیشدا هەیەو ناکۆکییەکان تەقیونەتەوە و گەیشتووەتە نێو ماڵی کوردی و لەدەست چووە.
ئەوەی بە ئاستەم باس دەکرێت ئەوەیە کە ناکۆکی و ململانێ لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە، زۆر بە کورتی: لە دوو خاڵدا دیاریان دەکەم:
یەکەم:
زۆر کەس بەو شێوەیە دەیخوێنیتەوە کە ناکۆکی و ململانێ هەڵەیەکی کوشندەیە، بەڵام بەو شێوەیە نییە، بەڵکو زۆر دروست و پۆزەتیڤیشە! ئەوە ڕاستە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەکڕوانین هێز دەبەخشن، بەڵام ڕەهەندەکانی ئەم چەمکانە بۆ سێ شتن: دوژمن، سەروەریی یاسا، بۆ پاراستن و بەرگرییە لە ئەرک و مافەکانی مرۆڤ. لێردەا دووبەرەیی و دەیان بەرەیی هەم دروستە و هەم ڕەوایە و هەم پۆزەتیڤە، بەڵام بۆ (چاکسازی و گۆڕانکاری و پێشکەوتن) پێویستمان بە ناکۆکی و ململانێ هەیە.
دووەم: بەهۆی نەبوونی گوتاری سیاسی، ناکۆکی و ململانێ لە باشووری کوردستاندا مانا ڕاستەقینەکەی لەدەستداوەو هێز و توندڕوی و و یەکتر قبوڵ نەکردن و تۆڵەسەندنەوە و تێكشاندنی بەرهەمهێناوە؛ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیشی ڕووبەڕووی کارەسات کردۆتەوەو خێزان و بنەماڵەکانی کردووە بە دوژمنی یەکتر. هەبووە لەدژی حیزبێک یان لە دژی لایەکی نێوخۆی حیزبەکەی خۆی، دەستی چۆتە خوێنی خێزان و بنەماڵەیەکی تری نزیک لە خۆی.
دەرئەنجام، لە نەبوونی گوتاری سیاسی دروست، ئەو نێگەتیڤانەی ڕوو دەدەن نە لە ژماردن دێن و نە ئەقڵ قبوڵیان دەکات.
سەبارەت بە مەلا بەختیار
من ناڵێم نموونەی مەلا بەختیار نییە یان کەمە، بەڵام مەلا بەختیار نموونەیەکی زۆر باشی کەم وێنە بووە بۆ گوتاری سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان؛ نموونەیەک بوو لە دڵسۆزیی بۆ لایەنگرانی یەکێتی؛ پشت و پەنایەک بوو بۆ نوسەران و هونەرمەندانی ناو یەکێتی و دەرەوەی یەکێتیش؛ سەدان نووسەرو هونەرمەند و دڵسۆز و چالاکوان دەناسم کە یەکێتی نەبوون و بە هۆی مەلا بەختیارەوە سۆزیان بۆ یەکێتی دەربڕیوە. دەرگاکەی مەلا بەختیار بۆ گفتوگۆی ئاڵوگۆڕی فکری و زانستی واڵا بوو، کەسێک بوو تا سەر ئێسقان سەرسەختانە باوەڕی بە دیالۆگ هەبووە و ئامادەی وتوێژی ڕاستەوخۆ بووە. چەندینجار لەلایەن تیرۆرستانەوە هەوڵی کوشتنی دراوە، پەنایەک بوو بۆ ئەوانەی بەر تەوژمی زوڵم و ترس و تۆقین دەبوونەوە، زۆری تر.
ناکۆکیی سەرسەختی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە مەلا بەختیار، ئەو ڕاستییە لای من تۆختر دەکات کە سیاسەت لە باشووری کوردستاندا دەمێکە لە هەڵدێردایە و سیاسییەکان قوربانین، بە زمانەکەی کاکە وەیس چەوساوەن. هیوادارم بەهۆی ئەم ناکۆکییەوە (چەوساوەکانی دیکەی ناو یەکیتی) دەست بۆ مەلا بەختیار نەبەن. پەلاماری دەزگا ڕۆشنبیری و هونەرییەکانیشی کارەساتێکی جەرگبڕە، چاوەڕواننەکراوە، مێژوو لە بیری ناکات.
مەلا بەختیار ئەزموونی هەیە و یەکەمجاری نییە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە ناکۆکیانە ببێتەوە، لەم بوارەدا مێژووییەکی دیاری هەیە و پیویستی بە بەرگری من نییە، بەڵام ئەمەی یەکێتی کردی نە سیاسەتە، نە خۆکۆکردنەوەیە، نە وەفایە، نە ڕێزگرتنە نە تێکۆشانە. چاوەڕێ نەدەکرا حیزبێکی مێژوویی، بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەرەکەی پێویستیی بەو هەموو ڕقە هەبێت.
داخۆ ئێستا چەند ئەندامی سەرکردایەتی دیکەی یەکێتی خوێندنەوە بۆ رابردووی خۆیان و ئێستای ئەم قۆناغە دەکەن و شوێن و چارەنوسی خۆیان لێکدەدەنەوە.!؟ ئایا چ متمانەیەک هەیە لە ئایندەدا بەرۆکی ئەوانیش نەگیرێت؟ داخۆ دوای مەلا بەختیار نۆبەی کی دێت.!!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست