کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمەڵێک بەرپرسی تاوانبار بۆ رابردوویان دەگرین

Thursday, 12/09/2024, 20:51


 تا هەفتەیەک لەمەو پێش و بۆ ماوەی ٣٣ساڵ، کۆمەڵێک دەموچاوی ناشرین و سکراب بواریان بەکەس نەدەدا لەهەموو کەناڵ و سەکۆیەکەوە زومی کامێرایان دەچووە سەر و شەن و کەوی هەموو شتێکیان دەکرد، خۆیان لێ بوو بوو بە پاڵەوانی ڕۆژە سەختەکان. 
بەر لە هەفتەیەک ئەم کەسە بوون بەتەڵەوە و ئیتر ستەمەکانیان سەر ئاوکەوت و دەستیان کرد بە گێڕانەوەی مێژووی کۆن و خۆیان لێکردینە  "هۆچی مین" و وەک ئەوەی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا نیشتمانیان کردبێتە بەهەشتی سەرزەمین.
 ئێستا کە سەیری دەمولەوس و لێدوانی ئەمانە دەکەم لەکەناڵە زۆڵەکانی میتەوە لەخۆم دەپرسم ئەری بەڕاست ئەمانە ئەو کەسە لەرزۆکانە بوون لەو کاروانە لەخوێن هەڵکێشراوەی ئێمەدا هاوسەفەرمان بوون؟
 کۆمەڵێک لەنگەی دەمو لەوس ناشرین، کە لە پرێکدا لەبەرژەوەندیان درا و کەوتنە خۆیان و مێدیاکانیان پڕکرد لەهاش و هوش و ترسی ئەوەی، کە بەیەکجاری ڕووتببنەوە و رابردوویان بە سوکی بکەوێتە سەر ئاو. 
لەپشتی ئەم ڕووداوانەوە هەندێک روخساری تر لە خەمخۆری ئەم بەرپرسە ناپاکانە دێن دەڵێن: ئەمە دژی دیمکراسیە کە مێدیایەک دادەخرێت و ماڵێک بارەگایەک میوانخانەیەک کڵۆم دەدرێت؟ 
بەس کەسیان لەخۆیان نەپرسی ئەم مێدیایە و ڤیستڤاڵی گەلاوێژە کە ماوەی ٢٦ساڵە بەپارەی دزین و هەراجی نیشتمانی ئێمە هەڵدەسوڕێت، چی بەرهەم هێناوە؟ ئایا توانیویانە ئەم هەموو میوانە نووسەرە عەرەب و فارس و تورک و فەڵەستینی و ئوردونیە کە هێناویان ببنە دۆستی کورد و قسەیەک لەسەر قوربانییەکانی ئەنفال، جینۆسایدی گەلەکەمان بکەن؟
 نووسەرەکانی عێراق کە لەگەڵ ستەمی بەعسدا خۆیان گونجاندبوو ئایا هاتن داوای لێبووردن لە گەلەکەمان بکەن لەسەر ئەنفال و کیمیای بارانکردنی نیشتمانەکەمان؟
نا ئەوان لەهەموو سەردەمێک و کاتێکدا  برای گەورەی ئەم دەسەڵاتدارانەبوون. 
 ئایا بەدێڕێک چاودێر و دەزگای گەلاوێژ جارێک لەجاران باسی لەشکرکێشی تورک و ئێرانییەکانی کردووە؟ باسی ئەو هەموو سوکایەتیەیان کردووە کە لەمزگەوتەکاندا بەمێژووی گەلێک و نەورۆزو زمان و ژن و کچی کورد دەکرێت؟
 نا بڤیە تەنانەت ئەمانە بە پێچەوانەوە هاتوون لێرەو لەوێ دەڵێن : "خوا و قورئان و ئیسلام " خەتی سورە و بڤەیە قابیلی قبوڵکردن نییە کە قسەی لەسەر بکەن. کەچی پیشتر کە مایکیان دەبینی دەیان ووت ئەرێ خەڵکینە گۆشی بەراز خۆشتر نییە لە گۆشتی حوشتر؟ 
بەڵام سەلەفییەکان سوکایەتی بەزانست و چاودێر و بەرپرسەکانیان دەکەن و دەڵێن: " ئێمە لەپشتی ئەو سەرکەوتنەوەین". 
مەلهاکان دادەخەین و ژنی منداڵی خەڵکیش هەڵدەگێڕینەوە خوا میوانداری کردووین بۆ چوار ژن. لەگەڵ وەلی ئەمرەکاندا هاوڕاین و بۆ چرکەیەک چییە دەستبەرداریان نابین، تا وەک برا تاڵەبانەکانمان دەسەڵات دەگرینە دەست ئەوسا سەری بەتاڵی دەسەڵات و وەلی ئەمرەکان لەت و پەت دەکەین و شەریعەتی سەلەفی ساڵح بەرقەرار دەکەین. لای‌ مرۆڤی‌ ئسوڵی‌ توندڕه‌و سەلەفی ژیان مانای‌ نییه‌و هه‌موو دیارده‌كانی‌ شارستانیه‌تی‌ مۆدێرنیش، به‌ كوفر و به‌ڵا و خراپه‌ ده‌زانن و خۆشیان لە ئۆتۆمبیلی گولەنەبڕ و دوامۆدێلی تەلەفۆن و قوماشی گران بەهاو بەردی مەڕمەڕو کامێرای چاودێری و میکرۆفۆنی گرانبەهای تەکنەلۆژیای سود وەردەگرن و جوێنیشی پێدەدەن، چونکە بەرپرسەکان دوای ئەوهەمووساڵە لە سیاسەت دەچن بۆ عەمرە و حەج و ئایەتی عەرەبی هەڵدەواسن بەماڵە دزییەکەیان وباخە گرانبەهاکانیاندا.
 ئەم کەشە کە دەگوزەرێت لەخۆیەوە دروست نەبووە. ئەمە پاشخانێکی ترسناکی هەیە کە لە هەراجکردنی سەدی بێخمەوە لەژێر سەرپەرشتی تاڵەبانی بارزانیدا و دانی بەسەرەک جاشێکی ئەنفالچی کە بردی بۆ ئێران دەستی پێکرد. 
دوایی ئەم تاڵانییە هەرچی بنەما ئەخلاقییەکان بوو هەرەسی هێنا و دار و بەرد ئاودیووی ئێران کرا، هەر لەکێلی گۆڕستانەوە تا ستونی کارەبا و تەلی مس و فافۆن و شەقامی قیرو شۆفڵ و گرێدەو بەوەشەوە نەوەستان خەستەخانە و جێگەکانیان هەموو ئاودیوو کرد و ڕێگەدرا کۆمەڵێک باندی ساختەچی و بکوژ گەورەبێت. 
بەرپرسە پیرەکان بۆ تۆڵەکردنەوە دەستیانکردە ژن هێنان و وازهێنان لەژنە کۆنەکانیان، گەر ژنیشیان نەهێنایە ئەوە دۆستی سوکیان هەبوو، ئیتر چاوپۆشی لەم هەموو هەرەسی ڕەوشتە کۆتایی نەهات، دەستیان کردە داگیرکردنی باخ و گوند و شاخەکان و پەرژینکردنی زەوییەکان و داگیرکردنی سەیرانگا و زەویە بەراوەکان و وەک مڵڵە هەزاران بیریان لێدا و نیشتمانیان کردە زبڵخانەیەکی ترسناک و ژینگەیەکی پیسیان بەرهەم هێنا، ملوێنان ئۆتۆمۆبیلیان هێنایە ئەوشەقامە تەسک وتورسکانەوە. ئەوانەی دەمردن  گردێکیان داگیر دەکرد بۆیان و دەیانکردە نزرگایەک. بەرلەوەش ئەم کەڵتە کۆنانە زانکۆکانیان داگیرکردو هەموویان دەستیان کردە خوێندن و هێنانی دکتۆرا و ناوی دکتۆر و پڕۆفیسۆر کڕین لەزانکۆکاندا. نوسینەوەی بیرەوەری بوو بە مۆدێلێک کە هی وایان هەبوو تەنها لەبەردەم کونەتەیارەدا بوو، کە چی بیرەوەری شەڕیان بۆ نووسینەوە و خۆیان بەمێژوودا هەڵواسی.
 ئەگەر سەیری ئەم سێ دەیە بکەین ئەم پۆلە لەپیاوە پیرەکان سودمەندی یەکەم بوون، دراوسێ و خەڵکی گەڕەک و ئەوەی بەخوێ چێشت بەوان دەگات خانەنشینیان کردوون و پۆست و پلەو زەویان بۆ دابین کردوون. سەدان نموونە هەیە و بەرپرسم لەقسەی خۆم. جگەلەوەش گەشتی دنیایان کردووە. جارێک لەیەکێک لەفڕۆکەخانەکان  یەکێک لەم پیاوانە قایشێکی پانتۆڵی کڕی بە١٠٠٠ دۆلار، ڕێنیشاندەرەکەی پێی ووتبوو زۆرگرانە، بەپێکەنینێکی تاڵەوە ووتبووی خۆ بەکرێکاری دەستم نەکەوتووە.
 ئەمەجگە لەوەی دەیان کەیسی ناشرینیان هەیە، هەر لە پێشەنگای کتێبی فرانکفۆرتەوە، کە تورکێکی فاشی نەخشەی کوردستان دەدرێت، تا گەشتی دوورگەی ڕێبین و ئەو دوورگەیەی کە ماندێلا تێدا زیندانی کرابوو... لەگەڵ کڕینی دەیان جێگە و ڕیستۆرانت لە ئەوروپا.
ئێستا فرمێسک بۆ شەهیدان و زیندانیان و ماڵە شەهید دەڕێژن...!
 جگەلەوەش هێندە ستایشی تاڵەبانی دەکەن و دەڵێن منداڵەکانی تالەبانی باوکی خۆیان ناناسن، ئەو تالەبانیەی، کە سەردەمێک هەموویان سەنگەریان لێ گرتبوو نامەکانیان بڵاو دەکردەوە سەدان پیشمەرگەیان ساردەکردەوە لە خەبات کردن. 
ئەمانە وایان کرد، کە سیاسەتکردن ببێتە دیاردەیەکی ناشرین و قێزەون نەوە دوای نەوە وەک شێخایەتی بۆیەکی جێدەهێڵن، کوڕ و براو ئامۆزا هەموویان لەسەر سیاسەت دەلەوەڕن، هیچ بنەمایەکی زانستی لەسیاسەتکردندا نەماوە. کەسایەتی پێشمەرگە و خەڵک شکۆ شکاو بووە..
ئێوە کارێکتان کرد جوتیارە سەربەرزەکانتان هێنایە سەر ئەژنۆ و هەموویانتان کرد بە دەرۆزەکەر و تەزبێحفرۆش لەشارەکانداو دێهاتەکانتان پێ چۆڵکردن، گەنجەکانیشتان کرد بەباخەوان و پۆلیس و دەرگاوان و ناوتان نان (پیشمەرگە).
هەموو ئەم پاشاگەردانییە کە هەیە لەو هەرێمەدا ئێوەش بەشێکیدا هاوبەش بوون، چونکە ئێوە هەموو بەرپرسیارێکییەکتان هەبووە هەر لە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵمپیاتردەوە تا پارێزگاری شار و وەزیری ناوخۆو دەیان پۆستی تر، بەڵام هیچتان نەکرد و هیچیشتان پێناکرێت، چونکە لە سەرگەرمی ئەوشتانەبوون کە بەدەستی بهێنن بەگەنجی پێی نەگەیشتبوون.
 گەلێک و خاکێکتان سەرگەردان کرد، بۆیە خەڵکی ئێستا نەفرەت لە ئێوەدەکات و ستایشی بەعس و سەدام دەکات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە