بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


ئایا دوکتورمەحمود عوسمان راست دەکات؟

Tuesday, 10/09/2024, 11:40


ئەوەندە من بزانم دوکتورمەحمود عوسمان یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لە مەلامستەفا زۆر نزیک بووە، رەنگە هۆیەکەی ئەوە بێ هەم پزیشک بووە وهەمیش کاری وەرگێڕانی بۆ مەلا مستەفا کردوە.ئەوەی کە بۆ من جێگای پرسیارە ئەوەیە پاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ کە بە دەستی مەلامستەفا ئەو تڕاژیدیایە بە سەر بەشێک لە گەلەکەمان هات، دوکتورعوسمان لە وتووێژێکدا دەلێ:ئێمە هیچ نەبوین بۆیە هاسان ئاشبەتاڵیان پێکردین.لە درێژەی ئەو قسەیەی دوکتور عوسماندا دەتوانین بڵێن، ئەو گشتە ساڵانەی کە ئەو لە نزیکەوە دەگەڵ مەلامستەفا بووە، نەیتوانیوە بیناسێ.ئەوەش ئیرادێکە لە کەسایەتی دوکتورعوسمان.
بۆ چەند جارێک بە هەڵکەوت گوێ بیسیی کورتە ڤیدئۆیەکی دوکتورعوسمان بوم کە باسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکاو دەڵی:ئەو حیزبە ئەگەرپەیوەندیی دەگەڵ بەعس وسەددامیش بووبێ لە سەر حیسابی حیزبەکانی پارچەکانی دیکە نەبووە، لەو پەیوەندیەدا هیچ خەسارێکیان لە حیزبەکانی دیکە نەداوە.گەلۆ، ئەوقسەی کەسێکە کە ساڵها بۆ مافی کورد تێکۆشاوە!
قاسملوو، ئەگەر حیزبی د، ک، ئێرانی لە ژێر کاریگەریی بنەماڵەی بارزانی دەرهێنا، خستیە ژێر کاریگەریی خۆی چەند کەس لە هاوبیرانی.ئەوانیش لە کەسایەتی خۆیاندا بووە کە توانیان پەیوەندیی راستەوخۆی دەگەڵ سەددام بگرن و دۆستایەتی دەگەڵ ببەستن وچەکو پارەی لێ وەرگرن.ئیتر کام منەت لە سەر خەڵكی کوردستان دادەنێن ووەک فریشتە بە خەڵکیان دەناسێنن.
دوارووخانی شای ئێران وسەرکەوتنی مەلاکان، دوای ماوەیەکی دوورودرێژپاش لە رووخانی کۆماری مهاباد، حیزبی دێمۆکڕات توانی بگەڕیتەوە ناو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وهەمیسان خۆی ئاشکرا بکاتەوە، دوای بەستنی کۆنگرەی سێی ئەوحیزبە هیندێک کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆنگرەی سێ نەگیراوە وتەنیا کۆنفڕآنسێک بووەوئەو کۆنفڕانسەش لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٩٧١ گیراوە.کاتی ئەو هاتبوو کە کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە لە شاری مهاباد بگێرێ.لەو کۆنگرەیەدا نزیکەی ٣٠٠ یان ٤٠٠ کەس تێیدا بەشدار بون.لە وردەکاریی کۆنگرەکە دووردەبینەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئەو حیزبە بە بەرپرسایەتی قاسملوو، چۆن دەگەڵ حیزبی بەعس وسەددام سازابون؟
نەمرغەنی بلووریان لە کتێبی ئاڵەکۆکداکە لە نووسینی خۆی، لە لاپەڕەی ٣٣٨و٣٣٩ئاوا باسی پەیوەندیەکانی قاسملوو دەگەڵ،

حیزبی بەعس دەکا:

پێش ئەوەی کۆنگرە بگێرێ سەددام گەڵاڵەیەکی حەوت ماددەیی دەداتە ئەو حیزبە کە سەرەتای دەست پێکی هەر خاڵێک بە وشەی دەبێ دەستپێدەکا!وەک ئەوەی سەددام ئاغا بێ وبەڕێوەبەرانی ئەو حیزبەش نۆکەر.بۆوەرگرتنی ئەو حەوت خاڵەش دەبوایە شەخسی قاسملوو چووبایە، بەڵام بۆ خۆی ناچێ ومەلاعەوڵا حەسەنزادە حەیاکی دەنێرێ.کاتێک ئەویش دەچێ بەرپرسانی حیزبی بەعس بە تووڕيیەوە دەڵێن: دەبوو شەخسی قاسملوو بۆ خۆی هاتبایە؟مەلاش لە جوابدا دەلێ، کاری هەبووە بۆیە بۆخۆی نەهاتووە.

گەڵاڵەی ٧ ماددەیی سەددام:

یەک: دەبێ دووئەندامی دەفتەری سیاسی ئێوە بێتە لای ئێمە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاومشاورە لە لای ئێمە بن.
دوو: دەبێ دووئەفسەری ئێمە بۆ یارمەتی کردن ودانی پارەو کەل وپەلی شەڕ بە ئێوە بێتە لای ئێوە ولە لاتان بن.
سێ: دەبێ حیزبی د.ک، ا، پێویستە زانیاریەکانی خۆی لە سەر ئەو هێزانەی ئەڕتەشی ئێران کە لە سەرسنورەکانی ئێمە نزیکن چەشنی چەکوچۆڵیان بۆئێمە روون بکاتەوە.
چوار: دەبێ حیزبی ، د، ک، ا، درووشمی رووخانی رژیمی ئاخوندەکان هەڵگرێ.
پێنج: دەبێحیزب ئێمە لە چەشنی فڕۆکە وهێلەکۆپتێڕەکانی ئەڕتەشی ئێران ئاگاداربکات وبڵێ، کەرەسەی ئەوان لە کام حکومەت دەکڕدرێ؟
شەش: دەبێ حیزبی ، د، ک، ا، چۆنیەتی پەیوەندیی رژیمی ئێڕان دەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر بۆ ئێمە روون بکاتەوە وناوی ئەو وڵاتانە بە ئێمە بڵێ کە چەکیان لێ دەکرێ وچەشنی چەکەکانیش دیاری بکات.
حەوت: دەبێ حیزبی ، د، ک، ا، پێش بە کوردەکانی باشوور بگرێ وڕێگا نەدا ئەوان دژی حکومەتی عێڕاق شەڕبکەن.
ئەو حەوت خاڵە پێشنیارەکانی دەستوریی حیزبی بەعس بون بۆ بەڕێوەبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران.من نازانم نەزەری دوکتور عوسمان لە بارەی ئەو حەوت خاڵە چۆنە.بەڵام باش دەزانم ئەو بۆچونەی کە دەلی:حیزبی دێمۆکڕات بە دژی حیزبە کوردیەکانی بەشە کانی دیکەی وڵات پەیوەندیی بە بەعسەوە نەکردوە، تەنیا بۆ دژایەتی کردنی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانییە.بە تایبەت بۆ بنەماڵەی بارزانی.

رووداوە دڵتەزێنەکانی دوای کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە:

کۆنگرەی ٤ لە شآری مهاباد گیرا، هەرچؤنێک بووبە هەر فێڵوتەڵەکەیەک بوو قاسملوو بوو بە کەسی یەکەمی ئەو حیزبە، دەش بایە ئاوابێ، چون هەر ئەو بوو دەیتوانی بچێتە لای سەددام وبیبینێ.حیزبی بەعس کەسی دیکەی وەرنەدەگرت.زۆری نەخایاند کۆنگرەی ٤ لێکترازانی ڵی کەوت و٧ کەس کە دژی پەیوەندیەکانی قاسملووبون دەگەڵ سەددام، لەو حیزبە هاتنە دەرێ وجودا بوونەوە.
باڵی زۆرینەی قاسملووش بۆ ئەوەی ڕای گشتی لە ناکۆکیەکانی ناوخۆیی ئەو حیزبە بشارنەوە.دەستیان کرد بە ئەنجامدانی شەڕێکی خوێناوی لە ناو چەند شآرێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان.بیانوو کەوتە دەست کۆماری ئیسلامی وهێرشی بەرفراوانی کردو سەر کوردستان.لەو شەڕەدا کە ٣ مانگی خایاند هەزاران کەس برینداوکوژراو هەبوو، سەدان ماڵ وێران بون.واهەبوو جەنازەی کوژراوی ئازیزانی خۆی لە حەوشەی ماڵەکەی دەناشت.لە شآری سنە جەنازەی ژن یان پیاوکەوتبونە سەر شەقام وسەگەکانیش تێی هاڵابون ودەیانخوارد!
رۆژگارێکی دڵتەزێن بوو، لەو سەردەمیش دەگووترا کە شەخسی قاسملوو بایی ١٢٠٠٠ پێشمەرگە دینار لە سەددام وەردەگرێ تا شەڕی کۆماری ئیسلامی پێبکا.جگە لەو پارەیەش چەکو چۆڵی پێویستیشیان بۆ دەناردن.
من لە دوکتور مەحمود دەپرسم ئەو کام شانازیە کە ئێوە باسی دەکەن ودەلێن، حیزبی دێمۆکڕات بە دژی حیزبە کوردیەکان دۆستایەتی سەددامی نەکردوە.ئەگەر ئەو بۆچوونەت راست بێ ئیترچەک وپارە وەرگرتنیان لە کام چوارچێوەدا جێ دەگرێ؟ئەو تڕآژیدیایەی کە لە شەڕی ٣ مانگەدا بە سەرخەڵکیان هێنا، چۆن لێک دەدەیەوە؟
لەو شەڕە نابەرابەرەدا، ورەی خەڵك شکا، ورەی پێشمەرگە شکا، وڵات وێران بوو، لە جەنگەی شەڕەکەشدا تەواوی ئەندامان وکارگێڕآنی حیزبی دێمۆکڕات لە سەر سنوورەکان خەریکی خۆش گوزەرانی بون لە مەیدانی شەڕیش دوور کەوتبوونەوە.زۆر جارخەڵكی بێ چارە کە لە ناو ژێر زەویەکاندا خۆیان حەشاردابوو، ورکە نانیش وەگیر نەدەکەوت کە بیخۆن!

تێبینی:

ئەو وتارە بە کورتی نووسراوە ولە نووسینی زۆر بابەت خۆم بواردوە.بەڵام لە هەڵویستی سیاسەتمەدارێکی وەک مەحموود عوسمان سەرم سووڕ دەمێنێ کە بەوشێوەیە دژایەتی بنەماڵەی بارزانی بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە