ژیانی بزنەکە
Saturday, 31/08/2024, 20:57
پیاوێکی هیندی کە بەدوای کاردا دەگەڕێت بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی و باشتر بوونی گوزەرانی بەرەو سعودیە دەڕوات تابەخەونی سەرەتایی بگات و ببنە خاوەنی ماڵ و منداڵەکانیان کە چاوەڕێ دەکەن بێتە بوون " نەبیل و سافیە" داهاتوویەکی باشتر لەدایک و باوکیان بۆ فەراهەم بکرێت و بچنە قوتابخانەو ژیانێکی ئارامیان هەبێت باوکی بەو خەایاڵەوە بڕیاریی کۆچکردن دەدات ، بەڵام بەگەشتنی بۆ سعودیە لەوێ ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسێکی بێ بەزەییەوە کە خاوەنی موراڵێکی ترسناکە دەبرێت و لە ناوەڕاستی بیاباندا دەکرێت بە شوانی بزن .
ئێمە لەسەر دەمێکدا دەژین کە ئەم دنیایە پڕێتی لەچیرۆکی سەیرو پڕ تراژیدیای باوەڕ پێنەکراو ، ئێمە ئەو ژیانەی کەئەزموونمان نەکردووە وەک چیرۆک سەیری دەکەین بۆیە زۆرجاران چیرۆکەکان تەنها تۆزێک لەگەڵماندا دەژین و دوایی لە بیرمان دەچێتەوە. بەڵام هونەری سینەماو فلیم کارێک دەکات کە ئێمە بەرێتە ناو قوڵایی ڕووداوەکان و پێمان بڵێت ئەمە ئەم سەر زەمینەیە کە پڕێتی لە شتگەلی ناقۆڵاو نادادپەروەری . ئەم فلیمە کە ماوەی سێ دەمژمێرە بینەر دەباتە ناو دەریایەکی لماوی و ژیانێکی تاریک کە خاوەن ڕانە مەڕێک مرۆڤەکان دەهاڕێت و سیستەم و دەسەڵاتدارانیش بێئاگا ،یان بەئاگا چاو لەو هەموو تاوانە قێزەونە دەنوقێنن .
سعودیە یەکێکە لەووڵاتە دەوڵەمەنەکانی جیهان و ئیسلام لەوێوە سەرچاوەی گرتووە . ساڵانە ملیۆنان مرۆڤی موسڵمان ڕوو لەو ووڵاتە دەکەن بۆ فەریزەی حەج و عەمرە .
لەپۆلیسەوە تا خاوەن ڕانەمەڕو مرۆڤی سەرشەقامەکان و شوفێری لۆری و ماشێنەکان لەمابەینی دوو ووشەدا خوایەک پێغەمبەرێک و ئایەتێک تێکەڵکێش دەکەن . خاوەن ڕانەمەرکە زمانی قسەکردنی وەک پیسای حوشترەکەی و پشقڵی بزنەکانیەتی بگرە خراپتریش .
لەم ڕۆژانەدا گوێم بۆ گفتوگۆیەکی "محەمەد ساڵح " گرت لەوێدا کە بەعەرەبیەکی تەلاقەت شیکاری بۆ قورئان و حەدیسەکان دەکات دەڵێت: قورئان تژیە لە جوێن و ئەبوبەکری سدیق و پێغەمبەر جوێن وەک ڕۆتینی ژیان بەکاریان هێناوە . دەیان نمونە دێنێتەوە لەقورئاندا کە باسی کەرو سە گ و ئاژەڵەکانی تردەکات وەک جوێن وهەڕەشە تێکەڵ کراوە کەزمانی خوایە .
ئیتر کاتێک ئەم ڕاستیە دەزانی بۆت ڕوون دەبێتەوە بۆچی خەڵکی سعودیەو عەرەب هێندە دەمیان پیسە وەک مەلاکانی مینبەر سوکایەتی بەژن و مێژوو زمان و خەڵک دەکەن..... !؟
لەکۆتایی فلیمەکەدا دەڵێت: ئەمە تەنها چیرۆکێکە بەڵام ڕاستی چیرۆکەکە لەوەدایە کە خەمی هەزاران مرۆڤی هەڵگرتووە کە ژیانیان لەبیاباندا لەدەست داوە . سەرەتا کە کابرا ی خاوەن ماڵات دەیبات و لەپشتی پیکابەکە خۆیی و هاوڕێکەی دادەنێت و دەگەنە شوێنی مەبەست پیاوێکی ڕیشداری هندی دەمێکە لەوێ هەواری هەڵداوە و نەعەرەبی فێر بووە نەهندیشی بیرماوە، بەڵام زمانی مەڕو بزنەکان دەزانێت ... پاش ماوەیەک ڕۆژێک دەیەوێت لەچیاکە خۆی هەڵداتە خوارێ و خۆی ڕزگاربکات دەبینێت داڵەکەرخۆرە لەسەر تەرمێکن ...ڕادەکاتە خوارێ تەرمی پیاوە پیرە هنیدێکەیە چاوەکانی دەرهاتووە داڵەکەرخۆرەکان گۆشکەکەی دەخۆن ....
ئیسرائیلێکان توانیان لەڕێگەی فلیمەوە تراژیدیاکانیان بگەیەنە ناو هەموو ماڵێکی جیهانەوە چونکە دەرکیان بەوەکرد کە سینەما زۆر کاریگەرە ، بەڵام ئێمە شایەتحاڵەکانی ئەنفال هەموویان بۆیان گێڕاینەوە کە گیانیان لەدەست دەدا لەزیندانی "نوگرەسەلمان" و لاشەکان دەکران بەژێر لمەداخەکەوەو ئێواران سەگەڕەشەکان زەبەلاحەکان دەهاتن لاشەکانیان دەکردە ژەمی خۆراکیان ، سینەماکارەکانی ئێمە لەکوێن ؟
دەریایی سپی ناوەڕاست و بەتایبەت ئیجە سەدان مرۆڤی کوردی کردە میوان وخۆراکی ماسیەکان ، قاچاخچە تورک و کوردە بێناموسەکان کە سوکایەتیان بە خێزانی هەڵوەشاوەی کورد دەکرد ، کوا سینەماکارەکانمان فلیمێکی وایان بۆ بەرهەم نەهێناین کە مێژوو قڵپکاتەوە ، دێن بەزمی بەزمان و پوچێکانی ترمان بۆ تۆماردەکەن و دەڵێن ئێمەش سینەمامان هەیە .
ژیانی بزنەکە عەرەب و ئیسلامی ڕووتکردەوە لەهەموو پیرۆزیەک، چونکە کارئەکتەرەکە دەڵێت :
" بۆ دەبێت خوابانگ بکەم ،یان نزا بکەم گەر خواهەبوایە من بۆ وام لێدەهات"... ؟
جوانی ئەم فلیمە لەوەدایە کە کاتێک دەیەوێت هەڵبێت لەو دۆزەخە ، لەخەمی هاوڕێکانیدایە حوشترەکان خۆراکیان بۆ ڕۆدەکات مەڕەکان پوش و پێیان دەڵێت من دەڕۆم جێتان دەهێڵم و داوای لێبوردن دەکات لێ یان .
لەمێژە سەیری فلیمی هندی ناکەم بەڵام ئەم فلیمە لەو فلیمانەیە بەسەر هەموو بۆڵویدا دەفڕێت . خەیاڵی جوانی گوندەکەیان و حیواری خۆی وژنەکەی و مانگ و ئاسمان ئاوێزانی یەک دەبێت .
ژەنەکەی پێی ووتووە:"تەنانەت گەر نەتوانی پەیوەندیم پێوەندیشم پێوە بکەیت ، تەنها ئەوکاتەی مانگ دەبینی بیرم لێبکەرەوە" .
گۆرانیەکی عاشقانەی سادەی گوندی ماڵئاوایەکی غەمگینانە و غەرق بوون لەترس وچاوەڕوانیدا بینەر سەرسام دەکات .
دواجار دوای هەڵهاتن زەنگێکی تەلەفۆن لەگەڵ ژنەکەیدا دەکات . ژنەکەی بەگریانەوە دەڵێت :
خودا وەڵامی نزاکانی داینەوە " نەبیل" لەچاوەڕوانیتایە .
بەرلەوەی بگەڕێتەوە سێ مانگ لە زیندانی سعودیە دەباتەسەر لەبەردەم پێپلیکانەی فڕۆکەکەدا دەڵێت : ئەم سێ مانگە درێژترین کاتی ژیانم بوو کەلەزینداندابووم ، ئێستا لەجیاتی دیاری بۆن و جل و تەلەفۆن و شتیتر کە دەبوو لەجانتاکەمدا بوایە
"هەموو ئەوەی ماومە بیدەمە نەبیل و ژنەکەم ئەوکاتانەیە کەلەژیاندا ماومە" .
فلیمێکە حیوارەکانی لەشعردەچێت: "نابینی مانگ دەڵێ لەتەگوێزی هندیە خۆی نیشان دەدەت " ژیانی بزنەکە یەکێکە لەو فلیمانەی کە شایەنی سەیرکردنە ، خۆزگە هەموو کوردێک کە دەچێت بۆ حەج بەرلەوەی بچێت سەیری ئەم فلیمە بکات بۆئەوەی وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەم نیشتمانی لمەی لەبەر چاوبێت . ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لەناو فلیمەکەدا کچی خاوەن مەڕوماڵات شودەکات بەڵام ژن لەناو سعودیەو سەرشەقام و فڕۆکەخانەو لای بزن و مەڕو حوشترەکان غایبە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست