رێباز حەملان: کابینەکانی نێچیرڤان بارزانی باشتر بوو

Friday, 30/08/2024, 20:20


ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک بەناوی (یادگار چاوشین)، کە خاوەن و سەرنووسەری گۆڤارێک بوو بە ناوی (ڕێچکە) لە سلێمانی، ئەم گۆڤارە راگەیاندنێکی سەر بە پارتی بوو، خاوەنەکەشی کاری بۆ پارتیی دەکرد. 
(یادگار چاوشین) چاوپێکەوتنێک لەگەڵ (رێباز حەملان) جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات، لە دانیشتنەکەدا پێشتر و پێش دەست پێکردنی گفتوگۆکە، هەردووکیان قسە دەکەن، ڕێباز حەملان دەڵێت: (لەسەر دەمی نێچیرڤان بارزانییدا، وەزیرەکان دەسەڵاتیان زیاتر بووە، بەڵام ئێستا هیچ کام لە وەزیرەکان رۆڵیان نییە، تەنانەت بوونیان هەر وەک نەبێ وایە!). 
وەک وتمان (یادگار چاوشین) کە خاوەنی ئەم گۆڤارەیە، ئەمە بەهەل دەزانێت، کاتێک هەموو چاوپێکەوتنەکە ئامادە دەکات ئەم گوتەیە دەکاتە سەردێڕی چاوپێکەوتنەکە، دوای دوو ڕۆژ کڵێشەی بەرگی گۆڤارەکە بۆ ڕێباز حەملان دەنێریت، بەڵام کاتێک رێباز حەملان ئەمە دەبینێت، وەک دەڵێن لە ترساندا لەشی دەکەوێتە لەرزین و بەزمانی هەڵبڕسکاو خێرا تەلەفونی بۆ  دەکات، پێی دەڵێت بۆ خاتری خوا ، ئەوە چیت کردووە، بڵاوی نەکەیتەوە ئەگەر کاک مەسرور ئەمە بخوێنێتەوە، یەکسەر دەمنێرێتە ماڵەوە !؟
یادگار چاوشینیش لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵام بە داخەوە تازە چاپ کراوە، تا ئیستا یەک دەفتەر دۆلاری تێچووە!؟
ئیتر ڕێباز حەملان وەک پاڕانەوە لە تەلەفونەکەدا پێی دەڵێت: تکایە هەمووی بسوتێنە، من  دەفتەرە دۆلارەکەت پێ دەدەمەوە..
بۆ بەیانییەکەی رێباز حەملان  بە خێرایی بڕی دەفتەرێک بۆ  یادگار چاوشین دەنێرێت. 
کەسێک لە نێو لقی چواری پارتیی، کە ئاگاداری ئەم کەینو بەینە دەبێت وەک یادگار چاوشین بۆیانی گێڕاوەتەوە گوایە وتوویەتی: من تەنیا بای ٢٠٠ هەزار دینارم لێ چاپ کردبوو، بەڵام بە رێبازی وتبوو یەک دەفتەر دۆلاری تێچووە.  بۆ ئەوەی ئەو پارە زۆرەی لێ بسەنێت.
شایانی باسە رێباز حەملان کە لە رێگای بزووتنەوەی گۆڕانەوە بوو بەم کەسەی کە ئیستا شەق لە پارە و سەفتە دۆلار هەڵدەدات، بەردەوام شتی سەیری لێ روودەدات، تەنانەت خێزانەکەی خۆشی کە ناوی (شەدە خان)ە بە راست و چەپدا پارەی بەلاش سەرف دەکات، وەک  نمونە: ساڵی پار ساڵۆن و ئاراشتگای جوانکاری لە هەولێر وەزیران دادەنێت،  بڕی یەک ملیۆن دۆلاری تێچوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بازاری نابێت، ناچار ئاراشتگاکەی دادەخات، ئەو پارە زۆرەشی بەهەدەر دا.. ئیتر بزانن ئەم دەسەڵاتە پۆخڵ و خائینانە نەک تەنیا یاری بە چارەنووسی ئەو گەلە دەکەن، ئەوەتا هاوڵاتیی و موچەخۆران مووچەیان پێ نادرێت، کەچی ئەم وەزیر و پیاوانەی دەسەڵات بە ئارەزووی خۆیان شەپشەپێن بە پارە و بودجەی وڵات و حکومەت دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە