کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەکەکە و حزبەکانی دیکە لە تای تەرازووی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکاندا

Friday, 30/08/2024, 20:17


دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی و بەرەی خەباتی دیموکراتیک و پارتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانی بە هۆی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە هەڵوەشاندەوە. بەپێی بڕگەی یەكەم و دووەم لە مادەی 25ی یاسای حزبە سیاسیەكان ژمارە 36ی ساڵی 2015 نابێت هیچ حزبێكی سیاسی لەرووی تەنزیمی و داراییەوە پەیوەست بێت بە حزبی غەیری عێراقی و لەلایەن هیچ هێزێكی دەرەوەی عێراق ئاراستە بكرێت.
بەر لە هەموو شتێک ئەم بڕیارە هێندەی بڕیارێکی تورکی پارتیی ئیسلامییە، بڕیارێکی دادوەری پەتی نیە. لە چەند خاڵێکدا ئەتوانین هۆکار و ڕەهەندەکانی بەم جۆرە دیاری بکەین:-
١- سکاڵاکار لەم کەیسە کێیە، دەوڵەتی تورکیا یان حزبەکانی دیکەی کوردستان؟ ئەگەر وایە ئەوا ئەمە بڕیارێکی دادوەری نیە و ڕێکەوتنێکی سیاسی و دەستتێوەردانێکی ئەقلیمییە لە بڕیارێکی ناوخۆییدا. وە ئەگەر سکاڵاکار حزبەکانی دیکەی کوردستانن ئەوا بە بێ جیاوازی هەمووان وابەستەی وڵاتانی دەرەوەی خۆیانن و پاڵپشتی مادی و مەعنەویش لە حزب و ڕێکخراو و دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتانی وەکو تورکیا وئێران و قەتەر و سعودیەش وەردەگرن. جگە لەمەش تەنانەت بۆ هەر هەڵوێست و کێشمەکێشێک ئەبێ وەسفەیەکی سیاسی لە ئەنقەرا و تاران و قەتەرەوە وەربگرن. ئەمە نەک بۆ حزبە کوردستانییەکان بگرە بۆ بەرەی تورکمانی و تەواوی حزبە سوننی و شیعەکانیش ڕاستن. ئەپرسین خێرە تەنها پەکەکە بە تەنزیم و هێزێکی دەرەوەی عێراق هەژمار بکرێ نەک هەموو ئەوانی دیکە؟
٢ – لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی وەها، بەوەی سەرچاوەی دارایی سێ حزب ساغ بێتەوە کە لە قەندیلەوە دێت چەندی پێ چوو؟ چۆن ساغ کرانەوە؟ لە کوێوە دەستی پێکرد و چۆن چۆنی گەیشتنە ئەنجامە بەرایی و کۆتاییەکان. یان بڕیارەکە ئیملایەکی سیاسییە و ژمارە و بڕگەی یاسایی بۆ زیاد کراوە.
٣ – هەموو حزبێکی سیاسی بیرۆکە و پەیڕە و پرۆگرامەکانی لە حزبی هاوشێوەی خۆی لە وڵاتانەوە کۆپی دەکات و وەردەگرێ. بۆ دامەزراندنی هەر حزب و رێکخراوێک کۆمەڵە خەڵکێک کە هاوبیری یەکن ڕێک ئەکەون کە کۆپی ئەزموونێک بکەن لە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی خۆیان چواچێوەیەکی تایبەتی پێ بدەن. ئەمەش بۆ هەموو حزبەکان ڕاستە و حەرام نیە. ٤- پێم سەیرە کە نزیکی لە بیر ئۆچ ئالان و فەلسەفەی پەکەکە ئەبێ چ جیاوازییەکی هەبێ لە گەڵ نزیکی حزبێکی چەپی عێراقی و کوردی لە گەڵ بیری مارکسی و پڕۆگرامی کۆمۆنستی. یان حزبێکی ئیسلامی سوننی لە بیری سید قوتب و حەسەن بەننا و پرۆگرامی حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان کە زۆربەیان تۆمەتبارن بە تیرۆر و توندڕەوی. یاخود چ جیاوازییەکی هەیە لە گەڵ حزبێکی شیعی کە ئیلهام لە خومەینی و بڕیار لە شیعەکانی ئێرانەوە وەردەگرن؟
٥ - هەتا داعش بەشێک لە عێراق و کوردستانی لە ژێر دەستدا بوو، پەکەکە بە دەست ماچ کردن بانگهێشت کرا لە قەندیلەوە بۆ بەرەکانی جەنگ لە کەرکووک و شەنگال و مەخموور. ئەو کات پەکەکە نە بۆ پارتی و نە بۆ سوپای عێراق و نە بۆ حەشدیش هێزی دەرەکی نەبوو. ئەو کات بیر لەوە نەدەکرایەوە کە پەکەکە کاریگەری سیاسی و فیکری لە سەر کوردی باشور هەیە بەوەی وەکو هێزێکی شۆشگێڕ بە بێ هەبوونی بەرژەوەندییەکی  ڕاستەوخۆ بەرگری لە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەش کرد و دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی گەڕایەوە شوێنەکانی خۆی. 
شەنگالییەکان شەنگالین و لە قەندیلەوە نەهاتوون. شەنگالییەکان ئەگەر  پەیڕەو پرۆگرمێک هەبێ حزبی بۆ دامەزرێنن ئەبێ ئەوەی پەکەکە بێ. 
هاوێیانی تەڤگەری ئازادی ئەوانی دیکەش خەڵکی سلێمانی و هەولیر و دهۆک و شێلادزێ و زاخۆ و کەلار و کفری و ڕانیەن...و لە هەسارەیەکی دیکەوە نەهاتوون. ئەگەر حەرامە لە بیری پەکەکە و ئۆچ ئالان ئیلهام بۆ دروست کردنی حزب وەربگرین، ئەبێ لە حەرامە زەبەلاحەکان بێ لە بیری حەسەن بەننا و سید قوتب  و ئەردۆغان  و خومەینی و تەنانەت مارکسیشەوە ئیلهام بۆ دروست کردنی حزب و ڕێکخراوی سیاسی و دینی وەربگرین. عەرەب ئەڵێ" الکیل بالمکیالین " کوردیش ئەڵێت بانێکە و دوو هەوا. بە پێی ئەو مادەیەش بێ کە ئەو سێ حزبەی پێ هەڵوەشاوەتەوە، نەپارتی و نە ئیسلامییەکان و نە یەکێتی و نە هیچ حزبێکی کوردستان و عێراق مافی کارکردن و بەشداریان لە هەڵبژاردندا نیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە