پەیامێک لە بەنگلادیشەوە بۆ کوردستان

Friday, 30/08/2024, 18:32


برادەران ئاگاداربکەنەوە ، ئاییندەتان بنەخشێنن ، کێوی گەندەڵی بەسەریاندا بڕمێنن .

........................................................................
 ڕۆژی دوو شەممە ، ٥ ی ٨ ی ٢٠٢٤ ڕۆژێکی نەهات بوو بۆ شێخ حەسینە ( Sheikh Hasina)ی سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش .

ئەو ژنە ، کە چەند نازناوێکی هەبوو لەوانە ژنە ئاسنینەکە ، ژنە جەنگاوەرە موسوڵمانە خانەدانەکە ، لایەنگرەکەی دیمۆکراسی . توانی دوو دەیە حوکمڕانی بەنگلادیش بکات لە لەدووکاتی جیاوازدا ( ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠١ ، ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٢٤ ) کە بە درێژترین ماوەی حوکمڕانی دادەنرێت لە مێژووی ئەو وڵاتە دا .
ئەو لەگەڵ ئەوەی بە هەڵبژاردن هاتبووە سەر کورسی دەسەڵات بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لەکۆتا هەڵبژاردن دا  بایکۆتیان کردبوو لەبەربوونی ساختەکاریەکی زۆر تیایدا .
ئەو زۆرترین وێنەی هەیە لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی وڵاتە زلھێزەکان ، پەیوەندی ئەو لەگەڵ کەسایەتیە دیارەکانی بواری ئاشتی و مافی مرۆڤ لە ئاستێکی زۆر باڵادابوو . 
شێخە شانازی بەوەوە ئەکرد گوایە گەشەی ئابووری وڵاتی بەرزکردۆتەوە لەو کاتەوەی کە ئەو دەسەڵاتی وڵاتی گرتۆتەدەست .
لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەی ئاوی هاوبەشی لەگەڵ هیندستان دا هەبوو ، ئاشتی لەگەڵ هۆزە یاخیەکانی باشووری وڵاتدا واژۆکردبوو .

بەڵام ئەمانە نەبونە هۆی ئەوەی کە حکومەتەکەی لە کەوتنێکی حەتمی دەربازبکات .

بەهۆکاری بوونی گەندەڵیەکی زۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ، ساختەکاری لە هەڵبژاردن ، زۆربوونی نرخی کەل و پەل ، زیادبوونی قەرزەدەرەکیەکان و ملکەچ بوونی زۆری بۆ هیندستان ، نەبوونی دادگەری لەداهاتی تاک ، گرتنی نەیارەکانی بەشێوەی هەڕەمەکی و سزای کوشتنی خەڵک لەڕێگەی دادگای نهێنی و کەمی فرسەتی کار و داهاتی تاک ، دانانی ڕێژەی ٪٣٠ هەلی کار بۆ ئەوکەسانەی ئەندامانی ئەو خێزان و بنەماڵانەبوون کە بەشداریان کردووە لە سەربەخۆبوونی بەنگلادیش ساڵی ١٩٧١ لەدەستی پاکستان ! 
ڕۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتەکەی شێخە بەرەو چەوسانەوە ( ئۆتۆکراتی ) ی زیاتر ئەچوو ، بۆیە هێزی گەل سەبری نەما و ڕاپەڕی ، خوێندکاران جڵەوی خۆپێشاندانیان گرتەدەست بەهاوکاری سوپا و پاش تێپەڕبوونی مانگێک و کوژرانی سەدان هاوڵاتی . توانرا چارەنوسی دەسەڵاتەکەی شێخ حەسینە هاوتای هەمان چارەنووسی دەسەڵاتەکەی باوکی ( شێخ موجیبور ڕەحمان ) لێبکرێت . کێوی گەندەڵیان بەسەردا ڕماند و ناچار بە دەست لەکارکێشانەوەیانکرد ، لە کۆتاییشدا بەرەو هیندستان هەڵهات .
شایەنی باسکردنە باوکی شێخ حەسینە ، بە باوکی ڕۆحی نەتەوەیی خەڵکی بەنگلادش دائەنرێت . وە توانی سەربەخۆیی لە پاکستان وەربگرێ و لە ساڵی ١٩٧١ بووبە یەکەمین سەرۆک وەزیر . بەڵام ساڵی ١٩٧٥ ئینقیلاب کرا بەسەر دەسەڵاتەکەیدا ، خۆیی و زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکەی کوژران جگە لە حەسینە و خوشکە بچوکەکەی کە لەو کاتەدا لەدەرەوەی وڵات بوون .
بەو شێوەیە ، کێوی گەندەڵی ، ئینقیلابی بەسەر باوکی نەتەوەیی و ژنە پۆڵایینەکەی بەنگلادیش دا کرد و ئەو پەیکەرانەشیان تێک شکاند کە بۆیان دروست کرابوو .
ئا لێرەدا ئەبێت لەخۆمان بپرسین بەتایبەتی نوخبە زیندووە ڕەخنەگر و چالاک و ناڕازی و مرۆڤ دۆست و نوسەرە قەڵەم بەبڕشتەکان کە ، ئایە ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە پڕ عیززەتەی گەلانی بەنگلادیش و ڕاماڵینی حوکمی گەندەڵی بەرەبابە گەندەڵەکانی بنەماڵەی شێخە ، زۆر زیاتر لە کوردستان بوونی نیە ؟!
جگەلەبوونی کۆیلە و نەبوونی هۆشیاریەکی باڵا بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی ، چ هۆکار و ڕێگریەکی تر هەیە کە ئەم دەسەڵاتدارە خۆسەپێنە لەهیچ نەچووە بارگە و بنەیان پێ نەپێچرێتەوە و شاربەدەرنەکرێن ؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە