کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی شنیار باشی کرد؟

Friday, 30/08/2024, 20:19


لەناو سیستمە دواکەوتوو و مافیاگەری و پڕۆکسی و جاشایەتیەکاندا، سیاسەت پێناسە ڕاستەقینەکەی خۆی لە دەست دەدات ، لە هونەری ئیدارەدانەوە دەبێت بە کاسبیەکی مشەخۆرانە و ساختەچییەکان دەستدەگرن بەسەر ئەو بازرگانییە لفتەخۆرییەدا. 
کوردستانی خۆمان کەشێکی لەبارە بۆ ئەم کەسابەتە چەپەڵە و ساڵانێکە سەدان ئینسانی مشەخۆر و ساختەچی لە ڕێگای ئەم ئیشەوە خۆیان پێگەیاندووە و دەوڵەمەندبوون،  بوون بە شت.  دیارە (بوون بە شت ) بە واتا کۆمەڵایەتی و مادییەکە، دەنا لە ئەسڵا ئەوانە ڕێک دەبن بە قۆنەرە  کە دەچنە ئەو یاریە قێزەونەوە. 
 لەناو ئەم کاسبکارانەدا سووکترین ئەوانەن کە لە سەکۆی ئۆپۆزیسیۆنەوە خۆیان لەم کاسبیە گیردەکەن! ئەو ساختەچییانەن، کە وەک دژە دەسەڵات و خودان هەڵوێست و دەنگی ناڕازی و ئینسانی پاک و  سادە و دادپەروەر و خێرخواز و چاکەکار خۆیان بە خەڵک دەناسێنن، لەوێوە سەریان لەو ئالیکە حرامە وەردەدەن.
ئەوەی دەمەوێ بە کورتی بیڵێم ئەوەیە ( دەستکردن بەم کەسابەتە لە عەرەبانەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە زۆر  ناشەریفانەترە لەوەی لە دووکانەکانی دەسەڵاتەوە دەست پێبکەیت. چونکە وەک ئۆپۆزیسیۆنێک تۆ دوو جار ساختەچیت، جارێک خەڵک لە خشتە دەبەیت بەوەی دژی دەسەڵاتیت، جارێکیش بەوەی لەناو سیستمەکەوە خزمەت بە دەسەڵات دەکەیت)  .
شنیار ئەنەوەر و سەرکەوت شەمسەدینی مێردی تازە  لەزەتی ئەم ناز و نیعمەتەی کاسبی سیاسەتیان چەشتووە،  ئیتر لەکوێ ئەتوانن وەک من و تۆ کاسبی شەریفانە و ڕاست و دروست بکەن ؟  لەبەر ئەوە بە ڕای من شنیار هەم کارێکی ئاقڵانەی کرد هەمیش شەریفانەتر و ڕاستگۆیانەترە لەوەی وەک ئۆپۆزسیۆنێک کڵاوی هەڵوێست و ڕەخنە و بوێری و ئازایەتی و قارەمانێتی و خەباتی مەدەنی و ئازادی و مافی مرۆڤی بۆ بدورینایە بە مووچەیەکی نۆ ملیۆنی . 
هەر بۆ زەوق وەک چۆن بۆ هەڵبژاردنیش وا خۆشە  وەک چۆن جاری پێشوو مژدەی حەمە لوبی مەوزوعەکە بوو قەیدی چییە با ئەمجارەیش شنیاری سەرکەوت سەرنجی کوڕوکاڵ ڕاکێشێتەوە بۆ سیاسەت خۆ گوناح نیە..
----------------------------------------------------------------
پاڤێل بە شنیار دەڵێت: دەستخۆش کە رەخنەت لێگرتووین

ئەم قوڕ و لیتەیە هەر ئەوەندە تەپوتۆزی لێ هەڵدەستێ*

هەندێک پێیان وایە  قوباد و باڤڵ لە داخی ڕەخنە و مەخنەکانی  ساڵانی پێشوو  بە پلان و تاکتیکی سیاسی و ماکیافیلانە، شنیار یان هێناوە تا هەقی لێبکەنەوە و ڕیسوای بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا. زۆرێک پێیان وایە شنیار دەرناچێت و بە دۆڕاوی دەینێرنەوە بۆ ئەمریکا.. وەلێ من پێم وایە ئەم پێشبینیە هەڵە دەبێت، چونکە هەم یەکێتی و هەم مەیانەکە و هەم  قەوارە و قومار و قەحپەخانەکەی دەسەڵات پێویستیان بە کاراکتەری وەک شنیار هەیە .
شنیار نمونەیەکی زۆر گونجاوە بۆ ناو ئەم زەلکاوە. ئەو بۆ شاتەشاتی پەرلەمان کەڵکی دەبێت . بۆ سیناریۆ و شەڕەسەگی میدیاکان پلە یەکە. بۆ ئیغراکردنی گەنجە خێرلەخۆنەدیوە بێتوتنەکانی نیشتیمانیش دەکرێت کچەمۆدێلێکی گونجاو بێت.. جا لەبەر ئەوە بڕوام وایە خاتوو شنیار هاوشانی عەلی حەمەساڵح و کارەی بەرخەسپی و مام ڤاندام و جەلال پەرێشان کەسایەتییەکی گونجاوە بۆ ئەم گەمەی هەڵبژاردەی ئەم جارە .. 
*ماوەکانی پێشوو لە گەڵ مامۆستای گەورە و کەسایەتی سەنگینی شاری سلێمانی (مامۆستا فەوزی ڕەمزی) بە تەلەفۆن زۆر قسەمان کرد.. لە گەرمەی قسەکاندا پەندێکی زۆر جوانی فێرکردم کاتێک باسی ئەو دۆخە وێرانەی کوردستانمان کرد . پەندەکە ئەو دێڕە بوو، کە سەردێڕی ئەم نووسینەیە:

 (ئەم قوڕ و لیتەیە هەر ئەوەندە تەپوتۆزی لێهەڵدەستێت)

بەتەمای چین؟ 
هەستە ئاو بێنە و دەست بشۆ داماو

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە