دەست لە پزیشکەکانی سلێمانی بەربدەن

Wednesday, 28/08/2024, 9:19


 لەشاری سلێمانی ژمارەی پزیشك ،پرۆفیسۆر و دکتۆر لە ژمارەی نەخۆش و کەم ئەندامان زیاترە. ئەم ژمارە زۆر و بۆرە خۆی بۆ خۆی نەك نیشانەی پرسیار بەڵکە ئیمۆجی پێکەنین و گریانیش بەدوای خۆیدا ،دێنێ. هەروەك چۆن ژمارەی مزگەوت و تەکێ و مەلاکان ئاماژەی دواکەوتوویی و ماڵوێرانی و سەرگردانیە بۆ هەر شار و شارستانیەك ، ئەوا ئەو هەموو بەناو کلینیك،تاقیگە،خەستەخانەی ئەهلی و حکومی کە کاریان تەنها هەڵتەکاندنی گیرفانی هاوڵاتی نەخۆش و بێهۆشە، ئەوا لەهەمان کاتدا بۆتە کاری چەندین بێ خاوەن شەهادە وەیان ئەوانەی لەڕێگای حزبەوە(دکتۆرێنراوون) و بەئارەزووی خۆیان کەوتوونەتە وێزەی نەخۆشی داماو کە بەبێ هیچ جۆرە سزایەك هەرچی بکەن بۆیان ئەچێتە سەر و کەس نیە پێیان بڵێ ئەو هەموو قوربانیانە بۆ؟!
(قەسابەکان)وەیان بەقەولی خۆیان دکتۆرەکان ڕۆژانە خەریکی کەلاپەچکردنی نەخۆشن و تا تیمار و چارەسەری نەخۆشێك ئەکەن ڕەنگە سی بۆ چل نەخۆش کۆڵەوار وەیان بمرێنن..ئەمانە بەبێ هیچ زانیاریەکی باش بەبێ ئەوەی بەردەوام زانیاریە زانستیەکان گەشە پێبدەن وەیان بەبێ ئەوەی  لەوە بترسن کە لێپرسینەوەیان لەتەکدا بە ئەنجام بگەیەنرێ، کاری ناتەواو و نابەجێ ئەکەن و دواتر گەر کار لەکار ترازا ئەوا ئەڵێن(چارەنووسی وابوو، وەیان خوا هەر ئەوەندە تەمەنی پێ بەخشی بوو).
دکتۆرەکانی سلێمانی(دیارە هەموویان نا) گەلێ بێ ویژدانانە کار ئەکەن و جگە لە پارە ڕاکێشان و لووشدان بیر لە پیشەکەیان ناکەنەوە و گەلێ نا پرۆفیشاڵانە تەماشای نەخۆش ئەکەن. بەشێوەیەك وای لێهاتوە باشترین دکتۆر ئەو دکتۆرەیە کە زۆرترین قوربانی هەبێ.
لەووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پزیشك بۆ ئەوەی کارەکەی خۆی بە دڵسۆزی بکا ، پێوستە ڕۆژانە زانیاری نوێ بەخۆی و پیشەکەی بدا و لەگەڵ مەرجەکانی سەردەم خۆی بگونجێنێ . هەروەها پێوستە لەکاتی هەڵەکردن باجی خۆی بدا و نەخۆش بتوانێ داوای قەرەبوو بکا، کەئەمەش زۆرجار وا لە(نەقابەی پزیشکان)ئەکا لایسنسی دکتۆری هەڵپەسێرێ وەیان هەر بەتەواوی نەیەڵن ئەو کاری پزیشکی بکا.
لە ئەوروپا و ئەمریکا هەرچی تاقی کردنەوەیەك هەبێ لە پێشدا لەسەر مشك و مەیموون بەڕێوەی ئەبەن، کەچی لای خۆمان پزیشکەکان نەخۆشەکان وەك مشك و مەیموون تاقی ئەکەنەوە و بەبێ ئەوەی کەسێ بێت و بڵێ کاکە ئەم کارەی ئێوە هەڵەیە..بۆیە ڕەنگە لەماوەیەکی نزیكدا پزیشکەکانی سلێمانی پێش پزیشکەکانی جیهان بکەون و دەستی لێ بەریەن، چونکە ئەمان قۆناغی مشك و مەیموون لەسەر مرۆڤەکان تاقی ئەکەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە