نامەی مەلا مستەفا بۆ جەلال تاڵەبانی

Wednesday, 28/08/2024, 9:17


نامەی ئاشقانە جودایە دەگەڵ نامەیەک کە ناوەرۆکێکی سیاسی هەیە.نامەی باوک بۆ کوڕێک یان کچێک یان دوودۆست یان نامەی ئیداری جودایە دەگەڵ نامەی سەرکردەیەکی سیاسیی کە داوای مافی رەوای نەتەوەیەک دەکا.نامەی سەرکردە سیاسیە کان بۆ یەکتر جودایە دەگەڵ نامەیەکی ئاسایی،تەنانەت جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان وتارێکی سیاسی ونامەیەکی سیاسی بۆ مەبەستێکی گرینگی سیاسی.زۆر جار نامەی سەرکردەیەکی نەتەوەیەک دەبێتە هۆی کوژانەوەی شەڕێکی مەزن،زۆر جاریش نامەی سەرکردەیەک دەبێتە هۆی هەڵایسانی تڕاژیدیایەکی مەزن کە خەساری گەورە بە دووی خۆیدا دێنێ.(پێویستە ئاماژە بە نامەیەکی ٧خاڵیی قاسملووبکەم کە بە دەستخەتی خۆی نووسیبووی ولە فەیسبوکدا بڵاو بۆوە کە چۆن چەکدارەکانی هاندەدا دەژی چەکدارەکانی کۆمەڵە بجەنگن وبیانکوژن).
ئەو نامەیەی کە مەلا مستەفا کاتی خۆی بۆ جەلال تاڵەبانی ناردوە تا سەرنجی ئەو بۆ لای خۆی ڕاکێشێ ولە براییم ئەحمەدی دوور خاتەوە خاڵی سەیروسەمەرەی تێدا بەدی دەکرێ.ئەوەیە دەستخەتونامەی سەرکردیەکی کورد کە بە باوکی روحیی کورد پێناسە کراوە؟
نامەی مەلا بۆ تاڵەبانی ئەگەر لە بواری رێزمانی ورێنووسی لە بەرچاوبگرین،نامەی قوتابییەک کە لە پلەی چواری سەرەتاییدا دەرس دەخوێنێ،زۆر رێکوپێکترە لەونامەیەی کە مەلا بۆ تاڵەبانی نووسیوە.ئەگەریش لە بواری دەروونناسیدا شڕۆڤەی بۆ بکرێ دەردەکەوێ کە ئەو نامەیە پڕە لە بێ رێزیی وهەڕەشەوبچووک نیشاندانی لایەنی بەرابەر.تەنانەت لە بەشێک لەو نامەیەدا دەلی: جەلال ئاقڵ بە (وەک ئەوەیە کە جەلال تاڵەبانی کەر بێ) ومەبە بە جەلالە شێت!(وەک ئەوەیە کە جەلال تاڵەبانی شێت بێ).
کەسێک کە بۆ خۆی ٢یان ٣ لە کوڕەکانی لە ترسی مەلای باوکیان خۆیان دەباوەشی سەددام داوێن ،نەکا بکوژرێن.لە هیچ کوێی دونیادا نەبینراوە باوکێک بەو ڕادەیە تینووی خوێنی منداڵەکانی خۆی بێ.لە کۆتاییشدا سەددام کوڕەکانی مەلا مستەفا دەکوژێ.جەلال تاڵەبانیش بە هۆی راودوونانی چەکدارەکانی مەلا مستەفا،رادەکاتە ئێران ولە شاری هەمەدان بۆ ماوەیەک دەگێرسێتەوە وپاشآن خۆ دەباوەشی سەددام داوێ نازناوی جاشی ٦٦ی پێدەدرێ.
لە چەند شوێنی ئەو نامەیە رستەکان بۆ من روون نەبون کە مەلا مستەفا مەبەستی چییە.هیوادارم خوێنەریی بابەتەکە تووشی ئەو گرفتە نەبێ.ئێستێش لە خواروی وتارەکەدا دەقی نامەکە وەک خۆی بڵاو دەکەمەوە بە بێ ئەوەی هیچ ئاڵوگۆرێک لە تاقە وشەیەک یان رستەیەک بێنم.
دەقی نامەکەی مەلا مستەفا بۆ جەلال تاڵەبانی:
لە رێککەوتی ٥/٤/١٩٦٥ مەلا مستەفا ئەو نامەیە بۆ جەلال تاڵەبانی دەنێرێ تا راێبکێشێت بۆ لای خۆی و دووری بکاتەوە لە ئیبڕاییم ئەحمەد کە دژ بە مەلا مستەفا هەڵوێستی راگەیاندبوو.
برای عەزیزی خۆم جەلال تاڵەبانی زۆر موحتەڕەم زۆر سڵاووئیحتڕام بۆ هەمووتان تەقدیم دەکەم.ئەلحەمووللا ئێمە سەلامەتین وئینشائەڵڵا ئێوەش سەلامەت دەبن.فکری هەقیقی لە ئێمڕۆی واقیعی بفەرموون. / واتای ئەو رستەیە بۆ من روون نییە/،مەسلەحەتی شەعبی کوردی رەعایەت بکەن.وە بە قسەی مەسڵەحەت پەرەستان نەکەن،وە فکری خۆت چاک چآک بکەی،تۆ دەگەڵ میللەتی کوردی یان لە گەڵ ئەشخاصی موعەیەن کە بۆ فیتنەوفەساد دەڕۆن. دەبێ جارێکی تر باش فکری خۆتی لێ بکەیەوە،تۆ تەڕەف داری دووژمنانی مەسڵەحەتی کوردو کوردستانی یا خود لە گەڵ برای حەقیقی خۆت دەبی؟ من بە خصوصی تەبلیفت دەکەم /نەمزانی تەبلیف یانی چی/،پاشآن لە ناو دووکەوانەدا ئایەتێکی قوڕعان دەنووسێ باسی کافران دەکا/.
لە درێژەی نامەکەیدا ئاوا دەنووسێ: وەرە لام بانگت دەکەم،وەک کوڕی عەزیز بۆ خۆم وکوردستان بە قسەی هیچ کەسی تر مەکە،وەرە بۆ لای شەعب،مەچۆ بۆ لای ئەوان.کەسان کە خەریکن ئەوان شەعب بۆ خۆیان بفرۆشن./لەورستەیە تێناگەم/.ئەوانە رووڕەش دەبن لە لای شەعبی کوردی لە تاریخی کوردستاندا.
ئەورێگایەی ئەوان دەیگرن هەر قسەی رووڕەشی ومەحروم بونە لە شەڕەفی موستەقبەلی نزیک./ نازانم مەبەستی مەلا لەو قسەیە چییە/.جارێکی تر هەر دووک چاوت ماچ دەکەم،وەرە لام ولە گەڵ من ومیلەتی کوردوکوردستان بژی یان بمرە./ مەلا بۆ خۆی لە ئامریکا مرد!/لە گەڵ خایین ونا ئەمەل مەبە،چونکە ئەو ظابط وعەسکەرانە اطاعەتی ئەمری منیان کرد.
وەرە رجام وایە جەنابتان اطاعەتی ئەوامربۆ مەسڵەحەتی شەعبی کوردی دەکەن،وە بە درۆی خایینان نەگۆڕیەوە،وە بزانی هەق چییە،وە ئەمەش بۆ تاریخی کوردستان،طلب دەکەم.هەقی خۆت بە خۆتەوە،وەرە بۆ لام،وەرە بۆ لام،مەچۆ بۆ لای غەڵەت،مەچۆ بۆ لای غەڵەت.
جەلال عاقڵ بە،مەبە بە جەلالە شێت /مەلا بەڕآشکاوی بە تاڵەبانی دەڵێ تۆ ئاقڵ نی هەم کەری وهەمیش شێت/.ئینشآئەڵڵا خودا نامان کات بە سەبەبی زەرەری میلەتی کورد بۆکورد،سی چەند کەسان وەکو خۆت چاوت لێیە وگوێشت لێی بووە.
ئیترخۆت تەقدیری مەوقوف دەزانی،ئەمانەت بە خودا بێ.
برای موخلیستان مستەفا بارزانی.
٥/٤/١٩٦٥

سەرچاوە:


کتێبی،کوردستان وسەرکردەودەسەڵات وشؤڕشەکانی لە ساڵەکانی:١١٦٩تا ١٩٩٤.
لە نووسینی: نەجم سەنگاوی،لاپەڕەی ٦٧٨ و٦٧٩.
روون کردنەوە:
گۆڤاری سەدەی/١/ ژمارە /٩/ لاپەڕەی ٤٤ و٤٥،نامەی ناوبراونەوزاد عەلی ئەحمەد لە سۆئێدەوە ناردوویەتی بۆ گۆڤاری ناوبراو،بە داخەوە وەڵامی جەلال تاڵەبانی لە گەڵدا نەبووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە