ئاوێنە بچکۆلەکان
Sunday, 25/08/2024, 21:35
ئاوێنەی سێیەم: مێدیاکانی بنەماڵە
بۆچی: نەشیاو، نەگوونجاو و نادرووستە!!
بیرمەندی مەزنی نەتەوەکە، مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:
" ئەگەر نووسەر بمرێ، دەمرێ. ئەگەر لە نووسین کەوت دەمرێ، ئەگەر ڕای خۆی بفرۆشێت دەمرێ، ئەگەر دوو ڕوویی کرد دەمرێ، ئەگەر جنێوفرۆش بێت دەمرێ، ئەگەر لە یەکێک لە مانەدا، جگە لە حاڵەتی یەکەم نەمرد، دەبێت خوێنەران بیمرێنن".
ئێمە دەزانین کە نەتەوەکەی ئێمە لە کوردستانی مەزندا، دەیان ساڵە لە بەرگرییەکی خوێناویدایە، کە وێنەی لە جیهاندا ڕەنگە نەبێت، بۆ مانەوە و پارێزگاری لە بوون و سامانە کلتوورەییە دێرین و مرۆییەکەی. بەرگری لە هەموو شتێکی چوونکە هەرچی هەیە و بەدرێژایی هەزاران ساڵ گەشەی پێداوە و پاراستوویەتی، ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر، بەر هێرشگەلێکی بەردەوام کەوتووە و پەلامار دەدرێت.
مێژووی تێکۆشآنی نەتەوەکە، سەلماندوویەتی کە دوژمنانی دێرینەی دەرەکی دەرەقەتی نەهاتوون، چوونکە بیانتوانیبا دەیانکرد. چی نەماوە پێی نەکەن، پێویست بە گێڕانەوەی ناکات تا پێکەوە لە ژمارەنەهاتووەکانی ناوبێنین، چوونکە پرۆسەیەکی بەردەوامە، هەر ئەمڕۆ ٢٣/ ٠٨/٢٠٢٤ لەسەر ڕێگای سەیسایەق بە درۆنی دوژمنی دێرێنەی فاشستە توورکەکان چەند ڕۆژنامەوانی نیشتمان شەهید و بریندارکران و فڕۆکەکانیان دەڤەری گەڵاڵەیان بۆمباران کرد، ئەمە هەر لە باشوور، کەواتە جەنگی مان و نەمان و بەرگری لە بوونی نەتەوەکە و ئازادکردنی نیشتمانەکەی لە هەر چوارپارچەداگیرکراوەکەیدا شەو و ڕۆژ و بیست وچوارکاژێرییە.
لەم جەنگی بەرگرییەدا دوژمنانی داگیرکەر هەموو ئامڕازەکانی مەرگیان ئەزموواندووە، لە هەمان کاتدا چاودێریی ئەوەشیان کردووە، لە ڕێگای دەزگای لێکۆڵینەوە زۆرەکانیانەوە، کە ئەو ئیرادەی مانەوە و بەرگرییە لە چی و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە کە هەمیشە زیندووە، ئەگەر بەپێی یاساکانی بەکارهێنانی ئەو ئامڕازی مەرگانە بوایەتن، دەبوو نەتەوەکە کە بە بەراورد لەگەڵ ئامڕازە تەکنیکییە سەردەمییەکانی لە دەستی دوژمندایە، لە خانەی سفردایە، کۆڵی بدایە و خۆی بدایە بەدەستەوە، بەڵام ئەم کارە پێچەوانەیە، هەر چەند ستەمی داگیرکەران هەڵدەکشێ، بەرەنگاری نەتەوەکە فراوانتر و بەرەو باڵا زیادتر و زیادتر دەبێ، بەرگرییەکە خوردتر دەبێت و بەرانبەر بە ستراتیجی دوژمنانی، نەتەوەکە تاکتیکی خۆی پەرەپێدەدات لەگەڵ ئەمەشدا، هێڵە ستراتیجییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەشە دەکات.
لە ناو ئەو دەزگای لێکۆڵینەوانەدا، کە لقی تایبەتیی لێکۆڵینەوەیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە نەتەوەی کورد، مێدیا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێ لەم مەیدانەدا، بۆ دەستنیشانکردنی خاڵی لاواز، بە گشتی و بە تایبەتی، بەگشتی ئەوان هەموو زانیارییەک کۆدەکەنەوە سەبارەت بە هەموو شتێک کە سەر بە کوردە، بە تایبەتیش شوێن ئەو کەسانە دەکەون، کە خاوەنی خاڵی بەهێز و ئەوکەسانەش کە خاوەنی لایەنی لاوازن. دەتوانم بە خاڵ چەند دانەیەکیان بنووسمەوە:
1- بژێوی ژیان، بۆ هەموو کەسێک بناغەیەکی گرنگ و بنەڕەتییە، خاڵێکی لاوازە لای مرۆڤ.
2- ئاستی وشیاریی و تێگەیشتن و زانیار، خاڵێکی لاوازە ئەگەر نزم بێت و خاڵیکی بەهێزە ئەگەر بەرز بێت.
3- پلەی وا بەستەیی کەسەکە بە مێژووی لایەنێکی سیاسییەوە، چوونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناویدا کوردستان، حیزب لانکەی منداڵێکە کە بێ لانکە و حیزب باوکی منداڵێکە کە بێ باوكە، بۆتە خاڵێکی لاواز لای زۆرینەی خەڵک.
4- پاش و پێشخستنی، بەرژەوەندییەکان، لە تاکەوە بۆ گشت، لە گشتەوە بۆ تاک، خاڵی لاواز و بەهێزە.
ئێمە دەزانین، کە سیستەمی بەڕێوەبردن لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، سیستەمی: خێزان، عەشیرەت، هۆز، بنەماڵە و خوێنییە تا ئەوەی کە سیستەمێکی بەڕێوەبردن بێت کە توانیبێتی ئەم (کۆکراوانە) لە ناو خۆیدا بتوێنیتەوە و یەک بەرژەوەندیی گشتی پێک هێنا بێت کە تاک لەبەر ئەوەی، کەرامەتی ئینسانی، بژێوی ژیانی، ئاسایشی بوونی و پاراستنی دابین کردبێ، بە یاسایەکەی کارپێکراوی یەکسانیخواز، خۆی بە بەشێک لەو سیستەمە بزانێت و چالاکانە هاوبەشی بکات و ئەگەر پێویستیشی کرد بەرگری لە مانەوەی بکات!!!.
ڕژێمەکانی دەسەڵاتدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاڵی یەکەم دەکەنە نیشانە، واتە بژێوی ژیان، بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، تا بتوانن ئەم دەلاقەیە تەنگتر و تەنگتر دەکەنەوە، یەکێک لە ئامڕازەکانیان، دروستکردنی کێشەی بەردەوامە، کە خەڵک (تاک) دەبێت هەموو بیرکردنەوە و توانا مرۆییەکانی خۆی بۆ چارەسەریی ئەو تەنگەژە ژیانیانە تەرخان بکات و هێشتاش فریا ناکەوێت!! لەم حاڵەتانەدا سیستەمەکە لە ڕێگای کەسانی سەر بە دەزگاکانی خۆیەوە، ئەو ئاماژەیە بەو کەسانە دەدەن کە چارەسەری گرفتەکانت ئەوەیە هاوکاری دەزگاکانی ڕژیم بیت، بە تایبەت دەزگا سیخوڕییەکانی، ئێمە دەبینین لە باشووری کوردستان، کە ئێواران کەسێکی ماندووی ژیانی سەختکراو بۆ کەناڵیکی سەر بە دەسەڵات دەڕوانێت: کچە مۆدێلێلی پیشان دەدات کە لە ئوتۆمۆبیلە دوا مۆدێلەکەی دادەبەزێت و خۆی و پەیکەری لەشە مۆمیاکراوەکەی بە سلیکۆن، پیشان دەدات کە لە چ ژیانێکی خۆشدا بەسەردەبات، ئەم وێنەیە هەزاران پرسیار لە مێشکی کچ و کوڕانی ئەو خێزانانەدا کە بۆ ئەم کەناڵە دەڕوانن دروست دەکات، بەچی؟! لە کوێ؟! و چۆن؟!.
هەر پاش ئەوە، هزر و هەستی ئەو لاوانە دەبات بۆ پارکی ئازادی لە سلێمانی یا کەلاوەیەک لە هەولێرلەوێدا ژنێک و چەند منداڵی زەرد و سوور پیشان دەدات، کە خاوەن ماڵەکەیان شڕوشیتاڵی فڕیداونەتە دەرەوە و لە ماڵەکەی وەدەری ناون، ئەوانیش لە " حاجی کاروان" دەپاڕینەوە کە فریایان بکەوێت!!! لە هەر وڵاتێکدا سواڵکەر، دەرۆزەکەر، منداڵی دەستگێڕ، خەڵکانی بێلانە و کۆمەڵەی خێرخوازی زۆر بوون، ئەوە نیشانەیەکی زەقە بۆ ئەوەی کە سیستەمی سیاسی ئەو بەڕێوەبردنە، ستەمکار و نەخۆشە، بۆیە حاجی کاروانەکان، دەبنە وەکیلی خوا و لە جیاتی یەزدان ئەمان فریای خەڵقی خودا دەکەون، لە پڕێکدا شانۆکە دەگوێزرێتەوە بۆسەر جادەیەک لە سەیسایەق و ئۆتۆمۆبیلێک نیشان دەدات کە بەهۆی درۆنێکی توورکییەوە بۆتە قەرەبرووت و ڕاگەیندراوێک دەخوێنیتەوە، کە فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی توورکیا لە سەیسایەق سەرکردیەکەی پەکەکەیان کردە ئامانج و کوشتیان!! بڕوانن لەم پرۆسە پلان بۆ دانراوەی ئەم شریتی هەواڵانەدا، لە پاش ئەم ڕاکێشان و پیاکێشانی هزری و هەستییەدا، کە هۆش لە کار خراوە و ئیش لەسەر نەستی بینەر دەکات، سیستەمی مێدیایی بەرێوەبەرێتی باشوور، چۆن مرۆڤەکان سووک دەکات، دەترسێنێ و ئۆفەری هاوکاریی و پەنابردن بۆ دەسەڵاتیان لا شیرین دەکات!!!.
کەسانێک پێیان وا نەبێت کە من دژی " چاکە" و "چاکخوازیم"، نا نەخێر، " بیری چاک"، " وتەی چاک" و "كرداری چاک"، ڕیشەی فەلسەفەیەکی قووڵی کوردەوارییە، کە بەر لە گەلانی تر و کتیبەکانی ئەوان لەناو میللەتەکەی مندا، ڕێڕەوی ژیانی هزریی خەڵکەکەی من بووە، ئەگەر لە ئێستادا، کوردگەلێک پەیدا بوون و لافی پێوە لێ دەدەن و بازرگانی پێوە دەکەن، بۆ من دووبارەیەکی شیوێنراوە، چوونکە لە فەلسەفەی ژیانی کوردەواریدا: بیری چاک، وتەی چاک و کرداری چاک، موتڵەقگەلێکن کە نەبستراونەتەوە بە ئەنجامدانی کردارگەلێکی ترەوە، تا لە ئەنجامدا چاوەڕوانی پاداشتی لێ بکرێت وەکو جیهاد و ترس لە یەزدان، خۆیان پرۆسەی ژیانی خەڵک بوون، خەڵکەکەم لە ناویدا و بەوانە و بە ئەنجامدانیان ژیاون، واتە ژیانی تاکی کوردەواری بریتی بووە لەو سێ بنەڕەتە.
کۆمەڵەی هاوکاریی و بەخشینیش لەهەموو کونج و قوژبنێکی ئەم دنیایەدا هەیە، بەڵام وەک هەموو لایەنەکانی تری ژیان، بەیاسا و ڕێسای بۆدانراو کاریان پێدەکرێت و چاودێری و لێپرسینەوەی توندیشیان لێ دەکرێت بە پێی یاساکانی پەیڕەوکراو لە کۆمەڵگە شارستانەتییەکانی مرۆڤدا، حاجی کاروانەکانیان نییە کە هەژاریی و لانەوازیی خێزانگەلێک( کە بێگوومان ئەو ڕووداوانە پەڵەی نەنگ و ئاستی نزمی ڕەوشتی بەرێوەبەرانن لەو کۆمەڵگایەدا، جا چ چەکدار بن یا سەر بەهەرئایدیۆلۆژیا و ئاینێکیش، بن)، بکەن بە شانۆی پڕوپاگەندە بۆ حیزبێک ولایەنێک و دەزگایەک و مەلایەک و ئاینێک، چوونکە کاتێک بەراوردی دەکەیت، چۆن مەلایەک لەم زەمانی قاتی و قڕییەدا، لەباریدایە و لە حاڵدایە کە چوار ژن بەخێو بکات، حاجییەک سێ حەج بکا و دەجاریش بۆ عەمرە بچێت!!! بەڵام سیستەمێک و لایەنێک و ئاینێک، لە توانایاندا نییە خێزانیک بەخێو بکەن، ئەگەر پێم دەڵییت: خۆ تەنیا هەر ئەو خیزانە نییە، هەزارانن، پێت دەڵیم بۆ هەزارانن؟! ئایا ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوە نین، کە بەڕێوەبەرەکە، مەلاکە، حاجییەکە و لێکدانەوەکە بۆ ئاینەکە...هتد نەخۆشن؟!!.
ئێستا ئەوەی کە دەڵێم: نەشیاو، نەگەنجاو و نادرووستە، کامانەن؟!
ئەمانە سێ حاڵەتن کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بەجۆرێک لە بواری کلتووریی نەتەوەکەدا کار دەکەن و لەهەوڵی گەشەپێدان و مانەوە و مشتوماڵی کلتووریدان، هەر بوارێکی کلتووریی بێت.
مەیدانی ڕوانینی من لەم وتارەدا باشووری کوردستانە، چی لە باشووری کوردستان: نەشیاو، نەگەنجاو و نادرووستە؟! دەرکەوتن و هاوکاری دەزگا میدیایەکانی سەر بە دەسەڵات. بەهیچ جۆرێک دەزگا مێدیاییەکانی سەر بە دەسەڵات پاش ئەوەندە ساڵ کە لە سی و چوار ساڵی تێپەڕاندووە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆما لە ماوەی سی ساڵدا هاتە بەرهەم، بۆ کەسێکی کە خۆی لەبەرەی نەتەوەکەیدا تاریف و پێناسە بکات و خاوەن پرانسیپگەلێکی زوڵال بێت کە بۆ خۆی ئازادانە هەڵی بژاردوون و دیاری کردوون، نەشیاو، نەگەنجاو و نادرووستە.
بۆچی وایە؟! لە هۆ بنەڕەتییەکان:
- ئەم دەزگا مێدیاییانە سەر بەخەڵک و ئازارەکانی خەڵک نین، بەڵکو ئاوێنەی ڕەفتاری فەرمانڕانەکانن.
- سەرچاوەی داراییان بۆ گەل ئاشکرا نەکراوە، واتە گەندەڵ و لەسەر برسی کردنی خەڵک دامەزراون.
- پڕوپاگەندەچی بنەماڵەیەک و بیرکردنەوەیەک و خوو خدەیەکی پاشەڤەڕۆی بنەماڵەیەکن.
- دەزگای سەر گەرمکردن، چەواشەکردن و شێواندنی کلتووری نەتەوەکەن.
- مەکینەی هەڵبەستنی درۆ و شکاندنی کەسایەتی تاکی کوردن.
- داوگەلێکی ڕەنگاوڕەنگن، کە ئامانجیان لەداوخستنی تاکە شەرافەتمەند و هەڵوێستدارەکانی کوردن.
- ناوەندگەلی گومانلێکراوون، کە بە دەیان کەناڵەوە لەگەڵ ئەو دەزگایانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، پەیوەندیان هەیە و
خانەیەکی چالاکن لەو سەرچاوانەی کە لقی تایبەتیی لێکۆڵینەوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە نەتەوەی کورد، بەکاریان
دێنیت..... .
لەم حاڵەتەدا، هەڵبژاردنی ئەو دەزگامێدیایانەی سەر بە بنەماڵە فەرمانڕانەکان و دووکانە سیاسییەکانی دەروبەریانن، کارێکی نەشیاو، نە گوونجاو و نادرووستە. ئێستا لە بەرەکەتی عەقڵی ڕۆژئاوایی زیاد بێت، هەر کەسێکی لەم جیهانە فراوانەدا، کردۆتە خاوەنی کەناڵی تەلەڤزیۆنی، ڕادیۆیی و ڕۆژنامەیی خۆیی، چالاکانە دەتوانێت، بە کەمترین ماوە، ڕاستەوخۆ، بێ سانسۆر، دوور لە چاوی زەقی سەرۆک و مەرۆک و لایەن و حیزب و مەلا و خراپ و چاک، بیست و چوار سەعات بە تێچوویەکی سەرەتایی و باشترین کوالیتی دەنگ و پەیام و خواست و بییر و ڕاسپاردەکانی بە هەزاران هەزار کەس بگەێنێ.
هەموو پەیجێکی کە خاوەن پەیام و ڕاسپاردەیی کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییە، لە هەموو ڕووەکانی هونەرەوە، لەو کەناڵە تەلەڤزیۆنیانەی، بنەماڵەکانی فەرمانڕان لە باشوور، بە ناوەرۆک دەوڵەمەندتر، بە مەرام شەریفتر و بە کردار کوردترن و دەیان بینین و دەیان ژنەفین کە هەیانە بە دەیان ساڵە، هەزاران کەس گوێیان لێدەگرن و بوونەتە سەرچاوەیەکی ئازادیخوازیی و کوردەواریی باوەڕپێکراو.
بۆیە بەشداری کردن لەو دەزگا گومانلێکراو و بنەماڵەییانەدا، لە هەموو ئاستەکانی: هزریی، مرۆیی، زانستی، هونەری و هەڵوێستداریی کەسەکە دێنیتە خوارەوە و ئەوەی کە کە بۆی زیاد دەبێت: نەفرەتی خەڵک، گوومان خستە سەر مێژووەکەی، پەیامەکەی، هونەرەکەی و هەڵویستە دێرینەکانی دەبێت.
کەسانێک کە بەهۆی غەفڵەتێکەوە، بێ مەبەست، ڕێیان کەوتۆتە سەر ئەم سەکۆ مێدیایانە، دەبێت بە زووترین کات تا ماون: داوای لێبووردن لە خوێنەرانی خۆیان بکەن، ئەگەر ئەم کارە نەکەن بێگوومان:
- ئەو ڕستەییەی مامۆستا مەسعوود کە دەڵیت: خوێنەران دەبێت بیمرێنن، بەسەریدا جێبەجێ دەبێت و مەحاڵە، خوێنەرانی دەی مرێنن و لەیادی دەبەنەوە.....جا بارستایی بەرهەماکانی چەند بن و ساڵانای تێکۆشانی کلتووری چەند درێژ بن.
ساڵانێکی زۆرە خوێندومەتەوە کە نووسەرێکی فرنسایی بەناوبانگ، لەسەردەمی جەنگی دووەمی دنیاگردا، دەکەوێتە بەرەی نازییەکان و بە شان و باڵیاندا هەڵدەڵێ، هەرچی دەڵێ و دەنووسێ کەس وەڵامی ناداتەوە، تا لە کۆتایدا پاش ماوەیەک دیق دەکات و بەناچاریی کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست