بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


کورد لە لۆزان سڕایەوە

Friday, 23/08/2024, 18:40


دوای تێک شکانی ئیمپراتۆری عوسمانی ، لە جەنگی یەکەمی جیهانی لە ١٩١٤-١٩١٨ ، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا ، بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک* .
لە ٢٤ / ٧ / ١٩٢٣کۆنگرەی لۆزان ، لە نێوان ( بەریتانیا ، فەرەنسا ، ئیتالیا ،ژاپۆن ، یۆنان ، رۆمانیا ، سربیا و کرواتیا ، سلۆنیا ، تورکیا ) و ( کۆماری تورکیا ) ، لە کۆشکی (روومین )ی شاری لۆزان ی سویسرا سازکرا .
مستەفا کەمال بە هەموو توانایەوە ، دژایەتی پەیمان نامەی سیڤەر**ی کرد ، روسەکان پشتیوانی مستەفا کەمال یان کرد ، بەریتانیا پلانی خۆی هەبوو ، دەیویست بەشی باکووری کوردستان لە تورکیا جیا بکاتەوە ، ولایەتی موسڵ بخاتە سەر ئەو دەوڵەتە کوردییەی لەژێر کۆنترۆڵ وسەرپەرشتی خۆی دا بێ .
بەڵام لە ناو هاوکێشەکان دا بۆی دەرکەوت، پلانەکانی سەرکەوتونابێ ، لە گەڵ فەرەنسا ، سیناریۆکانی مستەفا کەمال یان جێ بەجێ کرد ، پشتیان لە کورد کرد وخستیانە پەراوێزەوە ، بۆئەوەی ولایەتی موسڵ بلکێنن بە عێراقەوە . 
ئیتالیاو فەرەنسا بەشداری پەیمانی سیڤەریان کردبوو ،بۆ چەند مافێکیکی دیاری کراو ، لە گەڵ مستەفا کەمال رێکەوتن , سەرۆک وەزیرانی یۆنان ، لاپەڕەیەکی نوێ ی، لە گەڵ کۆماری تورکیا هەڵدایەوە و پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتی کرد .
ئەرمەنییەکان سڵیان لە سیڤەرە و دروست کردنی دەوڵەتی کورد دەکردوە ، سیڤەریان بە دژایەتی ئەو بەڵینانە دەزانی پێ یان درابوو ، دژی سیڤەروەستانەوە : 
مستەفا کەمال کۆنترۆڵی عەقڵی سەرکردە لاوەزاکانی کوردی کردبوو ، بە پلان و بەرنامە و نەخشەیەکی چڕ وپڕ ، لە سیناریۆیەکدا ، وەفدێکی بە سەرۆکایەتی (عیسمەت ئینۆ نۆ ) و دوو کورد ( عارف محەمەد برنجی زادە) و (زولفی بەگزادە )وەک نوێنەری کورد ، نارد بۆ کۆنگرەی لۆزان ،هەردوو نوێنەرەکەی کورد ، لە ناو کۆنگرەدا وتیان :
-ئێمە پەیمان نامەی سیڤەرمان ناوێت ، پەیمان نامەی لۆزانمان قبوڵە .
حەسەن خەیری لە پەرلەمانی ئەنقەرە بە جلی کوردییەوە، ، بە بەردەوامی بە بێ تەل ،بروسکەی بۆ کۆنگرەی لۆزانی دەکرد:
-ئێمە بەندەکانی سیڤەرمان ناوێت ، پەیمان نامەی لۆزانمان دەوێت ،سوڵتان واحیدالدین –مان ناوێت ، مستەفا کەمال –مان دەوێت ، خەلافەتی عوسمانیمان ناوێت ، دەوڵەتی تورکیامان دەوێت ، شەریعەتمان ناوێت ، دەستوورێکی عیلمانی مان دەوێت .
لە پەیمان نامەی لۆزان دا ،ئەم مادانە مۆر کرا :
*لە مادەی( سی وحەوت) دا ،حکومەتی تورکیا، مافی دەرکردنی هەر بڕیارێکی هەبێت ، لە گەڵ بڕیارو بەرژەوەند ییەکانی دا نەگونجێ .
*لە مادەی (سی و هەشت )دا ،حکومەتی تورکیا ،بەڵێن بە دانیشتوانی تورکیا دەدات ، بەرگری لە (ماف وموڵک و سامان و ئازادی ) ژیانی هاوڵاتیانی تورکیا ، بە بێ جیاوازی (رەگەز و زمان و ئاین ) بکات .
*لە مادەی (سی ونۆ) دا .حکومەتی تورکیا ، نابێت رێگری لە هیچ کەس بکات ، مل کەچی سەروەری تورکیا بێت ، هاوڵاتیانی تورکیا دەتوانێت بەشداری هەموو چالاکیەکی ( سیاسیی وبازرگانی و رۆژنامەوانی و چاپەمەنی) بکەن .
مستەفا کەمال ئەتاتورک و زلهێزەکانی دنیا ونوێنەرانی کورد لە ناوسیناریۆی لۆزان دا ، پەیمان نامەی سیڤەریان هەڵوەشاندوە ، باسی کورد یان ، لە سەر نەخشەی نیشتمانەکەی دا نەکرد ، کورد و نیشتمانەکەیان لە کۆنگرەی لۆزان بە جۆرێک سڕییەوە ، کوردیان وەک کەمینەیەکی بچوکیش لە تورکیا دانەنا . 
ئەنجام 
* لە ١٩٢٣مستەفا کەمال ئەتاتورک لەسیناریۆی لۆزان دا ، بەهاوکاری دەوڵەتە زلهیزەکانی دنیاو سەرکردە دەستەمۆو لاوازەکانی کورد، بەندەکانی ( ٦٢ ، ٦٣، ٦٤ )ی مافی چارەنووسی کورد و پەیمان نامەی سیڤەر ، لە کۆنگرەی لۆزان سڕییەوە.
* لە ٢٤ / ٧ / ١٩٢٣ تا ٢٤ / ٧ / ٢٠٢٣ ، ١٠٠ساڵ بەسەر لۆزان دا تێ دەپەڕێ ، کورد بە بەردەوامی لە (باکوور و رۆژئاوا و باشوور و رۆژهەڵات )ی کوردستان ، لەلایەن دەوڵەتی( تورکیاو سوریاو عێراق و ئیران ) جینۆساید دەکرێت .
ئێستا لە ٢٠٢٣، زلهیزەکانی دنیا و ئۆردگان و هەندێک لە سەرکردە لاوازو دەستەمۆکانی کورد ، سەردانی ئارامگای مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکەن ، دژایەتی سەرکەوتن و چالاکی پارتیزانەکانی( باکوورو رۆژئاوا ) ی کوردستان دەکەن ، بە شانازییەوە سەردانی ئۆردگان دەکەن وپیرۆزبای پیلانو نەخشەی ستراتیژیی جینۆسایدی کورد لە ( باکورو رۆژئاواو باشوورورۆژهەڵات )ی کوردستانی لێ دەکەن .
عەبدوڵلا کەریم مەحمود
سەرچاوە و پەراوێز:
١-پەیمانی لۆزان - ویکیپیدیا ئینسکلۆپیدیا، ئینا یکڵۆپیدیا 
٢-وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە :سەلام ناوخۆش . خویندنەوەی :مەسعود عەبدولخالق ، بەندەکانی کۆنگرەی سیڤەر و خوێندنەوەیەکی تر ، چاپی سییەم ،جاپخانەی منارە –هەولێر .ل٥٨-٥٩.
٣-ئاشتی گەرمیانی .ئەگەر چی ١٠٠ساڵ بەسەر پەیمان نامەی لۆزان تێ دەپەڕی ودەپرسین ئایا لۆزان باسی کوردی کردووە ؟ REWEND.org
*مستەفا کەمال ئەتاتورک لە سیناریۆی یەکەمی دا ، بە تەواوی سیڤەروکورد و ئەستەمبول ی کوژانەوە، لە سیناریۆی دووەم دا ، سەرکردە کانی کورد(حەسەن خەیری و برنجی زادەو زولفی بەکزاد )ی دەسگیر کرد ، بە تۆمەتی (جوداخوازی ) و لە بەرکردنی جلی کوردی ، پێشێل کردنی یاسا،رووبەرووی دادگای کردنەوە ،(سائب پاشا)سەرۆکی دادگا ،بە بڕیاری دادگا ، هەرسێکیان گولە باران کران ، هەرسێکیان پێش گولە بارانەکە وتیان :
-ئێمە هەڵەی گەورەمان کرد ،رۆڵمان هەبوو لە تێک شکانی کورد، لەسەر رێگای دیاربەکر بە خاکمان بسپێرن ، لە سەر کێلی گۆڕەکەمان بنووسن گەر هەرکوردێ بەلامان دا تێپەڕی ، بەردێکمان تێ بگرێ لە بەر ئەوەی ئێمە خیانەتمان بە کوردو کردووە . وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە :سەلام ناوخۆش . خویندنەوەی :مەسعود عەبدولخالق ، بەندەکانی کۆنگرەی سیڤەر و خوێندنەوەیەکی تر ، چاپی سییەم ،جاپخانەی منارە –هەولێر .ل٥٨-٥٩.
** دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهان ، لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠پەیمان نامەی سیڤەر ،پەیمانی ئاشتی بوو ،لە نێوان دەوڵەتانی زلهێز ی براوەی جەنگ (فەرەنساو بەریتانیاو ئیتالیاو ژاپۆن و هاوپەیمانان و دەوڵەتی عوسمانی لە شاری سیڤەری فەرەنسا مۆر کرا ، بەندی ( ٦٢ ، ٦٣ ، ٦٤ )ئاماژە بۆ مافی چارەنوسی کورد لە نیشتمانەکەیدا دەکرد ، پلان و نەخشەی ستراتیجی بەریتانیا بە جۆرێک بوو ،،باکووری کوردستان لە تورکیا جیا بکاتەوەو ولایەتی موسل بخاتە، سەر ئەو دەوڵەتە کوردەی کەنیازی بوو ،لەژێر کۆنترۆڵ وسەرپەرشتی خۆی دا دروستی بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە